10.1.20

جۆرێک کەڕوو ژەنگ بە زێڕ هەڵدەهێنێت


بە گوێرەی هەواڵێک کە هەواڵدەریی ئاسۆشیەتد پرێس ی ئوسترالیا بڵاوی کردووەتەوە، توێژینەوەیەک دەریخستووە کە لە باشووری شاری پێرت لە ئوسترالیا جۆرێک کەڕوو دۆزراوەتەوە کە دەتوانێت زێڕ ئۆکسیدایز بکات واتە دەتوانێ زێڕ ژەنگاوی بکات.  پێشتر دەرکەوتبوو جگە لە بەکتریاکان، کەڕوویش دەتوانێ کانزاکانی وەک مس، فافۆن، ئاسن و مەنگەنیز ژەنگاوی بکات؛ بەڵام ژەنگاویکردنی کانزایەکی ناچالاکی وەک زێڕ نەبینرابوو.  ئەم دۆزینەوەیە هێز و توانای کەڕوو نیشاندەدات لە داڕزاندنی توخمە جیاوازەکاندا و گێڕانەوەیان بۆ باوەشی دایکە زەوی بە رێگایەکی سروشتی.  لە هەمان کاتدا هەم هەواڵێکی سەرسوڕمێنە و هەم نائاساییە چونکە زێڕ ماددەیەکی زۆر ناچالاکە و ئەو کەسانەی لە بوواری کیمیادا شارەزاییان هەیە ناتوانن بە ئاسانی باوەڕ بەم راستییە بکەن.  شایانی باسە وەک لە هەواڵەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە ئەم کەڕووە ناوە زانستییەکەی بریتییە لە (فیووزاریەم ئۆکسیسپۆرەم) و لە جسنی کەڕووە کاسەییەکانە.  ریسووە مۆرەکانی ئەم کەڕووە گەردیلەکانی زێڕ لەدەوری خۆی کۆدەکاتەوە و دەیانئاڵێنێت لە خۆی و پاشان ئەنزایمێکیان بەسەردا دەڕژێنێت کە هەموو گەردیلەکان دەکات بە خاک و خۆڵ.  شایانی باسە کە هەر کەڕوویەکی فیووزاریەم ئۆکسیسپۆرەم کاتێ زێڕ لە خۆی کۆدەکاتەوە خێراتر و زیاتر گەورە دەبێت و گەشەدەکات لەوانەی کە زێڕیان کۆنەکردووەتەوە؛ بەڵام هێشتا روون نییە ئەم کەڕووە چۆن زێڕ دەناسێت و لە گەردیلە کانزایی و خاکییەکانی تر جیایان دەکاتەوە!



سەرچاوە:
دە ساینتیست
رۆژنانەمەی ئێکسپرێس

No comments:

Post a Comment