خۆراکی
ناوە گشتییەکەیە بریتییە لە بۆرەی پێستەمار، ئەمانیتای خنکاو یا ئەمانیتای بێ ئەڵقەی سێسیلیا. مەبەست لە خنکاو کاسەکەی بنی قەدەکەیە کە وەک قەفیزێک توند قەدەکە دەگرێت؛ وەک ئەوە کە بیخنکێنێت. یەکەم جار ساڵی ١٨٥٤ لەلایەن مایڵس جۆزێف بێرکڵی و کریستۆفەر ئێدموند بروومەوە وەسفکراوە. ساڵی ١٩٨٤ ئەم ناوەی لەلایەن دوکتۆر کۆرنێڵ باسەوە پێدراوە. ئەمنیتا سێسیلیا لە راستیداچەشنە قارچکێکی ئەوروپاییە بەڵام لە زۆر ناوچە و مەڵبەندی جیهانەوە بەهەڵە چەشنی تریان بەم ناوەوە ناساندووە. ئەمە رەنگی کڵاوەکەی قاوەییە؛ و ژێر پێستە قاوەییەکە سپییە؛ بەڵام لێوارەکانی کاڵترە و وەک رەنگی چەڵتووکییە؛ و سەرەنجام دەگۆڕێت بۆ قاوەیی.
تیرەی کڵاوەکەی٧٥ تا ١١٠ میلیمەتر دەبێت، رەنگی لە سەرەتادا زەردی قاوەییباوە و لەکاتی بۆڕبووندا رەنگی تەواو دەگۆڕێت بۆ قاوەیی. پەڵەگەلی خاکیی خەڵووزباو بەسەر کڵاوەکەوە دەبێت کە پاشماوەی پەردەی کاسەکەیە؛ و بە ئاسانی لادەچن. سەرەتا شێوەکەی زۆپە و پاشان دەگۆڕێت بۆ تەخت. کڵاوەکە کاتێک کە تەڕ و نمناکە هەستدەکرێت کە دیسناکە. دێرەکەکانی لێوارەکانی کڵاوەکە زۆر بەڕۆشنی دیارن.
شیپەڕەکانی ئازادن واتە بە قەدەکەوە نەنووساون و نێوانیان کەمە و رەنگیشیان سپییە. شیپەڕەکان تاراددەیەک ئەستوور و پەنجەیین. رەنگی هاگەکانی ئەمانیتا سێسیلیا سپییە.
قەدەکەی ١٠٠ تا ١٦٠ میلیمەتر درێژ، و ١٥ تا ١٠ میلیمەتر ئەستوور دەبێت. رەنگی سپییە و لای سەرووی لە خوارووی باریکترە. یەک یا پتر شێوە ئەڵقەی هەیە کە پاشماوەی رەنگ قاوەیی پەردەی کاسەکەی پێوە دەمێنێتەوە. لە راستیدا ئەڵقەیەکی وەک چەشنەکانی تری نییە. قەدەکەی پتەو نییە و زۆر جار نیوە هوڵۆڵە و بنەکەیشی سەلکی نییە.
کاسەکەی رەنگی قاوەییە و بەرەبەرە لەتوپەت دەبێت و نامێنێت و چەند پارچە و پرزۆڵێکی لێدەمێنێتەوە.
سەرچاوە
No comments:
Post a Comment