7.1.20

کەڕوو وەک ماددەیەکی جێگرەوە

وەک پێشتر و لە بابەتگەلی تردا ئاماژەی پێکراوە، جیهانی کەڕوو جیهانێکی زۆر فراوانە و هێشتا بەشێکی کەم لەم جیهانە فراوانە بۆ مرۆڤ ناسراوە.  هێشثا زۆر لایەن و کەلێنی ئەم جیهانە بە تارک و لێڵی ماوەتەوە و زانستی مرۆڤ پەی پێ نەبردووە.  ئەم بەشە کەمەیش کە مرۆڤ لە بارەی کەڕووەکانەوە زانیوێتی و رازەکانی ئاشکرا کردووە، بە زۆر هۆکار، هێشتا نەیتوانیوە یا نەیویستووە وەک پێویست، بەکاریبهێنێت و بیخاتە خزمەت خۆی و ژینگەوە. یەکێک لەم هۆکارانە قازانجپەرەستی و پاوانکردنی بازاڕە لەلایەن سەرمایەدارەکانەوە.. کە هەموو 

ئایندە و دووارۆژی مرۆڤایەتی و سروشت دەکەنە فیدای سەرمایەکەیان..
با بگەڕێینەوە سەر کرۆکی باسەکە کە کەڕووە.  ئەزموونەکان سەلماندوویانە کە کەڕوو توانای هەیە ببێتە جێگرەوە بۆ زۆرێک لەم ماددە زیانبەخش یا ئالوودەکەرانەی کە پیشەسازی و سەرمایەداری ئافراندوویەتی و بە ناوی پێشکەوتن و ئاسانکاری رۆژانە سروشتی پێ کاول و ئالوودە دەکرێ.  کەڕوو دەکرێ لەجیاتی چیمەنتۆ دیواری خانووی پێدروست بکرێ؛. دەکرێ لە جیاتی پلاستیک و نایلۆن دەفری خۆراکی لێوە دروست بکرێت؛ دەکرێ لە جیاتی ماددە جۆراوجۆرەکانی پاشماوەی پەترۆڵ، قوماشی لێدروست بکرێت بۆ جلوبەرگ.  دەکرێ پێستی رووەکیی لێدروست بکرێت، بێ ئەوەی ئاژەڵێک بکرێتە قوربانی.  کەڕوو دەکرێ وەک دەرمان بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکانی مرۆڤ و رووەک بەکاربهێنرێت، بێ ئەوەی زیانی لاوەکی بۆ مرۆڤ و سروشت و ژینگە هەبێت.  دەکرێ وەک هاوکارێکی بە توانا بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە پشتی پێببەسترێت و توانای داڕزاندنی گەورەترین دوژمنی ژینگە واتە پلاستیکی هەیە لە چەند هەفتەیەکدا.  چالاکوان و هەڵسووڕاوان و پسپۆرانی کەڕووزانی رۆژانە کەرەستە و کەلوپەلی تازە وەک جێگرەوە بۆ کەلوپەل و کەرەستە زیانبەخش و ئالوودەکەرەکان، لە کەڕوو دروستدەکەن و دادەهێنن.

ئەوەی لەم ڤیدیۆیەدا دەیبینن دەفرێکە کە دەکرێ وەک هەموو دەفرێکی ئاسایی کەڵکی لێوەربگیرێت و دووای کۆنبوون یا لە بێکەڵکبوونی ووردی بکەیت و بیکەیتە بەشێک لە خاکی باخچەکەت، بێ ئەوەی پاشماوەیەکی لە بەجێبمێنێت.  ئەم دەفرە لە کوارگی گانۆدێرما کورتیسی و ئاردی داری بەڕوو دروستکراوە.

هەروەها ئەو دەفرە کە لیمۆکانی تیادایە و لە وێنەکەدا دیارە، لە قارچک و رووەکی شەدانە دروستکراوە.  ئەو بوتڵە شووشەیەش کە دەیبینن لە نێو تەپەدۆرێکی کەڕووییندایە نەک تەپەدۆری پلاستیکی.  هەروەها کڵاوەی سەر ئەم گڵۆپ(چرا)یانەیش لە کوارگ و ریشاڵی شەدانە دروستکراوە.

هەروەها ئەم وێنەیەی کە دوو شەپکە و دوو جانتای تێدا دەبینرێت، کە چەندە جوان و رازاوەن، بە هەمان شێوە لە پێستێک دروستکراون کە پێستی ئاژەڵ نییە بەڵکوو کەڕووە و لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا بەرهەم هاتووە.  ئەمانە و زۆر شتی تریش دەکرێ بە وەک جێگرەوەی شووشە و پلاستیک و ماددە زیانبەخشەکانی تر، لە کوارگ بەرهەم بهێنرێن و دوواتر بە سەلامەتی و بێ کێشە و گرفت بگەڕێنەوە بۆ سروشت.





سەرچاوە:







No comments:

Post a Comment