29.3.22

کوارگی گوێ بەرخە

شوێن: تەقتەق، باشووری کوردستان

ژینگە: دەم چەم و نێو گیا و چیلکە و گەڵا

وەرز: سەرەتای مانگی نەورۆز

ساڵ: ٢٠٢٢

وێنە و ڤیدیۆ: هێمن حەمەدەمین


وەسف:

رەنگی کڵاوەکەی کە لە راستیدا کڵاو نییە بەڵکوو تەنراوێکی تەنکی لۆچدارە، قاوەیی تۆخە.  دیوێکی ئەم تەنراوەیە کە دیوی دەرەوە یا سەرەوەیەتی لووسە.  دیوەکەی تری رەنگی جیاوازە واتە سپییەکی مەیلەو خۆڵەمێشییە.  لە وێنەکان و ڤیدیۆکەدا وا دەردەکەوێت کە ئەم بەشە لە قارچکەکە لە کوارگی دارگۆش دەچێت.  وەک گوتمان بەشی سەرەوەی لە کڵاو ناچێت؛ و لە راستیدا لە مێزەر دەچێت؛ بۆیە لێرەدا واژەی مێزەری بۆ بەکار دەهێنم.  گنج و لۆچی مێزەرەکەیان هەموو جارێ وەک یەک نییە، هەندێک جار لۆچی زۆر کەمە و دەڵێی دارگۆشە.  خاڵێکی سەرنجڕاکێش لەم چەشنە قارچکەدا ئەمەیە کە هەندێکیان دوو مێزەریان هەیە واتە لە بەشی سەرەوەی قەدەکەیاندا لکێکی باریک جیا دەبێتەوە کە مێزەرێکی جیاوازی لێدەڕوێت.


قەدی کوارگی گوێ بەرخە سپییەکی تۆزکاڵێک قەیماغییە.  درێژییەکەی لە دە سەنتیمەتر تێناپەڕێت.  نێوەکەی هوڵۆڵە واتە بەتاڵە.  دیواری قەدەکە نەرم و تەنکە و زۆر لە بۆڕیی پلاستیک دەچێت.  لای سەرووی قەدەکە تەنیا لە دوو خاڵی جیاوازەوە بە مێزەرەکەوە چەسپاوە.  رەنگی دیوی ناوەوەی قەدەکەی سپیترە لە رەنگی دەرەوەی.


هاگەکانی کوارگی گوێ بەرخە بەو دیوەی مێزەرەکەوە نووساون کە دەکەوێتە لای خوارەوە یا نێوەوە و رەنگی سپییە.  بەگوێرەی ئەوانەی خواردوویانە چێژ و مەزەی قارچکی گوێ بەرخە لە دۆمەڵانەوە نزیکە؛ هەر بۆیە دەشێ بگوترێت لە کوارگە خۆشەکانە.


هەرچەندە تا تاقیکردنەوە و پشکنینی ووردی ئەزمونگەیی نەکرێت ناکرێت بڕیار لەسەر چەشن و جسنەکەی بدرێت، بەڵام بە باوەڕی من لە جسنی مۆرچێلایە.  ئەم جسنە تا ئێستا ٨٠ چەشنی لێ ناسراوە و لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانیش چەند چەشنێکیان تۆمار کراون.  

شایانی سەرنجە کە چەند ساڵێک لەمەوبەر لە باڵەکایەتی و برادۆست وێنەی ئەم کوارگەمان بۆ هاتبوو بەڵام بە هۆی ئەوە کە کوایەتیی وێنەکان باش نەبوو، لامان وابوو کە زڕە مۆرێلن.  هەرچەند زڕە مۆرێلەکان ژەهراوین بەڵام هیچکامیان کوشندە نین.  ئەم گوێ بەرخەیە نەک ژەهراوی نییە، بەڵکوو لە ناوچەی تەقتەق ناسراوە و مەردم وەک کوارگێکی خۆش ناوی دەبەن؛ تەنانەت کیلۆی بە ١٥ هەزار دینار دەیفرۆشن کە گرانترە لە نرخی کیلۆیەک گۆشت.

25.3.22

تاقی رۆژی پەسڵان



بانکی تۆو شوێنێکە بە تایبەتی دروست دەکرێت و رێکدەخرێت بۆ ئەوەی تۆوی رووەکی تێدا بپارێزرێت. پاراستنی تۆو نەک وەک ئەوەی لە سایلۆکاندا بە هەزاران تۆن گەنم و دانەوێڵە دەپارێزرێت، بەڵکوو بڕێکی کەم لە هەموو جۆر و چەشنە تۆوێک لەو شوێنەدا هەڵدەگیرێت و دەپارێزرێت؛ بۆ ئەوەی لە کاتی هەر رووداوێکی گەورەی سروشتیدا کە ببێتە هۆی نەمانی رووەکەکە، سوودی لێ وەربگیرێت.

لە ئاستی دنیادا پتر لە هەزار بانکی تۆو هەیە. هەندێکیان تایبەتین و زۆریشیان دەوڵەتین. زۆرێک لەم بانکانە بۆ هەموو جۆرە تۆوێک تەرخانکراون؛ بەڵام هەندێکیان بۆ کۆمەڵێک تۆوی تایبەت. بۆ وێنە لە بریتانیا، نیوزیلەند و چین بانکی تایبەتی پاراستنی تۆوی کەڕووەکان هەیە.

گەورەترین بانکی تۆوی جیهان لە خاکی نۆروێژ دایە بە ناوی (تاقی نێونەتەوەیی تۆوی سڤاڵبارد) کە ناسراوە بە ( Doomsday Vault ) یا تاقی رۆژی پەسڵان. ئەم بانکی تۆوە کەوتووەتە چاڵایی کێوێکی سەهۆڵین لە دورگەیەکی سەرووی بازنەی جەمسەریی باکوور لە نێوان ووڵاتی نۆروێژ و جەمسەری باکووردا.



لەم شوێنە دەخمەیەک لە شێوەی تاق سازکراوە کە میلیۆنان دەنکە تۆو تێیدا هەڵگیراوە و پێکهاتووە لە پتر لە ٩٣٠ هەزار جۆر تۆوی رووەک. زۆرترین جۆری تۆوی رووەکەکانی جیهانی تێدا پارێزراوە. لە راستیدا مەبەست لە دروسکردنی ئەم شوێنە پاراستنی زۆرترین جۆرەکانی تۆوی رووەکە لە سەرتاسەری جیهان نەک تەنیا لە وڵاتی نۆروێژ.

شوێنەکە لە پێشەوە وەک تاقێک دروستکراوە و دەرگایەکی پۆڵای هەیە و سیستمی هەوای بۆ رێکخراوە تا هەوای شوێنەکە لە ئاستێک رابگرێت. ئینجا بە شێوەی لوولەکی درێژ بووەتەوە و هۆڵێکی سەرەکیی تێدایە. لە دوواوە سێ ژووری تایبەت بە پاراستنی تۆوەکان دروستکراوە کە تەنیا ژووری نێوەراست ئێستا پڕە لە تۆو. بە گشتی ١٥٠ مەتر لە قووڵایی کێوەکەدایە.

22.3.22

کارگ لە چارەسەری نەخۆشیی هەنگدا

٢٩\١\٢٠٢١
لە هەنگەوانیدا نەخۆشییەک هەیە کە لەم ساڵانەی دووای ٢٠٠٠ەوە زۆر بەربڵاوبووە پێی دەگوترێت ئاڵۆزیی داڕووخانی پوورە یا (CCD). هەنگەکان توانای فڕین و چالاکی لەدەست دەدەن و دەمرن. کاتێک ئەم نەخۆشییە لە پوورەی هەنگێکدا سەرهەڵدەدات لە نەکاو هەموو هەنگە کارکەرەکان وون دەبن و شاهەنگ و خۆراکێکی زۆر و چەند پەرەستارێکیش بەجێدەهێڵن بۆ پەرەستاریکردن لە بێچووە پێنەگەیشتووەکان. ئەم دیاردەیە هەم لە بەهار و هەم لە پاییزدا روودەدات. ئەمە لە ئەمریکا و ئەوروپا زیانێکی زۆری بە هەنگەوانان گەیاندووە و ئاستی بەرهەمەکەیانی دابەزاندووە.

دوای ئەوە کە دەوڵەتی ئەمریکا بودجەیەکی زۆری تەرخانکرد بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشییە، دەرمانی ئەم نەخۆشییە دۆزرایەوە و لە سێ جۆر قارچک دروستکرا. بۆ ئەم مەبەستەیش ریسووی هەرکام لە کوارگەکانی ترامێتیس ڤێرسیکەڵەر (کلکەقەل)، فۆمس فۆمەنتاریوس (پووشوو) و گانۆدێرما ئەپڵانتوم تاقیکردنەوەیان لەسەرکرا و سەرکەوتنیان بەدەسهێنا لە چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییەدا.

شێوازی چارەسەرییەکە زۆر ئاسانە، تراوی ریسووی هەرکام لەم سێ جۆرە قارچکە لەگەڵ شەکر و ئاو تێکەڵ دەکرێت و دەدرێت بە هەنگەکان. شایانی باسە ئەم سێ جۆرە کوارگە لە کوردستان بە شێوەی خۆڕسک هەن. 

سەرنج: هەر لەم بڵاگەدا دوو بابەتی تر لەسەر چارەسەریی نەخۆشیەکانی هەنگ نووسراوە.

کەڕوو مۆرانە

٢٠\٨\٢٠٢١


جسنێک لە قارچک هەیە کە نزیکەی سی تا چل جۆری جیاواز لە خۆی دەگرێت. ئەم جۆرە کوارگانە بە زۆری لە ئاسیای رۆژهەڵات و ئەفریقا دەڕوێن. خەسڵەت و تایبەتمەندییەکی سەرسوڕمێن کە ئەم جۆرە کوارگانە هەیانە لە جۆرە قارچکەکانی تردا بەدیناکرێت.
ئەوەیش بەم جۆرەیە:
لە کاتێکدا کە قارچکەکانی تر هەندێکیان وەک مفتەژی لەسەر دار و درەختی زیندوو، هەندێکیان لەسەر درەختی مردوو، هەندێکیان بە هاوژینی لەگەڵ رووەک و درەختدا دەژیێن؛ هەندێکیان لەسەر لاشەی مێرووی زیندوو دەژین و پاشان دەیکوژن؛ قارچکە مۆرانە وەک هیچکامیان نییە. ئەم جۆرە کوارگە لە راستیدا دەکرێ بگوترێت کە بەرهەمی کار و زەحمەتی مۆرانەیە. 

بۆ زانیاری، مۆرانەکان لە خواردنی درەختدا زۆر ئازا و چالاکن، زۆر جۆری جیاوازیان هەیە، هەندێکیان لە قووڵایی خاک دەژیێن. ئەمانە هاگ (تۆو)ی قارچکەکە دەدۆزنەوە و دەیبەن لای خۆیان هەڵیدەگرن. دوای ماوەیەک هاگەکە گەشەدەکات و دەبێتە ریسوو (مایسیلیەم). بەرەبەرە زیاتر گەشەدەکات و تا دەبێتە کارگی تەواو. سوودی ئەم قارچکە بۆ مۆرانە ئەوەی تا ئێستا زانراوە بریتییە لە ماددەی شەکر و ئەنزایم کە دەریدەدات. مۆرانەکان بە وەرگرتنی شەکر لە کوارگەکە ژیانی خۆیان بەسەردەبەن. هەروەها بە ئەنزایمەکەیش دەتوانن ماددەی لیگنینی درەختەکان لەناوبەرن و بە ئاسانی درەختەکان ببڕن و بیانخۆن. دیارە هێشتا ووردەکاریی زیاتر ماوە سەبارەت بەم جۆرە قارچکانە بزانرێت.

 


روونكردنه‌وه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ ژه‌هراویبوون به‌ كارگ

٩\١٢\٢٠١٨
به‌گوێره‌ی چه‌ند هه‌واڵ و راپۆرتێكی ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی كوردستان، له‌م رۆژانه‌ی رابردوودا نزیكه‌ی دوازده‌ كه‌س له‌ خه‌ڵكی ناوچه‌ی رانیه‌ و قه‌ڵادزێ به‌هۆی خواردنی كارگ ژه‌هراوی بوون و گه‌یه‌نراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌. ژه‌هراویبوون به‌ قارچك دیارده‌یه‌كی نائاسایی نیه‌ و ساڵانه‌ سه‌دان و هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا به‌هۆی خواردنی كوارگه‌وه‌ ژه‌هراوی ده‌بن یا ده‌مرن. كوردستانیش به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جۆغرافیایی و ئاووهه‌وای گونجاو و له‌باری، جۆره‌ها قارچكی لێده‌ڕوێت. هه‌ر ساڵێكیش رێژه‌ی باران به‌رز بێت و شه‌پۆلی سه‌رما دره‌نگ رووبكاته‌ وڵات، ده‌رفه‌تی زیاتر و باشتر ده‌ڕه‌خسێت بۆ رووان و رسكانی كوارگی زیاتر و جۆر و گۆنی هه‌مه‌ڕه‌نگ.
كارگ كه‌ جۆرێكه‌ له‌ كه‌ڕوو له‌ سروشتدا ژماره‌یان له‌ هه‌زاران تێده‌په‌ڕێت. مه‌رج نییه‌ قارچكێك كه‌ له‌ ئه‌وروپا ده‌ڕوێت له‌ كوردستانیش بڕوێت. مه‌رج نییه‌ قاچكێك كه‌ له‌ وه‌رزی به‌هاردا ده‌ڕوێت، له‌ وه‌رزه‌كانی تریشدا بڕوێت، رووان و رسكانی كوارگه‌كان به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ رێژه‌ی شێ و باران و پله‌ی گه‌رما له‌ سروشتدا. گونجاوترین پله‌ی گه‌رما بریتییه‌ له‌ پله‌ی ١٨ی سه‌دی تا ٣٠ی سه‌د و هه‌روه‌ها رێژه‌ی ٦٠ تا ٩٠ی شێ. به‌شێوه‌یه‌كی ئاسای له‌ وڵاتی ئێمه‌دا ئه‌م پله‌ی گه‌رما و رێژه‌ی شێیه‌ له‌ وه‌رزه‌كانی به‌هار و پاییزدا فه‌راهه‌م ده‌بن؛ هه‌ربۆیه‌ زۆربه‌ی زۆری جۆر و گۆنه‌كانی كارگی كوردستان له‌م دوو وه‌رزه‌دا ده‌ڕوێن؛ هه‌رچه‌نده‌ له‌ وه‌رزه‌كانی زستان و هاوینیشدا له‌ هه‌ندێك شوێنی كوردستان قارچكی جیاواز ده‌رده‌كه‌ون.
ئه‌و كوارگانه‌ی له‌ به‌هاردا ده‌ڕوێن و خه‌ڵكی ئێمه‌ زۆر بایه‌خیان پێده‌دات كارگی كوێستانه‌كانن. به‌شێكی گرنگی بایه‌خپێدانیان له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ ئاسانی ده‌ناسرێن و جێگای گومان نین؛ چونكه‌ ئه‌وان خه‌سڵه‌تی هاوژینیان هه‌یه‌ كه‌ له‌ زمانی زانستیدا پێیده‌ڵێن (سیمبایۆتیك). ئه‌وان هه‌ركامه‌یان له‌پاڵ رووه‌كێكی دیاریكراودا ده‌ڕوێت و كه‌سی كوارگه‌وان رووه‌كه‌كه‌ ده‌ناسێت، هه‌ربۆیه‌ بێ ترس و دوودڵی قارچكه‌كه‌ ده‌چنێت و ده‌یخوات. جۆرێكی تر بریتییه‌ له‌ كوارگێكی سپی كه‌ ژێر كڵاوه‌كه‌ی په‌مه‌یی یا قاوه‌یی كاڵه‌ و له‌ نێو مێڕگ و چیمه‌نان ده‌ڕسكێت و به‌ (كارگه‌مێرگه‌) ناسراوه‌ و به‌شێوه‌ی بازرگانیش له‌ ئاستی جیهاندا پڕفرۆشترین قارچكی جیهانه‌ و پێده‌ڵێن (كوارگی دوگمه‌یی). دیاره‌ جۆری تریش به‌گوێره‌ی ناوچه‌كان هه‌ن كه‌ ناوی جیاجیایان هه‌یه‌ و شێواز و تام چێژی جیاوازیان هه‌یه‌..
له‌ وه‌رزی پاییزدا، به‌تایبه‌تی له‌ پاییزی ته‌ڕدا ژماره‌ و جۆری كوارگه‌كان زۆر به‌رز ده‌بێته‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا ئامارێك له‌ جۆره‌كانی قارچكی كوردستان له‌ده‌ستدا نییه‌ و كه‌س نازانێت چه‌ند جۆر قارچك له‌ وڵاتی ئێمه‌دا ده‌ڕوێت، به‌ڵام تا ئێستا به‌ گوێره‌ی چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌ك كه‌ له‌ هه‌ولێڕ و سلێمانی دا ئه‌نجام دراون ئاماژه‌ به‌ هه‌بوونی نزیكه‌ی ٨٠ جۆر قارچك كراوه‌. بێگومان له‌م هه‌شتا جۆره‌ به‌شێكیان ژه‌هراوین و به‌شێكیان خۆراكین؛ به‌ڵام به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێی كوردستان و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی سروشتی گونجاوی كوردستان ، چاوه‌ڕوانده‌كرێت ژماره‌ی قارچكه‌كان پێنج به‌رابه‌ری ئه‌مه‌ بێت. به‌ وته‌یه‌كی دیكه‌ هه‌ر كوارگێك كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار چاوت پێیده‌كه‌وێت، ره‌نگه‌ ئه‌و قارچكه‌ هێشتا نه‌ناسرابێت و له‌ هیج شوێنێك تۆمار نه‌كرابێت؛ ته‌نانه‌ت بۆی هه‌یه‌ قارچكی وامان هه‌بێت كه‌ تایبه‌ت بێت به‌ كوردستان و له‌ هیچ وڵاتێكی تر نه‌ڕوابێت.
دوای ئه‌م پێشه‌كییه‌ دێمه‌ سه‌ر كرۆكی بابه‌ته‌كه‌ كه‌ باسی ژه‌هراویبوونی هاووڵاتیانه‌ له‌ ناوچه‌كانی رانیه‌ و قه‌ڵادزێ. دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستیی رانیه‌ راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ودا بۆ پێشگیری له‌ زیاتر ژه‌هراویبوونی هاووڵاتیان هه‌ندێ ڕێنومایی بڵاوكردوووه‌ته‌وه‌ كه‌ زۆر قسه‌ هه‌ڵده‌‌گرێت و ناكرێ سووك و ئاسان به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕین.‌ دیاره‌ زۆر گه‌رام به‌ شوێن كۆپییه‌ ئه‌سڵیه‌كه‌ی راگه‌یه‌ندراوكه‌دا كه‌ ده‌ستم نه‌كه‌وت؛ به‌ڵام وێبسایتی (ژیان دۆت كۆ) كورته‌یه‌كی پڕ له‌ هه‌ڵه‌ی لێ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. له‌ودا وه‌ك ره‌وشتی پێشوو باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ به‌ (خوێ) ده‌توانرێت كارگی ژه‌هراوی و خۆراكی له‌یه‌كتری جیا بكرێنه‌وه‌.. هه‌روه‌ها نووسراوه‌ كه‌ هاووڵاتیان خۆیان دوور بگرن له‌ خواردنی هه‌ر قارچكێك كه‌ له‌ بن دار و ده‌وه‌ن رووابێت چونكه‌ به‌ وته‌ی ئه‌وان پێكهاته‌ی ژه‌هرین له‌ داره‌كانه‌وه‌ وه‌ردگرن. له‌ خاڵێكی تردا نووسیویانه‌ هاووڵاتیان ده‌بێ خۆیان به‌ دوور بگرن له‌ خواردنی كوارگێك كه‌ كڵاوه‌كه‌ی یا قه‌ده‌كه‌ی سوور بێت.
خۆزگه‌ ئه‌م به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌ی رانیه‌ له‌ جیاتی‌ ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ قسه‌ بێبنه‌مایانه‌ وێنه‌ی چه‌ند كارگێكی بڵاو بكردایه‌ته‌وه‌ و له‌ ژێریانه‌وه‌ بینووسیبایه‌ ئه‌م قارچكانه‌ ژه‌هراوین! ئیدی هیچ پێویست نه‌بوو خه‌ڵكی چه‌واشه‌ و لاڕێ بكرێت و راستییه‌كانیان له‌ بشێوێندرێت.. وه‌ك پێشتر گوتمان كارگ هه‌زاران جۆری هه‌یه‌ و ئه‌و ژه‌هره‌ی له‌ كوارگه‌ ژه‌هراوییه‌كاندایه‌ ته‌نیا یه‌ك جۆر نییه‌ تا به‌ یه‌ك شێواز و كه‌ره‌سته‌ بدۆزرێته‌وه‌ و ده‌سنیشان بكرێت. ئه‌فلاتۆكسین، ئۆكراتۆكسین، سیترینین، ئیرگۆت، پاتولین و فیوزاریه‌م چه‌ند دانه‌یه‌كن له‌و ژه‌هرانه‌ی كه‌ له‌ قارچكه‌ ژه‌هراوییه‌كاندا ده‌سنیشان كراون. قارچكی وا هه‌یه‌ به‌ته‌نیا چوا جۆر ژه‌هری ده‌رده‌ات؛ له‌ هه‌مان كاتدا هه‌یشه‌ به‌چه‌ندین جۆر قارچك یه‌ك جۆر ژه‌هر ده‌رده‌ه‌ن. ده‌سنیشانكردنی جۆره‌كانی ژه‌هر رێباز و كه‌ره‌سته‌ی جیاوازیان پێویسته‌ و هه‌موویان به‌ پڕژاندنی خوێ به‌سه‌ر كوارگدا ده‌رناكه‌ون. كێ ده‌زانێ ئه‌و كه‌سه‌ ژه‌هراویبووانه‌ به‌م جۆره‌ ئامۆژگارییه‌ سه‌قه‌ت و نادروسته‌ نه‌خه‌ڵه‌تاون و ژه‌هراوی نه‌بوون؟!
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ، هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی زانستی له‌ ده‌ستدا نییه‌ كه‌ بیسه‌لمێنێت ئه‌و قارچكه‌ی له‌ بن دار و ده‌وه‌ن ده‌ڕوێت ژه‌هراوییه‌. هه‌روه‌ها هیچ به‌ڵگه‌یه‌كش له‌ده‌ستدا نییه‌ بیسه‌لمێنێت هه‌ر قارچكێك كڵاوه‌كه‌ی و قه‌ده‌كه‌ی سوور بێت، ژه‌هراوی بێت. ئه‌و كارگه‌ سووره‌ی كه‌ ژه‌هراوییه‌ و جێی مه‌ترسییه‌ و زۆر ناسراوه‌، یه‌ك دانه‌یه‌ كه‌ ناسراوه‌ به‌ ئه‌مانیتا موسكاریا و له‌ نزیك دار ده‌ڕوێت. ئیدی مه‌رج نییه‌ هه‌ر كوارگێك سوور بوو یا له‌ نزیك دار ڕووا ژه‌هراوی بێت. ئه‌سڵه‌ن تا ئێستا به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌ كه‌ ئه‌مانیتا موسكاریا له‌ كوردستان هه‌بێت!
من ده‌توانم ئێستا لیستی كۆمه‌ڵێك كارگی ژه‌هراوی به‌ وه‌سف و تایبه‌تمه‌ندی و وێنه‌وه‌ بڵاو بكه‌مه‌وه‌ به‌ڵام گرفته‌كه‌ لێڕه‌دایه‌ كه‌ نه‌ خۆم و نه‌ هیچكه‌س و لایه‌نێكیش دڵنیا نین له‌وه‌ه‌ی كه‌ كامه‌ قارچك له‌ قارچكه‌ ژه‌هراوییه‌ ناسراوه‌كانی جیهان له‌ كوردستان هه‌یه‌ و ده‌ڕوێت؟! ره‌نگه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی لیستێكی وا له‌لایه‌كه‌وه‌ سوودی هه‌بێت؛ به‌ڵام بێگومان زیانیشی ده‌بێت و ره‌نگه‌ به‌هۆی لێكچوونی قارچكه‌كانه‌وه‌ زۆركه‌س ناچار بكات كه‌ پشت بكاته‌ خواردنی خۆشترین كوارگی كوردستان.
هیوادارم ئه‌م كورته‌ روونكردنه‌وه‌یه‌ به‌س بێت بۆ هاتنه‌وه‌ هۆشی ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و ته‌ندروستی كارده‌كه‌ن و له‌سه‌ر قارچك نابه‌رپرسانه‌ ده‌دوێن و چه‌واشه‌كاری ده‌كه‌ن.

 



16.3.22

کارگی فیستووڵینا هیپاتیکا

١٤\١٠\٢٠١٧

ئەم جۆرە کوارگە ناسراوە بە "کەڕووی پشکە گۆشت" یان "زمانە گا". ئەم کوارگە وەک لە ناوەکەیەوە دەردەکەوێت وەک جێگرەوەی گۆشت هەژمار کراوە. یەکێکە لە قارچکە کەوانەییەکان. رەنگی سەرەوەی سووری گۆشتییە و ژێرەکەیشی سپییە و پڕە لە سووگەلی هەڵگری هاگ. وەک لە ڤیدیۆکەدا دەبینرێت بە تایبەتی بەشی سەرەوەی دەڵێی گۆشتە. بەڵام بەداخەوە چێژ و مەزە و بۆن و بەرامەی جیاوازە و لە هی گۆشت ناچێت؛ تام و چێژی کەمێک ترشە. بۆ مەبەستی خواردن پێویستە بەر لە پیربوون بچنرێت و ماوەیەکی زۆریش بکوڵێندرێت تا جیڕییەکەی کەم بێتەوە و بۆ خواردن خۆش بێت. ئەم جۆرە قارچکە لە بریتانیا، باکووری ئەمریکا، ئوسترالیا، باکووری ئەفریکا و ئەوروپا هەیە.

فیستووڵینا هیپاتیکا لە جسنی هیپاتیکایە و کارگێکی مشەخۆر و مفتەژییە.  لە سەر درەختی بەڕوو دەڕوێت بەتایبەتی چەشنێک بەڕوو کە لە بریتانیا ناسراوە بە رەشەبەڕوو و بە زۆری دارتاشەکان بۆ دروسکردنی دۆڵاب و کاونتەر بەکاری دەهێنن.   یەکەم جار ساڵی ١٧٨٤ لەلایەن جەیکوب کریستیان شایفەرەوە وەسفی کراوە؛ کە ناوی لێنا بۆڵیتوس هیپاتیکووس.  ساڵی ١٧٩٢ رووەکناسی بریتانیایی ویڵیام ویتەرینگ ناوەکەی گۆڕی بۆ فیستوڵینا هیپاتیکا.  وشەی فیستووڵینا واتە لوولەدار چونکە شێوەی سووەکانی ئەم جیاوازە لە کوارگە فرەسووەکانی تر.  هەروەها هیپاتیکا واتە جەرگ\جگەر چونکە شێوە و رەنگی قارچکەکە لە شێوەی جگەر دەچێت.  لە تەمەنی ساواییدا شێوەی پتر لە تووفەرەنگی دەچێت نەک لە جگەر.  کاتێکیش زۆر پیر دەبێت رەنگە سوورەکەی تۆختر دەبێت و رووکاری سەرەوەی زیپکەی لێ پەیدا دەبێت.  شایانی باسە کە رەنگی هاگەکانی ئەم قارچکە زەردی کراوەی مەیلە و ئاڵە.

جێگای ئاماژەیە کە لە بریتانیا ئەم کوارگە لە نێوان مانگەکانی گەلاوێژ تا گەڵاڕێزان دا و لە بەشی داوێنی قەدی درەختی بەڕوودا دەڕوێت.  هەروەها لەسەر قەدی درەختی شابەڕوو(Chestnut)یش دەڕوێت.  هەروەتر زۆر جار لەسەر ئەو درەختانەیش دەڕوێت کە بە هۆکاری سروشتی وشک دەبن و دەکەون.



 سەرچاوە

فێرست نەیچەر

كوایه‌ر (Coir)

کوایەری خشت و شیکراوە

٢٥\٦\٢٠١٨
كوایه‌ر یا کووار جۆرە مادده‌یه‌كه‌ كه‌ له‌ چاندنی شه‌تڵ و نه‌مامدا وه‌ک ناوپاره‌ (Medium)، یا له‌ روواندنی قارچک\كارگ دا وه‌ک رووپۆش (casing) بۆ سه‌ر پاڵگه‌ (Bed)ی قارچک به‌كارده‌هێنرێت. كوایه‌ر هه‌ر ئه‌و كاره‌ ده‌كات كه‌ (پیتمۆس) ئه‌نجامی ده‌دات؛ ته‌نیا جیاوازیی له‌مه‌دایه‌ كه‌ كوایه‌ر هه‌رزانتره‌.

كوایه‌ر له‌ داری گوێز هیندی\كۆكه‌نه‌ت (Cocoanut) دروست ده‌كرێت. به‌ وته‌یه‌كی تر ئه‌و توێكڵه‌ ره‌قه‌ ریشاڵییه‌ی میوه‌ی گوێزهیندی له‌باتی ئه‌وه‌ی فڕێبدرێت، ورد ده‌كرێت و كه‌ره‌سته‌ و پێداویستیی تری لێدروست ده‌كرێت. 
ره‌نگه‌ زۆر كه‌س ئاگادار بن كه‌ داری گوێزهیندی دارێكی سوودمه‌نده‌ و خه‌ڵكی بۆ زۆر مه‌به‌ست و به‌ شێوازی جیاواز كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گرن. بۆ نموونه‌ به‌ڕه‌، گوریس، گه‌سک، فڵچه‌ و رایه‌خی كه‌وشكه‌نه له‌ ریشاڵه‌كانی میوه‌ی گوێزهیندی سازده‌كرێن‌. كوایه‌ریش یه‌كێكی تره‌ له‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه‌ له‌ دره‌ختی گوێز هیندی دروست ده‌كرێت و ساڵانه‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاوی هه‌نارده‌ی وڵاتان ده‌كرێت بۆ به‌كارهێنانی له‌ بواری چاندندا.

پێواژۆی دروستكردنی كوایه‌ر به‌جۆرێكه‌ كه‌ دوای هاڕین ورد كردنی توێكڵه‌ گوێزه‌كان، به‌ ده‌زگا و ئامێری تایبه‌ت ده‌په‌سترێن وه‌ ده‌كرێن به‌ خشتی بچووک بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵگرتن و باركردنی ئاسان بێت. پێش ئه‌وه‌ی به‌كار بهێنرێت ده‌بێ له‌ ئاودا بخووسێنرێت تا شی ببێته‌وه‌. پێنج كیلۆ خشته‌ی كوایه‌ر دوای خووساندن له‌ ئاودا ده‌بێته‌ شه‌ست لیتر.

 


10.3.22

کارگی پاکسیلووس ئنڤۆلیووتوس


ناسراوە بەچەرخی قاوەیی یا چەرخی لوولدراو.  یەکێکە لە کەڕووەکان باسیدیۆمایستەکان و بەشێوەیەکی بەربڵاو لە باکووری نیوەگۆی زەوی دەڕوێت.  لە رێگەی بازرگانی و هەناردەی درەختی ئەوروپاییەوە گەیشتووەتە ئوسترالیا، نیوزیلەند و باشووری ئەفریقا و باشوور ئەمریکا.    رەنگە قاوەییەکەی زۆر جار دەگۆڕێت لە نێوان قاوەیی کاڵەوە بۆ قاوەیی تۆخ.  وەک مەیلەو سوور، مەیلەو زەرد، قاوەیی زیەیتوونیباو دەردەکەوێت.  سەرەتا کەڵکنە و دوواتر لووس دەبێت.  لە کاتی تەڕبووندا دیسناکە.  تیرەی قەدەکەی تا ٦٠ میلیمەتر بەرز دەبێت و کڵاوەکەیشی کە شێوەزوڕناییە تا ١٢٠ میلیمەتر گەورە دەبێت و لە ١٥٠ میلیمەتر گەورەتر نابێت.  لێواری کڵاوەکەی بەرەو دیوی خوارەوە لوولدەبێت و شێوەی لە چەرخ\تایە دەچێت.   شیپەڕەکانی زەردی قاوەییباون و  لە یەکترییەوە نیزکن.  نابەردەوامن واتە هەندێکیان کورت و هەندێکیان درێژن؛ و هەروەها شێوە چەنگاڵین؛ و بە ئاسانی لە کڵاوە دادەماڵدرێن.  کە ئەمەیان لە فرەسووەکان دەچێت.  شیپەڕەکان تا پتر بەرەو لای قەدەکە دەچن ناڕێکتر دەبن و تەنانەت شێوەیان لە سووی کارگە فرەسووەکان دەچێت.

کاتێک بریندار دەکرێت رەنگی بەرەو رەنگی تۆخ دەگۆڕێت.  رەنگی گۆشتەکەی زەردباوە و چێژی شێنە تا تۆزکاڵێک مزرە.  رەنگی هاگەکانی قاوەییە.  

یەکەم جار ساڵی ١٧٨٥ لەلایەن کەڕووزانی فرانسی پییەر بیلیاردەوە وەک ئەگاریکووس کۆنتیگووس وەسفکراوە؛ بەڵام ئەو وەسفەی ئۆگوست باچی ساڵی ١٧٨٦ وەک ئەگاریکوس ئنڤۆڵیوتوس کردی بە وەسفێکی شایستە هەژمار دەکرێتئەم کوارگە بە شێوەی بەربڵاو لە ئەوروپای ناوەڕاست و رۆژهەڵات دەخورالە پۆڵەند لە ترشیات یا شۆرابدا دەخورابەوە ناسرابوو کە ئەگەر بە خاوی بخورێت دەبێتە هۆی باکردن و گرفتی گەدە بەڵام خواردنی بە کوڵاوی ئاسایی بووساڵی ١٩٤٤ کاتێک کەڕووزانی ئەڵمانی جولیووز شافەر بە خواردنی ئەم قارچکە دووای کوڵاندن مرد، خۆراکیبوونی کەوتە ژێر پرسیارەوە.

 شایانی باسە کە پاکسیلووس ئنڤۆلیووتوس بە هاوژینی لەگەڵ چەند چەشنێک لە سنەوبەرەکان و گەڵاڕێزۆکەکاندا دەڕوێت.



سەرچاوە

فێرست نەیچەر


8.3.22

جسنی ماسۆسپۆرا

لەم نیگارۆشەدا سووڕی ژیانی زیکزیکە و تووشبوونی بە کەڕووی ماسۆسپۆرا روون کراوەتەوە

ماسۆسپۆرا جسنێکی کەڕووی بیماریزایە لە سانی ئینتۆمۆفتۆراڵەکانی زایگۆماکۆتا١٤ چەشن دەگرێتە خۆی کە هەرکام لەوان  تووشی چەشنێکی تایبەت لە زیکزیکە دەبن؛ و لە رێگەی جووتبوونەوە دەگوازرێتەوەلانیکەم دوو چەشن لەمانە ناسراون کە ماددەی وەهمزایان تێدایە.

شایانی باسە کە ئەم کەڕووە بیماریزایە کاریگەریی لەسەر مرۆڤ نییە و تەنیا ئەو چەشنە زیکزیکانە تووشدەکات کە تەمەنیان لە نێوان ١٣ تا ١٧ ساڵ درێژه، نەک ئەوانەی تەمەنیان ساڵێکە.

تا ئێستا نەزانراوە کە ئەم کەڕووە بۆ مەل و باڵندەیش گوازرابێتەوە بەڵام پسپۆران دەڵێن وا باشە رێگەنەدرێت مەل و پەلەوەر زیکزیکە تووشبووەکان بخۆن.   زیکزیکە خۆی لە تیرە کوللەی دەریای(Shrimp)ە، هەر بۆیە ئەو کەسانەی بە خواردنی کوللەی دەریایی بەرهەستن نابێ بیر لە خواردنی زیکزیکە بکەنەوە.