12.1.20

کەوانەی بە پیت یا کەوانەی زێڕین

رەنگە سەوزەکە هیلالی بەپیتە

کەوانەی بە پیت دەستەواژەیەکی کۆنە کە مێژووزان و جۆگرافیازانان بەکاریان هێناوە بۆ روونکردنەوە و جیاکردنەوەی ناوچەکان لە یەکتری. دووای ئەوەی رۆژهەڵاتناسی ئەمریکایی لە ساڵی ١٩١٩ ئەم دەستەواژەیەی لە نووسینەکانیدا بەکارهێنا، لەوساوە بوو بوو بە باو. زۆر جار لە بری ئەمە دەستەواژەی لانکەی شارستانییەت بەکارهێنراوە; کە ئەمەیش نیشاندەری گرنگیی کشتوکاڵە بۆ ئاوەدانی و پێشکەوتن و گەشەی ژیار و شارستانییەتی مرۆڤ. ئەم کەوانەیە بە پیتە مێژووەکەی دەگەێتەوە بۆ هەزارەی نۆیەمی پێش زایین و لە دەریای هورمز (کەنداوی فارس)ەوە دەسپێدەکات، بە دەشتی میاندووروان (مێزۆپۆتامیا) و زنجیرە چیاکانی زاگرۆسدا هەڵدەکشێت بەرەو باکوور تا دەگاتە باشووری چیاکانی ئاگری (ئارارات). دەسووڕێتەوە بەرەو رۆژاوا، کێو و دەشتاییەکانی باکووری زنجیرە کێوەکانی تۆرۆس دەگرێتە خۆی تا دەگاتە سەر دەریای مێدیتەرانە(ناوەراست). لەوێوە شۆڕدەبێتەوە بە لێوار و کەناراوەکانی ئیسراییل و فەلەستین و لوبناندا تا دەگاتە بیابانی سینا و میسر و لێوارەکانی رووباری نیل. لە رۆژاوا و باکووری سووریاوە دێتەوە خوار بەرەوە مووسڵ و لێوارەکانی رۆژاوای رووباری دەجلە و شۆر دەبێتەوە تا دەریای هورمز(کەنداوی فارس).
دیارە بەگوێرەی لێکدانەوکان و سەلیقەی پسپۆران و بەگوێرەی سەردەمەکان نەخشەی هیلالی بەپیت گۆڕانی بەسەرداهاتووە؛ و ئەگەر لە ئەنتەرنێتیش بتەوێت بە دوای نەخشەیەکی وورد و دروستدا بگەڕێیت، بە ئاسانی دەستت ناکەوێی؛ بەڵام ئەوەی گرنگە ئەمەیە کە لە هەموو نەخشەکاندا کوردستان نێوجەرگەی کەوانەی بەپیت (هیلالی زێڕین)ە. واتە خاک و ئاو و هەوای وڵاتی ئێمە لە دێر زەمانەوە وەک بە پیتترین ناوچەی جیهان بۆ کشتوکاڵ ناسراوە و ددانی پێدانراوە. بەپیتیی ئەم خاکە رەگ و ریشەی لە شارستانیەتە کۆنەکانی سومەری، بابلی، ئاسۆری، ئەکەدی، فینیسی، هیتی و میتانی دا هەیە.
کەوانەی بەپیت بەتەنیا نان و ئاوی بۆ مرۆڤ دابین نەکردووە بەڵکوو هەموو بووارەکانی زانستی و تەکنۆلۆجی و وێژە و نووسین و ئایینی داهێناوە و بەرەوپێش بردووە. تەکنیکە کشتوکاڵیەکان، داهێنانە بنەڕەتییەکانی خورد و خۆراک، بیرکاری و ئەستێرەناسی، کەییکردنی ئاژەڵ، بازرگانیی رێگە دوورەکان، پزیشکی، داهێنانی چەرخ و ئارەبە و پێوەر بۆ کات و تاد... هەموو لە سۆنگەی کەوانەی بەپیت بووە و لەم خاک و هەرێمە سەریهەڵداوە و داهێنراوە.


سەرچاوە:
ئینسایکڵۆپێدیا بریتانیکا
ئانشنت هێستری ئینسایکلۆپێدیا
هیستۆری
ناشناڵ جیۆگرافی

No comments:

Post a Comment