15.4.20

پێرماکەڵچەر یا مایندەکشتی


مایندەکشتی بریتییە لە کۆمەڵێک نەخشە و بنەمای چاندن و کشتوکاڵ و باخداری کە تیایدا بایەخێکی زۆر بە ژینگە و سروشت و بەرەماکانی خۆڕسکی دەدرێت. چوارچێوەی کاری مایندەکشتی زۆر فراوان نییە بەڵام زۆر گرنگە چونکە لە بڕی تێچوو کەم دەکاتەوە و لە هەمان کاتیشدا لە رووبەرێکی کەمدا بەرهەمێکی زۆرتر و هەمەجۆر بەدەست دەهێنێت. 
لە سیستەمی مایندەکشتی دا رووەکەکان بەگوێرەی هەڵکەوتەی رووبەرەکە و ئاو و هەوا و وەرزەکان و ئاراستەکان و بەرزی و نزمی رێکدەخرێن. هەروەها رووەکەکان بەشێوەی تێکەڵاو دەڕوێندرێن بەو جۆرەی کە خۆیان لە سروشتدا هەن. بۆ وێنە لە پاڵ گوڵەبەڕۆژەدا دەکرێ خیار بچێنرێت. هەرکە خیارەکە بڕکەی درێژ بوو ئاراستەی سەر لاسکی گوڵەبەڕۆژەکە دەکرێت و خۆی لە ئەو دەئاڵێنێت، بەمجۆرە جێگایەکی کەمتر داگیردەکات. هەروەها لەپاڵ گەنمەشامیدا کۆمەڵێک باقلە و فاسۆلیا دەچێنرێت کە خۆیان لە گەنمەشامیەکە دەئاڵێنن و لە هەمان کاتدا لەگەڵ یەکتریش دەگونجێن.
لەلایەکی ترەوە شوێنی نسار و سێبەر بۆ ئەو رووەکانە تەرخان دەکرێ کە پێویستیی زۆریان بە خۆرەتاو نییە و شوێنی بەربەڕۆچکەیش بۆ دەدرێ بەو رووەکانە کە حەزیان زۆر لە تیشکی خۆرە. هەندێ کەس تەنانەت شوێنی روواندنی کوارگیش لەم جۆرە باخانەدا دەگونجێنێت.
مایندەکشتی تەنیا گرنگی بە خۆراک نادات بەڵکوو دەکرێ گوڵ و رووەکە جۆراوجۆرەکانی رازاندنەوەیش بەم رێبازە بڕوێندرێن و رێکبخرێن. ئەو شوێنەی بۆ مایندەکشتی تەرخان دەکرێ مەرج نییە رێک و راست و گۆڕ بێت، دەکرێ شیوێک بێت یا بەرزی و نزمی و ناڕێکی بێت؛ بەڵام ئەوە ئەرکی جووتیارەکەیە کە بەگوێرەی زەوییەکە نەخشە دابڕێژێت و رووەکەکان ریزبکات و رێکبخات.

No comments:

Post a Comment