18.12.20

قەڵاغ یا دەوەڵان



لە رۆژهەڵات بە مەڕوماڵات دەگوترا دەوڵەت.  هەربۆیە کەسێک کە مەڕ و ماڵاتی زۆری هەبووایە پێیان دەگوت دەوڵەمەند.  دەوڵەمەند واتە خاوەن دەوڵەت، خاوەن مەڕ و ماڵاتی زۆر.  زۆر جار دەیانگوت مەڕ و ماڵات پاشەرۆیەکەیشی هەر زێڕە.  مەبەستیان ئەمە بوو کە پاشەرۆیەکەیشی بەخۆڕایی ناچێت و سوودی لێوەردەگیرێت.  لە زمانی کوردیدا چەندین واژەی جیاواز هەیە کە واتای پاشەرۆی ئاژەڵ دەبەخشێت وەک: ریخ، سنێر، سەنیر، شیاکە، لاس، تەپکەلاس، ساهیک، سەرگین، کشپەڵ، پشقڵ  وتاد.. بە پاشەرۆی وشکبوو دەڵێن تەپاڵە یا دەوەدەشتی.  زۆر جاریش تەپاڵە وەک ناوێکی گشتی بۆ پاشەرۆی ئاژەڵ بەکاردەهێنرێت.

لە زۆربەی ناوچەکانی موکریان و ورمێ و بەشێکی ئەردەڵانیش لە وەرزی گەرمادا خەڵکی لادێکان پاشەرۆی ئاژەڵەکانیان کۆدەکردەوە بۆ مەبەستی بەکارهێنانی وەک سووتەمەنی.  ئەمەیش وەک ئەرکێکی ژنان بوو.  پاشەرۆکەیان کۆدەکردەوە و ئاویان بەسەردادەکرد و وەک قوڕ هەڵیاندەشێلا و جارێکی تر لە شێوەی هێلەکەیی یا بازنەیی و قەبارەی جیاوازدا دایاندەڕشتەوە و لەبەر خۆرەتاو ووشکیان دەکردەوە.  بەکارهێنانی پاشەڕۆی ئاژەڵ بەتایبەتی مەڕو بزن و مانگا وەک سووتەمەنی تایبەت بە رۆژهەڵاتی کوردستان نییە.  لە ووڵاتانی ئاسیای رۆژهەڵاتیش وەک نیپاڵ، هیندوستان، بانگلادێش و هەروەها پاکستان و ئازەربایجان و تاد.. پاشەرۆی ئاژەڵ بۆ خۆگەرمکردنەوە و چێشت و نان پێژان بەکاردەهێنرێت..

بە پاشەرۆی هەڵشێلدراوی داڕێژراویان دەگوت دەوە. دووای ووشکبوونەوە، بە شێوەی هەرەوەزی یا دەسەوام هەموو دەوەکانیان کۆدەکردەوە و لە شێوەی بینا و وارخانێکی جوان دایاندەمەزراند.  بێگومان ژنی هونەرمەند و دەسڕەنگین هەبوون کە کاری بیناسازییەکەیان دەکرد.  بۆ پاراستنی دەوەکان لە تەڕبوون و تلیسانەوە بەهۆی بەفر و باران، هەر بە پاشەرۆی ئاژەڵ رووکاری دەرەوەی بیناکەیان سوواق دەدا.  لەبیرمە زۆر جار لەتکە ئاوێنە و شووشەی رەنگاورەنگیان لە دیوی دەرەوەی قەڵاخەکە دەچەسپاند بۆ مەبەستی جوانی و چاوەزار.  بیناکە لە هەر ناوچەیەک ناوی تایبەت بەخۆی هەبوو، لە ناوچەی پیرانشار پێیان دەگوت قەڵاخ، قاڵاخ ، قەڵاغ یا قڵاغ.  هەروەها دەوەڵان و کۆشکەڵانیشی پێدەگوترێت.  گوایە ئە م واژەیە تورکییە و  تورکە ئازەربایجانیەکان پێیدەڵێن قالاق واتە کۆما یا کۆگا.  قەڵاخ تا سەرەتاکانی دەیەی ١٩٩٠ هەر مابوو، بەڵام لەوە بە دوواوە بەرەبەرە کەمبوویەوە؛ و رەنگە ئێستا نەمابێت.

پاشەرۆی ئاژەڵ لەو وڵاتانەی کە وەک بەرهەمهێنەری گۆشت و سپیایی ناسراون، یەکێکە لە گرفتە ژینگەییەکان.  لەلایەکەوە راددەیەکی زۆر لە گازی میتان و نایترۆجینی لێوە دەردەچێت کە زیانی بۆ مرۆڤ و زیندەوەرەکانی تر هەیە و لەلایەکی تریشەوە وەک پاشماوەیەک ژینگە دژووندەکات و زۆرجار وەک زبڵ و کرش رەفتاری لەگەڵ دەکرێت و دەسووتێنرێت و دووکەڵەکەی هەوا پیسدەکات بێ ئەوەی سوودێکی لێوەربگیرێت. راستە لە ساڵانی پێشوویشدا دەسووتێنرا بەڵام ئەو کاتە لەبری نەوت و کارەبا و گاز کەڵکی لێوەردەگیرا و بۆ گەرمکردنەوە و نان وچێشت و تەنانەت بۆ گەرمکردنی کوورەی سوواڵەت و خشت سوورکردنەوەیش بەکاردەهێنرا. 


سەرچاوە:

خاڵە کوارگەوان



12.12.20

ماڵەوە


ئه‌مڕۆ ١٠ی جانیوه‌ری ٢٠١٩ ئه‌م بڵاگه‌ كرایه‌وه‌ بۆ خزمه‌ت به‌ بوواری كه‌ڕووزانی و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌م بواره‌دا به‌ زمانی شیرینی كوردی.  هەمووان ئاگادارن کە نە گۆڤارێک، نە ماڵپەڕێکی کوردی، نە لە کوردستان و نە لەهەندەران نییە کە تەرخان کرابێت بۆ کەڕووزانی و بایەخدان بە کوارگ و دۆمەڵان و پزلیک؛ کە لەم سەردەمەدا رۆژ بە رۆژ گرنگییەکەیان پتر دەردەکەوێت.  هێشتا لە کوردستان رێکخراوێک یا کۆمەڵەیەکی کەڕووزانی یا کوارگەوانی نییە؛ و هیچ سەرچاوەیەکی زانستیی کەڕووزانیشمان بە زمانی کورد نییە، تا خوێندکاران بۆ درێژەدانی وانەکانیان سوودی لێوەربگرن.  هێشتا هیچکەس نازانێت لە کوردستان چەند جۆرە قارچکمان هەیە و کامیان خواردەنییە و کامیان دەرمانی یا ژەهراویییە.  هێشتا کوارگەوانانی کوردستان خاک و تۆوی کارگ لە ئێران و تورکیا و ئێراقەوە دەهێنن بۆ کوردستان تا قارچکی تێدا بڕوێنن. هەر بۆیە گرنگیی هەبوونی سەرچاوەی زانیاریی کەڕووزانی و هەروەها ناوەند و کۆمەڵەی توێژینەوە و وانستی کەڕووزانی لە کوردستان زۆر گرنگە و دەبێ کاری بۆ بکرێت و ئارەزوومەندانی بووارەکە لە دەوری یەکتری کۆببنەوە.  تا ئەو رۆژە دێت، ئێمە درێژە بە کارکردن لەسەر ئەم ماڵپەڕە دەدەین و ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین.

پێشتر له‌ (گووگڵ سایت) ماڵپه‌ڕێكمان هه‌بوو كه‌ به‌هۆی به‌ڕۆژبوونه‌وه‌ی گووگڵ سایته‌وه‌ چۆنایه‌تییه‌كه‌ی له‌ده‌ستداوه‌؛ به‌ڵام تێده‌كۆشین هه‌موو بابه‌ته‌كانی ئه‌وێ به‌ره‌ به‌ره‌ بۆ ئێره‌ راگوێزین‌ و بەردەوامیش ئەم بڵاگە تازە بکەینەوە بە بابەتگەلی نوێ و سوودمەند و سەداسەد جێی متمانە. هەمیشە هەوڵدەدەین سەرچاوەی بابەتەکانمان لە خوارەوەی لاپەڕەکە دابنێین، تا خوێنەر لە راستیی بابەتەکە دڵنیا بێت؛ و ئەگەریش خۆی ئارەزووی بوو، لە رێگەی سەرچاوەکەوە زیاتر بە دوای بابەتەکەدا بچێت.  هەر لە سەرەتای کردنەوەی ئەم بڵاگەوە بڕیارمان دا لە بردنە سەری ئاستی بایەخ و ئیعتیبارەکەیدا هەموو هەوڵێک بدەین و کەمتەرخەمی نەکەین.  هەر بۆیە بۆ ئەوەی بڵاگەکەمان وەک هەموو سەرچاوە بایەخدارەکان بایەخی ئەکادێمیکی هەبێت، هەموو هەوڵ و کۆششی خۆمان دەخەینە کار تا پاشکۆی ئەکادێمی بۆ بەدەست بهێنین.

بەرۆژکرانەوە: ١٣\١\٢٠٢٠
بەخۆشییەوە ئەمڕۆ رایدەگەیەنین کە دوای ساڵێک لە کرانەوەی ئەم بڵاگە، توانیمان پاشکۆی ئەکادێمی بۆ مایکۆڵۆجیا کوردستانیکا تۆمار بکەین؛ و لەمەوبەدوا لەم ناونیشانەی خوارەوە بابەتەکانمان بڵاودەبنەوە.
شایانی باسە کە هێشتا لە تۆڕی فەیسبوک لاپەڕەی کارگی کەما و لاپەڕەی کۆمەڵگەی کوارگەوانانی کوردستان مان چالاکن و بەردەوام بەڕۆژدەکرێنەوە.

https://mycologiakurdistanica.academy

9.12.20

کەڕوویەک کە مێشکی زیکزیکە دەخاتە ژێر رکێفەوە



ئەم وێنەیەی کە دەیبینن وێنەی زیکزیکەیەکی ئاساییە. وەک دیارە لە دووایەوە پارچەیەکی سپیی پێوەنووساوە کە لەراستیدا کەڕووە. ئەم کەرووە ناسراوە بە ماسۆسپۆرا سیکادینا. کەڕوویەکی ئاوەزگەردان (سایکدڵیک)ە و ماددەیەکی کیمیایی تێدایە وەک ئەوەی لە کارگی جادوویی یا وەهمزادا هەیە. ئەم کەڕووە لە کۆئەندامی زاوزێی زیکزیکەی نێرینەدا گەشە دەکات و بە نێو زگ و کۆمیدا بڵاو دەبێتەوە.

هەرچەندە سێ یەکی لەشی مێرووەکە داگیردەکات بەڵام مێرووەکە نامرێت. زۆر جار مێرووەکە هەموو لەشی لەدەسدەدات و تەنیا سەری لەگەڵ چوار قاچی دەمێنێتەوە بەڵام هێشتا لە جووڵە و رۆیشتن بەردەوام دەبێت. رێک وەک ئەو فیلمە زۆمبییانە کە لە هۆڵی وود دروستدەکرەن کە مرۆڤی مردوو زیندوو دەبنەوە و پەلاماری مرۆڤە ئاساییەکان دەدەن، دەیانخۆن و دەیانکوژن.. ئەو ماددە وەهمزایەی کە لە کەڕووەکەدا هەیە کاردەکاتە سەر مێشکی مێڕووەکە و رکێفی مێشکی دەکەوێتە دەست کەڕووەکەوە. هەربۆیە بەشێوازی زیکزیکەی مێینە باڵەکانی لێکدەدات تا سەرنجی هاوچەشنە نێرینەکانی رابکێشێت. لەم کاتەدا زیکزیکە نێرەکانی تر بەشێوەی باڵ لێکدانەکانی وادەزانن ئەوە مێینەیە؛ هەربۆیە بۆ لای دەچن تا لەگەڵی جووتببن. لە کاتی لێکنزیکبوونەوەیاندا هاگ(سپۆر)ی کەڕووەکە دەگوازرێتەوە بۆ زیکزیکە ساغەکان و ئەوانیش تووش دەبن.

لە راستیدا لەم رەوشەدا زیکزیکەکە وەک مردوویەک وایە کە زیندوو بوبێتەوە و مێشکی توانستی بیرکرنەوەی لە دەست دابێت؛ هەربۆیە پێیدەڵێن زۆمبی. کەڕووەکە بەردەوام گەورە دەبێت تا سەرەنجام زیکزیکەکە دەکوژێت.  ئەم ڤیدیۆیەکی خوارەوە دیمەنی سەرنجڕاکێش و زانینبەخشی تێدایە.













8.12.20

گرنگی و بایەخی کەڕوو



کەڕوو لەو زیندەوارانەیە کە لە سەرەتای ئافران و پەیدابوونەوە بناخەی ژیانیان لەسەر گردەزەوی داڕشتووە.
کەڕووەکان نە ئاژەڵن و نە گیا؛ بەڵام زیندەوەرن. هەندێک لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانیان لە رووەک نزیکە و هەندێکیش لە ئاژەڵ. کەڕووەکان وەک ئاژەڵەکان لەکاتی هەناسە هەڵکێشاندا ئۆکسجین هەڵدەمژن و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن فڕێدەدەنە دەرەوە. هەندێکیان نێرەوەز و مێیەوەزیان هەیە و بەمشێوەیە زاوزێ دەکەن. بەڵام هەندێکیان بەشێوەی ناتوخمەزا زیاد دەبن واتە نێر و مێیان نییە. زۆر جۆر و چەشنی جیاوازی کەڕوو هەن کە دەتوانن خۆراکی خۆیان لە ژەهر دابین بکەن. جاران دەگوترا کە گەردیلەی باغە(پلاستیک) و دڵق (نایلۆن) و جیر (لاستیک) هەزار ساڵ دەخایەنێت تا لەژێر خاکدا شیدەبێتەوە و دەبێتە خاک؛ بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا لە چەند وڵاتی جیاواز کەڕووی وا دۆزرایەوە کە توانای هەیە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ئەم ماددە دژە ژینگە و ئالوودەکەرانە دابڕزێنێت و لەناویان ببات.
چەند جارێک کە گەمیە نەوتبەرەکانی وڵاتان لە دەریا و ئۆقیانووسەکاندا کون بوون و ئاوی دەریایان ئالوودە کردووە و بوونەتە مەترسی بۆ سەر ژیانی زیندەوەرانی دەریایی، کەڕوو فریا کەوتووە و ژینگەی ئۆقیانووسەکان و ژیانی زیندەوەرانی لە مەرگ و لەناوچوون خوتار کردووە. هەروەک ئاشکرایە جیا لەوە کە باشترین خۆراکی مرۆڤە، لە هەمان کاتدا زۆرێک لە کەڕووەکان وەک دەرمان و تەواویەر (سەپڵەمێنت) بۆ جۆرەها نەخۆشی بەکاردەهێنرێن و تا ئێستا زیندەکوژ (ئەنتیبایۆتیک) ێک دروستنەکراوە باشتر و کاریگەرتر بێت لە کەڕوو.

تازەترین بابەتەکان سەبارەت بە کەڕوو باس لەمە دەکەن کە کەڕووەکان دەتوانن خۆراکی خۆیان لە تیشکدانەوە ناووکی و گەردوونییەکانیش دابین بکەن. واتە دەکرێ لە دەرەوەی کەسکەماڵ(گرینهاوس)ی زەوی، واتە لەسەر هەسارەکانی تریش بژیێن و گەشەبکەن و زاوزێ بکەن و زیاد ببن. 



7.12.20

کەڕووی چێرنۆبیل دەتوانێت ئەستێرەوانان لە تیشکدانەوە گەردوونییەکان بپارێزێت


لە تازەترین وانستەدا تاقیکراوەتەوە کە وا تا چ ئاستێک چەشنەکانی کەڕووی کڵاودۆسپۆریەم سفایرۆسپێرمم تیشکە گەردوونییەکانی ئاستەنگ کردووە لەسەر وێستگەی نێونەتەوەیی کەیهانی.

تیشکدانەوەی گەردوونی گەورەترین مەترسیە بۆ سەر ژیان و سڵامەتیی ئەستێرەوانان لە ماوەی ئەرکە درێژماوەکانیاندا؛ هەربۆیە لەمێژە هەوڵ دەدرێت چارەیەک بۆ ئەم گرفتە بدۆزرێتەوە.

کەڕووی کڵاودۆسپۆریەم سفایرۆسپێرمم بەوە ناسراوە کە کاتێک تیشکدانەوەیەکی باڵای بەردەکەوێت گەشە دەکات و ئەم پێواژۆیەیش پێیدەگوترێت تیشکەپێکهاتن (رەیدیۆسێنتێسیس).  ئەم چەشنە کەڕووە تیشکەکان هەڵدەمژێت و دەیانگۆڕێت بۆ ماددەی کیمیایی و دەیانخوات.  

ئەنجامی ئەمەیش دەبێتە گەشەکردن و گەورەبوونی کەڕووەکەبۆ وێنە تیشکی گاما بە ئاسانی لەلایەن ئەم کەڕووەوە دەگۆڕدرێت  بۆ خۆراک.  

شایانی باسە کە لە رووەکەکاندا کردارێک هەیە کە ناسراوە بە کرداری رۆشنەپێکهاتن (فۆتۆسێنتێسیس)کە رووەک تیشکی رووناکیی خۆر وەردەگرێت و دەیگۆڕێت بۆ خۆراکبەڵام ئەوەی ئەم چەشنە کەڕووە دەیکات کرداری تیشکەپێکهاتنە واتە تیشکە گەردوونییەکان دەگۆڕێت بۆ خۆراک و ووزە.

لە کۆتاییدا دەرەنجامی وانستەکە پێشنیار دەکات کە چینێکی تەنک لەم چەشنە کەڕووە دەتوانێت وەک مەرتاڵێک کاریگەر بێت لە رووبەڕووبوونەوەی تیشکدانەوە گەردوونییەکاندا بۆ ئەستێرەوانەکان.


سەرچاوە:

فیزیکس 

نیو ساینتیست

فۆکس نیوز

31.5.20

بزانە دۆمەڵان چیە و بۆچی باشە؟

ناوی زانستی : Terefezia 
ئاری عومەر

دۆمەڵان له‌جیهانی زینده‌وه‌ردا به‌ كه‌ڕوو داده‌نرێت ، له‌ ناوچه‌ بیابان و ده‌شت و بانه‌ لماویه‌كان زۆره‌ ، زیاتر له‌ ٣٠ جۆری هه‌یه‌ ، له‌ ژێر زه‌وی گه‌شه‌ده‌كات وه‌كوو په‌تاته‌ گرۆییه‌ ، هه‌یانه‌ رووكاری لووسه‌ هه‌شه‌ گڕنی گڕنیه‌ ، ره‌نگی له‌ نێوان بۆر و قاوه‌یی دایه‌ جار هه‌یه‌ قاوه‌ییه‌كه‌ی تۆخه‌ ، ب
رووسكه‌ی پایزی زۆر گرنگه‌ بۆ دۆمەڵان ، له‌دوای باران بارینی به‌هار په‌یدا ده‌بیت ، له‌ شوێنی خۆی زه‌ویه‌كه‌ شه‌ق ده‌كات له‌ قولی ٥-١٥ سم ده‌توانیت بیدۆزیته‌وه‌ ، له‌ بیابان زیاتر له‌ ده‌وری رووه‌كێك سەوز ده‌بێت عه‌ره‌ب پێی ده‌لێن الرقروق وابزانم لای ئێمه‌ پێی ده‌لێن قاپه‌شینكه‌ ، له‌ده‌وری هه‌ر رووه‌كێك له‌نێوان ١٠-٢٠ دانە ده‌روێن ، كه‌لاوانه‌یه‌ قه‌باره‌یان له‌ نێوان ده‌نكه‌ زه‌یتونه‌ك هه‌تا پرته‌قالێكی لێ‌ بیت ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆنی دۆمەڵان خۆشه‌ بۆیه‌ مێروو و به‌تایبه‌تی باله‌فره‌كان به‌ده‌وری دا ده‌فرن ، مانای وایه‌ نیشانه‌ی بوونی دۆمەڵانە ،

دۆمەڵان به‌سرووشتی سەوز ده‌بێت ، زۆر به‌سووده‌ بۆ مرۆڤ له‌به‌رئه‌وه‌ی ٪٩ پێكهاته‌كه‌ی پرۆتینه‌ و ٪١٣ كاربۆهیدراته‌و ٪١ چه‌وریه‌ و ئه‌وانی تری كالسیۆم و پۆتاسیۆم و فسفۆرو سۆدیۆمه‌ و له‌گه‌ل بوونی ڤیتامینی ب١+٢ تێدایه‌ بۆیه‌ خەلك خاوێنی ده‌كه‌نه‌وه‌و له‌ ناو رۆن ده‌یكۆلێنن ، یاخود وه‌ك و گۆشت له‌سه‌ر برنج داده‌نرێت یان سوورده‌كرێته‌وه‌ له‌ ناو رۆن ، بۆ زۆر نه‌خۆشی به‌كاردێت به‌تایبه‌تی ئاوه‌كه‌ی له‌ ناو چاو ده‌كرێت بۆ تراخۆما ، هه‌روه‌ها له‌گه‌ل خواردنی دۆمەڵان باش نیه‌ ئاوی سارد بخۆی چونكه‌ زیان به‌ گه‌ده‌ ده‌گه‌یه‌نێت ، ده‌شلێن ئه‌گه‌ر كه‌سێك دۆمەڵانی خواردبیت و له‌و كاته‌ مار یان دووپشك پێی وه‌بدات له‌وانه‌یه‌ بمرێ

https://www.facebook.com/Arikurdsat/


Ari Omar

تێبینی:  ناوەرۆکی ئەم بابەتە لەلایەن مایکۆڵۆجیا کوردستانیکاوە پشتڕاست نەکراوەتەوە

28.5.20

نیتگزانی

بابەتێکی گرنگ و سادە سەبارەت بە نیتگ (ڤایرەس)
لەلایەن د. زەمانە حاجیخزری


14.5.20

کوارگە ئێڕانیەکان

لیزگەی ئەو جۆرە کوارگانەی ناوی ئێرانیان لێنراوە:
لە ساڵی ١٩٣٩ بە دوواوە کە ئێرانییەکان دەستیان کرد بە سۆراغ و گەڕان بە شوێن کوارگ و کەڕووەکانیاندا، دەستیانکرد بە ناولێنانیان و تا ئێستا ٤٠ جۆر قارچکیان بە پاشگری ئێرانییەوە ناساندووە.





  • Iraniella rechingeri Petr. (1949),
  • Aecidium iranicum Petr. & M.L. Lohman (1974)
  • Alternaria iranica E.G. Simmons & Y. Ghosta (2007)
  • Aplosporella iranica Petr. (1949)
  • Barriopsis iraniana Abdollahzadeh, Zare & A.J.L. Phillips (2009)
  • Coelomomyces iranii Weiser, Zaim & Saebi (1991)
  • Coniothyrium iranicum Esfand. (1947)
  • Cordyceps irangiensis Moureau (1961)
  • Cyanopatella iranica Petr. (1949), 
  • Didymella iranica Petr. (1942)
  • Didymosphaeria iranica Petr. (1965)
  • Diplodina iranica Esfand. (1951)
  • Helminthosporium iranicum Esfand. (1951)
  • Lecidea iranica Szatala (1939)
  • Melasmia iranica Svrček (1980)
  • Neosphaeropsis iranica Esfand. (1947)
  • Ophiocordyceps irangiensis (Moureau) G.H. Sung, J.M. Sung, Hywel-Jones & Spatafora 
  • Ovularia iranica Petr. (1953)
  • Peronospora iranica Petr. & Esfand. (1941)
  • Phaeoacremonium iranianum L. Mostert, Gräfenhan, W. Gams & Crous (2006), [RSD]
  • Phragmidium iranicum Petr. & Esfand. (1941)
  • Physcia iranica (Szatala) Szatala (1957)
  • Phytophthora iranica Ershad (1971)
  • Placidium iranicum Szatala (1954)
  • Ramularia iranica Petr. (1949)
  • Stagonospora iranica Petr. & Esfand. (1941)
  • Stemphylium iranicum Esfand. (1950)
  • Teichospora iranica Petr. (1949)
  • Tranzschelia iranica M. Abbasi & Gjaerum (1997), [RSD]
  • Tranzscheliella iranica (Syd.) Vánky (2009)
  • Uromyces iranensis Vienn.-Bourg. (1956)
  • Ustilago iranica Syd. (1939)
  • Valsa iranica Ashkan & Hedjar. (1982)
  • Volvaria iranica Fallahyan (1973)
  • Volvariella iranica (Fallahyan) M.Z. Szczepka (2000)
  • Zignoëlla iranica Petr. (1949)
  • Zythia iranica Petr. (1942)
  • Puccinia passerinii var. iranica M. Abbasi, Hedjar. & Gjaerum (1993)


  • سەرچاوە:





  • 16.4.20

    فەرهەنگۆکی کەڕووزانی

    https://drive.google.com/file/d/11bIu2MIS0nzqeepuGiec1SttkN94L38B/view?usp=sharing
    ئەم پەرتووکە لەژێر کارکردندایە و هیوادارین تا ساڵی ٢٠٢٢ بگاتە قۆناغی چاپ.


    ئا
    ئاسکۆمایکۆتا = لکێکی شانشینی کەڕووەکانە کە لەگەڵ باسیدیۆمایکۆتا بن شانشینی دایکاریا پێکدەهێنن. ئەندامەکانیان ناسراون بە کەڕووە هەگبەدارەکان یا ئاسکۆمایسیتیس. هەگبەدارەکان دۆمبەڵانەکان دەگرێتە خۆ کە هاگەکانیان لە هەگبەکاندا هەڵدەگرن.
    ئاڵگای = Algae
    ئاگار = Agar
    ئامیان = Yeast
    ئاولەمە = Embryo
    ئاوس = 
    ئورگ = Root
    ئەتەم، گەرای وەگیانهاتوو = Germ
    ئاژوون = برش؛ پرک؛ پرگ؛ کەڕاکه؛ کەڕۆ؛ کەڕوو؛ کەڕەکه؛ کەڕەکیفه؛ کەڕەوه؛ کەڕێ، کڕک 



    ئاژار = بەرهەمی زەوی
    ئەستێور، ئەستەویر = 
    ئەتەمین، هەڵاڵدان، باسرغەدان، چەکەرەدان = Germinate, Germination



    ئە

    ئەتەم = Germ, Bug بەشێک لە زیندەندامێک کە دەتوانێ گەشەبکات بۆ  یەکێکی نوێ یا بەشێک لە زیندەندامێکی نوێ.   کۆرپەڵە لە تۆوی دانەوێڵەدا. قۆناغێکی بنچینەیی کە لەودا بۆی هەیە شتێک گەشە بکات.
    ئەکواکەڵچەر = بەخێوکردنی رووەک و زیندەوەر لە لەژێر ئاودا
    ئەکواپۆنیک = بەخێوکردنی سەوزی لەسەر ئاو و ماسی و گیانەوەریش لە ژێر ئاوەکەدا
    ئەگاریکاسیا  = ئەمانە خێزانێکی کەڕووی باسیدۆمایسیتن کە جسنی ئەگاریکوسیش دەگرنە خۆ.
    ئەگاریکوس = جسنێکی کوارگە پێکهاتووە لە ژەهراوی و خۆراکی و نزیکەی ٣٠٠ ئەندامی هەیە لە هەموو جیهاندا.
    ئەگاریکاڵس = تیرەیەکی کوارگە کە پێکهاتووە لە ٣٣ خێزان، ٤١٣جسن و پتر لە ١٣٠٠٠ جۆری وەسفکراو.  ئەگاریکاڵس هەروەها بە کوارگە پەڕدارەکان یا یوگاریکسیش ناسراوە.  ژمارەیەک لە کوارگە ئاگاریکوسەکان کە لە زمانی گشتی دا بە قارچکی گیا یا کوارگی ناومێرگان ناسراون ئەمانەن: ئەگاریکوس بیسپۆروس، ئەگاریکوس بێرناردی، ئەگاریکوس کامپێستریس، ئەگاریکوس بایتۆرکیز.
    ئەگاریکۆمایسیتیس = ئەمانە پۆلێکی کەڕووەکانن لە کەرتی باسیدیۆمایکۆتا.



    ئو


    ئۆ
    ئۆمنیڤۆر = Omnivore

    ئی
    ئیتیۆڵۆجی = هۆکارزانی = اسیب شناسی = Etiology

    ئێ


    ب
    باسرغە =
    برش = Mould
    بەژن = Stalk
    بەرەما = Principles
    بەکتیریا = Bacterium
    بەکتیریازانی = Bacteriology
    باڵا =
    باڵابەر = Lift, Elevator
    باسیدیۆمایکۆتا = لەگەڵ ئاسکۆمایکۆتا یەکێکە لە دوو کەرتە گەورەکە کە بن شانسینی دایکاریا پێکدەهێنن. باسیدیۆمایکۆتا سێ یەکی قارچکەکان دەگرێتە خۆ کە ژمارەیان دەوروبەری ٣٠،٠٠٠ دانەیە. بۆنموونە کڵاودارەکان، لینجەکان، کاسەییەکان و قۆچ بۆگەن و تاد...
    بەڵیان، بەڵیاندن = رازی، رازیکردن
    بندین = تەختی چۆم یا دەریا
    بن_ = Sub
    بیسپۆروس = Bisporus
    بیستەرۆک =
    بێتان، بێتانە = هێلانەی سمۆرە


    پ
    پزلیک = پسڵە، تسڵە، تسڵە وەرگانە، گونجەفسPuffball
    پسڵە = بڕوانە پزلیک
    پەڕین = 
    پۆرکین: Germinate
    پۆل = class
    پۆلاندن =
    پۆلێنکردن = Classification
    پەردە =
    پلورۆتوس = Pleurotus
    پلورۆتوس ئۆستریتوس = کارگی سەدەف
    پێکوڕە = Pupa
    مایندەکشت = Permaculture


    ت
    تاساندن = Shock
    توخمارە، گەرا = Spawn
    تۆرەمە = 
    هاگ پژێنی = 
    تەرز = جۆر، چەشن
    تیرە = Order
    توێژاڵ = Membrane
    ترامێتیس ڤێرسیکەڵەر = Trametis versicoloured
    تەوقە = دەسەومووچان، چەپەک، دەسێنە، دەسەوشێ
    تسڵە = بڕوانە پزلیک
    تسڵە وەرگانە = بڕوانە پزلیک
    تێزاندن = Inoculate
    تەپاڵە، دەوە دەشتی = 
    تەرس، تەرسەقول، قەرسەقول، تەپکەلاس، سەرکل، تەرسل = 

    ج
    جسن = Genus
    جیهان = Domain
    جۆر = Species
    جلەشین = کەزیکانی = Algae



    چ
    چاگا = Chaga
    چڕێژ = Concentrate
    چڕشت = Focus
    چەییگ =
    چڵەوەزی = Cutting, Grafting


    ح



    خ
    خاما = Ms
    خێزەرە = 
    خێزان = 
    خەنەتیلکە = گلسنگ
    خوری جندە = قەوزەی سەر ئاو
    خولپاتە = سووڕپاتە، گەرپاتە = Recycle
    خرز، خەرز، گەرا = Spawn
    خزگە = bed
    خشک = هەزارپێ 
    خەساندن = 



    د
    دەزوو، مەچیر، هەچیر = 
    دەزوولە =
    دری = Tag
    دەویان = معاینەی جسم
    دیتەرۆک =
    دەوە، تەپکە = 



    ر
    ریشاڵ = Fibre
    رێنج = کرمی گیابڕ، caterpillar
    رسکان = Grow
    رەچەڵەک = Origin
    رەگاژۆ = Ruining roots
    رەسەن = Original
    راژک = Tuber
    رۆسولا = Rosulla
    ریخ ، شیاکە، سەنێر، لاس، تەپەلاس، سەورۆ = Cow manure
    ریزەندام = Micro organism



    ز
    زایەند = Gender
    زایگۆت = Zygote
    زچلە = Germ, bug .  زیندەندام، بەتایبەتی زیندەندامێک کە دەبێتە هۆی بیماری.
    زیندەندام = Living organism
    زڕ = Fake, Artificial
    زلکەڕوو = Macrofungi




    ژ
    ژوور_ = Ultra
    ژێروانکە = Nappy



    س
    سان = Order
    سرکە = Vinegar



    ش
    شانشین = Kingdom
    شانە = Gill


    ع


    غ


    ف
    فرەپات = Multiple
    فەریک =
    فیقەرۆش = بۆلیتوس ئیدیوولەس
    فسەگور = Lycoperdon sp.)
    فسە کووچکان =  Lycoperdon sp.)


    ڤ
    ڤاکسین = Vaccine

    ق
    قارچک = بڕوانە کارگ
    قەوزە = Lichen فتریک، کەوز، کەڤز
    قەف = Ring
    قەد، بەژن = Stalk
    قۆزاخە = Cocoon
    قەلاس = Weed
    قۆزاخە = Pupa
    قەڵانگ = Hook



    ک
    کابە، بەلال = corn cob
    کابێنە = شۆرباوی بە ماش و گوڵەدان
    کارۆک = بڕوانە کارگ
    کاژی = Membranes
    كالووسە =  Cuscuta ، سۆتەکە، تڕتڕە، جۆرە بژارێکی مشەخۆرە رەگ و گەڵای نییە و لەگەڵ نەمام دەبێتە یەک و خۆراکی خۆی لە ئەو دایبن دەکات.
    کمی = ئەگاریکوس بیسپۆروس
    کوڤارکا راستان = ئەگاریکوس کۆمپێستریس
    کڤارکا پووشی = فۆمەس فۆمەنتاریوس
    کڵاو = Cap
    کۆرمە، راژک =
    کورسین، رەگاژۆکردن = Mycelium/root running
    کۆمپۆست = Compost
    کوڤ = کەڕوو، ئەفنیک، ئەفۆک، هەفنیک، ژەنگ، کام، کەمچۆک، کەفۆک، کەفنیک، کەفۆکە، کفک، کوف، کوفیک
    کوڵکوڵە = فوارە، نافوورە
    کەڕوو = Fungi
    کەزیکانی = قەوزەی سەر ئاو، جلەشینە = ئاڵگای
    کەڤژاڵ =
    کاسە = Volva
    کۆچەڵە = Volva
    کۆردیسێپس = مێڵەگورگانە
    کلکەقەل = Turkey tail
    کەوری = بڕوانە کواڕ
    کەیەک = Washing machine
    کواڕ = Store
    کولافک = بڕوانە کارگ
    کارگ = قارچک، قاچ، قارچ، قاچک، خاچک، هەڵچ، هەڵچی کوارگ، کارک، کوڤارک، کۆڤارک، کڤکارگ، کڤکارک، کومک، کارۆک، گوهک، کاکەڤلک، کاریک، کارکولیلک، کمی، کوارک، کیارەک، کۆکەڤیل، کۆکۆوارک، کوفکار، کوفکارک، کەفارگ، کافیرک، کارۆک
    کرمۆکە =
    کەمرە، سڕە، کەرمۆنە = 
    کەمێڵ = 
    کشپڵ، پشکڵ، پشقل، قشپڵ، بشکول = Sheep pellet
    کوڵەگە = مەڵوان قارچگ = مۆڵگەی قارچک
    کەرورە = لاسک و گەڵا و قەدی وشکبووی گوڵەدان
    کارگی دوگمەیی، قۆپچەیی، گژگی، کڵانی


    گ
    گۆن = Variety
    گونجەفس = پزلیک Puffball
    گەرا = Spawn


    ل
    لوو = ناوەڕاست، وسط

    م
    مالۆسکە = slug
    مایکۆپارازیتیزم = Mycoparasitism
    مایکۆفاجی = Mycophay, Fungivore
    مایکۆرایزا = mycorrhizal
    مایکۆهیترۆترۆفی = Myco-heterotrophy
    میکرۆب = microbe
    ریسوو = mycelium
    مریشتە = colonise  
    هەنگەشان = morel
    مۆڵگە = Colony
    مۆڵدان = colonise
    مڵە، وڵە، هوڵە، هووڵە برێژنەک، جۆبڕکە = 




    ن
    نەژاد = Race, Species
    نەرد = Trunk
    نم = moisture
    نمناک = moisturised


    و
    وانست = study
    وانەرۆک =
    ووردۆزی = تدقیق

    هـ
    هاگ = spore
    هاماج = بۆشایی ئاسمان The space
    هایدرۆپۆنیک =  روواندن و بەخێوکردنی سەوزی لە ئاودا و پێدانی خۆراکی کیمیایی پێیان لەجیات ئەو خۆراک و ماددانەی لە خاک دا هەن.
    هووت = Humid
    هنگار = O'clock
    باخداری = Horticulture
    هەوێن = yeast
    هەراش =
    هەزارپێ ، کشک = 

    ی

    یەڤا = هەمیشە، بەردوام
    یونجە = تڕتڕە، هاریە، کەلوەسمە = Caterpillar








    15.4.20

    ئەکواپۆنیک


    بۆ زانین و تێگەیشتن لە ئەکواپۆنیک وا باشە سەرەتا ئەکواکەڵچەر و هایدرۆپۆنیک بزانیت؛ چونکە ئەکواپۆنیک تێکەڵاوێکە لەم
    دووانە. بەڵام بەکورتی بەم جۆرە بۆت باس دەکەم:
    ١- ئەکواکەڵچەر: بریتییە لە بەخێوکردنی زیندەوەر و رووەکە ئاوییەکانی وەک ماسی، گوێچکەماسی، مالۆسکە، لینجە قەوزە و تاد.. کاتێک کە ئەمانە لە حەوزدا بەخێودەکرێن لەبەرئەوەی ئەو ئاوەی تێیدا دەژین بەردەوام دەسووڕێتەوە و لە حەوزەکەدا دەمێنێتەوە، لە ماوەیەکی دیاریکراودا پیس دەبێت و پێویستیی بە گۆڕین دەبێ؛ یان دەبێ دەرمانگەلێکی تێبکرێت بۆ پاککردنەوەی، بە مەرجێک ئەو دەرمانانەیش کاریگەریی نەرێنییان لەسەر زیندەوەر و رووەکەکان نەبێت. پاکڕارگتنی ئاوەکە یەکێکە لە ئەرکە قورسەکانی ئەکواکەڵچەر و لە هەمان کاتدا تێچوویەکی زیاتریشە کە لە کۆتاییدا لەسەر بەرهەمەکە هەژمار دەکرێت.
    ٢- هایدرۆ پۆنیک: بریتییە لەو رووەکە ئاساییانەی کە لە بری خاک لە ئاودا دەڕوێندرێن، واتە بەبێ بەکارهێنانی خاک و گڵ. بۆ نموونە خەیار، تەماتە، کاهوو، کەرەوز، سڵق و تاد.. بە وتەیەکی تر، حەوزی تایبەت ئامادە دەکرێن و تۆوی رووەکەکان یان هەندێ جار شەتڵ و نەمامەکان لە تەپەدۆردا لەسەر رووی ئاوەکە دەڕوێندرێن. لەبەرئەوەی رووەکەکان رەگ و ریشەیان لە خاکدا نییە، بۆ ماوەیەک دەژین بەڵام دوواتر خۆراکی پێویستیان پێناگات، هەربۆیە بۆ گەشەکردنیان ماددەی خۆراکیی دەسکردیان پێدەدرێت؛ لەڕێگەی تێکەڵاوکردن لەگەڵ ئاوەکە. لەکاتێکدا کە پێدانی ئەو خۆراکە تێچوویەکی زیادەیە، زۆر جار کەمی و زۆریی ماددە خۆراکییەکانیش دەبێتە گرفت بۆ رووەکەکان و کاریگەریی نەرێنیی دەبێت.
    ٣- ئەکواپۆنیک: وەک گوتمان تێکەڵاوێکە لەم دووانەی سەرەوە. لە ئەکواپۆنیک دا زیندەوەر و رووەک و قەوزە ئاوییەکان لە ژێر ئاوەکەدا بەخێودەکرێن و خۆراکی رووەکەکانی تر دابین دەکەن. رووەکەکانیش کە لە هایدرۆپۆنیکدا ریشەیان لە ئاودایە و لە جیاتی خاک، خۆراکی دەسکرد لە رێگەی ئاوەکەوە وەردەگرن، ئاوەکە بۆ زیندەوەرە ئاوییەکان پاک دەکەنەوە و پێیویست ناکات ئاوەکە بگۆڕدرێت، یان دەرمانی پاککردنەوەی بۆ بەکاربهێنرێت. کەواتە ئەکواپۆنیک لە یەک کاتدا دوو جۆر بەرهەمی هەیە و لە هەمان کاتیشدا تێچوویەکی زیادە لە کۆڵ جووتیار دەکاتەوە و بەرهەمەکەیشی ئۆرگانیکترە.
    ئەم وێنەیە حەوزێکی بچووکی ئەکواپۆنیک وەک نموونە نیشاندەدات کە لەسەر و لە ژێر ئاوەکە رووەک و زیندەوەر بەخێودەکرێت.



    پێرماکەڵچەر یا مایندەکشتی


    مایندەکشتی بریتییە لە کۆمەڵێک نەخشە و بنەمای چاندن و کشتوکاڵ و باخداری کە تیایدا بایەخێکی زۆر بە ژینگە و سروشت و بەرەماکانی خۆڕسکی دەدرێت. چوارچێوەی کاری مایندەکشتی زۆر فراوان نییە بەڵام زۆر گرنگە چونکە لە بڕی تێچوو کەم دەکاتەوە و لە هەمان کاتیشدا لە رووبەرێکی کەمدا بەرهەمێکی زۆرتر و هەمەجۆر بەدەست دەهێنێت. 
    لە سیستەمی مایندەکشتی دا رووەکەکان بەگوێرەی هەڵکەوتەی رووبەرەکە و ئاو و هەوا و وەرزەکان و ئاراستەکان و بەرزی و نزمی رێکدەخرێن. هەروەها رووەکەکان بەشێوەی تێکەڵاو دەڕوێندرێن بەو جۆرەی کە خۆیان لە سروشتدا هەن. بۆ وێنە لە پاڵ گوڵەبەڕۆژەدا دەکرێ خیار بچێنرێت. هەرکە خیارەکە بڕکەی درێژ بوو ئاراستەی سەر لاسکی گوڵەبەڕۆژەکە دەکرێت و خۆی لە ئەو دەئاڵێنێت، بەمجۆرە جێگایەکی کەمتر داگیردەکات. هەروەها لەپاڵ گەنمەشامیدا کۆمەڵێک باقلە و فاسۆلیا دەچێنرێت کە خۆیان لە گەنمەشامیەکە دەئاڵێنن و لە هەمان کاتدا لەگەڵ یەکتریش دەگونجێن.
    لەلایەکی ترەوە شوێنی نسار و سێبەر بۆ ئەو رووەکانە تەرخان دەکرێ کە پێویستیی زۆریان بە خۆرەتاو نییە و شوێنی بەربەڕۆچکەیش بۆ دەدرێ بەو رووەکانە کە حەزیان زۆر لە تیشکی خۆرە. هەندێ کەس تەنانەت شوێنی روواندنی کوارگیش لەم جۆرە باخانەدا دەگونجێنێت.
    مایندەکشتی تەنیا گرنگی بە خۆراک نادات بەڵکوو دەکرێ گوڵ و رووەکە جۆراوجۆرەکانی رازاندنەوەیش بەم رێبازە بڕوێندرێن و رێکبخرێن. ئەو شوێنەی بۆ مایندەکشتی تەرخان دەکرێ مەرج نییە رێک و راست و گۆڕ بێت، دەکرێ شیوێک بێت یا بەرزی و نزمی و ناڕێکی بێت؛ بەڵام ئەوە ئەرکی جووتیارەکەیە کە بەگوێرەی زەوییەکە نەخشە دابڕێژێت و رووەکەکان ریزبکات و رێکبخات.

    1.4.20

    ئاگاداری


    تکایە هەر کەس دۆست و هاوڕێی لە رۆژهەڵات هەیە، با ئەم گرووپەی ئێمەی پێ بناسێنێت. ئێمە لەم گرووپەدا هەر ئەو زانیارییانە بڵاو دەکەینەوە کە لە فەیسبوک و بڵاگەکەماندا بڵاویان دەکەینەوە؛ بەڵام لەبەرئەوەی تۆڕی فەیسبوک و بڵاگسپۆت و یوتیووب لە رۆژهەڵات فیلتەر دەکرێن، بەشێکی زۆری گەلەکەمان لەوێ لەم راژەکارە گرنگانە بێبەشن و تەنیا راژەکاری [تەلەگرام] بەکاردەهێنن.
    گرووپی کارگ و کەڕوو
    لە تەلەگرام



    19.3.20

    نیتگ یا ڤایرەس بە زمانی سادە


    لەم بابەتە کورتەدا هەوڵ دەدرێت چەند دێرێک بنووسرێت سەبارەت بە رەگ و ریشەی وشەی ڤایرەس و پێناسەی زیانزای ڤایرەس بەزمانێکی سادە بۆ ئەوەی خوێنەرانی دەرەوەی بوواری نیتگزانی و ژیانزانی بە ئاسانی لێی تێبگەن.  لە بواری ژیانزانیدا بە نیتگ دەگوترێت زیانزا واتە بوونەوەرێکی زیانبەخش و زیانیخرۆیە.  نیتگ هەروەک چۆن خۆی کەمتر بۆ مەردم ناسراوە، دروستبوونی ناوەکەیشی تا راددەیەک ئاڵۆز و ناڕوونە.

    ووشەی ڤایرەس یا ڤیرووس وشەیەکی زمانە فەرەنگی\ئەوروپاییەکانە کە لە کۆتاییەکانی سەدەی چواردەهەمدا بە واتای ''ماددەی ژەهرین''.  بەکارهاتووە.  لە وشەی [ڤیرووس]ی لاتین وەرگیراوە کە مانای ژەهر، زچکاوی رووەک، تراوی لینج دەبەخشێت.  یەکەمجار ساڵی ١٣٩٨ لەلایەن جۆن ترێڤیزیاوە لە بەڵگەیەکدا لە لاتینەوە و لە وشەی [ڤیرولێنتوس]ەوە هێنراوەتە نێو زمانی ئینگلیسییەوە.  ئەمیش لە [وەیس]ی ئیتالیایی وەرگیراوە بە واتای ژەهر.  ئەمیش رەنگە لە رەگی هیندۆ ئەوروپایی [وەییس] وەرگیرابێت بە واتای چۆڕانەوە، تووانەوە.. ئەگەری ئەوە هەیە پەیوەندیی بە [ڤیشا و ڤینۆم]ی سانسکریت و [ڤیش]ی ئاڤێستاییشەوە هەبێت کە مانای ژەهر دەدەن.
    لە زمانی کوردیدا وشەکانی [ڤیژ\ڤیژک] واتە پیسایی ئاوەکی یا دڵۆپەی میچ کە لە کۆندا تێکەڵبوو لەگەڵ قورم و هیسی رەشی دووکەڵ.  هەروەها وشەی [ڤیچک] ی کوردی واتە ئاوی لووت. هەروەتر [وێش] واتای خراپ، شاش دەدات.  بۆی هەیە هەرکام لەم ووشانە لە رەگی [ڤیش]ی ئاڤێستاییەوە هاتبێتن.  ئەم روونکردنەوە و بەراوردکردنە کوردییەمان بۆ ئەوەیە کە تێبگەین  هەرچەندە وشەی ڤایرەس لەلایەن ئەوروپاییەکانەوە  بۆ ئەم بوونەوەرە ریزەڵەیە دانراوە بەڵام  رەگ و ریشەی وشەکە بۆ زمانی ئێمە نامۆ نییە؛ و ئەگەر بمانەوێ واژەیەکی تازە بەرامبەری رۆبنێین، دەتوانین لەسەر رەگ و ریشە کوردییەکە ئەو کارە بکەین.  بەڵام بەهۆی ئەوە کە ڤایرەس بچووکترین ماددەیەکە کە توانای وەچەخستنەوە و گۆڕینی خۆی هەیە ئێمە ووشەی (نیتگ)ی بۆ بەکاردەهێنین کە واتای شتێک یا زیندەوەرێکی زۆر زۆر بچووک دەبەخشێت.

    نیتگ بە ماددەیەک دەگوترێت کە لە هەموو ئەندامێکی زیندوودا هەیە بە مرۆڤ و ئاژەڵ و رووەکەوە.  لە ساڵی ١٨٥٠ بۆ یەکەمجار دمیتری ئیڤانۆڤسکی لەکاتی پشکنینی نەخۆشیی گەڵای تووتن\تەماکۆ دا بۆی دەرکەوت کە هۆکاری نەخۆشییەکە بەکتریا نییە بەڵکوو نیتگە.  لەو کاتەوە ئیتر توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر نیتگ دەستیپێکرد و تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠٠ جۆری نیتگ بە وردەکارییەوە ناسراوە.  نیتگەکان تەنیا لە نێو خانە زیندووەکاندا گەشەدەکەن و فرەپات دەبن.  لە هەر شوێنێک چ خاک چ ئاو چ هەوادا خانە هەبێت، نیتگ هەیە.  نیتگ بە دوو جۆر پێناسە کراوە.
    یەکەم: بریتییە لە ماددەیەکی هەوکەر و ئالوودەزا کە پێکهاتووە لە گەردیلەیەکی ترشە ناوکی و لە کاژێکی پرۆتینیدا جێی گرتووە.  زۆر ووردەڵەیە و بە مایکرۆسکۆپی ئاسایی نابینرێت؛ تەنیا دەبێت بە مایکرۆسکۆپی دیجیتاڵ سەیربکرێت.  نیتگ تەنیا دەتوانێت لە خانەی زیندوودا فرەپات بێت؛ واتە زیاد بکات. لەسەر خاک و دار و بەرد و ئاسن و شووشە و پەڕۆ و کاغەز و ... زیاد نابێت بەڵکوو دووای ماوەیەک لەناودەچێت.
    دووەم: نیتگ کۆدێکە یا هێمایەکە توانای هەیە خۆی فرەپات بکات و کاریگەریی وێرانکەری هەبێت و دزە بکاتە نێو سیستمی ژمێریارییەوە.  خاڵی دووەم نیتگی کۆمپیوتەر و دەزگا و ئامێرە دیجیتاڵەکان دەگرێتەوە کە جۆرێک  نەرمەوزاری ئەلەکترۆنییە.

    نیتگەکان بە چەند شێوەیەک پۆلبەندی کراون، یەکێک لە شێوەکان بریتییە لەو زیندەندامانەی نیتگ لە سەریان دەمێنێتەوە و زیاددەکات.  نیتگەکانی ئاژەڵ، نیتگەکانی رووەک، نیتگەکانی، کەڕوو، نیتگەکانی بەکتریا. واتە نیتگەکان نەک تەنیا مرۆڤ و ئاژەڵ و رووەکەکان بەڵکوو دەتوانن کەڕوو و بەکتریاکانیش تووشی نەخۆشی بکەن.  ئێمە وەک مرۆڤ دەممان، لووتمان، گوێچکەکان و هەموو لەشمان پڕە لە نیتگی جۆراوجۆر و هۆکاری زۆرێک لە نەخۆشییەکانیشمان نیتگەکانن.  بەتایبەتی نەخۆشییە وەرزییەکانی وەک هەڵامەت و پەسیو.  هەر جارێک کە مرۆڤ تووشی هەڵامەت دەبێت و چاک دەبێتەوە، بەسەر جۆرێک لە نیتگ دا زاڵ دەبێت و جارێکی دی ئەو نیتگە ناتوانێت هێرش بکاتەوە سەری.  بەڵام هەمیشە مەترسیی نیتگێکی تر هەیە کە پەلاماری بدات و جۆرێکی تر لە هەڵامەت لە کەسەکەدا دروست بکات.  شایانی باسە کە نیتگەکان جگە لە هەڵامەت دەبنە هۆکاری زۆر نەخۆشی و بیماریی ترسناک و بێچارەسەری وەک ئەیدز و ئیبۆڵا.  یەکێک لە خەسڵەتەکانی نیتگ بریتییە لە خۆگۆڕی.  بۆ وێنە ئێستا ئەم نیتگی کۆرۆنایە کە دەبێتە هۆکاری نەخۆشیی کۆڤید-١٩، ئەگەر مرۆڤ بتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت و دەرمانەکەی بدۆزێتەوە، دوای ماوەیەکی تر هەر ئەم نیتگە خۆی دەگۆڕێت و بە جۆرێکی تر و و هێزێکی ترەوە هێرش دەهێنێتەوە.





    7.3.20

    دەوفوو


    دەوفوو یا بە شێوازی ئینگلیسی "تەوفوو" خۆراکێکی سەداسەد رووەکییە و پڕە لە پرۆتین و ئاسن و کالیسیۆم و مەگنیسیوم. دەوفوو کە دەکرێ بە کوردی پێی بڵێین پەنیری باقلە لە باقلەی سۆیا دروست دەکرێت. سەرەتا باقلەکە لە ئاودا دەخووسێنرێت؛ ئینجا ورد ورد دەهاڕدرێت. دوای ئەوە کەمێک ئاوی تێدەکرێت و لە سەر ئاگر گەرم دەکرێت. پاشان دەپاڵێورێت. شیر و تڵتەکەی لێک جیا دەکرێتەوە. تڵتەکەی لەگەڵ شلە و خۆرشت تێکەڵدەکرێت و دەکرێتە چێشت. شیرەکەیشی هەوێنی لێدەدرێت و کەمێک لەسەر ئاگر گەرم دەکرێت تا دەبێتە دەڵەمە. ئینجا دەڵەمەکە دەپاڵێورێت و وەک سەلکی پەنیر دەگوشرێت. دوای ئەوە بەشێوەی لاکێشەیی دەبڕدرێت و لە سارنجۆکدا هەڵدەگیرێت و پێی دەڵێن دەوفوو. دەوفوو دەکرێت لە رۆندا سوور بکرێتەوە یان لەگەڵ شلە و خۆرشت تێکەڵ بکرێت. لە وڵاتانی ئاسیای رۆژهەڵات، ئەوانەی رووەکخۆرن لەبری گۆشت دەوفوو دەخۆن.