6.1.20

میز وەک ماددەی بەپیتکردنی رووەک

میزی مرۆڤ کە پاشماوەی ئەو خۆراکانەیە کە دەیخوات و لە رێگای جەرگەوە ماددە ژەهراوییەکانی دەپاڵێورێن و پاشان زۆربەی لە ڕێگەی میزەڕۆ و بەشێکیشی لە رێگەی کونۆچکەکانی پێستەوە وەک ئارەق دێتە دەرەوە.  
میز پێکهاتووە لە ماددەی یووریا و کۆمەڵێک خوێ کە رێژەکەیان بە گوێرەی خۆراکی کەسەکە دەگۆڕێت. سۆدیۆم و فۆسفۆر و پۆتاسیۆم لە پێکهاتەکانی میزن. زۆر کەس میزی وەک ماددەیەک بۆ بەپیتکردنی خاک و بەرهەمی کشتوکاڵی بەکارهێناوە و زۆر کەسیش لە دژی ئەمەن. لە راستیدا ماددە پێکهێنەرەکانی میز هەر هەمان ئەو ماددانەن کە لە سەمادی یووریا دا هەن، بەڵام گرفتێکی گەورە لە بەردەم بەکارهێنانی میزدا هەیە کە بریتییە لە خۆراکی کەسەکە. ئەو کەسەی کە میزەکە دەکات ئەگەر کەسێکی ساخ و تەندروست نەبێت، یا ئەگەر کەسێک بێت دەرمانی کیمیایی بخوات کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر چۆنایەتیی میزەکە دەبێت؛ و ماددە کیمیاییەکان یا بەکتریا زیانبەخشەکان لە ڕێگەی میزەوە دێنە دەرەوە و دەگوازرێنەوە بۆ ژینگەی رووەکەکان و دەبنە بەشێک لە خۆراکیان. واتە چ بە شێوەی فیزیکی بێت یا بە شێوەی خۆراکی دزە دەکەنە نێو ورووەکەوە. میزی ئاژەڵ بە شێوەیەکی ئاسایی لە ئاغەڵ و گەوڕو تەویلەو هۆڵەکاندا لەگەڵ پاشەڕۆکانیان تێکەڵ دەبێت؛ و پاشان بە تێکەڵاوی بۆ کشتوکاڵ بەکاردەهێنرێت. واتە ئەو پاشەڕۆیەی لە تەویلەکان کۆدەکرێتەوە و بۆ کشتوکاڵ بەکاردەهێنرێت زۆر بەهێزتر و بەپیتترە لەوەی لە دەرەوە کۆدەکرێتەوە؛ چونکە رێژەیەکی زۆری لە میزی ئاژەڵ لەگەڵە. دیارە جیاوازی لە نێوان پاشەڕۆی ئاژەڵەکانیشدا هەیە . بۆ وێنە پاشەڕۆی مانگا و پەز زۆر بەهێزترە لە هی کەر و ئەسپ. پاشەڕۆی مریشک و پەلەوەرەکانیش زۆر بەهێزترە لە هی پەز و مانگا.

No comments:

Post a Comment