31.1.22

پێنج سەمارۆقی دارستانەکانی خۆرمووا لە توێژینەوەیەکی زانکۆی لوڕستاندا

پێنج چەشنە کارگ\سەمارۆقی دارستانەکانی دەوروبەری شاری خۆرمووا، کە لە توێژینەوەیەکی زانکۆی لوڕستاندا وەک قارچکی ژەهراوی ناویان هاتووە. بەهۆی ئەوە زاگرۆس نیشتمانی هاوبەشی هەموو ئەوانەیە هەزاران ساڵە لێی نیشتەجێن، بە باشم زانی بە ووردی توێژینەوەکە بخوێنمەوە و وێڕای تێبینی و سەرنجەکانی خۆم، لەگەڵ هاوڕێیانی هاوزمانم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پاری بکەم. شایانی باسە کە توێژینەوەکە بە زمانی ئینگلیسی و لەلایەن (سەید زەهرا حوسەینی، ئەحمەد ئیسماعیلی، عەید بازگیر، مستەفا دەروێشنیا، غەففار عەلی مەحموودی)ەوە ئەنجامدراوە و ساڵی ٢٠٠٩ بڵاوکراوەتەوە. لە توێژینەوەکەدا باس لە هەشت چەشنە سەمارۆق کراوە کە سیانیان وەک دەرمانی و پێنجیان وەک ژەهراوی ناسێنراون.

بۆڵیتوس لیوریدوس


Boletus luridus
١- بۆڵیتووس لیوریدوس
سەرچاوەکان دەڵێن لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی باکووری ئەمریکا دەڕوێت. لە سەدەی هەژدەیەمەوە تۆمار کراوە. رەنگی رووی سووەکانی سوور تا نارنجییە. ئەو قارچکانەی لە شوێنی شیپەڕە سوویان هەیە لە ئینگلیسیدا پێیاندەگوترێت (بۆڵیت یا بۆڵیتوس) و لە کوردیدا پێیان دەگوترێت فیقەرۆش. رەنگی سەر کڵاوەکەی ئەم قارچکە قاوەیی و قاوەییباوە. بە تاک یا بە کۆمەڵی بچووک لە نزیک درەختی بەڕوو دا دەڕوێت. کڵاوەکەی شێوەی گومەزی هەیە؛ و ٤-٨ سانتیمەتر دەبێت. رەنگی گۆشتەکەی سپی تا زەردە و کاتێک دەبڕدرێت یا لەتدەکرێت رەنگی دەگۆڕێت بۆ شین.
قەدەکەی کە لێی وورددەبیتەوە جۆرێک نەخشی جوانی تێدا دیارە دەڵێی تۆڕی تەنراوە. درێژیی قەدەکەی ٤ تا ٩ سانتیمەتر دەبێت؛ و تیرەی ئەستوورییەکەی دەگاتە ٣ سانتیمەتر. گۆشتی قەدەکەی زەرد تا سوورە. کاتێک ئامۆنیای بەردەکەوێت رەنگی دەگۆڕێت. رەنگی هاگەکانیشی قاوەیی زەیتوونییە.
لە توێژینەوەیەکی زانکۆی لوڕستاندا کە ساڵی ٢٠٠٩ بڵاوکراوەتەوە ناوی ئەم سەمارۆقە هاتووە کە لە دارستانەکانی خۆرمووادا دۆزراوەتەوە؛ و وەک قارچکێکی ژەهراوی باسیکراوە.

تایلۆپیڵوس فیڵیوس


Tylopilus felleus
٢- تایلۆپیڵوس فیڵیوس
لە بریتانیا، ئیرلەند، باکووری ئەوروپا و لە ئەمریکایش دەڕوێت. ساڵی ١٧٨٨ یەکە جار وەسفیکراوە. تام چێژی زۆر تاڵە. رەنگە بە کوڵاندنیش تاڵیەکەی نەبڕێت. ووشەی فیڵیوس واتای زراو دەبەخشێت کە ماددەیەکی زۆر تاڵی تێدایە بۆ هەرسکردنی خۆراک لە گەدەدا.
هەندێک سەرچاوە دەڵێن لە مەکسیکۆ و فرانسە لە شیردا دەیکوڵێنن تا تام و چێژی خۆس دەبێت و ئەوسا دەیخۆن. هەندێکیش دەڵێن زۆر لەو کەسانەی بەشێوەی بۆماوەیی بە تامی تاڵ هەستیار نین، دەیخۆن چونکە ژەهراوی نییە.
رەنگی سەر کڵاوەکەی قاوەییە و هەندێک جار بەلای زەیتوونیدا دەڕوانێت. کاتێک بۆڕ دەبێت رەنگی تاریکتر دەبێت و پانتر دەبێت و رەنگە لەت لەت بێت.
تیرەی کڵاوەکەی ٦ تا ١٢ سانتیمەتر دەبێت و رەنگە بەدەگمەن بگاتە ١٨ سانتیمتریش. ژێر کڵاوەکەی لەجیاتی شیپەڕە بە رووبەرێکی پڕ لە سوو داپۆشراوە واتە کونی زۆر زۆر وورد. سەرەتا رەنگی قەیماغییە و دوواتر دەگۆڕێت بۆ ئاڵی کراوە و کاتێک دەست یا شتێکیان بەردەکەوێت رەنگیان دەگۆڕێت بۆ قاوەیی.
قەدەکەی بە رەنگێکی قاوەیی و نەخشی شێوە تۆڕ داپۆشراوە. درێژییەکەی ١٠ تا ١٨ سانتیمەتر دەبێت و ئەستوورییەکەی ٤ تا ٨ سانتیمەتر دەبێت. گۆشتی کڵاو و قەدەکەی سپییە؛ و لە کاتی بریندا رەنگی ناگۆڕێت.
هەروەها رەنگی هاگەکانی ئاڵی خاکییە؛ و لە دوا مانگی هاوینەوە تا مانگی سەرماوەز بۆی هەیە بڕوێت. لە توێژینەوەکەی زانکۆی لوڕستاندا ناوی ئەم قارچکەیش هاتووە کە لە دارستانەکانی خۆرمووا دۆزراوەتەوە؛ و وەک کوارگێکی ژەهراوی باسیکراوە؛ هەرچەند لە سەرچاوە خۆراواییەکاندا ئاماژە بە ژەهراویبوونی نەکراوە.

ریوبرۆبۆڵیتوس سەیتاناس


Rubroboletus satanas
٣- ریوبرۆبۆڵیتوس سەیتاناس یا قارچەک شەیتان
لە ناوچە گەرمەکانی ئەوروپا و لە دەوروبەری درەختە گەڵاپانەکان دەڕوێت. وەک یەکێک لە کوارگە ژەهراوییەکان پۆلێنراو. لەبەرئەوەی بۆنی ناخۆشە و بۆنی رزیوی و گەنیوی دەدات، کەم کەس بیر لە خواردنی دەکاتەوە، هەرچەندە کوشندە نییە و تەنیا دەبێتە هۆی رشانەوە، رەوانی و ژانە سک.
رەنگی کڵاوەکەی قەیماغیی سپیوەشە؛ لووسە . تیرەی ٣٠ تا ٤٠ سانتیمەتر دەبێت. زۆر بە دەگمەن دەگاتە ٥٠ سانتیمەتریش. لەژێر کڵاوەکەیدا شیپەڕەی نییە بەڵکوو بە سوو داپۆشراوە؛ و رەنگی زەرد تا نارنجیی سوورباوە.
قەدەکەیشی سوورە و شێوە گۆییە. کاتێک دەبڕدرێت یان بریندار دەکرێت رەنگی گۆشتەکەی دەگۆڕێت بۆ شین. باس لەوە دەکرێت کە ئەم چەشنە قارچکە گەورەترین چەشنی قارچکە فیقەرۆشەکانە لە ئەوروپا. قەدەکەی ٥ تا ١٥ سانتیمەتر درێژ دەبێت و بەدەگمەن دەگاتە ٢٥ سانتیمەتر. لە توێژینەوەکەی ساڵی ٢٠٠٩ی زانکۆی لوڕستاندا ناوی قارچکە شەیتانیش وەک کوارگێکی ژەهراوی هاتووە کە لە دارستانەکانی دەوروبەری خۆرمووا هەیە.

کۆپرینووس ئەترامێنتاریا


Coprinopsis atramentaria
٤- کۆپرینووس ئەترامێنتاریا

واژەی کۆپرینووس کە واتای شیاکەژی دەگەیەنێت، سەرەتا بەو چەشنە قارچکانە دەگوترا کە لە نێو پاشەرۆی ئاژەڵدا دەڕسکان. دوواتر بە کۆمەڵێک لەو قارچکانەیش ووترا کە لە شێوە و بیچم و ووردەکارییەکانیاندا وەک ئەوان بوون؛ هەرچەندە لە نێو پاشەرۆیشدا نەدەڕوان. لە کودەواریدا بەو چەشنە قارچکانەی کڵاوەکەیان رەش دەبێت و دەتوێنەوە، دەگوترێت (کڵاوسی) واتە کڵاو ڕەش؛ و لە مەڵبەندەکانی لوڕستان ناسراون و بەشێوەی ئاسایی دەیانخۆن. ووشەی ئەترامێنتاریایش لە ووشەی ئەترامێنتومی لاتین وەرگیراوە و مانای زۆر رەش یا تاریک دەبەخشێت. دیارە هەر ئەمە ووشەیەیە کە لە تورکیدا بووە بە (مەنتار) و بە واتای کارگ\قارچک بەکاریدەهێنن.
لە دووای کارگی کۆپرینوس کۆماتووس ئەمە ناسراوترین کارگی جسنی کۆپرینووسە. بە ناوی کڵاومەرەکەبی ناسراوە. لە زۆربەی ووڵات و ناوچە و مەڵبەندەکانی نیوەگۆی باکووری زەوی دەڕوێت. لە وەرزەکانی بەهارەوە تا پاییز بۆی هەیە بڕوێت. زۆرتر بەشێوی کۆمەڵ و بە پاڵ یەکترییەوە لە نێو چیمەن و رەقەن و ئەو شوێنانە دەڕوێن. کڵاوەکەیان شێوە زەنگوڵەییە. تەمەنیان زۆر درێژ نیە، دووای چەند هنگارێک یان دوای رۆژێک بۆڕ دەبن؛ واتە پێدەگەن و رەنگیان دەگۆڕێت بۆ رەش و دەتوێنەوە و مەرەکەبێکی رەش دروستدەکەن.
لە راستیدا ژەهراوی نییە و دەخورێت؛ بەڵام لەگەڵ مەی دا بخورێت ژەهراوی و مەترسیدارە. ئەو کەسەی دەیخوات پێویستە سێ رۆژ پێشتر مەی نەخواردبێتەوە، و سێ رۆژ دوواتریش نەخواتەوە.
ئەمانە رەنگی کڵاوەکەیان قاوەییە و نێوەراستی کڵاوەکە تۆخترە لە لێوارەکانی. ژێر کڵاوەکە شیپەڕەدارە کە سەرەتا رەنگیان سپییە و دوواتر دەگۆڕێن بۆ قاوەیی و ئینجا رەش.
قەدەکەی لە ٥ تا ١٧ سانتیمەتر درێژ دەبێت و رەنگی قاوەییە. هەروەها رەنگی هاگەکانیشی قاوەییە.
ئەم سەمارۆقەیش لە توێژینەوەکەی زانکۆی لورستاندا باسیکراوە کە لە خۆرمووا دەڕوێت و وەک ژەهراوی ناویان بردووە، لە کاتێکدا کە ژەهراوی نییە ئەگەر لەگەڵ مەی دا نەخورێت. ئەمە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانیش دەڕوێت.

هایفۆڵۆما کاپنۆیدس


Hypholoma Capnoides
٥- هایفۆڵۆما کاپنۆیدس
قارچکێکی مشەخۆر\مفتەژییە؛ بەشێوەی هێشوویی لە ووڵاتانی ئەمریکا، ئاسیا و ئەوروپا، و لەسەر یا لە نزیک دار و چێوی رزیوی سنەوبەر دەڕوێت. بە تایبەتی لە وەرزی پاییز و زستان و هەندێک جاریش بەهار دەڕوێت. کڵاوەکەی قاوەیی زەردواشە و بۆی هەیە رەنگی دارچینیش بێت. رەنگی هاگەکانی قاوەیی مۆرباوە.
تیرەی کڵاوەکەی ٢ تا ٦ سانتیمەتر دەبێت، سەرەتا شێوە زەنگوڵەیی و بەرەبەرە دەکرێتەوە تا بۆڕ دەبێت تەواو تەخت دەبێت و لە لێوارەکانییەوە لەت لەت دەبێت.
ژێر کڵاوەکە شیپەرەدارە و شیپەڕەکان بە قەدەکەوە نووساون. رەنگیان سپیواش یا زەردواشە. لە کاتی بۆڕبووندا دەگۆڕێن بۆ خاکی و پاشان مشکی.
درێژیی قەد و بەژنەکەی ٢ تا ٨ سانتیمەتر دەبێت و ئەستووریەکەی ٤ تا ١٠ میلیمەتر دەبێت. رەنگی گۆشتی کڵاو و قەدەکەی سپیواشە و جیڕە. هەندێک جاریش دوای بڕین، هێدی هێدی رەنگی دەگۆڕێت بۆ زەرد.
هەرچەندە لە توێژینەوەکەی ساڵی ٢٠٠٩ی زانکۆ لوڕستاندا هاتووە کە ئەم قارچکە لە دارستانەکانی خۆرمووا دەڕوێت و ژەهراوییە، بەڵام سەرچاوە بایەخدارەکان دەڵێن کوارگێکی خۆراکییە.



سەرچاوە




No comments:

Post a Comment