25.3.22

تاقی رۆژی پەسڵان



بانکی تۆو شوێنێکە بە تایبەتی دروست دەکرێت و رێکدەخرێت بۆ ئەوەی تۆوی رووەکی تێدا بپارێزرێت. پاراستنی تۆو نەک وەک ئەوەی لە سایلۆکاندا بە هەزاران تۆن گەنم و دانەوێڵە دەپارێزرێت، بەڵکوو بڕێکی کەم لە هەموو جۆر و چەشنە تۆوێک لەو شوێنەدا هەڵدەگیرێت و دەپارێزرێت؛ بۆ ئەوەی لە کاتی هەر رووداوێکی گەورەی سروشتیدا کە ببێتە هۆی نەمانی رووەکەکە، سوودی لێ وەربگیرێت.

لە ئاستی دنیادا پتر لە هەزار بانکی تۆو هەیە. هەندێکیان تایبەتین و زۆریشیان دەوڵەتین. زۆرێک لەم بانکانە بۆ هەموو جۆرە تۆوێک تەرخانکراون؛ بەڵام هەندێکیان بۆ کۆمەڵێک تۆوی تایبەت. بۆ وێنە لە بریتانیا، نیوزیلەند و چین بانکی تایبەتی پاراستنی تۆوی کەڕووەکان هەیە.

گەورەترین بانکی تۆوی جیهان لە خاکی نۆروێژ دایە بە ناوی (تاقی نێونەتەوەیی تۆوی سڤاڵبارد) کە ناسراوە بە ( Doomsday Vault ) یا تاقی رۆژی پەسڵان. ئەم بانکی تۆوە کەوتووەتە چاڵایی کێوێکی سەهۆڵین لە دورگەیەکی سەرووی بازنەی جەمسەریی باکوور لە نێوان ووڵاتی نۆروێژ و جەمسەری باکووردا.



لەم شوێنە دەخمەیەک لە شێوەی تاق سازکراوە کە میلیۆنان دەنکە تۆو تێیدا هەڵگیراوە و پێکهاتووە لە پتر لە ٩٣٠ هەزار جۆر تۆوی رووەک. زۆرترین جۆری تۆوی رووەکەکانی جیهانی تێدا پارێزراوە. لە راستیدا مەبەست لە دروسکردنی ئەم شوێنە پاراستنی زۆرترین جۆرەکانی تۆوی رووەکە لە سەرتاسەری جیهان نەک تەنیا لە وڵاتی نۆروێژ.

شوێنەکە لە پێشەوە وەک تاقێک دروستکراوە و دەرگایەکی پۆڵای هەیە و سیستمی هەوای بۆ رێکخراوە تا هەوای شوێنەکە لە ئاستێک رابگرێت. ئینجا بە شێوەی لوولەکی درێژ بووەتەوە و هۆڵێکی سەرەکیی تێدایە. لە دوواوە سێ ژووری تایبەت بە پاراستنی تۆوەکان دروستکراوە کە تەنیا ژووری نێوەراست ئێستا پڕە لە تۆو. بە گشتی ١٥٠ مەتر لە قووڵایی کێوەکەدایە.

No comments:

Post a Comment