29.3.22

کوارگی گوێ بەرخە

شوێن: تەقتەق، باشووری کوردستان

ژینگە: دەم چەم و نێو گیا و چیلکە و گەڵا

وەرز: سەرەتای مانگی نەورۆز

ساڵ: ٢٠٢٢

وێنە و ڤیدیۆ: هێمن حەمەدەمین


وەسف:

رەنگی کڵاوەکەی کە لە راستیدا کڵاو نییە بەڵکوو تەنراوێکی تەنکی لۆچدارە، قاوەیی تۆخە.  دیوێکی ئەم تەنراوەیە کە دیوی دەرەوە یا سەرەوەیەتی لووسە.  دیوەکەی تری رەنگی جیاوازە واتە سپییەکی مەیلەو خۆڵەمێشییە.  لە وێنەکان و ڤیدیۆکەدا وا دەردەکەوێت کە ئەم بەشە لە قارچکەکە لە کوارگی دارگۆش دەچێت.  وەک گوتمان بەشی سەرەوەی لە کڵاو ناچێت؛ و لە راستیدا لە مێزەر دەچێت؛ بۆیە لێرەدا واژەی مێزەری بۆ بەکار دەهێنم.  گنج و لۆچی مێزەرەکەیان هەموو جارێ وەک یەک نییە، هەندێک جار لۆچی زۆر کەمە و دەڵێی دارگۆشە.  خاڵێکی سەرنجڕاکێش لەم چەشنە قارچکەدا ئەمەیە کە هەندێکیان دوو مێزەریان هەیە واتە لە بەشی سەرەوەی قەدەکەیاندا لکێکی باریک جیا دەبێتەوە کە مێزەرێکی جیاوازی لێدەڕوێت.


قەدی کوارگی گوێ بەرخە سپییەکی تۆزکاڵێک قەیماغییە.  درێژییەکەی لە دە سەنتیمەتر تێناپەڕێت.  نێوەکەی هوڵۆڵە واتە بەتاڵە.  دیواری قەدەکە نەرم و تەنکە و زۆر لە بۆڕیی پلاستیک دەچێت.  لای سەرووی قەدەکە تەنیا لە دوو خاڵی جیاوازەوە بە مێزەرەکەوە چەسپاوە.  رەنگی دیوی ناوەوەی قەدەکەی سپیترە لە رەنگی دەرەوەی.


هاگەکانی کوارگی گوێ بەرخە بەو دیوەی مێزەرەکەوە نووساون کە دەکەوێتە لای خوارەوە یا نێوەوە و رەنگی سپییە.  بەگوێرەی ئەوانەی خواردوویانە چێژ و مەزەی قارچکی گوێ بەرخە لە دۆمەڵانەوە نزیکە؛ هەر بۆیە دەشێ بگوترێت لە کوارگە خۆشەکانە.


هەرچەندە تا تاقیکردنەوە و پشکنینی ووردی ئەزمونگەیی نەکرێت ناکرێت بڕیار لەسەر چەشن و جسنەکەی بدرێت، بەڵام بە باوەڕی من لە جسنی مۆرچێلایە.  ئەم جسنە تا ئێستا ٨٠ چەشنی لێ ناسراوە و لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانیش چەند چەشنێکیان تۆمار کراون.  

شایانی سەرنجە کە چەند ساڵێک لەمەوبەر لە باڵەکایەتی و برادۆست وێنەی ئەم کوارگەمان بۆ هاتبوو بەڵام بە هۆی ئەوە کە کوایەتیی وێنەکان باش نەبوو، لامان وابوو کە زڕە مۆرێلن.  هەرچەند زڕە مۆرێلەکان ژەهراوین بەڵام هیچکامیان کوشندە نین.  ئەم گوێ بەرخەیە نەک ژەهراوی نییە، بەڵکوو لە ناوچەی تەقتەق ناسراوە و مەردم وەک کوارگێکی خۆش ناوی دەبەن؛ تەنانەت کیلۆی بە ١٥ هەزار دینار دەیفرۆشن کە گرانترە لە نرخی کیلۆیەک گۆشت.

No comments:

Post a Comment