11.3.21

ژەهر


ژەهر، ژار، زەهر، لە زمانی ئینگلیسیدا واژەی ڤێنەم بەو جۆرە ژەهرە دەگوترێت کە هەندێک لە زیندەوەران بە هەر هۆکارێکەوە بێت لە ڕێگەی گەستن یا پێوەدان و تێترنجاندنی چزووەوە دەیزێننە لەشی زیندەوەرانی دەوروبەریان.  هەروەها پەیڤی (پۆیزن)یشیان هەیە کە بەو ژەهرە دەگوترێت کە لە رێگەی دەم و لووتەوە دەخورێت یا هەڵدەمژرێت.  هەروەتر ووشەی (تۆکسین)یشیان هەیە کە بە سیفەتی ژەهر دەگوترێت بۆ وێنە کاتێک دەڵێن کارگی ئەمانیتا تۆکسینە، ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم جۆرە قارچکە ژەهرناک یا ژەهرین و ژەهردارە. 

لەم بابەتەدا باس لە ژەهری ئاژەڵ دەکرێت کە وەک ئاماژەی بۆ کرا لە زمانی ئینگلیسیدا پێیدەگوترێت ڤێنەم. ڤێنەم دەردراوێکە کە زۆربەی جاران کوشندەیە؛ و لە ئەندامێکی ئاژەڵەوە دەردەدرێت، بەهۆی رژێنگەلی تایبەتەوە بەرهەمدێت کە بە زۆری پەیوەستن بە دڕک، ددان، نێش، چزوو یا هۆکارە سمەکەکانی ترەوە. شایانی باسە کە دەردانی ژەهر لەلایەن ئاژەڵەوە بە مەبەستی کوشتن یا سڕکردن و پەکخستنی نێچیرەکەیەتی؛ یان تەنیا بۆ بەرگری لە خۆیەتی. هەندێک لە ژەهرەکانیش وەک شلەیەکی هەرسکەر ئاژەڵەکە بۆ قووتدانی نێچیرەکەی بەکاریدەهێنێت. 

جگە لە ئاژەڵ، رووەک و کەڕووەکانیش ژەهریان هەیە کە واژەی ڤێنەم ژەهری ئەمان ناگرێتەوە. تام و چێژی ژەهر بەگشتی تێکەڵاوێکە لە تیژ و توونی و ترشی و تاڵی؛ و لە زیندەوەرێکەوە بۆ یەکی تر دەگۆڕێت. ژەهرەکان کاریگەرییان لەسەر لەشی مرۆڤ و ئاژەڵەکانی تر جیاوازە؛ و پێکهاتەکەیشیان جیاوازە. بەگشتی ژەهرەکان پتر لە ٢٠ پێکهاتەی جیاوازیان تێدا هەیە؛ و پێکهاتوون لە تێکەڵاوێکی پرۆتینەکان، چزێنەکان، ماددە گەردیلەییەکان، ترشە ئەمینیەکان، کاربۆهایدراتەکان و تاد.. هەروەها زۆر جۆرە ئایۆنی کانزایی جیاوازیان تێدایە کە دەکرێت سۆدیەم، کالیسیەم، پۆتاسیەم، مانیزیەم و تۆتیا بگرنە خۆ. هەندێک لە پێکهاتەکانی ژەهرەکان کاریگەریی جیاوازیان لەسەر مرۆڤ هەیە بۆ وێنە کاریگەرییان لەسەر خوێن مەیین، رێکخستنی گوشاری خوێن، دەمارەکان و ماسوولکەکان هەیە و تەنانەت لە دەرمانسازیدا، یا وەک کەرەستەی پشکنین\دەویان و وەک دەرمانی چارەسەریش بەکاردەهێنرێن. لە چەند ساڵی دواییدا لە رۆژهەڵات و باکووری کوردستان چەند ناوەندێکی کەسی کراونەتەوە بۆ بەخێوکردنی دووپشک بە مەبەستی گرتن و فرۆشتنی ژەهرەکەیان؛ گوایە ئەم ژەهرە بە نرخێکی گران هەناردەی ووڵاتانی خۆراوا دەکرێت؛ و ئەوان بۆ مەبەستی پزیشکی و دەرمانی بەکاریان دەهێنن. 

لە چیرۆکی برایمۆک دا گوتراوە: دوای ئەوەی چەند ساڵێک برایمی مەلا زێندینان میرشێخی بە نەخۆشی و بە سواری کەر بە ووڵاتاندا گێڕاوە، رۆژێک لە مەزرا و چۆڵەوارییەک میرشێخ دەڵێت برایم برسیمە، چی هەیە بیخۆم؟ برایم دەڵێ میرشێخ حاڵی حازر هیچمان نییە، سەبرت هەبێت، وا رانەمەڕێک لەو بەرە دیارە دەچم بەڵکوو جامە شیرێکم بدەنێ بۆت دەهێنم نانی پێ بخۆ. برایم دەڕوات و شیرەکە دەهێنێت. تەماشا دەکات نانیشیان پێنەماوە. دەڵێت کەمێک راوەستە تا دەچمەوە لای شوانەکە داوای نانی لێدەکەم. میرشێخیش بە نەخۆشی و برسێتی لە بن سێبەری کەرەکە ڕاکشاوە. لەبەر هیلاکی و نەخۆشی و برسێتی خەویلێدەکەوێت. برایم کاتێک دەگەڕێتەوە دەبینێت مارێک خەریکی خواردنەوەی شیرەکەیە، هەرکە هەست بە هاتنی برایم دەکات، دەڕشێتەوە نێو شیرەکە و رادەخوشێت دەڕوات. برایم سەرەتا دەیەوێت شیرەکە فڕێبدات بەڵام دووایی دەڵێت وەڵڵاهی دەیدەمێ با بیخواتەوە یا پێی چاک دەبێت، یا دەمرێت و گیانی ئاسوودە دەبێت و منیش لەو گرفتارییە خوتاردەبم. دوای تاوێک کە میرشێخ لە خەو هەڵدەستێت، برایم نانەکەی بۆ لە شیرەکە دەگوشێت و دەیکاتە تڵیت و دەیداتێ. چاوەڕوانی مردنی دەبێت. بەڵام لە دوای خواردنەکە، میرشێخ دەڵێت برایم هەستدەکەم ئازارم کەمترە! دووای هەفت ساڵ ئەوە یەکەمجار بوو قسەی وا لە میرشێخ ببیستێت! لەو رۆژە بەدوواوە رەوشی تەندروستیی میرشێخ بەرەو چاکی دەچێت و تا وایلێدێت هەموو لەشی وەک مار کاژ فڕێدەدا و بە تەواوی چاک دەبێتەوە. 




No comments:

Post a Comment