31.1.22

قارچکەکانی ئەمانیتا سیترینا

ئەمانیتا سیترینا سیترینا
 ناخۆراکی 
 

بە ناوی زڕەکڵاومەرگ ناسراوە، هەرچەندە ژەهراوی نییە بەڵام چونکە شێوە و بیچم و روواڵەتی زۆر لە کڵاومەرگی کوشندە، واتە ئەمانیتا فاڵۆییدس دەچێت بەم ناوە ناسراوە.  بۆنی کەمێک لە بۆنی پەتاتە\سێوزەوینی دەچێت.  باشترین نیشانە بۆ جیاکردنەوەی ئەمە لە ئەمانیتا فاڵۆییدس بریتییە لە کاسەی بنی.  کاسەی ئەمانیتا فاڵۆییدس فراوانە بەڵام هی سیترینا بە سەرکەکەیەوە دەنووسێت.  بەشێوەی هاوژینی لەگەڵ درەختە رەقەکان و گەڵادەرزیلەییەکان دەڕوێت.   هەرچەندە ژەهراوی نییە بەڵام لەبەرئەوەی ناسینی ئاسان نییە وا باشە بیر لە خواردنی نەکرێتەوە.  شایانی باسە کە ئەمانیتا سیترینا پێکهاتە ئاوەزگەردانیی تێدایە.

ئەمانیتا سیترینا گریسی

تیرەی کڵاوی ئەمانیتا سیترینا  ٢٥ تا ٨٠ میلیمەتر دەبێت.  رەنگی زەردی کاڵە و بە تەڕوتازەیی کەمێک دیسناکە.  شیپەڕەکانی بە قەد و بەژنەکەیوە نەنووساون.  رەنگیان قەیماغییە و لەگەڵ بۆڕبووندا دەگۆڕێن بۆ زەرد.  

درێژیی قەدەکەی ٤٠ تا ٩٠ میلیمەتر دەبێت. و سەرکێکی گۆیینی هەیە.  ئاڵقەیەکی داوێنداری لای سەرووی قەدەکەیەوە هەیە کە هەندێک جار کوڵکنە.   کاسەکەی بنی رەنگی سپییە و وەک لەسەرەوە ئاماژەی بۆکراوە بە سەرکەکەیەوە دەنووسێت.  



سەرچاوەکان ئاماژە بە هەبوونی سێ گۆنی جیاوازی ئەمانیتا سیترینا دەکەن.


ئەمانیتا سیترینا گریسی: ئەم چەشنە لە ژاپۆن و چین دۆزراوەتەوە.  کڵاوەکەی خاکی تا خاکیی تۆخە و بەلای قاوەییشدا دەڕوانێت.  ئەندازەکەی ماناوەندییە؛ واتە ٧٠ تا ٨٠ میلیمەتر دەبێت؛ و درێژییەکەی دەگاتە ٨ میلیمەتر.   لە بنەکەی کاسەیەکی هەیە کە ٢٥ میلیمەتر پان دەبێت.  شیپەڕەکەنای سپین و هەندێک جار کەمێک بەلای ئاڵدا دەڕوانن. 

ئەمانیتا سیترینا ئاڵبا
 

گۆنی ئەمانیتا سیترینا ئاڵبا: ئەمەیان هەمووی سپییە.  کڵاوەکەی ١٢٠ میلیمەتر گەورە دەبێت و قەدەکەیش لە هی گۆنەکانی تر سپیترە.  


 





سەرچاوە

زانکۆی مشیگان

مەشرووم ئێکسپێرت

فێرست نەیچەر

ئەمانیتاسیی




No comments:

Post a Comment