24.2.22

برشی ترایکۆدێرما ریسی

ترایکۆدێرما ریسی  Trichoderma reesei کەڕوویەکە لە جسنی ترایکۆدێرما، خێزانی هایپۆکریسیی، سانی هایپۆکریڵەکان، پۆلی سۆرداریۆمایسیت و کەرتی ئاسکۆماسیتەکان.  بریتییە لە کەڕوویەکی میانەدۆست و دەزوولەیی.  واتە حەزی لە کەشوهەوای مامناوەندییە و شێوەکەیشی لە برش دەچێت.  ئەم کەرووە بریتییە لە شێوەبگۆڕ (ئانامۆرف)ی کەڕووی هایپۆکری جیکۆرینا؛ و دەتوانێت بڕی زۆر لە ماددەی چزێنە سیلیولۆتیکەکانی وەک سیلیوولیزەکان و نیمچە سیلیوولیزەکان بدەڵێنێت.  لە پیشەسازیدا بەکاردەهێنرێت بۆ گۆڕینی ماددە سیلیولۆزییەکان بۆ شەکر و زیندەئیتانۆڵی هەرزان. 


ترایکۆدێرما ریسی لە بنەڕەتدا لە دورگەکانی سڵێمان و لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا تەریکخرایەوە بەهۆی ئەوەی کانڤاس و جلکی سوپای ئەمریکای دادەشکاند.  هەموو ئەوگۆنانەی ئێستا بەکاردەهێنرێن لە زیندەتەکنۆلۆژی و توێژینەوەی بنگەییدا لەم تەریکخرانەوەیەوە وەرگیراون.  شایانی باسە کە لەو رێکەوتەوە کە ئەم کەڕووە دۆزراوەتەوە زۆر پێشخراوە.

یەکێک لە تازەترین بەکارهێنانەکانی کەڕووی ترایکۆدێرما ریسی بریتی بوو لەو ئەزموون و تاقیکردنەوەی کە لەلایەن زانکۆی هێڵسنکی و ناوەندی توێژینەوەی تەکنیکیی فینلەند ئەنجامدرا.  لەودا دەستەیەک لە زانایان ئەو بۆهێڵ (جین)ەی کە بەرپرسە لە هەڵگرتنی بلووپرینتی (ئۆڤاڵبوومین)سپێنەی هێلکە بە کەرەستەگەلی نوێی زیندەتەکنۆلۆژیانە ترنجاندوویانەتە نێو کەڕووی ترایکۆدێرما ریسییەوە.  لە ئەنجامدا کەڕووەکە هەمان ئەو پرۆتینە دەدەڵێنێت و بەرهەمدەهێنێت کە مریشک بەرهەمیدەهێنێت.  پاشان پرۆتینەکە  لە خانە کەڕووییەکان جیادەکرێتەوە، خەستدەکرێتەوە و ووشکدەکرێتەوە بۆ دروسکردنی ئەو بەرهەمەی مەبەستە کە بریتییە لە ئۆڤاڵبوومینی هێڵکە بەشێوەی تۆز(پاودەر).  


شایانی باسە کە ئۆڤاڵبوومینی هێلکە پتر لە نیوەی سپێنەی هێلکە پێکدەهێنێت و ساڵانە بە بڕێکی زۆر لە پیشەسازیدا بەکاردەهێنرێتتەنیا ساڵی ٢٠٢٠ لە ئاستی جیهاندا ١،٦ میلیۆن تۆن ئۆڤاڵبوومین بەکارهێنراوە. هەربۆیە زانایان دەگەڕان بە دوای دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ هێلکەی مریشک کە هەرزانتر بێت و گونجاوتر بێت لەگەڵ ژینگەدابە بەراورد لەگەڵ هێلکەی مریشکدا لە سەدا نەوەد کەمتر رووبەری خاک بەکارهەنراوە و لەسەدا ٣١-٥٥ کەمتر گازی کەسکەماڵی دەردراوە.




سەرچاوە

یورۆپیان ساینتیست

مایکۆکۆسم

بایۆمەد سەنتراڵ

22.2.22

قارچکی پۆدۆسترۆما کۆرنوو-دامای

 کوشندە 

بە زمانی ژاپۆنی پێیدەگوترێت کاینتاکی.  هەروەها بە مەرجانی ئاگرینی ژەهراویش ناسراوە.  چەشنە کەڕوویەکە لە جسنی پۆدۆسترۆما، خێزانی هایپۆکریسیی، سانی هایپۆکریڵەکان، پۆلی سۆرداریۆمایسیت و کەرتی ئاسکۆمایکۆتایە.  تەنمیوەی ئەم قارچکە زۆر زۆر ژەهراوییە و چەند جۆرێک ژەهری ترایکۆتیسینی تێدایە.   گوایە هەر کەس دەستی بەر ئەم قارچکە بکەوێت، لەشی تووشی سووربوونەوە و رووشان دەبێت؛ بەڵام ئەمە نەسەلمێندراوە.


ئەم چەشنە کوارگە یەکەم جار ساڵی ١٨٩٥ لە چین دۆزراوەتەوە و هەر ئەو ساڵەیش لەلایەن نارسیس تێۆفیل پاتویڵاردەوە وەک هایپۆکری کۆرنوو-دامای وەسفکرا.  ساڵی ١٩٠٥ گوازرایەوە بۆ جسنی پۆدۆکری و ساڵی ١٩٩٤ کەڕووزانی ژاپۆنی تسوگۆ هۆنگۆ و ماسانا ئیزاوا گواستیانەوە بۆ جسنی پۆدۆسترۆما.  سەرەتا وا بڕوا دەکرا شوێنزاکەی کۆریا و ژاپۆن بێت؛ بەڵام لەم ساڵانەی دوواییدا لە ئیندۆنیزیا، پاپوانیوگینێ و چەند بەشێکی ئوسترالیایش دۆزراوەتەوە.  لە راستیدا هێشتا رووبەر و ناوچەی رووانی ئەم کوارگە بە تەواوی نەزانراوە و لەم بارەیەوە بۆچوونی جیاواز هەیە.


خواردنی ١٠٠ تا ٢٠٠ گرام لەم چەشنە قارچکە بەسە بۆ کوشتنی مرۆڤ لە دوای دوو رۆژ.  ئەو کەسەی دەیخوات تووشی زگ ئێشە دەبێت، بینایی و بیستن و هەستەکانی دەگۆڕێن.  خرۆکە سپییەکانی و خەپلۆکەکانی خوێنی دادەبەزن، روخساری توێژ دەهاوێت، مووی دەوەرێت و وڕێنە دەکات و قسە تێکەڵ پێکەڵ دەکات و جووڵە و بزاوتی لە دەست خۆی نامێنێت.  

شێوەی  کارگی سترۆماتا سادەیە و شێوە قۆچییە وەک چەند لکێک دەردەکەوندرێژییەکەیان ٦- تا ١٠٠ میلیمەتر و تیرەیان ٧ تا ١٠ میلیمەتر دەبێتهەندێک جار چەند دانەیەک لە یەک بنکەوە گەشە دەکەنرەنگی نارنجییە و روواڵەتی لووس و چەرمنە



سەرچاوە

ویکیپێدیا

ساینس دایرکت

سیمانتیک سکۆڵار

21.2.22

لیپیۆتا برونیۆنکارنەیتا

 کوشندە 

ناوێکی تری ئەم کوارگە بریتییە لە قشتی کوشندە.  لە رووی ووشەڕەتزانییەوە لیپیۆتا لە ووشەی لێپیسی یونانی وەرگیراوە کە واتەی پوولەک دەبەخشێت؛ و ئۆت واتە گوێ.  یانی کارگێک کە پوولەکەی وەک گوێی هەیە.  مەبەست لە پوولەکە ئەو پەڵە قاوەەیانەیە کە لەسەر کڵاوی قارچکەکە هەن.  هەروەها برونیۆنکارنەیتا  ئاماژەیە  بۆ رەنگی ئاڵی قاوەییباو.  لە کوارگە شیپەڕەدارەکانە، لە جسنی لیپیۆتا، خێزانی ئەگاریکاسیی، سانی ئەگاریکاڵەکان، پۆلی ئەگاریکۆمایسیت و کەرتی باسیدیۆماکۆتایە.   بەشێوەیەکی بەربڵاو لە ناوچە گەرمەکانی ئەوروپا و ناوچە مامناوەندییەکانی ئاسیا بەتایبەت باشووری ئاسیا و ئاسیای رۆژهەڵات وەک چین دەڕوێت.  لە تورکیا، ئیسراییل، پاکستان، ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەڕوێت.  هەروەها باسی ئەوە کراوە کە لە بریتانیا و ئەڵمانیش دەڕوێت.  لە شوێنی بژوێنی وەک مێرگ و چیمەن و پارکەکان و باخچەکاندا دەڕوێت و  بە هەڵە وەک قارچکی خۆراکی سەیردەکرێت.  وەرزی رووانی ئەم قارچکە نێوەراستی هاوینە تا دووەم مانگی پاییز. 


ئەم چەشنە ساڵی ١٨٨٩ لەلایەن رووکزانانای سویسرایی رۆبەرت هیپۆڵایت چۆدات و چارڵز-ئیدوارد مارتین ەوە وەسفکراوە.   شیکارییە بۆماوەییەکانی دی ئێن ئەی نیشانیانداوە کە پەیوەندیی نزیکی هەیە لەگەڵ ئەو چەشنانەی ئەماتۆکسینیان تێدایە وەک لیپیۆتا سەبئینکارنەیتا و لیپیۆتا ئیلایۆفیلا.


باس لەوە کراوە کە بڕێکی زۆر لە ژەهری ئەڵفا-ئەمانیتینی تێدایە کە لە زۆر ووڵاتی وەک ئیسپانیا، ئێران، تورکیا و توونس بووەتە هۆی ژەهرایبوون و مردن.  نیشانەکانی ژەهراویبوون بەم قارچکە بریتییە لە هێڵنجدان و  رشانەوە دە هنگارێک دووای خواردنی،  کە دووای چەند رۆژێک دەبێتە هۆی پەکخستنی جەرگ.  خواردنی ١٠٠ گرام لە کارگی لیپیۆتا برونیۆنکارنەیتا بۆی هەیە ببێتە هۆی پەکخستنی تەواوی جگەر.  ژەهری ئەمانیتین دەشێت ٣٦ تا ٤٨ هنگار دووای خواردنی لە میزدا دەربکەوێت.



لە بنەڕەتدا نیمچەگۆییە، لەگەڵ چوونە سەری تەمەنیدا دەگۆڕێت بۆ زۆپ و هەندێک جار تەنانەت تەخت دەبێت و تەنیا کەمێک بەرزایی بچووک وەک مەمیلە نێوەراستی کڵاوەکەیدا دەمێنێتەوە.  رەنگی قاوەیی-ئاڵباوە، لووس نییە و سەرەنجام دەگۆڕێت بۆ پوولەکە\لەپکەگەلی کوڵکن کە هێڵی ناڕێکی بازنەئاسا دروستدەکەن.  تا بەرەوە لێوارەکان دێت رەنگی کاڵتر و کراوەترە.  گۆشتەکەی سپییە و تیرەی کڵاوەکەی ٢٥ تا ٦٠ میلیمەتر دەبێت.  


شیپەڕەکانی ئازادن و اتە بە قەدەکەیەوە نەنووساون، زۆر لەیەکترییەوە نزیکن و رەنگیان سپیی قەیماغییەقەدەکەی ٢٥ تا ٥٠ میلیمەتر درێژە و تیرەی ئەستوورییەکەی ٥ تا ٩ میلیمەتر دەبێترەنگی سپیی قەیماغی و ئاڵی گەشە؛  و گۆشتەکەی و هاگەکەیشی سپییە.   نیوەی سەرووی قەدەکە لووسە و لای خوارووی و ژێر ئەڵقە کوڵکنەکەی بە پوولەکە\لەپکەگەلی ریشاڵۆکداری قاوەیی-تۆخ رازاوەتەوە.



سەرچاوە 

فێرست نەیچەر

ئای ناچراڵیست نیوزیلەند

سەمارۆغی کڵیتۆسایب رایڤیووڵۆسا

 ژەهراوی 

ناوە گشتییەکەی بریتییە لە زڕە شامپینۆن یا رەحەتیی گەمژان و کارگی ئارەقکرکردن.  قارچکێکی ژەهراوییە لە جسنی کلیتۆسایب، خێزانی ترایکۆڵۆماتاسیی، پۆلی ئەگریکۆمایسیت و کەرتی باسیدیۆمایکۆتایە.   کۆمەڵێک چەشنن کە لە بیچم و سیفەکانیاندا زۆر چونیەکن.  کڵاوە بچووکە رەحەتی ئاساکەی ئەم کوارگە لە ئەوروپا و باکووری ئەمریکا، بە زۆری لە نێو گیاوگۆڵ و مێرگ و چیمەن دەبینرێت.  زۆر جار بەشێوەی مانگابەکەڵ دەڕوێت.  زۆر جاریش بەشێوەی تاک و تەرا لە نێو گیاگۆڵ دەڕوێت.  لە بنەرەتدا ساڵ ١٨٠١ لەلایەن کریستیان هێندریک پێرسوونەوە وەک ئەگاریکوس رایڤیووڵۆسوس وەسفیکراوە، بەر لەوەی سروشتوانی ئەڵمانی پۆڵ کوومەر ساڵی ١٨٧١ ئەم ناوەی ئێستای پێبدات.


لە رووی ووشەڕەتزانییەوە  ناوی کڵایتۆسایب واتە سەرلێژ؛ و ووشەی رایڤیوولۆسا ووشەیەکی لاتینە و مانای ئاوەڕۆ، رووبار یا جۆگە دەدات.  رەنگە مەبەست لەمە ئەو ووردە ڕێڕەوانە یا ووردە کۆسپە و شیوەڵۆکانە بێت کە لەسەر کڵاوی قارچکێکی پێگەیشتوو بەرچاو دەکەون.


رێژەیەکی زۆر ژەهری موسکارینی تێدایە و ئەو کەسەی دەیخوات لەماوەی ١٥ تا ٣٠ خولەکدا تووشی ئارەقکردن، لیک دەردان و فرمێسک ڕژان دەبێت.  ئەگەر بڕێکی زۆری لێبخورێت وێرای ئەم نیشانانە، کەسەکە تووشی زگ ئێشە و هێڵنج و زگچوونیش دەبێت.  هێزی بینایی لێڵ دەبێت و هەناسەی تەنگ دەبێت.  دووای دوو هنگارێک کاریگەریی ژەهرەکە لەسەر لەش دادەبەزێت.  مردن بەم قارچکە دەگمەنە بەڵام کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر کۆئەندامی هەناسە دەبێت.


کڵیتۆسایب رایڤیووڵۆسا قەبارەی زۆر گەورە نابێتتیرەی کڵاوەکەی ٣٠ تا ٤٠ میلیمەتر دەبێت و شێوەی کڵاوەکەی رەحەتی ئاسایەشیپەڕەکانی رەنگیان سپییە و خاڵ خاڵی ووردی ئاڵیان تێدایە و درێژییان جیاوازەقەدەکەی لووسە  و ئارداوییەرەنگی سپییە و  تا ٤٠ میلیمەتر درێژ دەبێتهەروەها ئەڵقەی نییەرەنگی هاگەکانی سپییە؛ و چێژ و بۆنیێکی جیاوازی نییەشێوە و خەسڵەتەکانی زۆر لە قارچکە خۆراکییەکانی ماراسمیووس ئۆریدیس، کڵایتۆپایڵوس پریوونیووڵیس و کڵایتۆسایب دیڵباتا نزیکەهەروەها لە قارچکی کاڵۆسایب گامبۆسایش دەچێت کە کڵاوەکەی کەمێک گۆشتنترە؛ و لە وەرزنی بەهار و هاویندا دەڕوێت



سەرچاوە

 فێرست نەیچەر

ئەڵتیمەیت مەشرووم


کارگی ئینتۆڵۆما سینیووەیتم

 ژەهراوی و ئاوەزگەردان 

لە زمانی گشتیدا بە ئینتۆڵۆمای قورقوشمی، ئەگاریکی قورقوشمی، شیپەڕە ئاڵی قورقوشمی، قورقوشمی ژەهردار و ژەهرداری گەورەی پێدەگوترێت.  لە جسنی ئینتۆڵۆمایە، لە خێزانی ئینتۆڵۆماتاسیی، سانی ئەگاریکاڵەکان، پۆلی ئەگاریکۆمایسیت و کەرتی باسیدیۆمایکۆتایە.  قارچکێکی ژەهراوی و کوشندەیە لە سەرتاسەری ئەوروپا و باکووری ئەمریکا دەبینرێت.  لە ناوچەکانی دەریای رەش و ئوستانی ئادیامانی تورکیا،  ئێران و باکووری یوونانی چین کە دەکاتە ئاسیا هەیە.  هەندێ سەرچاوە بە ناوە زانستییە کۆنەکەی واتە ئینتۆڵۆما لیڤیدوم یا رۆدۆفیلوس سینیوەیتس ناوی دەبەن.  واژەی ئینتۆڵۆما یونانییە و بە واتای لۆچو یاگنج بوو بۆ دیوە ناوەوە دێت و هەروەها سینیوتوەم واتە  شەپۆلدار؛ کە ئاماژەیە بەشێوەی کەچ و خوری کڵاوی ئەم چەشنە کوارگە.  لە ئەوروپا ئەم کوارگە بەرپرسە لە سەدا دەی ژهراویبوونەکان بە کارگ.  ئەو کەسەی دەیخوات لە دوای ٣٠ خولەک تا دوو هنگار نیشانەکانی رەوانی و رشانەوەی لێدەردەکەوێت؛ و تا ٤٨ هنگار دەخایەنێت.  جەرگ بە توندی ژەهراوی دەبێت و نیشانەی ئاوەزگەردانیش وەک وڕێنەکردن لە نەخۆشدا دەردەکەوێت.  بە دەگمەنیش نەخۆش بۆ چەند مانگێک تووشی خەمۆکی بووە.  خودی ژەهرەکان تا ئێستا نەناسراون بەڵام لە وانستەیەکدا کە لە رۆژهەڵاتی ناوچەی دەریای رەش کراوە،  گوتراوە کە ئەم چەشنە قارچکە بەرزترین رێژەی مسی تێدایە؛ هەروەها رێژەیەکی بەرزی تۆتیای تێدایە.  لە باشووری رۆژهەڵاتی پۆڵەند دەرکەوتووە کە کڵاو و قەدەکەی رێژەیەکی بەرزی جیوەی تێدایە بە بەراورد لەگەڵ قارچکەکانی تردا.  هەروەها ئەمەیش زانراوە کە رێژەیەکی زۆر لە پێکهاتەی ئارسنیکی تێدایە.


کارگی ئینتۆڵۆما سینیووەیتم  بە تەنیا و بە کۆمەڵیش دەڕوێت.  هەروەها بینراوە لە باشووری ئەریزۆنای ئەمریکا بەشێوەی مانگابەکەڵیش روواوە.  بە زۆری لە پاییزدا و تەنانەت لە ئەمریکا لە هاوینیشدا دەڕوێت.   لە دارستانەکانی درەختە گەڵاڕێزۆکەکاندا و لە بن درەختی راج و بەڕوودا و زۆر بە کەمی لە بن درەختی بێتوولە\غان دا دەڕوێت.  بە زۆری لەسەر خاکی قوڕ و گەچین دەڕوێت.  لەوانەیە لە پارک و مێرگ و چیمەنیشدا بڕوێت.  هەرچەند ئەم چەشنە خۆی وەک رەژکەکەڕووی درەختی بی پێناسەکراوە بەڵام زۆربەی چەشنەکانی تری ئەم جسنە بە گەندەژی ناسراون.


ئینتۆڵۆما سینیووەیتم ساڵی ١٧٨٨ بەشێوەی زانستیانە لەلایەن ژان باپتیست فرانسوا بولیاردەوە وەسفکرا؛ و ناوی لێنرا ئەگاریکوس لیڤیدووس.  ئەو سەردەمە زۆرینەی شیپەڕەدارەکان لە جسنی ئەگاریکوس هەژمار دەکران.  سەرەنجام ساڵی ١٨٧١ کەووزانی ئەڵمانی پۆڵ کوومەر رایگواست بۆ جسنی ئینتۆڵۆما کە پێکهاتووە لە نزیکەی ١٠٠٠ چەشن و ناوی ئینتۆڵۆما سینیووەیتمی لێنا.  ئینتۆڵۆما سینیووەیتم ئورگی جسنەکەیشە؛ واتە هەموو چەشنەکانی ئەم جسنە دەکەونە ژێر ناوی ئەمەوە.


رەنگی کڵاوەکەی سپیی عاجییە و لەگەڵ چوونەسەری تەمەنیدا تاریکتر دەبێت.  سەرەتا قووچەکییە و دوواتر کەمێک تەخت دەبێت و بەرزاییەک لە بەشی نەوەراستی دروستدەبێت.  لە تەمەنی ساواییدا کەمێک دیسناکە.  لێوارەکانی وەک نەرمەی گوێی مرۆڤە.  تیرەی کڵاوەکەی ٦٠ تا ١٥٠ میلیمەتر دەبێت.  کاتێک کە هەوا زۆر گەرم دەبێت کڵاوەکە تەوا دەکرێتەوە و تەخت دەبێت و لێوارەکانی شەقار شەقار دەبێت.


رەنگی شیپەڕەکانی سپیی زەردواشە.  لە یەکترییەوە نزیکن و کاتێک هاگەکانی پێدەگەن و رەنگی شیپەرەکان بەلای ئاڵذا دەگۆڕێت.  واتە رەنگی هاگەکانی ئاڵە.  چێژی ئاساییە بەڵام بۆنی دەسنیشان نەکراوە.


رەنگی قەدەکەیشی سپیی عاجییە و لوولەکییە بەڵام هەندێک جار بنەکەی سەلکدارەدرێژییکەی ٣٠ تا ١٠٠ میلیمەتر دەبێت و تیرەی ئەستووریەکەیشی ٦ تا ١٥ میلیمەتر دەبێتهیچ قەف و ئەڵقەیەکیش بە قەدەکەوە نابینرێت.  



سەرچاوە:

 فێرست نەیچەر

میندات

مەشرووم گرۆڤ

20.2.22

ئەمانیتا سترۆبایلیفۆرمیس

 ئاوەزگەردان 

کارگێکی دەگمەنە و ناوە گشتییەکەی بریتییە لە ئەمانیتای زیپکەدار.  بەشێوەی هاوژینی لە دارستانەکاندا لەگەڵ درەختە گەڵاڕێزۆکەکان دەڕوێت. بەتایبەتی لە خاکی قڵیاییدا دەڕوێت.  بە تەنیایی و هەندێک جاریش بە کۆمەڵەی بچووک دەڕوێت.  لە ئەوروپا و هەرێمەکانی مەدیتەرانە تا هۆڵەندا و ئینگلیستان دەڕوێت و رەنگە لە ژوورتری ئەوێش بڕوێت.  باس لەوە کراوە کە کوارگێکی خۆراکییە و گوایە ماددەکانی ترشی ئایبۆنێتیک و مووسیمۆڵی تێدایە، کەواتە لە کوارگە ئاوەزگەردانەکانە.  کاتێک کە دەیخۆن هەمان ئەو نیشانانە لە کەسەکە دەردەکەوێت کە لە دوای خواردنی ئەمانیتا موسکاریا و ئەمانیتا پاندەرینادا دەردەکەون.  ئەم ناوە ساڵی ١٨٦٦ لەلایەن کەڕووزانی فرانسی لویس ئادۆڵف بێرتیلۆنەوە لەم چەشنە قارچکە نرا.  ووشەی سترۆبایڵ واتە چلکووزە کە بەری چەشنێک درەختی سنەوبەرە.  کاتێک لەتدەکرێت یا دەشکێت بۆنی تووری لەتکراو دەدات.  


تیرەی کڵاوی ئەم قارچکە ٧٠ تا ١٥٠ میلیمەتر یا ٥٠ تا ٢٢٠ دەبێت.  شێوەی زۆپ تا نیمچەتەختە و هەندێک جاریش نێوەراستەکەی تەواو تەخت دەبێت.  رەنگی سپی تا خاکیی کراوە یا خاکیی مەیلەو قاوەیی کراوەیە.  پاشماوەی ئەستووری سپی تا خاکی یا خاکیی قاوەیی کاسەکەی بەشێوەی پەڵە و پارچە بەسەر کڵاوەکەوە دەمێنێتەوە.


شیپەڕەکانی سپی تا قەیماغین و زۆر لە یەکترییەوە نزیکن و شیپەڕەی کورتیش لە ناویاندا هەیە.  شیپەڕەکان بە قەدەکەوە نووساون کە ئەمە بۆ ئەمانیتاکان تا راددەیەک نائاساییە.  ئەڵقەیەکیش لای سەرووی قەدەکە هەیە کە بەرەبەرە نامێنێت. 

قەدی ئەمانیتا سترۆبایلیمۆرمیس ٨٠ تا ١٨٠ و تا ٢٠٠ میلیمەتر درێژ و تیرەی ئەستوورییەکەی ١٦ تا ٣٠ تا ٤٠ میلیمەتر دەبێتشێوەی قەدەکە لوولەکییە و رەنگی سپییە، ریشاڵۆکی ووردی پێوەیە و پاشماوەی پەردەی کاسەکە بە قەدەکەوە دەنووسێت بەشێوەی جیاجیا دەردەکەوێت.   هەروەها قەدەکە بنێکی شێوە سەلکی هەیە.



سەرچاوە

ئەمانیتاسیی

نەیچەر فێرست

19.2.22

کوارگی ئەمانیتا سەبجەنکیڵی

 کوشندە 

قارچکی. ئەمانیتا سەبجەنکیڵی یا کڵاومەرگی ئاسیای رۆژهەڵات لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا دەڕوێت.  کارگێکی زۆر کوشندەیە.  زۆر نزیکە لە کڵاومەرگ واتە ئەمانیتا فاڵۆییدس.  تەنمیوەی ئەم کوارگە مامناوەندییە و بە دەگمەن ئەندازەی گەورەی هەیە. 

 تیرەی کڵاوەکەی ٣٠ تا ٦٠  یا ٢٠ تا ١٠٠ میلیمەتر دەبێت؛ و لە سەرەتادا نزیکەی نیوە گۆییە؛ پاشان دەگۆڕێت بۆ زۆپ و تەخت.    رەنگی کڵاوەکە زەردی قاوەیی باو تا زەردی تڵخ تا زەردی خەردەلییە؛ و تا بەرەو نێوەراست دەچێت تۆخترە.   لێوارەکانی کڵاوەکە لووسە و کاتێک کە بۆڕدەبێت دەگۆڕێت بۆ هێڵداری.   پاشماوەی کاسەکە زۆر بەدەگمەن بە کڵاوەکەوە دەمێنێتەوە.  کاتێک پێیەوە بمێنێتەوە، رەنگی سپییە؛ و ەک پەڵە دەردەکەوێت و دەزوولەدارە.  گۆشتی کڵاوەکەیش سپییە.

شیپەڕەکانی ئەمانیتا سەبجەنکیڵی. ئازادن و زۆر لەیەکترییەوە نزیکن.  رەنگیان سپییە و  هەندێکیشیان کورتن.


درێژیی قەدەکەی ٤٠ تا ١٢٠ تا ١٥٠ میلیمەتر دەبێت و تیرەی ئەستوورییەکەیشی ٣ تا ١٠ تا ١٥ میلیمەتر دەبێت.  نزیکەی لوولەکییە و بە ئاستەمێک لای سەرووی باریکترە لە خواروو.  قەدەکەی پتەوە ورەنگی سپی تا زەردە و لەپکەگەلی ریشاڵۆکداری زەردەوشی پێوەیە.   گۆشتی قەدکەیش سپییە؛ و بنەکەیشی نیمچە گۆییە و شێلم ئاسایە؛ و ١٠ تا ٢٠ تا ٣٠ میلیمەتر بەرینە.  

هەردووک دیوەی کاسەکەیشی رەنگی سپی تا سپیی تڵخە.   ئەڵقەکەیش لە لای سەرووی قەدەکەیەتی و لە شێوەی داوێنی کراسە؛ تەنک و دەزوولەدار و دەوامدارەدیوی سەرەوەی ئەڵقەکە سپییە و دیوی خوارەوەی سپیواشەبۆنێکی جیاوازی نییە و ژەهری کوشندەی ئاماتۆکسین و هیتری تێدایە.



سەرچاوە

ئەمانیتاسیی

ئنجێنتا کۆنێکت


هەڵچی ئەمانیتا ماگنیڤێڵاریس


 کوشندە 

قارچکێکی زۆر ژەهراوییە.  یەکەم نموونەی ئەم قارچکە ساڵی ١٨٩٧ لە نیویۆرک کۆکرایەوە و لەلایەن چارڵز پێکەوە وەسفیکرا.  لە باشووری کانەدا و ویلایەتی ویسکۆنسین و نیویۆرک دەبینرێت.   لە خاکی لمیندابە تاک و بە کۆمەڵ دەڕوێت.   بە هاوژینی لەگەڵ درەختی بەڕوو و سنەوبەر و گاگۆڕاڵی کانەدایی، راجدا دەڕوێت.   ئەم قارچکە دەگمەنە و زۆر نابینرێت.


تیرەی کڵاو کارگی ئەمانیتا ماگنیڤێڵاریس ٤٠ تا ١٢٧ میلیمەتر دەبێت.  رەنگی سپی تا قیماغییە یا سپیی زەردواشە.  لەکاتی نمناکیدا دیسناکە.  سەرەتا زۆپە و پاشان تەخت دەبەت و سەرەنجام دەگۆڕێت بۆ رووچاڵ لە کاتی بۆڕبوونیدا.  هەندێک جار پارچە و لەت و کوتی کاسەکە بەسەریەوە دەمێنێتەوە.  شیپەڕەکانی بە شێوەی جیاواز بە قەدەکەوە نووساون، یا ئازادن.  لە یەکترییەوە نزیکن و رەنگیشیان سپییە، هەندێک جاریش کەمێک ئاڵی تڵخن.  ئەمانە باسی بۆنەکیان نەکراوە.


درێژیی قەدی ئەمانیتا ماگنیڤێڵاریس ٧٠- ٧ا ١٧٨ میلیمەتر و تیرەی ئەستوورییەکەی ١٢،٥ میلیمەتر دەبێترەنگی قەدەکەیش سپییە و لای سەرووی کەمێک باریکترە لە لای خواروو؛ هەروەها ووردە تفردارە و جۆرێک لەپکەی پێوەیەئەو سەلکەی کە بە بنی قارچکەکەوەیە  بەرینییەکەی دەگاتە ٢٠ میلیمەتر و تا بەرەوە بنەوە دەچێت باریکتر دەبێتئەڵقەیەکی بەرینیش بە سەرووی قەدەکەوە دەبینرێترەنگیشی سپی تا قەیماغیی زەردە و دیوی خوارووی ووردە تفری پێوەیەکاسەکەی سپی تا خاکیباوە و  پتر لە ئەمانیتا بیسپۆراجیرا نێوانی هەیە لەگەڵ قەدەکەدا.




سەرچاوە

ئەمانیتاسیی

مەشرووم ئێکسپێرت 

سەمارۆقی ئەمانیتا ئێکزیشیاڵیز

  کوشندە 

وەک فریشتەی کاولکەری گوانجوویش ناسراوە.  لە رۆژهەڵاتی ئاسیا بە بڵاوی دەڕوێت.  رەنگە لە هیندوستانیش بڕوێت کە بە ناوی ئەمانیتا ڤێرنا ناسێنراوە.  شیکارییە گەردییەکان دەریانخستووە کە ئەم کوارگە پەیوەندیی نزیکی نەژادزایی هەیە لەگەڵ چەشنەکانی ئەمانیتا سەبجونکیڵ ئاڵبا، ئەمانیتا ڤایرۆسا و ئەمانیتا بیسپۆریجێرا.  ئەم چەشنە قارچکە ژەهراوییەکەی زۆر کوشندەیە و یەکێکە لە ئەندامانی کەرتی فاڵۆییدەکان و پەیوەستە بە ئەمانیتا فاڵۆییدیسەوە.  ئەندازەیان مامناوەندییە و رەنگیان سپییە.  ئەمانیتا ئێکزیشیالیز بە تەنیا یا بە کۆمەڵی بچووک، و لە دارستانەکانی گەڵاپانەکاندا دەڕوێت.  بەدواداچوونە مەیدانییەکان سەلماندوویانە کە ئەم قارچکە لە ناوچەکانی وەک گۆانجوو، یوونان و هوونانی باشووری چین و بە هاوژینی لەگەڵ درەختی گەڵاڕێزۆکی کاستانەدا دەڕوێت.


تیرەی کڵاوی ئەمانیتا ئێکزیشیاڵیز  ٤٠ تا٧٠ میلیمەتر دەبێت.  شێوەی زۆپ تا تەختە و هەندێک جاریش دەبێتە چاڵ.  رەنگی سپییە و هەندێک جار قەیماغییە.  لێوارەکانی هێڵدار نییە و گۆشتەکەیشی سپییە.  شیپەڕەکانی ئازادن و بە قەدەکەیەوە نەنووساون.  رەنگیان سپییە و زۆر لە یەکترییەوە نزیکن.


درێژژیی قەدەکەی ٧٠ تا ٩ۆ میلیمەتر، و تیرەی ئەستوورییەکەی ٥ تا ١٠ میلیمەتر دەبێترەنگی سپییە، لووسە و هەندێک جار ریشاڵۆکی ووردی پێوەیە؛ شێوەی لوولەکییە و تۆزێک لایە سەرەوەی باریکترە لە لای خواروویبنی قەدەکە سەلکەکی نیمچە گۆییە و بەرینییەکەی ١٠ تا ٢٠ میلیمەتر دەبێتکاسەکەیش بە سەلکەکەوە دیارەتەنک و دەزوولەییدارە و بەرزییەکەی دەگاتە ٧ میلیمەتر.   دەر و دوڕی کاسەکە سپییەئەڵقەکەیشی  گۆشەدار تا نیمچە گۆشەدارە و تەنکە و دەزوولەدارە و رەنگی سپییە و لەشێوەی داوەنی کراسەکاتێک کە شلەی هایدرۆکسید پۆتاسیۆم بەر هەر شوێنێکی دەکەوێت رەنگی دەگۆڕێت بۆ زەرد.





سەرچاوە

جوورناڵی ئێم دی پی ئای

ئەمانیتاسیی


کوارگی ئەمانیتا ئارۆکیا

 کوشندە 

هەروەها بە کڵاومەرگی ئەمریکای لاتینیش ناسراوە.  کارگێکی زۆر کوشندەیە و لە کۆڵۆمبیا و ئەمریکای نێوەڕاست و ئەمریکای باشور یا باشتر بگوترێت لە کۆڵۆمبیا، مەکسیکۆ و کۆستاریکا دەڕوێت.  لە کەرتی فاڵۆییدەکانە و پەیوەستە بە ئەمانیتا فاڵۆییدیسەوە.  لە ووڵاتی مەکسیکۆ بە ناوی هۆنگۆ گریس ناسراوە و لە بن درەختی بەڕوو دەڕوێت.   ئەمە رەنگی کڵاوەکەی  جیاوازە لە کارگی بەناوبانگی کڵاومەرگ؛ کە رەنگی قاوەییباو یا خاکیباوە.


ئەم چەشنە یەکەم جار لە کۆڵۆمبیا و لە ساڵی ١٩٩٢ لەلایەن کەڕووزان رۆد توڵۆس، سی. ئێڵ. ئۆڤبرۆ و رۆی هۆڵینگەوە وەسفکراوە.  وەک رێزێک بۆ کەڕووزان رێگڵا ماریا ئارۆکی ئەم ناوەی لێنراوە.  ووردە ریشاڵۆکە قاوەییەکانی قەدەکەی یەکێکە لە نیشانەکان بۆ ناسینی ئەم چەشنە.  پشکنینە کیمیاییەکان نیشانیان داوە کە ژەهری ئەماتۆکسین و سایکڵۆپێتاید لەم قارچکەدا هەیە.  ئەمانیتا ئارۆکیا بۆنی شێنە تا ناخۆشە؛ بەڵام باس لە چێژ و بەرامەی نەکراوە؛ و رەنگی هاگەکانی سپییە.


تیرەی کڵاوەکەی ٣٠ تا ١١٠ میلیمەتر دەبێت.  سەرەتا شێوەکەی خڕی قووچەکییە و دوواتر دەگۆڕێت بۆ زۆپ.  بۆی هەیە بگۆڕێت بۆ تەخت و تەنانەت هەڵیشگەڕێتەوە بەرەو ژوور، واتە بەرەو شێوە رەحەتی بچێت.  رەنگی کڵاوەکەی خاکیباو تا قاوەیی-ئەمبەرییە.  لە سەرەتای تەمەنیدا زیاتر خاکییە و لەگەڵ بۆڕبوونیدا رەنگی دەگۆڕێت بۆ زیاتر بەلای قاوەییدا.  لێوارەکانی هێڵدار نییە.  گۆشتی کڵاو و قەدەکەی سپییە.  هیچ پاشماوەیەکی کاسەکە بەسەر کڵاوەوە نامێنێتەوە.


شیپەڕەکانی ئازادن یا زۆر کەم بە سەرووی قەدەکەوە نووساون.  لە یەکترییەوە نزیکن، تەنکن و رەنگیان سپییە.  نێوە نێوە شیپەڕەی کورت و ئەندازە جیاواز لە نێویاندا هەیە. 


 درێژیی قەدەکەی ٨٠ تا ٢٠٠ میلیمەتر و تیرەی ئەستوورییەکەی ٥ تا ١٧ میلیمەتر دەبێترەنگی سپییە و لەکاتی زاماربووندا ناگۆڕێتووردە ریشاڵۆکی سپی و خاکی بە قەدەکەوە دیارن.   بنەکە سەلکێکی نیمچەخڕی پێوەیەکاسەیەکەی سپیشی پێوە دیارەلای سەرووی قەدەکەی ئەڵقەیەکی سپیی داوێنداری هەیە.




سەرچاوە

ئەمانیتاسیی

باخچەی رووەکزانیی نیویۆرک

کوارگی ئەمانیتا ئەبرەپتا

 ناخۆراکی 

ووشەی ئەبرەپتا کە وەک ناو بۆ ئەم چەشنە بەکارهێنراوە پەیوەندیی بە شێوە گۆییەکەی بنی ئەم قارچکەوە هەیە.  وەک لە وێنەدا دیارە بنەکە و قەدەکەوە بە جۆرێک پێکەوە لکاون کە وەک ئەوەیە کە دوو پارچەی جیاواز بن.  لە پێکەوە لاکانیاندا هاواهەنگییەک نابینرێت.   بە ووتەیەک تر قەدەکە بەرەبەرە ئەستوور نەبوو بەڵکوو لە نەکاو کۆتایی بە قەدە باریکەکە هاتووە و گۆپکەیەکی ئەستوور دەستیپێکراوە.  جا ئەم ووشەی (ئەبرەپت)ە واتای لەناکاو یا چاوەڕواننەکراو دەدات.

ئەم چەشنە کوارگە  ئەمانیتای ناکاو-بەسەلکبووی ئەمریکایی یا لێپێدیلای ناکاو-بەسەلکبووی ئەمریکاییشی پێدەگوترێت.   قەدەکەی باریکە و لە قۆناغی سەرەتای تەمەنیدا بنەکەی زۆر لە کڵاوەکەی گەورەترە.  ئەمە لە رۆژهەڵاتی باکووری ئەمریکا و رۆژهەڵاتی ئاسیا لە نێو دارستانە تێکەڵەکاندا دەڕوێت.  ئەم قارچکی ئەمانیتا ئەبرەپتایە قارچکێکی ناخۆراکییە؛ و وا باوەڕدەکرێت کە بە هاوژینی لەگەڵ چەند جۆرە درەختێک لە گەڵادەرزیلەییەکان و گەڵاڕێزۆکەکاندا دەڕوێت؛ و هەروەها بە تاک و تەنیا دەڕوێت نەک بە کۆمەڵ و گەل.


ئەمانیتا ئەبرەپتا یەکەم جار ساڵی ١٨٩٧ لەلایەن کەڕووزانی ئەمریکایی چارڵز هۆرتن پێکەوە وەسفکراوە.  لەبەرئەوەی لە کاتی ووشکبوونیدا کاسەکەی نامێنێت, چارلز پێیوابوو کە دەبێ لە دەستەی ئەمانیتا ریووبیسێنسدا دابنرێت.  دوواتر ساڵی ١٩٢٨ گوزراویەوە بۆ نێو جسنی لێپیدێڵاکان و ساڵی ١٩٤٠یش گوازرایەوە بۆ نێو جسنی ئەسپێدیلاکان.  هەرکام لەم دوو جسنەیش خرانە سەر جسنی ئەمانیتاوە.


تیرەی کڵاوی ئەمەنایتا ئەبرەپتا ٣٠ تا ٩٠ میلیمەتر دەبێت.  رەنگی سپییە و زیپکەدارە.  ئەو زیپکانەی لە نزیک لێوارەکانین بچووکترن و چڕییان زیاترە.  شێوەکەی لە سەرەتادا نیمە گۆپکەییە، پاشان دەکرەتەوە و شەوکەی دەگۆڕێت بۆ زۆپ یا تەخت.  رەنگی لە کاتی ووشکبووندا رەخشانە.  رەنگە سپییەکەی لە کاتی بڕین یا لەتبووندا ناگۆڕێت.  کڵاوەکەی لە راستی قەدەکەیدا ٤ تا ٧ میلیمەتر ئەستوورە.  لێوارەکانیشی هێڵدار نییە.


شیپەڕەکانی ئازادن و بە قەدەکەوە نەنووساون یا زۆر کەم پێیەوە نووساون.  لەیەکترییەوە نزیکن وهەندەک جار نزیک نین.   رەنگیان سپی تا قەیماغییە.  کاتێک هەماشتە دەبن رەنگیان نارنجیی کراوەیە.  جار جارەیش شیپەڕەی کورتیان تێدا دەبینرێت.  

درێژیی قەدی ئەم کوارگە ٦٠ تا ١٢٠ میلیمەتر و تیرەی ئەستوورییەکەی ٥ تا ١٠ میلیمەتر دەبێترەنگی سپییە؛ و تا بەرەو سەرەوە دەچێت باریکتر دەبێتبۆی هەیە لووس بێت و بۆیشی هەیە تفردار بێتلە بنی قەدەکەیدا گۆپکەیەکی هەیە کە باشترین نیشانەیە بۆ ناسینی ئەم چەشنە قارچکە؛ لەسەرەوە ئاماژەی پێکراوە و پێویست بە دووبارەکردنەوە ناکاترەنگی گۆشتی ئەم قارچکە سپییە و لەکاتی بڕین و لەتبووندا ناگۆڕێتهەروەها رەنگی هاگەکانیشی سپییەلەکاتی بەرکەوتن لەگەڵ هایدرۆکسیدی پۆتاسیومدا رەنگی ناگۆڕێت یا تۆزێک بەلای ئاڵدا دەگۆڕێت.

 



سەرچاوە

ئەمانیتاسیی

مەشرووم ئێکسپێرت

18.2.22

کارگی ئەمانیتا پۆرفیریا

  ناخۆراکی 

بە ئەمانیتای خاکی تاراداریش ناسراوە.  ووشەی پۆرفیریا خۆی بە واتای  رەنگی وەنەوشەیی تاریک دێت.  ناخۆراکییە و لە ئەوروپا و باکووری ئەمریکا تا راددەیەک ناسراوە.   بەشێوەی گشتی زۆر لە قارچکی ئەمانیتا سیترینا دەچێت؛ بەڵام رەنگی کڵاوەکەیان جیاوازە و ئەڵقەکەی ئەم زۆر خاکی-وەنەوشەییە.  زۆر حەز لە درەختە سنەوبەرەکان دەکات.   یەکەم جار لە سەدەی نۆزدە لە شەوروپا ناسێنراو.  ئەمانیتا پۆرفیریای ئەمریکا رەنگە جیاواز بێت لە هی ئەوروپا.  ئەم وەسفەی لێرەدا باسدەکرێت لەسەر بنەمای ئەو وەسفەیە کە ئەڵبێرتنی و شوەینیتز ساڵی ١٨٠٥  و نیڤیڵ و پاومارات ساڵی٢٠٠٤ ئەنجامیان داوە.  ئەمانیتا پۆرفیریا بە زۆری لە ورزی هاوین و پاییزدا دەڕوێت.  پۆرفیریان خۆراکی نییە و و زۆر جار لەنێو چەشنەکانی تری کەڕووی ئەمانیتا ناناسرێتەوە. 


تیرەی کڵاوی کارگی ئەمانیتا پۆرفیریا ٤٠ تا ٨٠ میلیمەتر دەبێت.  رەنگی سووری تڵخ تا  سووری تڵخی خاکیباو تا وەنەوشەیی خاکیباوە. یا خاکیی قاوەی باوی کراوەیە.. و لە نێوەڕاستیدا تاریکترە.  سەرەتا شێوەی نیوەگۆییە و دوواتر دەگۆڕێت بۆ کەمێک زۆپ واتە تەختتر؛ و سەرەنجام تەواو تەخت دەبێت.   هەندێک جار پارچەی ناڕێکی خاکیی پەردەکە بەسەر کڵاوەکەوە جێدەمێنێت.  


وەک زۆربەی ئەمانیتاکانی تر رەنگی شیپەڕەکانی سپییە؛ و شیپەڕەکان بە قەدەکەوە نەنووساون؛ و هاگەکانیشی سپین.  شیپەڕەکان رەنگیان دەگۆڕێت بەلای تۆخیدا کاتێک کە بریندارا دەکرێن.  

درێژیی قەدەکە لە ٥٠ تا ١٢٠٠ میلیمەتر درێژ دەبێت؛ و ٦ تا ١٥ میلیمەتر ئەستوورە دەبێت.   بنی قەدەکەیش سەلکێکی پێوەیە کە هەندێک جار پاشماوەی کاسەکەوە پێیەوە دەنووسێت و هەندێک جاریش نا.   هەروەها رەنگی ئەڵقە کرتۆکەکەیشی وەنەوشەیی-خاکییە یا رەشە.  

رەنگی گۆشتەکەی سپییە؛ و بۆنی پەتاتە\سێوەزەمینەی خاو یا شێلمی لێوەدێت.  




سەرچاوە

مەشرووم ئێکسپێرت

ئەمانیتاسیی

فێرست نەیچەر