21.9.22

زڕەبوومەستێرە، زڕەبوومەسارە

 ناوی زانستییەکەی بریتییە لە ئەسترایوس هایگرۆمێتروکوس.  جۆرە قارچکێکە لە خێزانی دیپڵۆسیستاسیی. کاتێک کە ساوایە لە پزلیک\پسڵە دەچێت بەڵام لەگەڵ چوونە سەری تەمەنی دا توێکڵی سەرەوەی لەتلەت دەبێت و لە شێوەی ئەستێرە بە زەوییەوە پان دەبێتەوە.  ئەم جۆرە کوارگە لەو جۆرە کەڕووانەیە کە پەیوەندیی هاوژینییان بە درەختەوە هەیە و پەیوەندییەکەی دەرەکییە نەک ناوەکی.  واتە لە نزیک هەندێک جۆر درەخت نەبێت، ناڕوێت؛ چونکە بەشێک لە خۆراکەکەی لە درەختەکەوە دابین دەکات.  بە زۆری لە خاکێک دەڕوێت کە زیخ و چەوی هەبێت.  هەر وەک پزلیک لە کاتی پێگەیشتنی دا دەتەقێت و تۆزێکی قاوەیی لە نێواخنەکەیەوە دێتە دەرەوە کە بریتییە لە هاگەکانی.


ئەم جۆرە کوارگە لە ئەمریکا دەڵێن بۆ خواردن ناشێت، بەڵام لە هیندوستان و نیپاڵ و باشووری بەنگلادێش دەخورێت و لە بازاڕەکان دەفرۆشرێتشایانی باسە کە کارگی بوومەستێرەیش هەیە کە جیاوازە لە زڕەبوومەستێرەبە دڵنیاییەوە زڕەبوومەستێرە لە کوردستان هەیە، هەرچەند تا ئێستا هیچ ڤیدیۆ و وێنەیەکی لێ بڵاونەکراوەتەوە.




10.9.22

گۆشتی کەڕوویی

وەک هەمووان دەزانن گۆشت یەکێکە لەو خۆراکانە کە زۆربەی مرۆڤەکان ئارەزووی خواردنی دەکەن و سوودێکی زۆریش بە لەش و لار دەگەیەنێت.  هاوکات کەسانێکی زۆر هەن کە بە یەکجاری گۆشتیان لە نێو لیزگەی خۆراکی رۆژانەی خۆیاندا سڕیوەتەوە؛ جا بە هەر هۆکار و بیانوویەک بێ لە خواردنی خۆ دەپارێزن.  بۆ پڕکردنەوەی شوێنی بەتاڵی گۆشت زۆر کۆشش کراوە و زۆر جۆر خۆراک دەسنیشان کراوە. بۆ وێنە گۆشتی سۆی و کوارگ و دۆمبەڵانەکان بە هەموو جۆرەکانیانەوە.  

ئەوەی لەم ڤیدیۆیەدا جێگەی سەرنجە بریتییە لە گۆشتێکی کەڕوویی کە دەچێنرێت و دوای سێ هەفتە پێدەگات و دەکرێت وەک هەر گۆشتێکی تر بۆ خواردن بەکاربهێنرێت.  دیارە ئەم گۆشتە پێویستیی بە ئاشپێژ و چێشت لێنەرێکی باش هەیە تا بە بەکارهێنانی ئاڵەت و ماددەکانی تری وەک شەکر و خوێ و بیبەر، چێژە ترشەکەی کەم بکاتەوە؛ ئەگینا ساختار و پاتۆری ئەم گۆشتە کاتێک کە دەیجاویت هەست دەکەیت زۆر لە گۆشتی ئاژەڵ دەچێت.



5.9.22

پیکنۆپۆروس کۆکسینیوس



ئەم چەشنە قارچکە ناسراوە بە کەوانەی نارنجی و کوارگێکی مشەخۆرە؛ لە خێزانی فرەسووەکانە.  زۆر نزیکە لە جسنی ترامێتیس ؛بەڵام گەورەترین جیاوازییەکەی بریتییە لە رەنگی. ئەم چەشنە رەنگی نارنجییە و رەنگی ژێرەوەی تۆخترە و وەک لە ڤیدیۆکەدا دیارە فرەسووە واتە داپۆشراوە بە کونۆچکەی وورد وورد.  تا تەمەنی زیاتر دەبێ رەنگی کاڵتر دەبێتەوە و سەرەنجام نزیک دەبێتەوە لە رەنگی سپی.  یەکەم جار ساڵی ١٨٥١ لەلایەن ئێلیاس ماگنوس فرایسەوە وەسفی کراوە.  

شێوەی کەوانەیی یا باوەشێنییە؛ و قەدی نییە.  کواگێکی جیڕە و بۆ خواردن ناشێ.  پیکنۆپۆروس کۆکسینیوس لەسەر درەختی زیندوو و مردوو و پارچە چێوەیش دەڕوێت. لە کەشوهەوای شێدار و تەنانەت ووشکیش دا دەڕوێت. تواناییەکی زۆری هەیە لە داڕزاندنی درەخت دا.  بۆی هەیە بە تەنیا و ڕوێت و زۆر جاریش بە کۆمەڵ دەڕوێن.  سەرەتا قەبارەی بچووکە و پاشان لەگەڵ چوونە سەری تەمەنی دا گەورەتر دەبێت.  رەنگی هاگەکانی سپییە و وەک هەموو سوودارەکان، هاگەکانی لە سووەکاندا هەڵدەگرێت.

هیچ توێژینەوەیەیکی پزیشکی سەبارەت بە لایەنی دەرمانییەکەی ئەنجام نەدراوە؛ بەڵام ئەبۆریجناڵەکانی ئوسترالیا واتە مەردمە خۆجێییە رەسەنەکەی ئەوێ بۆ چارەسەری دەوکولی واتە برین و زیپکەی ناودەم و هەروەها لێو دەیجاون.  هەروەها دەیدەن بە ئەو منداڵە ساوایانە کە تازە ددانیان دەردێت تا بیگەزن.