کوشندە
بە زمانی ژاپۆنی پێیدەگوترێت کاینتاکی. هەروەها بە مەرجانی ئاگرینی ژەهراویش ناسراوە. چەشنە کەڕوویەکە لە جسنی پۆدۆسترۆما، خێزانی هایپۆکریسیی، سانی هایپۆکریڵەکان، پۆلی سۆرداریۆمایسیت و کەرتی ئاسکۆمایکۆتایە. تەنمیوەی ئەم قارچکە زۆر زۆر ژەهراوییە و چەند جۆرێک ژەهری ترایکۆتیسینی تێدایە. گوایە هەر کەس دەستی بەر ئەم قارچکە بکەوێت، لەشی تووشی سووربوونەوە و رووشان دەبێت؛ بەڵام ئەمە نەسەلمێندراوە.
ئەم چەشنە کوارگە یەکەم جار ساڵی ١٨٩٥ لە چین دۆزراوەتەوە و هەر ئەو ساڵەیش لەلایەن نارسیس تێۆفیل پاتویڵاردەوە وەک هایپۆکری کۆرنوو-دامای وەسفکرا. ساڵی ١٩٠٥ گوازرایەوە بۆ جسنی پۆدۆکری و ساڵی ١٩٩٤ کەڕووزانی ژاپۆنی تسوگۆ هۆنگۆ و ماسانا ئیزاوا گواستیانەوە بۆ جسنی پۆدۆسترۆما. سەرەتا وا بڕوا دەکرا شوێنزاکەی کۆریا و ژاپۆن بێت؛ بەڵام لەم ساڵانەی دوواییدا لە ئیندۆنیزیا، پاپوانیوگینێ و چەند بەشێکی ئوسترالیایش دۆزراوەتەوە. لە راستیدا هێشتا رووبەر و ناوچەی رووانی ئەم کوارگە بە تەواوی نەزانراوە و لەم بارەیەوە بۆچوونی جیاواز هەیە.
خواردنی ١٠٠ تا ٢٠٠ گرام لەم چەشنە قارچکە بەسە بۆ کوشتنی مرۆڤ لە دوای دوو رۆژ. ئەو کەسەی دەیخوات تووشی زگ ئێشە دەبێت، بینایی و بیستن و هەستەکانی دەگۆڕێن. خرۆکە سپییەکانی و خەپلۆکەکانی خوێنی دادەبەزن، روخساری توێژ دەهاوێت، مووی دەوەرێت و وڕێنە دەکات و قسە تێکەڵ پێکەڵ دەکات و جووڵە و بزاوتی لە دەست خۆی نامێنێت.
شێوەی کارگی سترۆماتا سادەیە و شێوە قۆچییە وەک چەند لکێک دەردەکەون. درێژییەکەیان ٦- تا ١٠٠ میلیمەتر و تیرەیان ٧ تا ١٠ میلیمەتر دەبێت. هەندێک جار چەند دانەیەک لە یەک بنکەوە گەشە دەکەن. رەنگی نارنجییە و روواڵەتی لووس و چەرمنە.
سەرچاوە
No comments:
Post a Comment