18.12.20

قەڵاغ یا دەوەڵان



لە رۆژهەڵات بە مەڕوماڵات دەگوترا دەوڵەت.  هەربۆیە کەسێک کە مەڕ و ماڵاتی زۆری هەبووایە پێیان دەگوت دەوڵەمەند.  دەوڵەمەند واتە خاوەن دەوڵەت، خاوەن مەڕ و ماڵاتی زۆر.  زۆر جار دەیانگوت مەڕ و ماڵات پاشەرۆیەکەیشی هەر زێڕە.  مەبەستیان ئەمە بوو کە پاشەرۆیەکەیشی بەخۆڕایی ناچێت و سوودی لێوەردەگیرێت.  لە زمانی کوردیدا چەندین واژەی جیاواز هەیە کە واتای پاشەرۆی ئاژەڵ دەبەخشێت وەک: ریخ، سنێر، سەنیر، شیاکە، لاس، تەپکەلاس، ساهیک، سەرگین، کشپەڵ، پشقڵ  وتاد.. بە پاشەرۆی وشکبوو دەڵێن تەپاڵە یا دەوەدەشتی.  زۆر جاریش تەپاڵە وەک ناوێکی گشتی بۆ پاشەرۆی ئاژەڵ بەکاردەهێنرێت.

لە زۆربەی ناوچەکانی موکریان و ورمێ و بەشێکی ئەردەڵانیش لە وەرزی گەرمادا خەڵکی لادێکان پاشەرۆی ئاژەڵەکانیان کۆدەکردەوە بۆ مەبەستی بەکارهێنانی وەک سووتەمەنی.  ئەمەیش وەک ئەرکێکی ژنان بوو.  پاشەرۆکەیان کۆدەکردەوە و ئاویان بەسەردادەکرد و وەک قوڕ هەڵیاندەشێلا و جارێکی تر لە شێوەی هێلەکەیی یا بازنەیی و قەبارەی جیاوازدا دایاندەڕشتەوە و لەبەر خۆرەتاو ووشکیان دەکردەوە.  بەکارهێنانی پاشەڕۆی ئاژەڵ بەتایبەتی مەڕو بزن و مانگا وەک سووتەمەنی تایبەت بە رۆژهەڵاتی کوردستان نییە.  لە ووڵاتانی ئاسیای رۆژهەڵاتیش وەک نیپاڵ، هیندوستان، بانگلادێش و هەروەها پاکستان و ئازەربایجان و تاد.. پاشەرۆی ئاژەڵ بۆ خۆگەرمکردنەوە و چێشت و نان پێژان بەکاردەهێنرێت..

بە پاشەرۆی هەڵشێلدراوی داڕێژراویان دەگوت دەوە. دووای ووشکبوونەوە، بە شێوەی هەرەوەزی یا دەسەوام هەموو دەوەکانیان کۆدەکردەوە و لە شێوەی بینا و وارخانێکی جوان دایاندەمەزراند.  بێگومان ژنی هونەرمەند و دەسڕەنگین هەبوون کە کاری بیناسازییەکەیان دەکرد.  بۆ پاراستنی دەوەکان لە تەڕبوون و تلیسانەوە بەهۆی بەفر و باران، هەر بە پاشەرۆی ئاژەڵ رووکاری دەرەوەی بیناکەیان سوواق دەدا.  لەبیرمە زۆر جار لەتکە ئاوێنە و شووشەی رەنگاورەنگیان لە دیوی دەرەوەی قەڵاخەکە دەچەسپاند بۆ مەبەستی جوانی و چاوەزار.  بیناکە لە هەر ناوچەیەک ناوی تایبەت بەخۆی هەبوو، لە ناوچەی پیرانشار پێیان دەگوت قەڵاخ، قاڵاخ ، قەڵاغ یا قڵاغ.  هەروەها دەوەڵان و کۆشکەڵانیشی پێدەگوترێت.  گوایە ئە م واژەیە تورکییە و  تورکە ئازەربایجانیەکان پێیدەڵێن قالاق واتە کۆما یا کۆگا.  قەڵاخ تا سەرەتاکانی دەیەی ١٩٩٠ هەر مابوو، بەڵام لەوە بە دوواوە بەرەبەرە کەمبوویەوە؛ و رەنگە ئێستا نەمابێت.

پاشەرۆی ئاژەڵ لەو وڵاتانەی کە وەک بەرهەمهێنەری گۆشت و سپیایی ناسراون، یەکێکە لە گرفتە ژینگەییەکان.  لەلایەکەوە راددەیەکی زۆر لە گازی میتان و نایترۆجینی لێوە دەردەچێت کە زیانی بۆ مرۆڤ و زیندەوەرەکانی تر هەیە و لەلایەکی تریشەوە وەک پاشماوەیەک ژینگە دژووندەکات و زۆرجار وەک زبڵ و کرش رەفتاری لەگەڵ دەکرێت و دەسووتێنرێت و دووکەڵەکەی هەوا پیسدەکات بێ ئەوەی سوودێکی لێوەربگیرێت. راستە لە ساڵانی پێشوویشدا دەسووتێنرا بەڵام ئەو کاتە لەبری نەوت و کارەبا و گاز کەڵکی لێوەردەگیرا و بۆ گەرمکردنەوە و نان وچێشت و تەنانەت بۆ گەرمکردنی کوورەی سوواڵەت و خشت سوورکردنەوەیش بەکاردەهێنرا. 


سەرچاوە:

خاڵە کوارگەوان



No comments:

Post a Comment