13.9.21

کارگی گانۆدێرما لوسیدیەم بەکورتی



جۆرە قارچکێکی کەوانەییە لەسەر درەخت دەڕوێت و رەنگی سوورە.  زۆرتر لە وڵاتانی ئاسیای رۆژهەڵات دەڕوێت و زۆر لە کۆنەوە ناسراوە و وەک دەرمان بۆ چارەسەری زۆر نەخۆشی بەکارهێنراوە.  لە سەردەمی نوێشدا توێژینەوەگەلێکی لەسەر کراوە و وەک کوارگێکی دەرمانی پەسەند کراوە؛ بەڵام هێشتا لێکۆڵینەوەی زیاتر پێویستە تا لە سوودە زۆرەکانی ئەم جۆرە قارچکە ئاگادار بین.  ئەم قارچکە لە چین پێیدەگوترێت لینگ جی واتە کارگی ژیان.  لە ژاپۆن ناسراوە بە رەیشی. لەبەرئەوەی پێکهاتەکەی رەق و جیڕە راستەخۆ ناخورێت؛ بەڵام بە کوڵاندن یا هاڕین وەک دەرمان سوودی لێوەردەگیرێت.  گانۆدێرما لوسیدیەم لەوانەیە دەوروبەری ٤٠٠ پێکهاتەی جیاوازی چالاکی زیندەزانیی تێدا بێت کە زۆرێک لە ترشەکان، ترشە ئەمینییەکان، چەورییەکان، ڤیتامینەکان، پرۆتینەکان، چزێنەکان، کانزاکان و دەگرێتەوە.  لە سەردەمی ئێستادا لەچین، ژاپۆن، مالیزی و هەندێک وڵاتی تری ئاسیاییدا بەرهەمدەهێنرێت و بۆ مەبەستی دەرمانی و پێشگیری لە نەخۆشی بەکاردەهێنرێت.  ژاپۆنییەکان رۆژانە لەگەڵ چا تێکەڵی دەکەن و دەیخۆنەوە؛ لەم بارەیەوە لە ژنێکی بەتەمەنی ژاپۆنی پرسیار دەکرێت کە بە بڕوای تۆ هۆکاری تەمەندرێژییەکەت چییە؟. لە بەرسڤدا گوتوویەتی چای گانۆدێرما! هەموو رۆژێ چایەکی گانۆدێرمام خواردووەتەوە. باس لەوە دەکرێت کە خواردنی ئەم کوارگە دەکرێ سوودە تەندروستییەکانی بەمجۆرە بن: بەرگریی لەش بەهێز دەکات، ماندوویی و شەکەتی ناهێڵێت، بیرکردنەوە بەهێز دەکات، هێزی زایەندی زۆر دەکات، کۆڵسترۆڵ دادەبەزێنێت، هەوکردن ناهێڵێت، داهێزان ناهێڵێت، پیربوون دووادەخات، سووڕی خوێن باش دەکات و هەروەها باشترین سەرچاوەی دژەئۆکسانە. شایانی باسە کە گانۆدێرما لە ووڵاتی مالیزی چەرم و کەرەستەی بیناسازیی لێدروستدەکرێت و رۆژ بە ڕۆژ گرنگی و بایەخەکانی پتر دەردەکەوێت.




سەرچاوە

ساینس دایرەکت

مێدیسن بایۆمۆڵیکیووڵار

 

No comments:

Post a Comment