18.12.20

قەڵاغ یا دەوەڵان



لە رۆژهەڵات بە مەڕوماڵات دەگوترا دەوڵەت.  هەربۆیە کەسێک کە مەڕ و ماڵاتی زۆری هەبووایە پێیان دەگوت دەوڵەمەند.  دەوڵەمەند واتە خاوەن دەوڵەت، خاوەن مەڕ و ماڵاتی زۆر.  زۆر جار دەیانگوت مەڕ و ماڵات پاشەرۆیەکەیشی هەر زێڕە.  مەبەستیان ئەمە بوو کە پاشەرۆیەکەیشی بەخۆڕایی ناچێت و سوودی لێوەردەگیرێت.  لە زمانی کوردیدا چەندین واژەی جیاواز هەیە کە واتای پاشەرۆی ئاژەڵ دەبەخشێت وەک: ریخ، سنێر، سەنیر، شیاکە، لاس، تەپکەلاس، ساهیک، سەرگین، کشپەڵ، پشقڵ  وتاد.. بە پاشەرۆی وشکبوو دەڵێن تەپاڵە یا دەوەدەشتی.  زۆر جاریش تەپاڵە وەک ناوێکی گشتی بۆ پاشەرۆی ئاژەڵ بەکاردەهێنرێت.

لە زۆربەی ناوچەکانی موکریان و ورمێ و بەشێکی ئەردەڵانیش لە وەرزی گەرمادا خەڵکی لادێکان پاشەرۆی ئاژەڵەکانیان کۆدەکردەوە بۆ مەبەستی بەکارهێنانی وەک سووتەمەنی.  ئەمەیش وەک ئەرکێکی ژنان بوو.  پاشەرۆکەیان کۆدەکردەوە و ئاویان بەسەردادەکرد و وەک قوڕ هەڵیاندەشێلا و جارێکی تر لە شێوەی هێلەکەیی یا بازنەیی و قەبارەی جیاوازدا دایاندەڕشتەوە و لەبەر خۆرەتاو ووشکیان دەکردەوە.  بەکارهێنانی پاشەڕۆی ئاژەڵ بەتایبەتی مەڕو بزن و مانگا وەک سووتەمەنی تایبەت بە رۆژهەڵاتی کوردستان نییە.  لە ووڵاتانی ئاسیای رۆژهەڵاتیش وەک نیپاڵ، هیندوستان، بانگلادێش و هەروەها پاکستان و ئازەربایجان و تاد.. پاشەرۆی ئاژەڵ بۆ خۆگەرمکردنەوە و چێشت و نان پێژان بەکاردەهێنرێت..

بە پاشەرۆی هەڵشێلدراوی داڕێژراویان دەگوت دەوە. دووای ووشکبوونەوە، بە شێوەی هەرەوەزی یا دەسەوام هەموو دەوەکانیان کۆدەکردەوە و لە شێوەی بینا و وارخانێکی جوان دایاندەمەزراند.  بێگومان ژنی هونەرمەند و دەسڕەنگین هەبوون کە کاری بیناسازییەکەیان دەکرد.  بۆ پاراستنی دەوەکان لە تەڕبوون و تلیسانەوە بەهۆی بەفر و باران، هەر بە پاشەرۆی ئاژەڵ رووکاری دەرەوەی بیناکەیان سوواق دەدا.  لەبیرمە زۆر جار لەتکە ئاوێنە و شووشەی رەنگاورەنگیان لە دیوی دەرەوەی قەڵاخەکە دەچەسپاند بۆ مەبەستی جوانی و چاوەزار.  بیناکە لە هەر ناوچەیەک ناوی تایبەت بەخۆی هەبوو، لە ناوچەی پیرانشار پێیان دەگوت قەڵاخ، قاڵاخ ، قەڵاغ یا قڵاغ.  هەروەها دەوەڵان و کۆشکەڵانیشی پێدەگوترێت.  گوایە ئە م واژەیە تورکییە و  تورکە ئازەربایجانیەکان پێیدەڵێن قالاق واتە کۆما یا کۆگا.  قەڵاخ تا سەرەتاکانی دەیەی ١٩٩٠ هەر مابوو، بەڵام لەوە بە دوواوە بەرەبەرە کەمبوویەوە؛ و رەنگە ئێستا نەمابێت.

پاشەرۆی ئاژەڵ لەو وڵاتانەی کە وەک بەرهەمهێنەری گۆشت و سپیایی ناسراون، یەکێکە لە گرفتە ژینگەییەکان.  لەلایەکەوە راددەیەکی زۆر لە گازی میتان و نایترۆجینی لێوە دەردەچێت کە زیانی بۆ مرۆڤ و زیندەوەرەکانی تر هەیە و لەلایەکی تریشەوە وەک پاشماوەیەک ژینگە دژووندەکات و زۆرجار وەک زبڵ و کرش رەفتاری لەگەڵ دەکرێت و دەسووتێنرێت و دووکەڵەکەی هەوا پیسدەکات بێ ئەوەی سوودێکی لێوەربگیرێت. راستە لە ساڵانی پێشوویشدا دەسووتێنرا بەڵام ئەو کاتە لەبری نەوت و کارەبا و گاز کەڵکی لێوەردەگیرا و بۆ گەرمکردنەوە و نان وچێشت و تەنانەت بۆ گەرمکردنی کوورەی سوواڵەت و خشت سوورکردنەوەیش بەکاردەهێنرا. 


سەرچاوە:

خاڵە کوارگەوان



12.12.20

ماڵەوە


ئه‌مڕۆ ١٠ی جانیوه‌ری ٢٠١٩ ئه‌م بڵاگه‌ كرایه‌وه‌ بۆ خزمه‌ت به‌ بوواری كه‌ڕووزانی و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌م بواره‌دا به‌ زمانی شیرینی كوردی.  هەمووان ئاگادارن کە نە گۆڤارێک، نە ماڵپەڕێکی کوردی، نە لە کوردستان و نە لەهەندەران نییە کە تەرخان کرابێت بۆ کەڕووزانی و بایەخدان بە کوارگ و دۆمەڵان و پزلیک؛ کە لەم سەردەمەدا رۆژ بە رۆژ گرنگییەکەیان پتر دەردەکەوێت.  هێشتا لە کوردستان رێکخراوێک یا کۆمەڵەیەکی کەڕووزانی یا کوارگەوانی نییە؛ و هیچ سەرچاوەیەکی زانستیی کەڕووزانیشمان بە زمانی کورد نییە، تا خوێندکاران بۆ درێژەدانی وانەکانیان سوودی لێوەربگرن.  هێشتا هیچکەس نازانێت لە کوردستان چەند جۆرە قارچکمان هەیە و کامیان خواردەنییە و کامیان دەرمانی یا ژەهراویییە.  هێشتا کوارگەوانانی کوردستان خاک و تۆوی کارگ لە ئێران و تورکیا و ئێراقەوە دەهێنن بۆ کوردستان تا قارچکی تێدا بڕوێنن. هەر بۆیە گرنگیی هەبوونی سەرچاوەی زانیاریی کەڕووزانی و هەروەها ناوەند و کۆمەڵەی توێژینەوە و وانستی کەڕووزانی لە کوردستان زۆر گرنگە و دەبێ کاری بۆ بکرێت و ئارەزوومەندانی بووارەکە لە دەوری یەکتری کۆببنەوە.  تا ئەو رۆژە دێت، ئێمە درێژە بە کارکردن لەسەر ئەم ماڵپەڕە دەدەین و ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین.

پێشتر له‌ (گووگڵ سایت) ماڵپه‌ڕێكمان هه‌بوو كه‌ به‌هۆی به‌ڕۆژبوونه‌وه‌ی گووگڵ سایته‌وه‌ چۆنایه‌تییه‌كه‌ی له‌ده‌ستداوه‌؛ به‌ڵام تێده‌كۆشین هه‌موو بابه‌ته‌كانی ئه‌وێ به‌ره‌ به‌ره‌ بۆ ئێره‌ راگوێزین‌ و بەردەوامیش ئەم بڵاگە تازە بکەینەوە بە بابەتگەلی نوێ و سوودمەند و سەداسەد جێی متمانە. هەمیشە هەوڵدەدەین سەرچاوەی بابەتەکانمان لە خوارەوەی لاپەڕەکە دابنێین، تا خوێنەر لە راستیی بابەتەکە دڵنیا بێت؛ و ئەگەریش خۆی ئارەزووی بوو، لە رێگەی سەرچاوەکەوە زیاتر بە دوای بابەتەکەدا بچێت.  هەر لە سەرەتای کردنەوەی ئەم بڵاگەوە بڕیارمان دا لە بردنە سەری ئاستی بایەخ و ئیعتیبارەکەیدا هەموو هەوڵێک بدەین و کەمتەرخەمی نەکەین.  هەر بۆیە بۆ ئەوەی بڵاگەکەمان وەک هەموو سەرچاوە بایەخدارەکان بایەخی ئەکادێمیکی هەبێت، هەموو هەوڵ و کۆششی خۆمان دەخەینە کار تا پاشکۆی ئەکادێمی بۆ بەدەست بهێنین.

بەرۆژکرانەوە: ١٣\١\٢٠٢٠
بەخۆشییەوە ئەمڕۆ رایدەگەیەنین کە دوای ساڵێک لە کرانەوەی ئەم بڵاگە، توانیمان پاشکۆی ئەکادێمی بۆ مایکۆڵۆجیا کوردستانیکا تۆمار بکەین؛ و لەمەوبەدوا لەم ناونیشانەی خوارەوە بابەتەکانمان بڵاودەبنەوە.
شایانی باسە کە هێشتا لە تۆڕی فەیسبوک لاپەڕەی کارگی کەما و لاپەڕەی کۆمەڵگەی کوارگەوانانی کوردستان مان چالاکن و بەردەوام بەڕۆژدەکرێنەوە.

https://mycologiakurdistanica.academy

9.12.20

کەڕوویەک کە مێشکی زیکزیکە دەخاتە ژێر رکێفەوە



ئەم وێنەیەی کە دەیبینن وێنەی زیکزیکەیەکی ئاساییە. وەک دیارە لە دووایەوە پارچەیەکی سپیی پێوەنووساوە کە لەراستیدا کەڕووە. ئەم کەرووە ناسراوە بە ماسۆسپۆرا سیکادینا. کەڕوویەکی ئاوەزگەردان (سایکدڵیک)ە و ماددەیەکی کیمیایی تێدایە وەک ئەوەی لە کارگی جادوویی یا وەهمزادا هەیە. ئەم کەڕووە لە کۆئەندامی زاوزێی زیکزیکەی نێرینەدا گەشە دەکات و بە نێو زگ و کۆمیدا بڵاو دەبێتەوە.

هەرچەندە سێ یەکی لەشی مێرووەکە داگیردەکات بەڵام مێرووەکە نامرێت. زۆر جار مێرووەکە هەموو لەشی لەدەسدەدات و تەنیا سەری لەگەڵ چوار قاچی دەمێنێتەوە بەڵام هێشتا لە جووڵە و رۆیشتن بەردەوام دەبێت. رێک وەک ئەو فیلمە زۆمبییانە کە لە هۆڵی وود دروستدەکرەن کە مرۆڤی مردوو زیندوو دەبنەوە و پەلاماری مرۆڤە ئاساییەکان دەدەن، دەیانخۆن و دەیانکوژن.. ئەو ماددە وەهمزایەی کە لە کەڕووەکەدا هەیە کاردەکاتە سەر مێشکی مێڕووەکە و رکێفی مێشکی دەکەوێتە دەست کەڕووەکەوە. هەربۆیە بەشێوازی زیکزیکەی مێینە باڵەکانی لێکدەدات تا سەرنجی هاوچەشنە نێرینەکانی رابکێشێت. لەم کاتەدا زیکزیکە نێرەکانی تر بەشێوەی باڵ لێکدانەکانی وادەزانن ئەوە مێینەیە؛ هەربۆیە بۆ لای دەچن تا لەگەڵی جووتببن. لە کاتی لێکنزیکبوونەوەیاندا هاگ(سپۆر)ی کەڕووەکە دەگوازرێتەوە بۆ زیکزیکە ساغەکان و ئەوانیش تووش دەبن.

لە راستیدا لەم رەوشەدا زیکزیکەکە وەک مردوویەک وایە کە زیندوو بوبێتەوە و مێشکی توانستی بیرکرنەوەی لە دەست دابێت؛ هەربۆیە پێیدەڵێن زۆمبی. کەڕووەکە بەردەوام گەورە دەبێت تا سەرەنجام زیکزیکەکە دەکوژێت.  ئەم ڤیدیۆیەکی خوارەوە دیمەنی سەرنجڕاکێش و زانینبەخشی تێدایە.













8.12.20

گرنگی و بایەخی کەڕوو



کەڕوو لەو زیندەوارانەیە کە لە سەرەتای ئافران و پەیدابوونەوە بناخەی ژیانیان لەسەر گردەزەوی داڕشتووە.
کەڕووەکان نە ئاژەڵن و نە گیا؛ بەڵام زیندەوەرن. هەندێک لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانیان لە رووەک نزیکە و هەندێکیش لە ئاژەڵ. کەڕووەکان وەک ئاژەڵەکان لەکاتی هەناسە هەڵکێشاندا ئۆکسجین هەڵدەمژن و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن فڕێدەدەنە دەرەوە. هەندێکیان نێرەوەز و مێیەوەزیان هەیە و بەمشێوەیە زاوزێ دەکەن. بەڵام هەندێکیان بەشێوەی ناتوخمەزا زیاد دەبن واتە نێر و مێیان نییە. زۆر جۆر و چەشنی جیاوازی کەڕوو هەن کە دەتوانن خۆراکی خۆیان لە ژەهر دابین بکەن. جاران دەگوترا کە گەردیلەی باغە(پلاستیک) و دڵق (نایلۆن) و جیر (لاستیک) هەزار ساڵ دەخایەنێت تا لەژێر خاکدا شیدەبێتەوە و دەبێتە خاک؛ بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا لە چەند وڵاتی جیاواز کەڕووی وا دۆزرایەوە کە توانای هەیە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ئەم ماددە دژە ژینگە و ئالوودەکەرانە دابڕزێنێت و لەناویان ببات.
چەند جارێک کە گەمیە نەوتبەرەکانی وڵاتان لە دەریا و ئۆقیانووسەکاندا کون بوون و ئاوی دەریایان ئالوودە کردووە و بوونەتە مەترسی بۆ سەر ژیانی زیندەوەرانی دەریایی، کەڕوو فریا کەوتووە و ژینگەی ئۆقیانووسەکان و ژیانی زیندەوەرانی لە مەرگ و لەناوچوون خوتار کردووە. هەروەک ئاشکرایە جیا لەوە کە باشترین خۆراکی مرۆڤە، لە هەمان کاتدا زۆرێک لە کەڕووەکان وەک دەرمان و تەواویەر (سەپڵەمێنت) بۆ جۆرەها نەخۆشی بەکاردەهێنرێن و تا ئێستا زیندەکوژ (ئەنتیبایۆتیک) ێک دروستنەکراوە باشتر و کاریگەرتر بێت لە کەڕوو.

تازەترین بابەتەکان سەبارەت بە کەڕوو باس لەمە دەکەن کە کەڕووەکان دەتوانن خۆراکی خۆیان لە تیشکدانەوە ناووکی و گەردوونییەکانیش دابین بکەن. واتە دەکرێ لە دەرەوەی کەسکەماڵ(گرینهاوس)ی زەوی، واتە لەسەر هەسارەکانی تریش بژیێن و گەشەبکەن و زاوزێ بکەن و زیاد ببن. 



7.12.20

کەڕووی چێرنۆبیل دەتوانێت ئەستێرەوانان لە تیشکدانەوە گەردوونییەکان بپارێزێت


لە تازەترین وانستەدا تاقیکراوەتەوە کە وا تا چ ئاستێک چەشنەکانی کەڕووی کڵاودۆسپۆریەم سفایرۆسپێرمم تیشکە گەردوونییەکانی ئاستەنگ کردووە لەسەر وێستگەی نێونەتەوەیی کەیهانی.

تیشکدانەوەی گەردوونی گەورەترین مەترسیە بۆ سەر ژیان و سڵامەتیی ئەستێرەوانان لە ماوەی ئەرکە درێژماوەکانیاندا؛ هەربۆیە لەمێژە هەوڵ دەدرێت چارەیەک بۆ ئەم گرفتە بدۆزرێتەوە.

کەڕووی کڵاودۆسپۆریەم سفایرۆسپێرمم بەوە ناسراوە کە کاتێک تیشکدانەوەیەکی باڵای بەردەکەوێت گەشە دەکات و ئەم پێواژۆیەیش پێیدەگوترێت تیشکەپێکهاتن (رەیدیۆسێنتێسیس).  ئەم چەشنە کەڕووە تیشکەکان هەڵدەمژێت و دەیانگۆڕێت بۆ ماددەی کیمیایی و دەیانخوات.  

ئەنجامی ئەمەیش دەبێتە گەشەکردن و گەورەبوونی کەڕووەکەبۆ وێنە تیشکی گاما بە ئاسانی لەلایەن ئەم کەڕووەوە دەگۆڕدرێت  بۆ خۆراک.  

شایانی باسە کە لە رووەکەکاندا کردارێک هەیە کە ناسراوە بە کرداری رۆشنەپێکهاتن (فۆتۆسێنتێسیس)کە رووەک تیشکی رووناکیی خۆر وەردەگرێت و دەیگۆڕێت بۆ خۆراکبەڵام ئەوەی ئەم چەشنە کەڕووە دەیکات کرداری تیشکەپێکهاتنە واتە تیشکە گەردوونییەکان دەگۆڕێت بۆ خۆراک و ووزە.

لە کۆتاییدا دەرەنجامی وانستەکە پێشنیار دەکات کە چینێکی تەنک لەم چەشنە کەڕووە دەتوانێت وەک مەرتاڵێک کاریگەر بێت لە رووبەڕووبوونەوەی تیشکدانەوە گەردوونییەکاندا بۆ ئەستێرەوانەکان.


سەرچاوە:

فیزیکس 

نیو ساینتیست

فۆکس نیوز