30.1.20

هەنگاوەکانی روواندنی کارگی مێڵەگورگانە لەسەر کرمی ئاوریشم

مێڵەگورگانەی خۆڕسک

وەک پێشتر لە چەند بابەتێکدا باسمان کردووە، قارچکی مێڵەگورگانە یا کۆردیسێپس یەکێک لەو جۆرە کوارگانەیە کە لەسەر لاشەی زیندووی زیندەوەر دەڕوێت و گەشەدەکات و سەرەنجام زیندەوەرەکە دەکوژێت.  ئەم جۆرە قاچکە بە هۆی ئەو خەسڵەتە  باشە دەرمانییانەوە کە هەیەتی، نرخی زۆر گرانە و بۆ مەبەستی بازرگانی دەڕوێندرێت.

لەم وێنانەی خوارەوەدا تێزاندنی هاگی کارگی مێڵەگورگانە لە لاشەی کرمی ئاوریشم؛ و دوواتر رووان و گەشەکردنی  کوارگەکە و تا دەگاتە دووا هەنگاوی چنینەوەی بەرهەمەکە نیشان دراوە و هەنگاو بە هەنگاو سەرنجی لەسەر دراوە.  ئەمە تەنیا نموونەیەکە مەرج نییە تەنیا کرمی ئاوریشم بۆ مەبەستی روواندن بەکاربهێنرێت؛ مرۆڤ دەتوانێ زۆر جۆرە کرمی تر بەکاربهێنێت؛ ئەوە پەیوەندیی بەمەوە هەیە کە تۆ لە وڵاتەکەی خۆت چ جۆرە کرمێک زۆرە و بە ئاسانی دەستت دەکەوێت.  
شایانی باسە کە ئەم جۆرە قارچکە لەم ساڵانەی دوواییدا بەشێوەی بازرگانی لە دەفرگەلی شووشەیی بچووکدا و لەسەر ناوەندی خۆراکیی وەک برنج دەڕوێندرێت و زۆر سەرکەوتوو بووە؛ هەرچەندە لەلایەن بەکارهێنەرانەوە ئەو بایەخەی پێنەدراوە کە بە کارگی مێڵەگورگانەی سروشتی دەدرێت.


کۆمەڵێک کرمی ئاوریشمی هەراش

کرمی ئاوریشم لە کاتی تێزاندنی هاگی کارگی مێڵەگورگانە دا

دوو کرمی ئاوریشمی هەراش کە هاگی کارگی مێڵەگورگانەیان تێزاندراوە

کۆمەڵێک کرمی ئاوریشمی هەراش کە ریسووی کارگی مێڵەگورگانە لە ناویاندا گەشەی کردووە و بووەتە کوارگ

کوارگی مێڵەگورگانە لەسەر لاشەی کرمە ئاوریشمەکان زیاتر گەورە بووە

لەم قۆناخەدا کارگی مێڵەگورگانە زۆری نەماوە پێبگات

لێرەدا کوارگەکە بە تەواوی پێگەیشتووە و کاتی چنینەوەی بەرهەمەکەیە

چەند چڵە کوارگێکی مێڵەگورگانە کە پێگەیشتوون و چنراون

دەفرێک کە کوارگی مێڵەگورگانەی تێدا روواندراوە و پێگەیشتووە



سەرچاوە:


کۆنترۆڵکردنی مەچیرک بە هۆی جۆرێک کەڕووی مەچیرکخۆر



مەچیرک (نیماتۆد)ەکان ژمارەیان یەکجار زۆرە؛ هەزاران جۆری جیاوازن.  سروشت کە ئەوانی کردووە بە مڵۆزم بۆ دار و درەخت 
رووەک، شتی تریشی کردووە بە مڵۆزم بۆ لەناوبردنی مەچیرک؛ بەڵام هێشتا زانست پەی بە هەموو زانیارییەکان نەبردووە.
تا ئێستا ژمارەیەک کوارگ و کەڕوو دۆزراونەتەوە کە توانای لەناوبردنی مەچیرکیان هەیە.  هەندێک لەو کەرووانە کە توانای ئەم کارەیان هەیە لە جۆری مەچیرکخۆر (نیماتۆفویگوس)ن. ئەمانە  بریتین لە کەڕووگەلی گۆشتخۆر کە پسپۆرن لە لەداوخستن و خواردنی مەچیرکەکان.  دەوروبەری ١٦ چەشنن.  هەندێکیان هەر لەسەرەتای ژیانیانەوە لە هەناوی مەچیرکەکاندا دەژیێن و هەندێکیان مەچیرکەکان دەگرن.  هەندێکیان داوەکەیان چەسپییە و هەندێکیان ئاڵقەییە.  هەندێک چێشن هەردووک جۆر داو بۆ گرتنی مەچیرکەکان بەکاردەهێنن.  بڕێک لە کەڕووەکان وەک کۆپرینوس کۆماتوس، سترۆفاریا روگۆسۆنولاتا و خێزانی پلورۆتاسیای بەهۆی ژەهرەوە مەچیرکەکان گێژ و کاس دەکەن.  بۆ وێنە ئەم قارچکەی کە لە. وێنەکەدا دەیبینن ناسراوە بە کۆپرینووس کۆماتووس و قارچکێکە کە لە زۆر شوێن دەڕوێت و پێش رەشبوونیش دەتوانیت بیخۆیت. ئەم قارچکە توانای کوشتنی دوو جۆر نیماتۆدی هەیە کە ئەمانەن: پاناگریلووس رێدیڤایڤوز و مێلۆیدۆجین ئاریناریا
پاناگریلووس رێدیڤایڤوس جۆرێکە کە لە شێوەی ماددەیەکی شل لە قەدی درەختەکان دەردەچێت. هەروەها مێلۆیدۆجین ئاریناریا لە رەگ و ریشەی درەخت و رووەکەکان دروست دەبێت لە شێوەی فستقی بچووک بچووک





سەرچاوە




22.1.20

لە ویلایەتێکی چین سندووقێک کارگی مێڵەگورگانە لە ژێر پەرەستگایەکدا دۆزرایەوە


کۆنینەناسان لە ویلایەتی جیانگسوو لە وڵاتی چین سندووقێکیان لە ژێر پەرەستگایەکدا دۆزییەوە کە پڕە لە کوارگ و بە شێوەیەکی زۆر باش هەڵگیراوە و پارێزراوە.  ئەوان دەڵێن جۆری قارچکەکە بریتییە لە قارچکی مارزیوە کە لە جسنی مێڵەگورگانەی یا کۆردیسێپسە.  بەگوێرەی وتەی کۆنینەناسان ئەم قارچکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆر (لیوو خوا) کە باوکی  نەخۆش بوو؛ و دوچاری ئازار بوو لە جەرگ و گورچیلە و سییەکانیدا.  پێدەچێت ئەم جۆرە کوارگە وەک دەرمان بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی باوکی ئیمپراتۆر لیوو خوا بەکارهێنرابێت.  ئەگەر جۆری ئەم کارگە و کۆنییەکەی پشتڕاست بکرێتەوە، ئەوا دەسەلمێندرێت کە چینییەکان لە ٢٠٠٠ ساڵ لەمەوبەرەوە کارگی مارزیوەیان بۆ مەبەستی دەرمانی بەکارهێناوە. 

21.1.20

دیمانەی پرۆفیسۆر ئازاد خانەقا لە ئێن ئار تی سەبارەت بە دۆمەڵان


نوێترین دیمانەی پرۆفیسۆر ئازاد خانەقا پسپۆر لە مایکرۆبایۆلۆژی سەبارەت بە دۆمەڵان 
١٩\١\٢٠٢٠



18.1.20

روواندنی کەڕوو لەسەر هەسارەکانی مانگ و مەریخ


ریسووی کەڕوو
وێژەی زانستی وێنایی لەم سەردەمەدا کاتێ کە وەسف لە گەیشتنی مرۆڤ بە هاماج و هەسارەکانی وەک مانگ  و مارس\مەریخ دەکات، ژیانی مرۆڤ لەسەر ئەو هەسارانە بە شێوازێکی ژوور ماکێنیزەکراو نیشان دەدات.  بە وتەیەکی تر، کاتێک نووسەرێک لە ئەندێشەی خۆیدا ژیانی مرۆڤ دەگوازێتەوە بۆ فراوانیی هاماج و سەر مانگ و هەسارەکانی تر، بەجۆرێک وەسفی ئەم ژیانە دەکات کە ئیتر ئەوە چڵەپۆپەی گەشەی تەکنۆلۆژی و پیشەسازییە و هەموو رێگا وبان و ژینگەی ئەو هەسارانە بە کەرەستەی کانزایی و پیشەسازیی تازەی دەستی مرۆڤ دەڕازێنێتەوە.  هەر لە کۆشک و خانووبەرەی سەیر و سەمەرەی کانزایی بریقەدارەوە بگرە تا دەگاتە ترومبێلی تیژڕۆی فڕۆک و رێگەی هەوایی و خۆراکی سەیر و سەمەرەی قوتووبەند و تاد.. بەڵام کاتێک مرۆڤ لەگەڵ راستییەکان لە سەر هەرد رووبەڕوو دەبێ، زۆر جار ئەم جۆرە وێژە زانستییانە دەبنە خەون و خەیاڵپڵاو و چیرۆکی شەوانی زستان.
کاتێک کە مرۆڤ بڕیار دەدات ژینگەی نوێ بۆ خۆی و ئایندەی خۆی لەسەر هەسارەکانی تر رۆبنێت، هیچ چارەی نییە جگە لە پەنابردن بۆ سروشت و سەوزایی.  پەنابردن بۆ ئەو زیندەوەرە سەرەتاییانەی کە بە تێگەیشتنی مرۆڤ، سەرەتای ژیانیان لەسەر ئەم زەوییە داهێنا و ئەم هەسارەیەیان کردە ماڵی زیندەوەر و گیانەوەرەکان.
کەستەکی کەڕوویین کە لە ماوەی دوو هەفتەدا روواوە،
قۆناغی دوای ئمە بریتییە دەبێ لە برژاندنی بۆ مەبەستی
بەکارهێنانی بۆ دروستکردنی پێداویستیەکانی دانیشتن.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی ناسا، تێکۆشانێک هەیە بۆ دانانی بناخەی ژیان لە هاماج دا.  یەکەم هەنگاوی ئەم تێکۆشانە بە ناردنی کەڕوو بۆ سەر مانگ و مەریخ دەسپێدەکات.  ڵن رۆتسچایەڵد پشکنەری بەڕێوەبەر لە پرۆژە بەراییەکەدا دەڵێت، کارەکان بە پشتی کیسەڵ دەڕۆنە پێش بەڵام بە بەهایەکی زۆری ووزەیی.  ژینگەیەکی نەریتی لەسەر مانگ و مارس دروستدەکرێ بە روواندنی تۆخمارەی کەڕوو لە ژێر خاکەکەیاندا.  زانایان بە ئاگادار بوون لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی کەڕوو، بەم قەناعەتە گەیشتوون کە کار لەسەر کەڕوو بکرێت و بنێردرێت بۆ سەر هەسارەکانی تر تا رێگە خۆش بکات بۆ دامەزراندنی سەرەتاکانی ژیان.  جارێ روون نییە ئەم هەنگاوە چەندە سەرکەوتوو دەبێ، بەڵام زۆر گرنگە کە گەورەترین هێز و تەکنۆلۆژیا و پیشەسازی و دەوڵەمەندترین وڵاتی دنیا لە دوای پتر لە نیو سەدە هاتوچۆ بە پێشکەوتووترین کەرەستەی میکانیکی و ووزەیی و دیجیتالی بۆ هاماج، لە روواندنی کەڕووەوە دەست بکات بە ئاوەدانکردنەوەی هەسارەکانی تر و دانانی بناخەکانی ژیان تیایاندا.
پرۆژەکەی ناسا ناوی لێنراوە (پرۆژەی کەڕووەبیناسازی) و فراوانە بەڵام هەنگاوەکانی زۆر بە ئارامی و هێوری جێبەجێدەکرێن.  پرۆژەکە وا پێشگریمانە کراوە کە کەستەکی سووکی کەڕوویین ئامادە بکرێن و رەوانەی هەسارەکان بکرێن؛ هەر کە لەوێ دابەزینە سەر خاک ئاو دەکرێ بە سەریاندا و لەوێ دەسدەکەن بە رووان و گەشەکردن و تەواوی ئەو رووبەرەی بۆیان دیاریکراوە دادەپۆشن و بەمجۆرە ژینگە ئامادە دەکەن تا ئەو کاتەی مرۆڤ دەگاتە ئەوێ.  ئەم پرۆژەیە لەلایەن پرۆگرامی چەمکە پێشکەوتووە نۆژەنەکانی سەر بە ناساوە پشتگیری دەکرێت و بەشێکە لەو بووارە کە ناسراوە بە ژیانزانیی راستەقینە.

 خشتی کەڕوویین کە لە ئاردەدار و پاشماوەکانی باخچە دروسکراوە و وەک
کەرەستەی بیناسازی بەکاردەهێنرێت؛ و لە پرۆژەکەی ناسادا سوودی لێ
وەردەگیرێت بۆ بیناسازی لەسەر مەریخ
















سەرچاوە:

16.1.20

روواندنی کارگی سەدەف لە نیوزیلەند


روواندنی کارگی سەدەف لە نیوزیلەند لە چوار ڤیدیۆ دا


ڤیدیۆی چوارەم


ڤیدیۆی سێیەم


ڤیدیۆی دووەم


ڤیدیۆی یەکەم








15.1.20

ئەو قارچکانەی لە شوێنی پیس دەڕوێن


جۆری پانایۆلوس سێمیۆڤاتووس ڤار. فالەیناروم
    لە پاشەرۆی گامێش دا روواوە

وەک لە هەندێک بابەتی پێشوودا بە کورتی ئاماژەی بۆ کراوە، مەرج نییە هەر قارچکێک لە شوێنی پیس بڕوێت، ژەهراوی بێت.  هەروەها مەرج نییە هەر قارچکێک لە شوێنی پاک و خاوێن بڕوێت، شایانی خواردن بێت.  مەرج نییە هەر کوارگێک شێوە و بیچمی جوان بێت، قارچکێکی خۆراکی بێت.  بە هەمان شێوە مەرج نییە قارچکێکی دزێو و نەتەچاو ژەهراوی بێت.
 ناسینی قارچک کەسی شارەزا و لێزان و خاوەن ئەزموونی دەوێت.  لە هەمان کاتدا دەبێ ئەم وتە بەناوبانگانەمان لە بیر بێت کە (هەموو کەڕووەکان دەخورێن، بەڵام هەندێکیان تەنیا جارێک دەخورێن).  هەروەها دەڵێن (کوارگەوانی نەترس زۆرن، بەڵام کوارگەوانی پیر و نەترس پەیدا نابێ).

ژمارە و جۆر و پۆل و خێزانی قارچکەکان و کەڕووەکان دەیان هەزارە و هێشتا بەشێکی زۆریان نەناسراون یا بەباشی نەناسراون.  زۆریش هەن هێشتا نەدۆزراونەتەوە.. چونکە ژینگەی سروشتیی کوارگەکان جۆراوجۆرە و بەگوێرەی ئاووهەوا و وەرزەکان و خاک و دەوروبەرەکەیان دەگۆڕێن.  لە سەر دەرختی زیندوو، درەختی وشک و مردوو، لەسەر خاکی لمین، خاکی رەش، خاکی سوور، خاکی گەچین، لەسەر پاشەرۆکی ئاژەڵ، لە سەر زبڵخانەکان، لەسەر پووش و پەڵاش و کاغەز، لە ئاخوڕ و هۆڵ و تەویلەکاندا، لە پاڵ دار و درەخت و گژ و گیا وەرزییەکان و تەنانەت لەسەر لاشەی زیندەوەر و باڵندە و مار دەڕوێن. بەتایبەتی پاشەڕۆی ئاژەڵەکان بۆ زۆر جۆر لە قارچکەکان گونجاوە و کەم کەس هەیە گەشتی دەشت و کێوانی کردبێت و چاوی نەکەوتبێت بە کوارگێک کە لەسەر پاشەرۆی ئاژەڵ روواوە.

سیلۆسایبن کیوبێنسس،  کارگی جادوویی    لە پاشەرۆی گا دا روواوە
لە راستیدا پاشەڕۆی ئاژەڵ ژینگەیەکی زۆر لەبارە بۆ رووان و گەشەکردنی زۆر لە قارچکەکان.  ئاژەڵەکە لە کاتی لەوەڕدا قارچکەکە یا هاگی قارچکەکە دەخوات و بەهۆی پتەویی دیواری خانەی هاگەکان، لە کۆئەندامی هەرسی  ئاژەڵەکەدا نامرن و لە رێگەی ریخۆڵەوە دێنە دەرەوە.  هەرکە لە دەرەوە کەشوهەوا گونجاو بوو، هاگەکە گەشەدەکات و دەبێتە ریسوو و سەرەنجام دەبێتە کارگ.

ئەو کوارگانەی لە نێو ریخ\سنێر\ شیاکە یا پاشەرۆی ئاژەڵدا دەڕوێن لە زمانی زانستی دا پێیان دەگوترێت  کۆپرۆفایلوس(coprophilous)؛ کە بە کوردی واتە شیاکەدۆست.  هەرچەند ژمارەی ئەو جۆرە قارچکانەی لە شوێنی پیس دەڕوێن زۆرە، و تا ئێستا چەندین پەرتووک تەرخان کراون بۆ باس و لێکۆڵینەوە لەسەر کوارگە شیاکەدۆستەکان، بەڵام لێرەدا تەنیا وێنە و ووردەکاریی چەند دانەیەک لەم جۆرە قارچکانە  بۆ نموونە و میناک دەخەینە بەرچاوی خوێنەر.

١- سیلۆسایبن کیوبێنسس لە پاشەرۆی مانگا\چێڵ دا دەڕوێت.  ئەم جۆرە کوارگە یەکێکە لە کوارگە ناسراوەکانی جادوویی و بە دەستیش دەڕوێنرێت بۆ مەبەستی فرۆشتن.


    پرۆتۆسترۆفاریا سێمیگڵۆباتا.  هەندێک سەرچاوە بە ژەهراوی و هەندێکیش بە
خۆراکی ناویان بردووە
٢- پرۆتۆسترۆفاریا سیمیگڵۆباتا لە پاشەڕۆی گا و لاما دا دەڕوێت.















مانیۆلوس سێمیۆڤاتوس ڤار. سێمۆڤاتووس. هەندێک سەرچاوە بە خۆراکی
ناویان بردووە بەڵام هەندێک دەڵێن شیاوی خواردن نییە
٣- مانیۆلوس سیمیۆڤاتووس ڤار. سێمۆڤاووس لە پاشەرۆی ئەسپ دا دەڕوێت













٤- ئەگاریکوس ئارڤێنسیس  زۆر نزیکە لەو جۆرە قارچکە سپییەی لە نێو چیمەن و مێرگ و گیاجاڕەکاندا دەڕوێت و لە راستیدا یەک خێزانن.  جیاوازیی ئەمە لەوەدایە کە لە دەوروبەری ئەو شوێنانە دەڕوێت کە پاشەرۆی ئەسپی لێیە بەتایبەتی دەوروبەری ئێختەرمەخانەکان (تەویلەی ئەسپ) لە وەرزی بەهار و پاییزدا ئەم جۆرە کوارگەی لێ دەڕوێت.  هەربۆیە لە زمانی ئینگلیسی دا پێیدەڵێن (Horse mushroom) واتە کوارگی ئەسپ.  شایانی باسە رێژەیەکی زۆر کەم ژەهری تێدایە کە هەندێک کەس لە دووای خواردنی ئەم جۆرە کوارگە دەڕشێتەوە، بەڵام مەترسی لە سەر ژیانی کەسەکە نییە.
ئەگاریکوس ئارڤێنسیس.  کوارگێکی خۆراکییە و لە
دەوروبەری ئەو شوێنانە دەڕوێت کە پاشەرۆی
ئەسپی لێیە























٥- کوارگی کۆپرینۆپسس سینێریا.  ئەمەیش قارچکێکی خۆراکییە لەسەر پاشەرۆی مانگا دەڕوێت

کۆپرینۆپسییس سینێریا.  لەسەر پاشەرۆی مانگا دەڕوێت و خۆراکییە















٦- دیکۆنیکا کۆپرۆفیلا.     ئەمەیش نەک ژەهراوی نییە بەڵکوو یەکێکە لەو جۆرە قارچکانەی کە ناسراون بە جادوویی کە لە پاشەرۆی ئاژەڵدا دەڕوێت.
دیکۆنیکا کۆپرۆفیلا   کارگی جادووییە و لە پاشەرۆی
ئاژەڵ دا دەڕوێت























پەرتووکی (کوارگەکانی ریخ) لەلایەن ئان بێڵ
کە ساڵی ١٩٨٣ لە نیوزیلەند چاپ و بڵاو کراوەتەوە















سەرچاوە:

14.1.20

باخچەی رێگەی ئازادی



چەمکی (Urban farming) کە مانای کشتوکاڵی شاری دەدات، ئێستا لە وڵاتە پێشکەوتووەکان بووەتە باو و گرنگیی زۆری پێدەدرێت.  زۆر کەس لە شارە گەورەکان لە پارچە خاکەدا کە وە ک حەوشە لە دەوروبەری خانووەکەیان هەیان، کەڵکوەردەگرن و خۆراکی ئۆرگانیکی خۆیانی تێدا دەڕوێنن.  ئەمە هەم قازانجێکی ئابووریی هەیە، هەم خۆراکێکی تەندروستە بۆ خۆیان و خانەوادەیان؛ هەم جوانییەکیش بە دیمەنی ماڵ و گەڕەک دەبەخشێت و رێژەی ئۆکسجینیش لە هەوادا زیاد دەکات.

لەم ڤیدیۆیەدا خاوەنی ئەم باخچەیە چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە کە چۆن دەستی داوەتە ئەم کارە.  کوڕەکەی و دوو کچەکانیشی هەرکامەیان بەشێک لە کار و ئەرکەکانیان باس دەکەن و پەسنی باخچەکەیان ژیانیان لەم بەهەشتە بچووکەی ناو شاردا دەکەن.  ئەوان ناویان لە باخچەکەیان ناوە (رێگەی ئازادی) چونکە  لەسەر ئەم بروایە کە بەم کارەیان خۆیان لە کۆت و بەندی قانوونە ناڕەواکانی دەوڵەت ئازاد کردووە.
ئەو کاتێک کە چەند گەنمەشامییەک بۆ منداڵەکانی دەکرێت و بۆی دەردەکەوێت کە هەموویان بە بە دەسکاریی جینێتیک بەرهەمهێنراون، بڕیار دەدات چیدیکە ئەم خۆراکە خراپە نەداتە منداڵەکانی و لەو رۆژەوە دەستی بەم کارە کرد؛ و ئێستا لەگەڵ منداڵەکانیدا زۆر سەرکەوتووانە توانیویانە حەوشەکەیان کە رووبەری  کەمترە لە دۆنمێک بکەنە سەرچاوەیەکی باشی بەرهەمهێنانی چەندین جۆر بەرهەمی رووەکیی ئۆرگانیک.  زۆر لە کڕیارەکانی، خۆیان دێنە لای و هەرچی پێویستیان بێت، دەیکڕن و هەندێکیشیان رایاندەسپێرن پێداویستیەکانیان بۆ بگەیەنن. ئەوان لە بەکارهێنانی ئاویشدا زێدەڕۆیی ناکەن و بۆ ئاودانی بەشێکی زۆر لە رووەکانیان رێبازی ئاودانی نەریتی بە گۆزە بەکاردەهێنن. ئەوان تەنانەت خۆیان گازئۆیڵ خۆیان بۆ ترومبێلەکەیان بەرهەمدەهێنن و کارەبای ماڵەکەیشیان لە تیشکی خۆر دابین دەکەن.

لە راستیدا ئەم ڤیدیۆیە هەموو پەند و وانەیە بۆ کەسێک کە نییەت و نیازی فێربوونی هەبێ. ئەم بنەماڵەیە رووەکخۆرن و هەموو خۆراکی خۆیان لەم باخچەیە دابین دەکەن. هەروەها سەرەڕای ئەوە کە شوێنەکەیان هێندە گەورە نییە بتوانن پەلەوەری تێدا بەخێو بکەن بەڵام بەم حاڵەیش چەند مریشک و مراوییەکیان هەیە لەگەڵ دوو بزن و لەگەڵ شوێنەکە گونجاندوویانن. هێلکەی مریشک و مراوییەکان و شیری بزنەکانیش وەک بەشێکی تر لە خۆراکی رۆژانەیان بەکاردەهێنن.  هەروەها ئەوان چێشتخانەیەکی فەرمییان لە ماڵەکەیاندا هەیە و لەوێدا وەک بەسێک لە بزنسەکەیان زۆر لە بەرهەمەکانیان دەکەنە مرەببا و دۆشاو و یا وشکی دەکەنەوە و دوواتر دەینێرنە بازاڕ. 

کابرا دەڵێ: مرۆڤ نابێ چاوی لە دەستی حکومەت بێ تا ژیانی بگۆڕێت؛ بەڵکوو دەبێ مەترسی قەبووڵ بکەیت و خۆت ژیانی خۆت بگۆڕیت. ئەو دەڵێ: سەرەتا لام وانەبوو کە بەم رۆژە بگەم، بەڵام نەترسام و بەردەام بووم تا ژیانی خۆمم گۆڕی.

رەژکەکەڕوو یا مایکۆرایزا چییە؟

لای راست: پارچەیەک خاک وجیمەن بێ رەگەکەڕوو.
لای چەپ: پارچەیەک لە خاک و چیمەن لەگەڵ رەگەکەڕوو

ئایا هەرگیز لە نێو باخچەدا کارت کردووە یا نەمامت ناشتووە؟ ئەگەر وایە، رەنگە هەست بکەی بە قورسیی کاری چاندن و روواندن و پەروەردەکردنی رووەک؛ چونکە ئاودان و بژارکردن و چاودێریی پێویستی دەوێت و دەبێ کات و توانای بۆ تەرخان بکرێت. لە کۆتاییدا بەرهەمەکە ت چ گوڵ بێ، چ سەوزی بێ یا میوە بێ دەیچنیتەوە و وەک خۆراکێکی بەسوود و پاک کەڵکی لێوەردەگریت. 
 بەڵام هەرگیز زانیوتە کە زۆر لە رووەکەکانیش باخچەیان هەیە؟ لێ نەک وەک ئێمە؛ بەڵکوو باخچەی رووەکەکان لە ژێر خاکدایە؛ و تۆ هەرگیز باخچەی ئەوان نابینیت ؛ مەگەر ساڵێ جارێک و بۆ ماوەیەکی کورت.  باخچەی رووەکەکان پێیاندەگوترێت رەژکەکەڕو (مایکۆرایزا)، و بەشێوەی کۆژی یا هاوژینی لەگەڵ رووەکەکە پێکەوە دەژین.
رەژکەکەڕوو بریتییە لە کەڕووی زۆر وورد و باریک کە زیاتر بە وودبین دەبینرێن و پێکهاتوون لە کۆمەڵێک دەزوولە کە لە زمان زانستدا پێیدەڵێن (هایفی). دەزوولەکان تێکئاڵاون و شێوە تۆڕێکیان پێکهێناوە کە پێیدەگوترێت ریسوو؛ کە درێژاییەکەی سەدان و هەزاران مایل دەبێت، کە لە رووبەرێکی زۆر بچووکدا جێی دەبێتەوە.
لە بەرامبەردا ریسووەکانی تاکە یەک راژکەکەڕوو، بۆی هەیە رەگاژۆ ببێت و چەندین رووەک بەیەکەوە پەیوەند بکات (تەنانەت رووەکگەلێک لە جۆر و گۆنی جیاواز)، و تەنانەت دەتوانێ پەیوەست بێت بە رەژکەکەڕووی ترەوە بۆ دروستکردنی تۆڕێکی تێکئاڵاو و تێکهەڵشێلدراو لە ژێر خاکدا.

لە راستیدا رەژکەکەڕوو لەو کاتەوە کە رووەک لە خاکی وشک روواو، واتە ٤٥٠ میلیۆن ساڵ لەمەوبەر، دەستی کرد بە رووان؛ و پەیوەندییەکی توندوتۆڵ و هاوژینیان لەگەڵ رەگ و ریشەی رووەکەکان دامەزراند.  ووشەی مایکۆرایزا لە وشەکانی (موکێس) بە واتا کەڕوو، و (ریزا) بە واتا ریشە وەرگیراوە.  رەژکەکەڕوو خۆراک و ئاو بۆ رووەکەکانی هاوژینیان پەیدا دەکەن و خۆراکی خۆیشیان لە رەگ و ریشەی رووەکەکان وەردەگرن؛ واتە بەردەوام لە دانوستاندان؛ وەردەگرن و دەبەخشن.

رەگەکەڕوو یا مایکۆرایزا چەند جۆرێکی هەیە کە ئەمانەن:


یەکەم: ئیندۆ مایکۆرایزا یا رەگەکەڕووی ناوەکی
پەیوەندیی هاوژینی لەگەڵ نزیکەی %٨٥ی رووەکەکان دروستدەکات
لەگەڵ زۆربەی ئەو رووەکانی بە شێوەی بازرگانی بەرهەمدەهێنرێن خۆی رێکدەخات.
توێکلی ریشەی رووەک کوندەکات و لە خانەی ریشەدا  ساختاری گۆڕینەوەی خۆراک دادەمەزرێنێت.

دووەم: ئیکتۆمایکۆرایزا یا رەگەکەڕووی دەرەکی
پەیوەندیی هاوژینی لەگەڵ نزیکەی %١٠ی رووەکەکان دروستدەکات
لەگەڵ درەختە گەڵادەرزیلەییەکان و سەختەداری ئەمریکایی خۆی رێکدەخات.
بەرگی دیواری ریشەکان کون ناکات بەڵکوو پەردەیەک بە دەوری دیواری ریشەکانەوە ساختارت گۆڕینەوەی خۆراکیش دروستدەکات.

سێیەم: خێزانی براسیکا. کە رەژکەکەڕوو نییە.

ئێریکاسیا و ئۆرکیدەکان کە چەند جۆرێکی رەژکەکەڕووی تایبەتیان هەیە و بازرگانیان پێوە ناکرێت.

چەند نموونەیەک لە ئیندۆ مایکۆرایزاکان:

  • Glomus intraradices (AKA Rhizophagus irregularis)
  • Glomus mosseae
  • Glomus aggregatum
  • Glomus etunicatum
  • Glomus deserticola
  • Glomus clarum
  • Glomus monosporum
  • Paraglomus brasilianum
  • Gigaspora margarita













چەند نموونەیەک لە ئیکتۆمایکۆرایزاکان:





  • Rhizopogon villosulus
  • Rhizopogon luteolus
  • Rhizopogon amylopogon
  • Rhizopogon fulvigleba
  • Pisolithus tinctorius
  • Suillus granulatus
  • Laccaria bicolor
  • Laccaria laccata
  • Scleroderma cepa


  • Scleroderma citrinum




  • سەرچاوە:


    دیمانەیەکی تەلەڤیزیۆنی گەلی کوردستان لەگەڵ پرۆفیسۆر ئازاد خانەقا


    دیمانەیەکی تەلەڤیزیۆنی گەلی کوردستان لەگەڵ پرۆفیسۆر ئازاد خانەقا، پسپۆری مایکرۆبایۆلۆژی کە سەبارەت بە رەگەکەڕوو(مایکۆڕایزا) دەدوێت. 

    12.1.20

    شێوازی بەکارهێنانی پاشەڕۆی پەلەوەرلە کشتوکاڵدا



    بەکارهێنانی پاشەڕۆی پەلەوەر وەک سەماد و کوود بۆ بەهێزکردنی خاک، و وەک خۆراکێکی دەوڵەمەند بۆ رووەک، بە بەراورد لەگەڵ ماددە کیمیاییەکان زۆر تەندروستتر و کەم تێچووترە.  پاشەڕۆی پەلەوەر ماددەیەکی ئۆرگانیکە و هیچ زیانێکی لاوەکی بۆ رووەک و مرۆڤ بە دوواوە نابێت.  لەلایەکەوە بە بەکارهێنانی پاشەڕۆیەکە، ژینگە لە پیسی و ئالوودەیی رزگار دەکەیت؛ و لە لایەکی تریشەوە خۆراکێکی سەداسەد ئۆرگانیک و تەندروست دەخەیتە بازاڕەوە.  لەمانەیش گرنگتر، تێچووەکەت ئەوەندە زۆر نابێت کە نەتوانیت رکابەری بەرهەمی هەندەران بکەیت؛ یا نەتوانیت پارەی گواستنەوەی بۆ بازاڕ دابین بکەیت.
    پاشەڕۆی پەلەوەر دەکرێ راستەوخۆ دووای ووردکردن لە دەوروبەری درەخت بڵاو بکرێتەوە.  هەروەها دەکرێ پێش چاندنی رووەکەکان بە زەویدا بڵاو بکرێتەوە و و لەگەڵ خاکەکە تێکەڵ بکرێت و ئاو بدرێت.  دووای دوو هەفتە دەتوانیت نەمام یا تۆوەەکە لەو شوێنە بچێنیت. رێگایەکی تر بریتییە لە گۆڕینی پاشەڕۆی پەلەوەر بۆ کۆمپۆست کە ئەمە لە دەرفەتێکی تردا باس دەکرێت.  شایانی باسە کە دوو خاڵی جێگەی نیگەرانی لە بەکارهێنانی راستەوخۆی بەکارهێنانی پاشەڕۆی مریشکداهەیە کە بریتین لە کوشتنی رووەکەکە، ئەگەر بڕێکی زۆری لە بەکاربهێنرێت، چونکە زۆر بەهێزە.  دووەم دروستبوونی کەڕوو لە رووەکەکاندا؛ کە ئەویش هەمیشە روونادات.


    چای ریقنە

    شێوازێکی دیکەی بەکارهێنانی پاشەڕۆی پەلەوەر بریتییە لە دروستکردنی چا.  دیارە بەهێزترین پاشەڕۆ ئەوەیانە کە  تازەیە، نەک کۆن. پاشەڕۆیەکە دەکرێتە ناو بەرمیلێک و پڕ دەکرێت لە ئاو.  ووردتر بڵێین دوو بەشی بەرمیلەکە ئاو بێت و بەشێکی پاشەڕۆ بێت.  لێیگەڕێ بۆ ماوەی دوو رۆژ، ئەوپەڕەکەی سێ رۆژ.  بەڵام رۆژانە دوو جار تێکەڵاو بکرێت.  دوای سێ رۆژ بە هێواشی ئە وبەشە لە ئاوەکە کە روونە و کەوتووەتە سەرەوە هەڵبگۆزە و لە دەوروبەری دار و درەخت و رووەک بیڕشێنە.  تەنانەت دەکرێت لە گەڵاکانیش بڕشێندرێت، زۆر ئاساییە.

    هەروەها دە کرێت بە ڕێگایەکی تر ئەم کارە ئەنجام بدرێت.  ئەویش ئەمەیە کە پاشەرۆیەکە دەکرێتە نێو کیسەیەکی پەڕۆی خام یا جاو.  دەمەکەی گرێ دەدرێت و دەخرێتە نێو بەرمیلێک ئاوەوە تا ماوەی سێ رۆژ ؛بەڵام هەموو رۆژێک دوو جار تێکەڵاو دەکرێت.  لە سێیەم رۆژدا کیسەکە  دەهێنرێتە دەرەوە و باش دەچۆڕێندرێتەوە.   ئاوەکە کە روون و پاک و بێ پاشەڕۆیە، بەکاردەهێنرێت بۆ رشاندنی دار و درەخت و سەوزی و تەماتە و خەیار و تاد...

    رێگە دێرینەکانی بازرگانی و کڕین و فرۆش

    رێگە دێرینەکانی بازرگانی

    لە دێرین زەمانەوە مرۆڤەکان بێ لەبەرچاوگرتنی زمان، دابو نەریت و نەژاد هەوڵیانداوە پێداویستییەکانی رۆژانەی خۆیان لە ڕەگای گۆڕینەوە  یا کڕی نو فرۆشتنەوە دابین بکەنبۆ ئەم مەبەستەیش بە هۆی کاروانی وشتر و ئەسپ و ئێستر یا لە بە سواری کەشتی و  لە ڕێگەی دەریاوە رێگای دوور و درێژیان بڕیوە و سنوورە فەرهەنگی و خێڵەکی و ئیمپراتۆرییەکانیان تێپەڕاندووە و  کاڵای خۆیان لە رۆژهەڵاتەوە گەیاندووەتا بەشەکانی تری نێوەڕاست و رۆژاوای جیهان و کاڵای ئەوانیان بردووەتەوە بۆ خۆیان و یا بە پێچەوانەوە.   ئەو گەشت و سەفەرە درێژ ماوانە تەنیا بە گۆڕینەوەی کەل و پەل و هەندێ سوودی  دارایی سنووردار نەبوون بەڵکوو بوونەتە هۆی تێکەڵاویی جڤاک، زمانی، فەرهەنگی، وێژەیی و زانستی و تاد…  رێگەی هاوچۆی کاروانەکان هەمیشە ئاوەدان بووە و کاروانسەرا و میوانخانە و  بازاڕچەی  زۆر لە کەنار رێگە بازرگانییەکان دروست بوون.   نەک تەنیا رێگە وشاکنەیاکن بەڵکوو رێگە دەریاییەکانیش دیاریکراو بوون و کەسانی شارەزا نەخشەی رێگاکانیان کێشاوە و وەک پێشەنگ وکەوتوونەت پێش کەشتیە بازرگانییەکان و گەیاندوویاننەتە شوێن مەبەست.   دیارە وڵاتی ئێمە بە هۆی داخراوییەوە زۆر پەیوەندیی بە رێگە دەریاییەکانەوە نەبووە بەڵام رێگە وشکانییەکانی تر کە کەوتونەتە هەرێمەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین، هەرکامە بەجۆرێک بە کوردستانەوە بەستراونەتەوە.  جێی خۆیەتی لێرەدا بە کورتی ئاماژەیەک بە ئەو رێگە بازرگانییانە بکەین کە لەو سەردەمە دێرینانەدا وەک تۆڕی پەیوەندیی نێوان گەلان رۆڵیان هەبووە لە تێکەڵاویی نێوان مرۆڤەکاندا.
    رێگەی بخوور

    رێگەی بخوور

    ئەم رێگەیە لە  وەک کەناڵێکی پەیوەندیی لە نێوان هیندوستان و عەرەبستاندا بەکارهێنراوە و کاڵای لە رۆژهەڵاتی ئاسیاوە پێدا گوازراوەتەوەلە نێوان سەدەکانی سێیەمی پێش زایین تا سەدەی دووەمی زایینی رێگەی بخوور لە باشووری عەرەبستانەوە بۆ حەوزی مێدیتەرانە لەگەشەکردندا بوو. ئەم بازرگانیە بۆ یەمەنیەکان زۆر گرنگ بوو چونکە ئەو ماددە بۆنخۆشانەی وەک بخوور و هەندێک کەتیرە و جەویی بۆندار و ئەمانەیان لە ئاسیا و ئەفریقاوە دەگواستەوە بۆ بەندەری غەززە لە ناوچەی مەدیتەرانە کە کڕیاری باشیان هەبوو.   ئەم ماددانە دەکرانە بۆن و گوڵاو و بەتایبەتی لای خانەدان و کاربەدەستان نرخ و بایەخیان زۆر بووئەم ڕێگەیە لەلایەن گەلی نەبەتییەوە کۆنترۆڵ دەکرانەبەتیەکان خەڵکێکی رەسەنی هەرێمەکە بوون کە لە چوار گەورە شاری هەرێمەکە کاریان دەکرد. شارەکان بریتی بوون لە هالووزا، مامشیت، ئاڤدات و شیڤتاهەروەها ژمارەیەکی زۆر قەڵا بە درێژایی رێگەکە دروستکرابوون بۆ پارێزگاری لە رێگەکە و رووبەڕووبوونەوەی جەردە و رێگرانبەگوێرەی یادداشتی گەڕیدەیەکی رۆمانی، دووریی رێگەکە ٦٢ رۆژە رێ بووە و ٦٥ وێستگە بووە.   ئەم رێگەیە لە خەیبەرەوە رێگەیەکی لێ جیابووەتەوە بۆ دەریای هورمز (کەنداوی فارس) و لەوێوە بۆ شاری ئوور و بابل و لەوێشەوە بۆ مووسڵی ئێستا و لە هەرکام لەم دوو شارە لەگەڵ رێگەی ئاوریشم تێکەڵ بووەتەوەهەروەها رێگەیەک لە غەززەوە  جیا بووەتەوە بۆ شام و لەوێ لەگەڵ رێگەی ئاوریشم یەکتریان گرتووەتەوە و لەم رێگەیەوە  گەیشتووونەتە پاڵمیرا (تەدمور) و مووسڵ.  شایانی باسە کە پاڵمیرا دەکەوێتە باشووری شاری رەققای ئێستا کە لەژێر دەسەڵاتی کورددایە.  
    سیستمی رێگەی ئینکا

    رێگەی بازرگانیی پێش-کۆڵۆمبیا

    ئەم رێگەیە کە بە سیستمی رێگەی ئینکایش بەناوبانگە، لە ئەمریکای باشوور  دروستکراوە و لە سەردەمی خۆیدا رێگەیەکی زۆر پێشکەوتوو بووەدرێژییەکەی ٤٠٠٠٠ کیلۆمەتر بووە.   ڕێگەکە زۆر بە بایەخەوە بناخەی داڕێژراوە و لە هەندێک شوێن تەخت کراوە و ئاوەڕۆی پێویستی بۆ سازکراوەدەکرێ لەگەڵ تۆڕی رێگاکانی ئیمپراتۆریی رۆم بەراورد بکرێ؛ هەرچەندە ئەمان ١٠٠٠ ساڵ دوای  رێگەکانی رۆم دروستکراونلەم رێگایەوە زانیاری و کەلوپەل و سەرباز و خەڵکی ئاسایی هاتن و چوون و ئاڵوگۆڕیان پێکراوە.  ئەم رێگەیە دەکەوێتە وڵاتانی کۆڵۆمبیا، ئیکوادۆر، پێروو، بۆلیڤیا، چیلی و ئەرژەنتینی ئێستا

    رێگەی ئاوریشم

    رێگەی ئاوریشم بە کوردی زۆری لەسەر گوتراوە و نووسراوە بەڵام بەکورتی ئاماژەیەکی روون بە ئاراستەکەی دەکەین.   ڕێگەی ئاوریشم لە یەکەمین رێگەکانە کە رۆژهەڵات و رۆژاوای جیهانی پێکەوە بەستووەتەوەجیا لە خۆراک و کەلوپەلی گرنگی رۆژانە، بە هۆی ئەم رێگەیەوە تەکنۆلۆژیا،  بیرۆکە و بۆچوونەکان، دین و رێبازە هزرییەکان و زۆر شتی تر لە نێوان رۆژاوا و رۆژهەڵاتدا ئەم دەست و ئەو دەستیان دەکردبوودیزم لەم رێگەیەوە توانی بگاتە رۆژاوا.   هونەر وتێکەڵاویی فەرهەنگی لەم رێگەیەوە دروست بوورێگەی ئاوریشم ساڵی ١٣٠ پێش زایین، لە سەردەمی دەسەڵاتی هانەکانی چین دا بە فەرمی کرایەوە و تا ساڵی ١٤٥٣ ی زایینی خزمەتی بە مرۆڤایەتی کرددۆزەرەوەی ئەوروپایی مارکۆ پۆلۆ لەم رێگەیەوە گەیشتە چین و باسی وردەکارییەکانی ئەم رێگەیەی کردووە.  جۆگرافیزان و گەڕیدەی ئەڵمانی فەردیناند ڤۆن ریکخۆڤن ساڵی ١٨٧٧ ناوی لەم رێگەیە نا (رێگەی ئاوریشم).
    رێگەی ئاوریشم

     ئەو کاڵایانەی کە لەم ڕێگەیەوە لە رۆژاواوە گەیشتوونەتە رۆژهەڵات بریتی بوون لە:
    ئەسپ، وشتر، زین، کورتان، سەگ و ئاژەڵی تری ماڵی و گۆشتی، مێو، ترێ، هەنگوین، میوە، پێست و خوری و مووی ئاژەڵ، شووشەجات، فەرش و قاڵی و بەڕەی خوری، کووتاڵ، زێڕ و زیو،  بەندە و چەک وچۆڵ.

     ئەو کاڵایانەی لە رۆژهەڵاتەوە گەیشتوونەتە رۆژاوا ئەمانە بوون:
    ئاوریشم، چا، رەنگ، بەردی بەنرخ،  چینی و فەخفووری، پۆرسلێن،  ئاڵەتی وەک زەنجەفیل و دارچین و مێخەک،  خشڵی برۆنز و زێڕ،  بۆن و گوڵاو، ددانە فیل،  برنج، کاغەز و باڕووت.
    ئەم رێگەیە دەوروبەری ٦٤٣٧ کیلۆمەتر فراوان بووە؛ هەرچەندە تاکە یەک رێچکە نەبووە بەڵکوو تۆڕێکی پێکەوە بەستراوبووە و کۆمەڵێک رێگەی پێکەوە بەستووەتەوە.  بۆ  وێنە رێگەیەک لە ئۆزبەکستان و تورکەمەنستانەوە و رێگەیەکیش لە ئەفغانستانی ئێستاوە ، لە ڕێگەی وڵاتی فارسەوە گەیشتوونەتە کرماشان و  ورمێ و بتلیس  و ناوچەکانی دیکەی وەک مووسڵ و ئامەد و دەڤەرەکانی دیکەی کوردستان و شام و ئەوروپا وئەفریقا.  ئەم ڕێگەیە لە سەدەی هەژدە و لە کاتی دەسەڵاتداری عوسمانییەکاندا بە رووی ئەوروپادا داخرا.
    رێگەی مەزن

    رێگەی مەزن

    ئەم رێگەیە لە بانگلادێشی ئێستاوە دەستی پێکردووە و بە هیندوستان دا هاتووە تا گەیشتووەتە شاری پیشاوەر لە پاکستانی ئەمڕۆ؛ و لەوێوە گەیشتووەتە شاری کابولی پایتەختی ئەمڕۆی ئەفغانستان..  ئەم ڕێگەیە ٢٥٠٠ ساڵ بە بەردەوامی خزمەتی کردووە.  رێگەی مەزن یەکێک بووە لە ڕێگە گرنگەکانی جیهان و قەڵا و بنکەی پاراستن و بنکەی پۆست و بیر و چاڵاوی لەسەر بووەبەشێکی ئەم رێگەیە لە خاکی پاکستانی ئەمڕۆدا لەگەڵ رێگەی ئاوریشم یەکتریان گرتووتەوە.   لە سەردەمی ئیمپراتۆر (شێر شا سووری) دا رێگەکە فراوان کراوە و ١٧٠٠ رێگەی تری پێوە گرێدراوە و ژمارەیەکی زۆر میواناخانەی لەسەر ئەم رێگایانە دروست کردووە کە بە خۆڕایی خۆراک و سەرپەنایان داوە بە رێبوارانئەم رێگەیە  سەدەی سێیەمی پێش زایین  لەلایەن ئیمپراتۆر (چاندراگوپتا ماوریا) وە بناخەی دانراوە.   پێشتر بە رێگەی ئوتارا واتە باکوور، ساداک ئەعزەم، بادشاهی ساداک ناسراو بوو.
      
    رێگەی ئەمبەر

    رێگەی ئەمبەر

    رێگەی ئەمبەر رێگەیەکی تایبەت بوو بە ئەوروپاییەکان لەم رێگەیەوە و بازرگانیی کڕین و هێنانی ماددەی ئەمبەریان دەکرد.    ئەمبەر بەهۆی بچووکی لە کێش و قەبارەدا، و گەورەیی لە نرخ و بەهایدا ئەوەندەی دەهێنا کە ئەم رێگا دوور و درێژەی بۆ بپێورێت.   ئەمبەر لە هەڕێمی مەدیتەرانە بۆ جوانکاری بەکاردەهێنراو کڕیاری زۆر بووپێش ئەوەی رۆمەکان دەست بگرن بەسەر هەموو هەرێمی باکووری مەدیتەرانەدا، تاکە رێگایەکی بازرگانیی دوور کە هەیانبوو رێگەی ئەمبەر بوولەسەدەی یەکەمی زایینیدا لەسەر رێگەکە شار و شارۆچکە پەیدا بوون و ئیمپراتۆری رۆم تیتیووس فلاڤیوس ڤاسپاسیانووس گرنگیی زۆری پێدا و رێگەکەی خۆش کرد و تەختی کرد و بەگوێرەی ستانداردەکانی رێگە و بانی نێو شار چاکی کرد.
      
    رێگەی بەدەریادا

    رێگەی  بەدەریادا

    ئەمەیش رێگەیەکی کۆن بوو کە لەسەردەمی رۆمان و خاچپەرەستەکاندا خزمەتی کردووەئەو ویلایەتانەی کە کەوتبوونە سەر ئەم رێگەیە مافیان هەبوو کە هاوڵاتانی خۆیان بە ئازادی لەم رێگەیە کار و کاسبی بکەن؛ بەڵام کەسانی دەرەوەی سنوور دەبووایە سەرانە بدەن بۆ بەکارهێنانی ئەم رێگەیەئەم رێگەیە لە شاری شام (دیمەشق)ەوە درێژ بووەتەوە تا ئیسراییل و بە کەناراوەکاندا شۆڕ بووەتەوە تا خاکی سینا و سەرەنجام گەیشتووەتە سەر رووباری نیل لە میسر.  لەبەر ئەوەی ناوی ئوم رێگەیە لە لە زمانی عیبرییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر لاتین و لە ئینجیل دا ناوی هەیە، زۆر لە قەشە مەسیحیەکان بە دوای دۆزینەوەی شوێنەوارەکانیدا رۆیشتوون و لێیان کۆڵیوەتەوە؛ چونکە رێگەی رۆیشتنیان بووە بۆ حەجی ساڵانەیان. 
    رێگەی بیابانی

    رێگەی بیابانی

    نووسەرانی موسڵمان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە سەردەمێک گەلانی ۆژاوای ئەفریقا تۆڕەکی تۆکمەی بازرگانیان دامەزراندووە لە ژێر دەسەڵاتی شایەکدا کە هەموو پێداویستییەکانی پاراستن و راییکردنی سەودا مامەڵەی فەراهەم کردووە  و باج و سەرانەیشی وەرگرتووە.   بابەتی سەرەکیی ئەم بازرگانییە کە لەم رێگەیەدا کراوە بریتی بووە لە زێڕ و خوێبەربەرەکان وەک کۆمەڵێک هۆزی بەتوانی بیابابنشین کە بوونەتە موسڵمان بە هۆی ئەو ئارەبەیەی کە ئەسپ رایکێشاوە توانیویانە رێگاکە کۆنترۆڵ بکەن.   ئەم رێگەیە لە ١١٠٠ تا ١٥٠٠ی زایینی خزمەتی کردووەبەگوێرەی سەرچاوە ئیسلامییەکان، بەر لە ئیسلامیش ئەم رێگە بازرگانی هەبووە.   لەلایەکی دیکەوە بەر لە ئیمپراتۆریی رۆم و لەسەردەمی دەسەڵاتی یونانیەکاندا هیرۆدۆتوس دەڵێت لە میسر خەڵکی رەشپێست هەبووە کە لە رۆژاواوە هاتوونواتە لەو سەردەمانەدا پەیوەدندیی بازرگانی لە نێوان ئەفریقا و مەدیتەرانەد هەبووەزۆر بەڵگە هەیە کە نیشانی دەدات لە ساڵانی کۆن دا ئەفریقا وەک ئێستا گەرم و لمین و بێکەڵک نەبووەپەیکەرە نوووسراوەکانی ئەلجەزایر و چاد کە دەگەڕێنەوە بۆ ١٢٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر ئەم راستییە دەسەلمێنن.   لەو سەردەمە دێرینەدا بازرگانی لە نێوان ئەفریقای رۆژاوا و یەمەن و میسر و نیوەدورگەی  عەرەبی دا کراوە.

    وەک لە ناونیشانەکانی سەرەوە دەردەکەوێت، لە هەزاران ساڵ لەمەوبەرەوە مەردم گرنگیی پەیوەندییەکانی زانیوە و بۆ ئەو مەبەستە رێگای هەزاران کیلۆمەتری بڕیوە تا کاڵا و بەرهەمەکانی خۆی بگەیەنێتە بازاڕ و بە پێچەوانەوە ئەو کاڵاو پێداویستییانەیش بکڕێت کە خۆی نییەتی.  وەک دەبینین رێگەی ئاوریشم راستەوخۆ و لە چەندین ئاراستەوە بە کوردستان تێپەڕیوە؛ و لەبەرئێوەی هەڵکەوتەی جۆگرافیایی کوردستان سەرەڕێی نێوان رۆژهەڵات و رۆژاوا بووە، کاڵای هەردووک جەمسەری جیهانی پێگەیشتووە؛ و کاڵاکانی خۆیشی بۆ هەردووک جەمسەر ناردووە.  هەروەها ئەو رێگایانەی راستەخۆ نەگەیشتوونەتە کوردستان، وەک ڕێگەی بخوور و رێگەی مەزن و رێگەی بیابانیی ئەفریقا، هەر کامەیان بە تێکەڵبوون لەگەڵ رێگەی ئاوریشم، تۆڕی بازرگانییەکانیان فراوانتر بووە و کەم تا زۆر کاڵاکانیان گەیشتووەتە نیشتمانی ئێمە؛ و هی ئێمەیش بەوان گەیشتووە.



    سەرچاوە: