19.3.20

نیتگ یا ڤایرەس بە زمانی سادە


لەم بابەتە کورتەدا هەوڵ دەدرێت چەند دێرێک بنووسرێت سەبارەت بە رەگ و ریشەی وشەی ڤایرەس و پێناسەی زیانزای ڤایرەس بەزمانێکی سادە بۆ ئەوەی خوێنەرانی دەرەوەی بوواری نیتگزانی و ژیانزانی بە ئاسانی لێی تێبگەن.  لە بواری ژیانزانیدا بە نیتگ دەگوترێت زیانزا واتە بوونەوەرێکی زیانبەخش و زیانیخرۆیە.  نیتگ هەروەک چۆن خۆی کەمتر بۆ مەردم ناسراوە، دروستبوونی ناوەکەیشی تا راددەیەک ئاڵۆز و ناڕوونە.

ووشەی ڤایرەس یا ڤیرووس وشەیەکی زمانە فەرەنگی\ئەوروپاییەکانە کە لە کۆتاییەکانی سەدەی چواردەهەمدا بە واتای ''ماددەی ژەهرین''.  بەکارهاتووە.  لە وشەی [ڤیرووس]ی لاتین وەرگیراوە کە مانای ژەهر، زچکاوی رووەک، تراوی لینج دەبەخشێت.  یەکەمجار ساڵی ١٣٩٨ لەلایەن جۆن ترێڤیزیاوە لە بەڵگەیەکدا لە لاتینەوە و لە وشەی [ڤیرولێنتوس]ەوە هێنراوەتە نێو زمانی ئینگلیسییەوە.  ئەمیش لە [وەیس]ی ئیتالیایی وەرگیراوە بە واتای ژەهر.  ئەمیش رەنگە لە رەگی هیندۆ ئەوروپایی [وەییس] وەرگیرابێت بە واتای چۆڕانەوە، تووانەوە.. ئەگەری ئەوە هەیە پەیوەندیی بە [ڤیشا و ڤینۆم]ی سانسکریت و [ڤیش]ی ئاڤێستاییشەوە هەبێت کە مانای ژەهر دەدەن.
لە زمانی کوردیدا وشەکانی [ڤیژ\ڤیژک] واتە پیسایی ئاوەکی یا دڵۆپەی میچ کە لە کۆندا تێکەڵبوو لەگەڵ قورم و هیسی رەشی دووکەڵ.  هەروەها وشەی [ڤیچک] ی کوردی واتە ئاوی لووت. هەروەتر [وێش] واتای خراپ، شاش دەدات.  بۆی هەیە هەرکام لەم ووشانە لە رەگی [ڤیش]ی ئاڤێستاییەوە هاتبێتن.  ئەم روونکردنەوە و بەراوردکردنە کوردییەمان بۆ ئەوەیە کە تێبگەین  هەرچەندە وشەی ڤایرەس لەلایەن ئەوروپاییەکانەوە  بۆ ئەم بوونەوەرە ریزەڵەیە دانراوە بەڵام  رەگ و ریشەی وشەکە بۆ زمانی ئێمە نامۆ نییە؛ و ئەگەر بمانەوێ واژەیەکی تازە بەرامبەری رۆبنێین، دەتوانین لەسەر رەگ و ریشە کوردییەکە ئەو کارە بکەین.  بەڵام بەهۆی ئەوە کە ڤایرەس بچووکترین ماددەیەکە کە توانای وەچەخستنەوە و گۆڕینی خۆی هەیە ئێمە ووشەی (نیتگ)ی بۆ بەکاردەهێنین کە واتای شتێک یا زیندەوەرێکی زۆر زۆر بچووک دەبەخشێت.

نیتگ بە ماددەیەک دەگوترێت کە لە هەموو ئەندامێکی زیندوودا هەیە بە مرۆڤ و ئاژەڵ و رووەکەوە.  لە ساڵی ١٨٥٠ بۆ یەکەمجار دمیتری ئیڤانۆڤسکی لەکاتی پشکنینی نەخۆشیی گەڵای تووتن\تەماکۆ دا بۆی دەرکەوت کە هۆکاری نەخۆشییەکە بەکتریا نییە بەڵکوو نیتگە.  لەو کاتەوە ئیتر توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر نیتگ دەستیپێکرد و تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠٠ جۆری نیتگ بە وردەکارییەوە ناسراوە.  نیتگەکان تەنیا لە نێو خانە زیندووەکاندا گەشەدەکەن و فرەپات دەبن.  لە هەر شوێنێک چ خاک چ ئاو چ هەوادا خانە هەبێت، نیتگ هەیە.  نیتگ بە دوو جۆر پێناسە کراوە.
یەکەم: بریتییە لە ماددەیەکی هەوکەر و ئالوودەزا کە پێکهاتووە لە گەردیلەیەکی ترشە ناوکی و لە کاژێکی پرۆتینیدا جێی گرتووە.  زۆر ووردەڵەیە و بە مایکرۆسکۆپی ئاسایی نابینرێت؛ تەنیا دەبێت بە مایکرۆسکۆپی دیجیتاڵ سەیربکرێت.  نیتگ تەنیا دەتوانێت لە خانەی زیندوودا فرەپات بێت؛ واتە زیاد بکات. لەسەر خاک و دار و بەرد و ئاسن و شووشە و پەڕۆ و کاغەز و ... زیاد نابێت بەڵکوو دووای ماوەیەک لەناودەچێت.
دووەم: نیتگ کۆدێکە یا هێمایەکە توانای هەیە خۆی فرەپات بکات و کاریگەریی وێرانکەری هەبێت و دزە بکاتە نێو سیستمی ژمێریارییەوە.  خاڵی دووەم نیتگی کۆمپیوتەر و دەزگا و ئامێرە دیجیتاڵەکان دەگرێتەوە کە جۆرێک  نەرمەوزاری ئەلەکترۆنییە.

نیتگەکان بە چەند شێوەیەک پۆلبەندی کراون، یەکێک لە شێوەکان بریتییە لەو زیندەندامانەی نیتگ لە سەریان دەمێنێتەوە و زیاددەکات.  نیتگەکانی ئاژەڵ، نیتگەکانی رووەک، نیتگەکانی، کەڕوو، نیتگەکانی بەکتریا. واتە نیتگەکان نەک تەنیا مرۆڤ و ئاژەڵ و رووەکەکان بەڵکوو دەتوانن کەڕوو و بەکتریاکانیش تووشی نەخۆشی بکەن.  ئێمە وەک مرۆڤ دەممان، لووتمان، گوێچکەکان و هەموو لەشمان پڕە لە نیتگی جۆراوجۆر و هۆکاری زۆرێک لە نەخۆشییەکانیشمان نیتگەکانن.  بەتایبەتی نەخۆشییە وەرزییەکانی وەک هەڵامەت و پەسیو.  هەر جارێک کە مرۆڤ تووشی هەڵامەت دەبێت و چاک دەبێتەوە، بەسەر جۆرێک لە نیتگ دا زاڵ دەبێت و جارێکی دی ئەو نیتگە ناتوانێت هێرش بکاتەوە سەری.  بەڵام هەمیشە مەترسیی نیتگێکی تر هەیە کە پەلاماری بدات و جۆرێکی تر لە هەڵامەت لە کەسەکەدا دروست بکات.  شایانی باسە کە نیتگەکان جگە لە هەڵامەت دەبنە هۆکاری زۆر نەخۆشی و بیماریی ترسناک و بێچارەسەری وەک ئەیدز و ئیبۆڵا.  یەکێک لە خەسڵەتەکانی نیتگ بریتییە لە خۆگۆڕی.  بۆ وێنە ئێستا ئەم نیتگی کۆرۆنایە کە دەبێتە هۆکاری نەخۆشیی کۆڤید-١٩، ئەگەر مرۆڤ بتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت و دەرمانەکەی بدۆزێتەوە، دوای ماوەیەکی تر هەر ئەم نیتگە خۆی دەگۆڕێت و بە جۆرێکی تر و و هێزێکی ترەوە هێرش دەهێنێتەوە.





7.3.20

دەوفوو


دەوفوو یا بە شێوازی ئینگلیسی "تەوفوو" خۆراکێکی سەداسەد رووەکییە و پڕە لە پرۆتین و ئاسن و کالیسیۆم و مەگنیسیوم. دەوفوو کە دەکرێ بە کوردی پێی بڵێین پەنیری باقلە لە باقلەی سۆیا دروست دەکرێت. سەرەتا باقلەکە لە ئاودا دەخووسێنرێت؛ ئینجا ورد ورد دەهاڕدرێت. دوای ئەوە کەمێک ئاوی تێدەکرێت و لە سەر ئاگر گەرم دەکرێت. پاشان دەپاڵێورێت. شیر و تڵتەکەی لێک جیا دەکرێتەوە. تڵتەکەی لەگەڵ شلە و خۆرشت تێکەڵدەکرێت و دەکرێتە چێشت. شیرەکەیشی هەوێنی لێدەدرێت و کەمێک لەسەر ئاگر گەرم دەکرێت تا دەبێتە دەڵەمە. ئینجا دەڵەمەکە دەپاڵێورێت و وەک سەلکی پەنیر دەگوشرێت. دوای ئەوە بەشێوەی لاکێشەیی دەبڕدرێت و لە سارنجۆکدا هەڵدەگیرێت و پێی دەڵێن دەوفوو. دەوفوو دەکرێت لە رۆندا سوور بکرێتەوە یان لەگەڵ شلە و خۆرشت تێکەڵ بکرێت. لە وڵاتانی ئاسیای رۆژهەڵات، ئەوانەی رووەکخۆرن لەبری گۆشت دەوفوو دەخۆن.