15.4.20

ئەکواپۆنیک


بۆ زانین و تێگەیشتن لە ئەکواپۆنیک وا باشە سەرەتا ئەکواکەڵچەر و هایدرۆپۆنیک بزانیت؛ چونکە ئەکواپۆنیک تێکەڵاوێکە لەم
دووانە. بەڵام بەکورتی بەم جۆرە بۆت باس دەکەم:
١- ئەکواکەڵچەر: بریتییە لە بەخێوکردنی زیندەوەر و رووەکە ئاوییەکانی وەک ماسی، گوێچکەماسی، مالۆسکە، لینجە قەوزە و تاد.. کاتێک کە ئەمانە لە حەوزدا بەخێودەکرێن لەبەرئەوەی ئەو ئاوەی تێیدا دەژین بەردەوام دەسووڕێتەوە و لە حەوزەکەدا دەمێنێتەوە، لە ماوەیەکی دیاریکراودا پیس دەبێت و پێویستیی بە گۆڕین دەبێ؛ یان دەبێ دەرمانگەلێکی تێبکرێت بۆ پاککردنەوەی، بە مەرجێک ئەو دەرمانانەیش کاریگەریی نەرێنییان لەسەر زیندەوەر و رووەکەکان نەبێت. پاکڕارگتنی ئاوەکە یەکێکە لە ئەرکە قورسەکانی ئەکواکەڵچەر و لە هەمان کاتدا تێچوویەکی زیاتریشە کە لە کۆتاییدا لەسەر بەرهەمەکە هەژمار دەکرێت.
٢- هایدرۆ پۆنیک: بریتییە لەو رووەکە ئاساییانەی کە لە بری خاک لە ئاودا دەڕوێندرێن، واتە بەبێ بەکارهێنانی خاک و گڵ. بۆ نموونە خەیار، تەماتە، کاهوو، کەرەوز، سڵق و تاد.. بە وتەیەکی تر، حەوزی تایبەت ئامادە دەکرێن و تۆوی رووەکەکان یان هەندێ جار شەتڵ و نەمامەکان لە تەپەدۆردا لەسەر رووی ئاوەکە دەڕوێندرێن. لەبەرئەوەی رووەکەکان رەگ و ریشەیان لە خاکدا نییە، بۆ ماوەیەک دەژین بەڵام دوواتر خۆراکی پێویستیان پێناگات، هەربۆیە بۆ گەشەکردنیان ماددەی خۆراکیی دەسکردیان پێدەدرێت؛ لەڕێگەی تێکەڵاوکردن لەگەڵ ئاوەکە. لەکاتێکدا کە پێدانی ئەو خۆراکە تێچوویەکی زیادەیە، زۆر جار کەمی و زۆریی ماددە خۆراکییەکانیش دەبێتە گرفت بۆ رووەکەکان و کاریگەریی نەرێنیی دەبێت.
٣- ئەکواپۆنیک: وەک گوتمان تێکەڵاوێکە لەم دووانەی سەرەوە. لە ئەکواپۆنیک دا زیندەوەر و رووەک و قەوزە ئاوییەکان لە ژێر ئاوەکەدا بەخێودەکرێن و خۆراکی رووەکەکانی تر دابین دەکەن. رووەکەکانیش کە لە هایدرۆپۆنیکدا ریشەیان لە ئاودایە و لە جیاتی خاک، خۆراکی دەسکرد لە رێگەی ئاوەکەوە وەردەگرن، ئاوەکە بۆ زیندەوەرە ئاوییەکان پاک دەکەنەوە و پێیویست ناکات ئاوەکە بگۆڕدرێت، یان دەرمانی پاککردنەوەی بۆ بەکاربهێنرێت. کەواتە ئەکواپۆنیک لە یەک کاتدا دوو جۆر بەرهەمی هەیە و لە هەمان کاتیشدا تێچوویەکی زیادە لە کۆڵ جووتیار دەکاتەوە و بەرهەمەکەیشی ئۆرگانیکترە.
ئەم وێنەیە حەوزێکی بچووکی ئەکواپۆنیک وەک نموونە نیشاندەدات کە لەسەر و لە ژێر ئاوەکە رووەک و زیندەوەر بەخێودەکرێت.



No comments:

Post a Comment