24.9.21

ئەنتی بایۆتیک یا ژیدژ


جيهان نائومێدە لە پەیدابوونی ژیدژ(ئەنتی بایۆتیک): کەڕووەکانی نیوزیلەند وەک سەرچاوەیەک بۆ پێکهاتەگەلی
ئومێدبەخش. ئەمە ناونیشانی بابەتێکە کە پوختەیەکی دەکەینە کوردی.

ساڵی ٢٠١٤ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هوشداریی دا کە لە ماوەی دەیینەیەکدا بەکتریاگەلی بەرهەڵستکاری ژیدژ (ئەنتی بایۆتیک) بۆی هەیە نەشتەرگەری، گواستنەوەی ئەندامەکان و چارەسەری شێرپەنجە بخەنە ژێر مەترسیی بەبڕشتەوە؛ و وەک کۆتاییهاتنی سەردەمی دەرمانە مۆدێرنەکان ناوی برد.
ژیدژەکان بەردی بناخەی دەرمانگەریی مۆدێرنن، و بۆ چارەسەرکردنی ئالوودەزایی و پاراستنی ئەو نەخۆشانەی دەکەونە ژێر نەشتەرگەری و کیمۆدەرمانی زۆر گرنگن. جیهان بە نیگەرانییەوە پێویستیی بە ژیدژی تازەیە و کۆڤید-١٩یش رەوشەکەی ئاڵۆزتر کردووە.
لە لێکۆڵینەوەگەلێکدا کە لە نیوزیلەند ئەنجامدراوە و بەتایبەتی لەسەر ئەو کەڕووانەی کە تەنیا لە نیوزیلەند تۆمارکراون، پێکهاتەگەلێکی کەڕوویین دۆزراونەتەوە کە دەتوانن بەکتریاگەلێکی کەڕووین بکوژن، کە هێواش گەشەدەکەن و یەک لەوانە ئەو بەکتریایەیە کە دەبێتە هۆی نەخۆشیی سیل.
هەروەها پێکهاتەیەکی تری کەڕووییان دۆزیوەتەوە کە ئەو بەکتریایە دەکوژێت کە ناسراوە بە ستافیلۆکۆکوس ئۆریوس و لە نەخۆشخانەکان بەرهەڵستیی پەیداکردووە بە دەرمانی مەتیسیلین.





سەرچاوە

فیزیکس دۆت ئۆرگ

ستیمۆنیتیس


 

جسنێکی جیاوازی لینجەکەڕووەکانە لە هەموو کیشوەرەکان بینراوە جگە لە جەمسەری باشوور. ئەمانە هاگدانگەلێکی درێژکۆڵەیان کە بەسەر قەدێکی باریکەوەن و بەشێوەی هێشوویی لەسەر دار و چێوی رزیو دەڕوێن.  ئەم جسنە یەکەمجار ساڵی ١٧٥٣ لەلایەن رووەکزانی ئەڵمانی جۆهان گۆتلیب گلێدیچەوە پەسن دراوە.  بەگوێرەی سەرژمێرییەکانی ساڵی ٢٠١٤ ئەم جسنە پێکهاتووە لە هەژدە چەشن و ناسین و هەڵاواردنیان چەتوونە و هەر بۆیە تەنیا دەبێ بە گەردبین لە یەکتری جیابکرێنەوە.  بەبەردبووی ئەم جسنە لە وڵاتی میانمار دۆزراوەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ ٦٦ تا ١٤٥ میلیۆن ساڵ لەمەوبەر.









13.9.21

پزلیکی لایکۆپێردن ئێکینەیتم

 خۆراکی  

لایکۆپێردن ئێکینەیتم(Lycoperdon echinatum) یا پزلیکی دڕکن جۆرێک پسڵە یا پزیلکە لە خێزانی ئاگاریکاسیی.  مفتەژی\مشەخۆرێکە لە ئەفریقا، ئەوروپا ئەمریکای ناوین و باکووری ئەمریکا دەبینرێت.  لەسەر خاک و لە نێو درەختە گەڵارێزۆکەکاندا، لە مێرگەکان و  رووتەنی لێڕەکاندا دەڕوێت.  قسە لەوە کراوە کە چەشنە ئەمریکاییەکە جیاوازە لەمە و ناوی لایکۆپێردن  ئەمێریکانومی بۆ دانراوە بەڵام بە تەواوی پشتڕاست نەکراوەتەوە.  

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان ئەم پسڵەیە پەیوەندیی نزیکی بە پسڵەی ئاسایی واتە کاڵڤاتیاوە هەیە.  ناوی  لایکۆپێردن ئێکینەیتم دوو ووشەی یونانین. یەکەمیان لە ئێخینوسی یونانییەوە وەرگیراوە کە مانای ژووشک دەدات و دووەمیش واتە  فسە گورگ. ئەم پزلیکە وەک ژووشک دڕکنە و دوای ئەوە کە کۆن دەبێت دڕکەکانی هەڵدەوەرن و شێوەی دەگۆڕێت بۆ شێوەی تۆڕێکی خڕ.  رەنگی سپییە و لە درێژایی تەمەنیدا بەرەبەرە دەگۆڕێت بۆ قاوەیی.  قەبارەیان زۆر گەورە نابێت و ناگاتە دە سەنتیمەتر.  شیاوی خواردنە و تەنیا ئەو کاتە کە رەنگی ناوەوەی دەگۆڕێت بۆ قاوەیی یا دەبێتە تۆز ژەهراوییە و نابێ بخورێت.




سەرچاوە

فێرست نەیچەر

ناشناڵ بایۆدایڤێرستی نێتوەرک ئەتڵەس

کارگی گانۆدێرما لوسیدیەم بەکورتی



جۆرە قارچکێکی کەوانەییە لەسەر درەخت دەڕوێت و رەنگی سوورە.  زۆرتر لە وڵاتانی ئاسیای رۆژهەڵات دەڕوێت و زۆر لە کۆنەوە ناسراوە و وەک دەرمان بۆ چارەسەری زۆر نەخۆشی بەکارهێنراوە.  لە سەردەمی نوێشدا توێژینەوەگەلێکی لەسەر کراوە و وەک کوارگێکی دەرمانی پەسەند کراوە؛ بەڵام هێشتا لێکۆڵینەوەی زیاتر پێویستە تا لە سوودە زۆرەکانی ئەم جۆرە قارچکە ئاگادار بین.  ئەم قارچکە لە چین پێیدەگوترێت لینگ جی واتە کارگی ژیان.  لە ژاپۆن ناسراوە بە رەیشی. لەبەرئەوەی پێکهاتەکەی رەق و جیڕە راستەخۆ ناخورێت؛ بەڵام بە کوڵاندن یا هاڕین وەک دەرمان سوودی لێوەردەگیرێت.  گانۆدێرما لوسیدیەم لەوانەیە دەوروبەری ٤٠٠ پێکهاتەی جیاوازی چالاکی زیندەزانیی تێدا بێت کە زۆرێک لە ترشەکان، ترشە ئەمینییەکان، چەورییەکان، ڤیتامینەکان، پرۆتینەکان، چزێنەکان، کانزاکان و دەگرێتەوە.  لە سەردەمی ئێستادا لەچین، ژاپۆن، مالیزی و هەندێک وڵاتی تری ئاسیاییدا بەرهەمدەهێنرێت و بۆ مەبەستی دەرمانی و پێشگیری لە نەخۆشی بەکاردەهێنرێت.  ژاپۆنییەکان رۆژانە لەگەڵ چا تێکەڵی دەکەن و دەیخۆنەوە؛ لەم بارەیەوە لە ژنێکی بەتەمەنی ژاپۆنی پرسیار دەکرێت کە بە بڕوای تۆ هۆکاری تەمەندرێژییەکەت چییە؟. لە بەرسڤدا گوتوویەتی چای گانۆدێرما! هەموو رۆژێ چایەکی گانۆدێرمام خواردووەتەوە. باس لەوە دەکرێت کە خواردنی ئەم کوارگە دەکرێ سوودە تەندروستییەکانی بەمجۆرە بن: بەرگریی لەش بەهێز دەکات، ماندوویی و شەکەتی ناهێڵێت، بیرکردنەوە بەهێز دەکات، هێزی زایەندی زۆر دەکات، کۆڵسترۆڵ دادەبەزێنێت، هەوکردن ناهێڵێت، داهێزان ناهێڵێت، پیربوون دووادەخات، سووڕی خوێن باش دەکات و هەروەها باشترین سەرچاوەی دژەئۆکسانە. شایانی باسە کە گانۆدێرما لە ووڵاتی مالیزی چەرم و کەرەستەی بیناسازیی لێدروستدەکرێت و رۆژ بە ڕۆژ گرنگی و بایەخەکانی پتر دەردەکەوێت.




سەرچاوە

ساینس دایرەکت

مێدیسن بایۆمۆڵیکیووڵار