12.1.20

شێوازی بەکارهێنانی پاشەڕۆی پەلەوەرلە کشتوکاڵدا



بەکارهێنانی پاشەڕۆی پەلەوەر وەک سەماد و کوود بۆ بەهێزکردنی خاک، و وەک خۆراکێکی دەوڵەمەند بۆ رووەک، بە بەراورد لەگەڵ ماددە کیمیاییەکان زۆر تەندروستتر و کەم تێچووترە.  پاشەڕۆی پەلەوەر ماددەیەکی ئۆرگانیکە و هیچ زیانێکی لاوەکی بۆ رووەک و مرۆڤ بە دوواوە نابێت.  لەلایەکەوە بە بەکارهێنانی پاشەڕۆیەکە، ژینگە لە پیسی و ئالوودەیی رزگار دەکەیت؛ و لە لایەکی تریشەوە خۆراکێکی سەداسەد ئۆرگانیک و تەندروست دەخەیتە بازاڕەوە.  لەمانەیش گرنگتر، تێچووەکەت ئەوەندە زۆر نابێت کە نەتوانیت رکابەری بەرهەمی هەندەران بکەیت؛ یا نەتوانیت پارەی گواستنەوەی بۆ بازاڕ دابین بکەیت.
پاشەڕۆی پەلەوەر دەکرێ راستەوخۆ دووای ووردکردن لە دەوروبەری درەخت بڵاو بکرێتەوە.  هەروەها دەکرێ پێش چاندنی رووەکەکان بە زەویدا بڵاو بکرێتەوە و و لەگەڵ خاکەکە تێکەڵ بکرێت و ئاو بدرێت.  دووای دوو هەفتە دەتوانیت نەمام یا تۆوەەکە لەو شوێنە بچێنیت. رێگایەکی تر بریتییە لە گۆڕینی پاشەڕۆی پەلەوەر بۆ کۆمپۆست کە ئەمە لە دەرفەتێکی تردا باس دەکرێت.  شایانی باسە کە دوو خاڵی جێگەی نیگەرانی لە بەکارهێنانی راستەوخۆی بەکارهێنانی پاشەڕۆی مریشکداهەیە کە بریتین لە کوشتنی رووەکەکە، ئەگەر بڕێکی زۆری لە بەکاربهێنرێت، چونکە زۆر بەهێزە.  دووەم دروستبوونی کەڕوو لە رووەکەکاندا؛ کە ئەویش هەمیشە روونادات.


چای ریقنە

شێوازێکی دیکەی بەکارهێنانی پاشەڕۆی پەلەوەر بریتییە لە دروستکردنی چا.  دیارە بەهێزترین پاشەڕۆ ئەوەیانە کە  تازەیە، نەک کۆن. پاشەڕۆیەکە دەکرێتە ناو بەرمیلێک و پڕ دەکرێت لە ئاو.  ووردتر بڵێین دوو بەشی بەرمیلەکە ئاو بێت و بەشێکی پاشەڕۆ بێت.  لێیگەڕێ بۆ ماوەی دوو رۆژ، ئەوپەڕەکەی سێ رۆژ.  بەڵام رۆژانە دوو جار تێکەڵاو بکرێت.  دوای سێ رۆژ بە هێواشی ئە وبەشە لە ئاوەکە کە روونە و کەوتووەتە سەرەوە هەڵبگۆزە و لە دەوروبەری دار و درەخت و رووەک بیڕشێنە.  تەنانەت دەکرێت لە گەڵاکانیش بڕشێندرێت، زۆر ئاساییە.

هەروەها دە کرێت بە ڕێگایەکی تر ئەم کارە ئەنجام بدرێت.  ئەویش ئەمەیە کە پاشەرۆیەکە دەکرێتە نێو کیسەیەکی پەڕۆی خام یا جاو.  دەمەکەی گرێ دەدرێت و دەخرێتە نێو بەرمیلێک ئاوەوە تا ماوەی سێ رۆژ ؛بەڵام هەموو رۆژێک دوو جار تێکەڵاو دەکرێت.  لە سێیەم رۆژدا کیسەکە  دەهێنرێتە دەرەوە و باش دەچۆڕێندرێتەوە.   ئاوەکە کە روون و پاک و بێ پاشەڕۆیە، بەکاردەهێنرێت بۆ رشاندنی دار و درەخت و سەوزی و تەماتە و خەیار و تاد...

No comments:

Post a Comment