26.3.21

کۆڤید١٩ و کەڕووی ئاسپەرگیلوس


رۆژ نییە هەزاران کەس لەسەر ئاستی جیهاندا بەهۆی تووشبوون بە پەتای کۆڤید١٩ وە رەوانەی بیمارستانەکان نەکرێن. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ئەو نەخۆشانەی بەتوندی تووشی پەتایەکە دەبن و لە بەشەکانی چارەسەریی چڕ لە ژێر چاودێری و دەرمانکردندا دەبن و دەمرن، هۆکاری مردنەکەیان زیاتر تووشبوونە بە هەوکردنی کەڕوویین. ئەوان جەختیان کردووەتەوە کە چەند کەڕوویەکی هەلپەرەست لەو کاتەدا کە تووشبووەکە پێویستیی بە هێز و ووزەی زیاتر هەیە، پەلاماری سی و هەناسەدانی نەخۆشەکان دەدەن و لاوازتریان دەکەن و سەرەنجام دەیانکوژن؛ هەربۆیە دەبێت لە کاتی وەرگرتنی چارەسەرییە دەرمانیەکاندا دەرمانی دژەکەڕوو بدرێت بە نەخۆشەکان. یەکێک لەو کەڕووانەی لەم دۆخەدا پەلاماری نەخۆشەکان دەدات کەڕووی ئاسپەرگیلوسە کە کەڕوویەکی گجاڕسک(Ubiquitous)ە و لە هەموو شوێنێک هەیە و گەشەدەکات و پێشگیری لە دزەکردنی بۆ شوێنەکان، ئەگەر نەڵێین مەحاڵە دەتوانی بڵێین زۆر چەتوون و دژوارە. شایانی باسە کە لە باری ئاساییدا هاگەکانی ئاسپەرگیلوس زیان بە مرۆڤ ناگەیەنن بەڵام کاتێک کە مرۆڤ تووشی نەخۆشییەک دەبێت و لە ئەنجامی نەخۆشییەکەدا لەشی لاواز دەبێت و تەکۆزی سەلامەتیی بێهێز دەبێت، ئەم کەڕووە سوود لە دەرفەتەکە وەردەگرێت و پەلاماری خۆی دەسپێدەکات. ئەو نەخۆشانەیش کە تووشی شێرپەنجە دەبن و دەخرێنە ژێر چارەسەری کیمۆدەرمانی، بە هەمان شێوە مەترسیی تووشبوون بەم کەڕووەیان لێدەکرێت.


سەرچاوە:

ساینس مەگەزین


23.3.21

ترخێنە


 

ترخێنە، تەرخینە، تەرخنە، دۆیین، دۆینە، کەشگینە، شەلەمێن، شەلەم شۆروا، تەڕەساس. بە زمانی ئینگلیسی (Tarhana) کە لە تورکییەوە وەریانگرتووە. خۆراکێکی نەریتیی کۆنە. لە گەنمەکوتاو یا بڕوێش و ماست یا شیر و کۆمەڵێک سەوزی پێکدێت. لە نێو گەلانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناویندا دەبینرێت. بەگوێرەی هەرێم و ناوچە و فەرهەنگە جیاوازەکان پێکهاتەکانیشی دەگۆڕێت. ترخێنە جگە لە کوردستان لە ئەرمەنستان، یۆنان، قیبروس، تورکیا، میسر و ئەڵبانی هەیە.


ئەوروپاییەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ووشەی ترخێنە لە واژەی تراکتۆنی یونانی وەرگیراوە کە واتای خەستکەرەوە یا چڕکەرەوە دەبەخشێت. هەر ئەوروپاییەکان پێیانوایە لە واژەی(تەرخوانە)ی فارسییەوە وەرگیراوە. وەک ئاشکرایە واتاکەی بە کوردی رۆشنترە کە دەبێتە (خوانەی تەڕ)؛ و لایان وایە لەبەر ئەوەی سەرکە ترخێنە ووشکەوەبووەکان پێش ئەوەی بکرێنە چێشت لە ئاودا دەخووسێنرێن، بۆیە ئەم ناوەی بۆ دانراوە.


کۆنترین سەرچاوەی فارسی فەرهەنگی زەمەخشەرییە کە بە (تەرخوانە یا تەرخانە) ناوی بردووە و دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١١ی زایینی. هەروەها لە ئینسایکڵۆپێدیای جەهانگیریدا کە لەسەدە ی١٣ هەمدا بە زمانی فارسی بۆ ئیمپراتۆری موگاڵی هیندوستان نووسراوە وەک (تەرخینە) ناوی هاتووە. دوکتۆر بەهرۆز جاف پێیوایە واژەی ترخێنە هاوڕیشەیە لەگەڵ (ترخە)ی سانسکریت کە واتای ووشک یا بێئاو دەبەخشێت. لە چوارچێوەی ئێراندا ترخێنە کە لە لوڕیدا دەڵێن کەشگینە لە ئەراک و هەمەدانەوە تا ورمێ، ئەردەڵان، کرماشان، ئیلام، بەختیاری، خۆڕماوا، دیزفوول و بەگشتی ئەو ناوچانەی لوڕ و کوردی لێ نیشتەجێیە، دەخورێت و ناسراوە.


خاڵی سەرنجڕاکێش ئەمەیە کە لە میسر پێیدەڵێن کوشوک یا کەشەک و لە ئێراق دەڵێن کشگ؛ کە ئەمەیش ئەوەمان بۆ رووندەکاتەوە کە زۆرێک لەو ووشە عەرەبیانەی گوایە لە فارسییەوە وەرگیراون، لە راستیدا لە رێگای لوڕییەوە چوونەتە نێو زمانی عەرەبییەوە. ئاخر بەدرێژایی مەرزەکانی نێوان ئێران و ئێراق جگە لە کورد و لوڕ هیچ زمان و نەتەوە و نەژادێکی تر نیشتەجێ نەبووە.


لە کوردەواریدا شێوازی پێژانی چێشتی ترخێنە لە هەموو ناوچەکان چونیەک نییە. بەڵام بە گشتی گەنم یا گەنمەگوتاو یا بڕوێش لە ماست دا دەخووسێنرێت تا دەترشێت و پاشان دەکرێتە سەرک سەرک و لەبەر خۆرەتاو ووشکدەکرێتەوە. لە هەندێک ناوچە سەوزیی جیاوازیشی لەگەڵ تێکەڵ دەکرێت. بەتایبەتی گەڵای شێلم یەکێکە لە سەوزییە گرنگەکان بۆ ترخێنە. لە وەرزی سەرمادا هەرکە ئارەزووی دروسکردنی ترخێنەیان بوو، سەرکە ترخێنەکان لە ئاودا دەخووسێنرێن. دانەوێڵەی وەک نیسک و نۆک و هەروەها ووشکەباری وەک گوێز، مێوژ و قەیسی دەکوڵێندرێن. لە هەندێک ناوچە سڵقی سوور یا چەوەندەری سوور و شێلمیش دەجنرێت و دەکوڵێندرێت پاشان هەموویان لەگەڵ سەرکە ترخێنە خووساوەکە تێکەڵدەکرێن. پیوازداخی بۆ دروسدەکرێت و بەسەریدا دەکرێت و دەکوڵێندرێت تا کەمێک خەست دەبێتەوە. ئەوسا ئیتر کاتی خواردنی دێت. لەم سەردەمەدا ئاوەتەماتەیشیان بۆ زیاد کردووە و زۆر کەس گۆشتیش دەکاتە نێوییەوە.

هەرچەندە تا ئێستا هیچ زانیارییەکی وورد سەبارەت بە پێکهاتە ژیانزانییەکەی ئەو ماست و گەنم و سەوزییە ترشاوەی ترخێنە نییە، بەڵام گومان لەوەدا نییە کۆمەڵێکی زۆر بەکتریای سوودبەخشی تێدایە؛ و ژمارەیەکی زۆر دژەتەنی تێدایە کە لە کۆنەوە خەڵکی سوودی تەندروستیی باشیان لێوەرگرتووە.




بابەتی پەیوەندیدار

دۆینە

روواندنی کوارگی تاڵیتۆز لەلایەن کاک سیراجەددین مەحموود

 

کاک سیراجەددین ڤیدیۆی دووەمی بۆ لاپەڕەکەمان ناردووە کە تیایدا باس لەوە دەکات کە کوارگ\قارچکی تاڵیتۆزی روواندووە. ئەم جۆرە قارچکە لە رەگەزی پلورۆتووسە و بەشێوەی هاوژینی لەپاڵ رووەکێک دا دەڕوێت کە لە کوێستانەکان دەڕوێت و شێوەی لە کەرەوز دەچێت. ئەم رووەکە لە هەندێک ناوچە بە تاڵیتۆز ناسراوە. شایانی باسە کە ساڵی ٢٠١٧یش کاک #شێرزاد_سەیدە لە چۆمانەوە ڤیدیۆیەکی بۆ لاپەڕەکەمان نارد کە تیایدا شەوازی روواندنی ئەم قارچکە لە زمانی دایکییەوە بەیان دەکات.
ئێمە زۆر سوپاسی کاک سیراجەددین دەکەین وئەمجارەیش دەڵێین سوپاس بۆ ناردنی ڤیدیۆکە و دەستت خۆش بێت بۆ ئەم کارەت و سەرکەوتوو بیت.



روواندنی کوارگی سەدەف لەلایەن کاک سیراجەددین مەحموود

کاک سیراجەددین مەحموود مامۆستای زانکۆی راپەڕین ئەم ڤیدیۆیەی ناردووە بۆمان. ئەو دەڵێت هاگی کوارگی سەدەف(پلورۆتوس ئۆستریتوس)ی کوردستانی رستکردووە و کردوویەتە گەرا و پاشان کردوویەتی بەم قارچکە جوانە کە لە ڤیدیۆکەدا دەیبینین.
هیوای سەرکەوتن بۆ بەڕێزی دەخوازین و سوپاسی دەکەین کە ئێمەی بە جێی متمانە زانی و ڤیدیۆکەی بۆ ناردین. چاوەڕوانی کاری زیاتر و جوانتر لە کاک سیراجەددینی بەڕێز دەکەین.
رێکەوت: ٥\٣\٢٠٢١


11.3.21

ژەهر


ژەهر، ژار، زەهر، لە زمانی ئینگلیسیدا واژەی ڤێنەم بەو جۆرە ژەهرە دەگوترێت کە هەندێک لە زیندەوەران بە هەر هۆکارێکەوە بێت لە ڕێگەی گەستن یا پێوەدان و تێترنجاندنی چزووەوە دەیزێننە لەشی زیندەوەرانی دەوروبەریان.  هەروەها پەیڤی (پۆیزن)یشیان هەیە کە بەو ژەهرە دەگوترێت کە لە رێگەی دەم و لووتەوە دەخورێت یا هەڵدەمژرێت.  هەروەتر ووشەی (تۆکسین)یشیان هەیە کە بە سیفەتی ژەهر دەگوترێت بۆ وێنە کاتێک دەڵێن کارگی ئەمانیتا تۆکسینە، ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم جۆرە قارچکە ژەهرناک یا ژەهرین و ژەهردارە. 

لەم بابەتەدا باس لە ژەهری ئاژەڵ دەکرێت کە وەک ئاماژەی بۆ کرا لە زمانی ئینگلیسیدا پێیدەگوترێت ڤێنەم. ڤێنەم دەردراوێکە کە زۆربەی جاران کوشندەیە؛ و لە ئەندامێکی ئاژەڵەوە دەردەدرێت، بەهۆی رژێنگەلی تایبەتەوە بەرهەمدێت کە بە زۆری پەیوەستن بە دڕک، ددان، نێش، چزوو یا هۆکارە سمەکەکانی ترەوە. شایانی باسە کە دەردانی ژەهر لەلایەن ئاژەڵەوە بە مەبەستی کوشتن یا سڕکردن و پەکخستنی نێچیرەکەیەتی؛ یان تەنیا بۆ بەرگری لە خۆیەتی. هەندێک لە ژەهرەکانیش وەک شلەیەکی هەرسکەر ئاژەڵەکە بۆ قووتدانی نێچیرەکەی بەکاریدەهێنێت. 

جگە لە ئاژەڵ، رووەک و کەڕووەکانیش ژەهریان هەیە کە واژەی ڤێنەم ژەهری ئەمان ناگرێتەوە. تام و چێژی ژەهر بەگشتی تێکەڵاوێکە لە تیژ و توونی و ترشی و تاڵی؛ و لە زیندەوەرێکەوە بۆ یەکی تر دەگۆڕێت. ژەهرەکان کاریگەرییان لەسەر لەشی مرۆڤ و ئاژەڵەکانی تر جیاوازە؛ و پێکهاتەکەیشیان جیاوازە. بەگشتی ژەهرەکان پتر لە ٢٠ پێکهاتەی جیاوازیان تێدا هەیە؛ و پێکهاتوون لە تێکەڵاوێکی پرۆتینەکان، چزێنەکان، ماددە گەردیلەییەکان، ترشە ئەمینیەکان، کاربۆهایدراتەکان و تاد.. هەروەها زۆر جۆرە ئایۆنی کانزایی جیاوازیان تێدایە کە دەکرێت سۆدیەم، کالیسیەم، پۆتاسیەم، مانیزیەم و تۆتیا بگرنە خۆ. هەندێک لە پێکهاتەکانی ژەهرەکان کاریگەریی جیاوازیان لەسەر مرۆڤ هەیە بۆ وێنە کاریگەرییان لەسەر خوێن مەیین، رێکخستنی گوشاری خوێن، دەمارەکان و ماسوولکەکان هەیە و تەنانەت لە دەرمانسازیدا، یا وەک کەرەستەی پشکنین\دەویان و وەک دەرمانی چارەسەریش بەکاردەهێنرێن. لە چەند ساڵی دواییدا لە رۆژهەڵات و باکووری کوردستان چەند ناوەندێکی کەسی کراونەتەوە بۆ بەخێوکردنی دووپشک بە مەبەستی گرتن و فرۆشتنی ژەهرەکەیان؛ گوایە ئەم ژەهرە بە نرخێکی گران هەناردەی ووڵاتانی خۆراوا دەکرێت؛ و ئەوان بۆ مەبەستی پزیشکی و دەرمانی بەکاریان دەهێنن. 

لە چیرۆکی برایمۆک دا گوتراوە: دوای ئەوەی چەند ساڵێک برایمی مەلا زێندینان میرشێخی بە نەخۆشی و بە سواری کەر بە ووڵاتاندا گێڕاوە، رۆژێک لە مەزرا و چۆڵەوارییەک میرشێخ دەڵێت برایم برسیمە، چی هەیە بیخۆم؟ برایم دەڵێ میرشێخ حاڵی حازر هیچمان نییە، سەبرت هەبێت، وا رانەمەڕێک لەو بەرە دیارە دەچم بەڵکوو جامە شیرێکم بدەنێ بۆت دەهێنم نانی پێ بخۆ. برایم دەڕوات و شیرەکە دەهێنێت. تەماشا دەکات نانیشیان پێنەماوە. دەڵێت کەمێک راوەستە تا دەچمەوە لای شوانەکە داوای نانی لێدەکەم. میرشێخیش بە نەخۆشی و برسێتی لە بن سێبەری کەرەکە ڕاکشاوە. لەبەر هیلاکی و نەخۆشی و برسێتی خەویلێدەکەوێت. برایم کاتێک دەگەڕێتەوە دەبینێت مارێک خەریکی خواردنەوەی شیرەکەیە، هەرکە هەست بە هاتنی برایم دەکات، دەڕشێتەوە نێو شیرەکە و رادەخوشێت دەڕوات. برایم سەرەتا دەیەوێت شیرەکە فڕێبدات بەڵام دووایی دەڵێت وەڵڵاهی دەیدەمێ با بیخواتەوە یا پێی چاک دەبێت، یا دەمرێت و گیانی ئاسوودە دەبێت و منیش لەو گرفتارییە خوتاردەبم. دوای تاوێک کە میرشێخ لە خەو هەڵدەستێت، برایم نانەکەی بۆ لە شیرەکە دەگوشێت و دەیکاتە تڵیت و دەیداتێ. چاوەڕوانی مردنی دەبێت. بەڵام لە دوای خواردنەکە، میرشێخ دەڵێت برایم هەستدەکەم ئازارم کەمترە! دووای هەفت ساڵ ئەوە یەکەمجار بوو قسەی وا لە میرشێخ ببیستێت! لەو رۆژە بەدوواوە رەوشی تەندروستیی میرشێخ بەرەو چاکی دەچێت و تا وایلێدێت هەموو لەشی وەک مار کاژ فڕێدەدا و بە تەواوی چاک دەبێتەوە. 




3.3.21

زڕەگوڵ یا کەڕووی لاساکەرەوە

 ئەی: زڕەگوڵێکی تازە پشکووتوو
بی: زڕەگوڵێکی بۆڕ واتە پێگەیشتوو
سی:کەرتکراوێکی گوڵی زایریس سورینامێنسیس
دی: گوڵەکی زایریس سورینامێنسیسی تەندروست


یەکێکە لە چەشنەکانی کەڕوو کە ناسراوە بە کەڕووی لاساکەرەوە.  وەک دەڵێن ئەم کەڕووە لاسای گوڵ دەکاتەوە و لە شێوەی گوڵ خۆی دەنوێنێت هەربۆیە گوڵەکەی ناسراوە بە زڕەگوڵ. وەک ئەوەیە کە زیندەوەرێک وەچەی بەدنیانەهاتووی مرۆڤ بڕفێنێت تا خۆی بیهێنێتە دنیا و بیکات بە هی خۆی. گوڵەکە ناسراوە بە گوڵی زایریس سیتێجرا و گوڵێکی هاوشێوەی بە ناوی زایریس سورینامێنسیس کە هەردووکیان لە رەگەزێک و خێزانێکن، بە زۆری لە نێو چیمەندا دەڕوێن و شوێنزاکەیان باکووری ئەمریکایە، وەک ڤێنیزوێڵا، کۆڵۆمبیا و باکووری برازیل.  گوڵی تووشبوو سەرەتا گەشەکردنی ئاساییە تا دەگاتە قۆناغی پشکووتن. ئەم قۆناغەیشی بە شێوەی ئاسایی دەسپێدەکات واتە خونچەکە دەمی دەکاتەوە و پەڕە گوڵی زەرد دەم دەکاتەوە؛ بەڵام ئەم شێوەگوڵە زەردە بە هەموو پەلک و هەڵاڵە ژێیەکانییەوە گوڵ نییە.  ئەمە لە ریزی رووەک ناژمێردرێت و بەهۆی کەڕووی فیووزاریەمەوە بەرهەمدەێت.  لێکچوونەکە تەنیا لە شێوەدا نییە بەڵکوو لە دووای ئەزموون و تاقیکردنەوەکان کە زانایان ئەنجامیانداوە سەلمێندراوە کە خەسڵەتەکانی گوڵەکەیش لەم زڕەگوڵەدا هەیە.  بۆ وێنە رێک بە شێوەی گوڵەکە رەنگژەیەک بەرهەمدێنێت کە دەتوانێت  تیشکی ژوور وەنەوشەیی  بداتەوە.  هەروەها دەتوانێت کۆی پێکهاتەی بۆنە راکردووەکانیش بمژێت کە پێویستن بۆ راکێشانی سەرنجی ئەو زیندەوەرانەی لەسەر گوڵ دەنیشنەوە و کردەوەی پیتاندن ئەنجامدەدەن.  بۆ نموونە هەنگیش بە مەبەستی مژینی شیلە دەچێتە سەری بەڵام هیچی دەسناکەوێت.  ماوەی مانەوەی ئەم زڕەگوڵە زیاترە لە ماوەی مانەوەی خودی گوڵەکە.  هەرچەندە هەنگە کە بە نیازی شیلەگرتن دەچێتەسەری هیچی دەسناکەوێت تا بیکاتە بە هەنگوین بەڵام هاگەکانی کەڕووەکە لەگەڵ خۆی دەگوازێتەوە بۆ سەر گوڵەکانی تر.  لە یەکەم هەنگاویدا کە دەگاتە سەر گوڵە تازەکە، گوڵەکە دەستەورێنێت، واتە توانستی زاوزێی گوڵەکە پەکدەخات.  دووای ئەوە دەسبەکاردەبێت و بەم شێوەیە ئەم کەڕووە بڵاودەبێتەوە و لەسەر گوڵەکانی تر وەچەدەخاتەوە.



سەرچاوە: