19.2.22

کوارگی ئەمانیتا ئارۆکیا

 کوشندە 

هەروەها بە کڵاومەرگی ئەمریکای لاتینیش ناسراوە.  کارگێکی زۆر کوشندەیە و لە کۆڵۆمبیا و ئەمریکای نێوەڕاست و ئەمریکای باشور یا باشتر بگوترێت لە کۆڵۆمبیا، مەکسیکۆ و کۆستاریکا دەڕوێت.  لە کەرتی فاڵۆییدەکانە و پەیوەستە بە ئەمانیتا فاڵۆییدیسەوە.  لە ووڵاتی مەکسیکۆ بە ناوی هۆنگۆ گریس ناسراوە و لە بن درەختی بەڕوو دەڕوێت.   ئەمە رەنگی کڵاوەکەی  جیاوازە لە کارگی بەناوبانگی کڵاومەرگ؛ کە رەنگی قاوەییباو یا خاکیباوە.


ئەم چەشنە یەکەم جار لە کۆڵۆمبیا و لە ساڵی ١٩٩٢ لەلایەن کەڕووزان رۆد توڵۆس، سی. ئێڵ. ئۆڤبرۆ و رۆی هۆڵینگەوە وەسفکراوە.  وەک رێزێک بۆ کەڕووزان رێگڵا ماریا ئارۆکی ئەم ناوەی لێنراوە.  ووردە ریشاڵۆکە قاوەییەکانی قەدەکەی یەکێکە لە نیشانەکان بۆ ناسینی ئەم چەشنە.  پشکنینە کیمیاییەکان نیشانیان داوە کە ژەهری ئەماتۆکسین و سایکڵۆپێتاید لەم قارچکەدا هەیە.  ئەمانیتا ئارۆکیا بۆنی شێنە تا ناخۆشە؛ بەڵام باس لە چێژ و بەرامەی نەکراوە؛ و رەنگی هاگەکانی سپییە.


تیرەی کڵاوەکەی ٣٠ تا ١١٠ میلیمەتر دەبێت.  سەرەتا شێوەکەی خڕی قووچەکییە و دوواتر دەگۆڕێت بۆ زۆپ.  بۆی هەیە بگۆڕێت بۆ تەخت و تەنانەت هەڵیشگەڕێتەوە بەرەو ژوور، واتە بەرەو شێوە رەحەتی بچێت.  رەنگی کڵاوەکەی خاکیباو تا قاوەیی-ئەمبەرییە.  لە سەرەتای تەمەنیدا زیاتر خاکییە و لەگەڵ بۆڕبوونیدا رەنگی دەگۆڕێت بۆ زیاتر بەلای قاوەییدا.  لێوارەکانی هێڵدار نییە.  گۆشتی کڵاو و قەدەکەی سپییە.  هیچ پاشماوەیەکی کاسەکە بەسەر کڵاوەوە نامێنێتەوە.


شیپەڕەکانی ئازادن یا زۆر کەم بە سەرووی قەدەکەوە نووساون.  لە یەکترییەوە نزیکن، تەنکن و رەنگیان سپییە.  نێوە نێوە شیپەڕەی کورت و ئەندازە جیاواز لە نێویاندا هەیە. 


 درێژیی قەدەکەی ٨٠ تا ٢٠٠ میلیمەتر و تیرەی ئەستوورییەکەی ٥ تا ١٧ میلیمەتر دەبێترەنگی سپییە و لەکاتی زاماربووندا ناگۆڕێتووردە ریشاڵۆکی سپی و خاکی بە قەدەکەوە دیارن.   بنەکە سەلکێکی نیمچەخڕی پێوەیەکاسەیەکەی سپیشی پێوە دیارەلای سەرووی قەدەکەی ئەڵقەیەکی سپیی داوێنداری هەیە.




سەرچاوە

ئەمانیتاسیی

باخچەی رووەکزانیی نیویۆرک

No comments:

Post a Comment