14.1.20

باخچەی رێگەی ئازادی



چەمکی (Urban farming) کە مانای کشتوکاڵی شاری دەدات، ئێستا لە وڵاتە پێشکەوتووەکان بووەتە باو و گرنگیی زۆری پێدەدرێت.  زۆر کەس لە شارە گەورەکان لە پارچە خاکەدا کە وە ک حەوشە لە دەوروبەری خانووەکەیان هەیان، کەڵکوەردەگرن و خۆراکی ئۆرگانیکی خۆیانی تێدا دەڕوێنن.  ئەمە هەم قازانجێکی ئابووریی هەیە، هەم خۆراکێکی تەندروستە بۆ خۆیان و خانەوادەیان؛ هەم جوانییەکیش بە دیمەنی ماڵ و گەڕەک دەبەخشێت و رێژەی ئۆکسجینیش لە هەوادا زیاد دەکات.

لەم ڤیدیۆیەدا خاوەنی ئەم باخچەیە چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە کە چۆن دەستی داوەتە ئەم کارە.  کوڕەکەی و دوو کچەکانیشی هەرکامەیان بەشێک لە کار و ئەرکەکانیان باس دەکەن و پەسنی باخچەکەیان ژیانیان لەم بەهەشتە بچووکەی ناو شاردا دەکەن.  ئەوان ناویان لە باخچەکەیان ناوە (رێگەی ئازادی) چونکە  لەسەر ئەم بروایە کە بەم کارەیان خۆیان لە کۆت و بەندی قانوونە ناڕەواکانی دەوڵەت ئازاد کردووە.
ئەو کاتێک کە چەند گەنمەشامییەک بۆ منداڵەکانی دەکرێت و بۆی دەردەکەوێت کە هەموویان بە بە دەسکاریی جینێتیک بەرهەمهێنراون، بڕیار دەدات چیدیکە ئەم خۆراکە خراپە نەداتە منداڵەکانی و لەو رۆژەوە دەستی بەم کارە کرد؛ و ئێستا لەگەڵ منداڵەکانیدا زۆر سەرکەوتووانە توانیویانە حەوشەکەیان کە رووبەری  کەمترە لە دۆنمێک بکەنە سەرچاوەیەکی باشی بەرهەمهێنانی چەندین جۆر بەرهەمی رووەکیی ئۆرگانیک.  زۆر لە کڕیارەکانی، خۆیان دێنە لای و هەرچی پێویستیان بێت، دەیکڕن و هەندێکیشیان رایاندەسپێرن پێداویستیەکانیان بۆ بگەیەنن. ئەوان لە بەکارهێنانی ئاویشدا زێدەڕۆیی ناکەن و بۆ ئاودانی بەشێکی زۆر لە رووەکانیان رێبازی ئاودانی نەریتی بە گۆزە بەکاردەهێنن. ئەوان تەنانەت خۆیان گازئۆیڵ خۆیان بۆ ترومبێلەکەیان بەرهەمدەهێنن و کارەبای ماڵەکەیشیان لە تیشکی خۆر دابین دەکەن.

لە راستیدا ئەم ڤیدیۆیە هەموو پەند و وانەیە بۆ کەسێک کە نییەت و نیازی فێربوونی هەبێ. ئەم بنەماڵەیە رووەکخۆرن و هەموو خۆراکی خۆیان لەم باخچەیە دابین دەکەن. هەروەها سەرەڕای ئەوە کە شوێنەکەیان هێندە گەورە نییە بتوانن پەلەوەری تێدا بەخێو بکەن بەڵام بەم حاڵەیش چەند مریشک و مراوییەکیان هەیە لەگەڵ دوو بزن و لەگەڵ شوێنەکە گونجاندوویانن. هێلکەی مریشک و مراوییەکان و شیری بزنەکانیش وەک بەشێکی تر لە خۆراکی رۆژانەیان بەکاردەهێنن.  هەروەها ئەوان چێشتخانەیەکی فەرمییان لە ماڵەکەیاندا هەیە و لەوێدا وەک بەسێک لە بزنسەکەیان زۆر لە بەرهەمەکانیان دەکەنە مرەببا و دۆشاو و یا وشکی دەکەنەوە و دوواتر دەینێرنە بازاڕ. 

کابرا دەڵێ: مرۆڤ نابێ چاوی لە دەستی حکومەت بێ تا ژیانی بگۆڕێت؛ بەڵکوو دەبێ مەترسی قەبووڵ بکەیت و خۆت ژیانی خۆت بگۆڕیت. ئەو دەڵێ: سەرەتا لام وانەبوو کە بەم رۆژە بگەم، بەڵام نەترسام و بەردەام بووم تا ژیانی خۆمم گۆڕی.


No comments:

Post a Comment