31.12.19

سێمینارێکی فێرکردنی روواندنی کارگی سەدەف

ڤیدیۆی سێمینارێکی فێرکاری بۆ فێرکردنی چۆنیەتیی روواندنی کارگی سەدەف، کە لەلایەن مامۆستا بێریڤان غەریب لە رانیە پێشکەش کراوە.
وێڕای سەرنج و تێبینییەکانمان لەسەر نێوەرۆکی وتەکانی خانمی ناوبراو، دەسخۆشیی لێدەکەین و هیوادارین لەم شێوە خەباتەی بەردەوام بێت.




سێمینارەکە هی ٢٠١٨یە





30.12.19

کارگی هەنگەشان یا مۆرێڵ

هەنگەشانی شارباژێر

   خۆراکی 
ئەم وێنانەی دەیبینن هی جۆرێک قارچکن کە ناسراوە بە هەنگەشان یا مۆرێڵ. ئەم جۆرە قارچکە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان هەیە و بەشێوەی خۆڕسک دەڕوێت. لە وەرزی بەهار لە ناوچەکانی هەورامان، شارباژێر، چەمچەماڵ، شێخان، خۆشناوەتی و باڵەکایەتی ئەم کوارگە دەڕوێت. کوارگێکی خۆراکییە و لە وڵاتانی ئەوروپا زۆر بەنرخە.
هەنگەشان دوای ئەوە کە سەری لە خاک دەردەهێنێ، بۆی هەیە ماوەی ٢١ رۆژ گەشە بکات.  بەشێوەی سروشتی لە سەرەتای مانگی چوارەوە تا ناوەڕاستی مانگی پێنج دەڕوێت.  لە دوای چنینی، دەکرێ بۆ ماوەی دوو هەفتە لە شوێنی فێنک و هەوای شێداردا هەڵبگیرێ.  هەنگەشانی ووشککراوە، تا ماوەی ساڵێک هەڵدەگیرێت.  بەگشتی هەنگەشان یەکێکە لە خۆشترین جۆرەکانی کوارگ.  بە زۆری لەو شوێنانە دەڕوێ کە ساڵی پێشتر سووتاون، واتە کوارگێکی هاوکار و پشتگیرە بۆ ئاوەدانکردنەوە ژیاندنەوەی سروست.
بەڵام دەبێ لە کاتی چنینی ئەم جۆرە قارچکەدا ووریا بن؛ چونکە جۆرێکی تری هەیە کە ژەهراوییە و پێیدەگوترێت زڕەهەنگەشان. لە یەکێک لە وێنەکانی خوارەوەدا کوارگە ژەهراوییەکە دیارە بە دەستی کەسێکەوەیە بەڵام ئەوانەی تر هەموویان خۆراکین. هەموو وێنەکانیش هی کوردستانن.
شێوازی لێنانی كوارگی #هەنگەشان #مۆرێڵ #Morel
سه‌ره‌تا بنی قارچكه‌كان به‌ چه‌قۆ لێده‌كه‌یته‌وه‌. ئینجا ته‌شت یا مه‌نجه‌ڵ یا سه‌تڵێک پڕ ده‌كه‌یت له‌ ئاو و كوارگه‌كان هه‌ڵده‌ڕێژیته‌ ناوی. مشتێک خوێ ده‌كه‌ی به‌سه‌ریاندا و ماوه‌ی ده‌ تا پازده‌ خوله‌ک به‌جێیده‌هێڵیت. ئینجا له‌ ئاوه‌كه‌ ده‌ریانده‌هێنیت و ده‌یانچۆڕێنیته‌وه‌. پاشان له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ له‌ نێوه‌راستدا له‌تیان ده‌كه‌یت. ئه‌گه‌ر زۆر گه‌وره‌ بوون له‌ نێوقه‌دیشدا كه‌رتیان ده‌كه‌یت و كه‌مێک ئارد به‌سه‌ریاندا ده‌پڕژێنیت. دوای ئه‌وه‌ كه‌مێك رۆنی كه‌ره‌ یان ڕۆنی مارگرین ده‌كه‌یته‌ نێو تاوه‌یه‌كه‌وه‌ و له‌سه‌ر ئاگر دایده‌نێیت؛ سەرکە پیازێک لەگەڵ چەند کەلوو سیر وورد دەهەنجنیت و دەیکەیتە نێو تاوەکەوە. بیبەر و کاری و بەهارات و خوێە بەگوێرەی دڵخوازی خۆت تێدکەیت و جوان سووری دەکەیتەوە. پاشان قارچكه‌كانی تێده‌كه‌یت و لێیدەگەڕێیت تا ئاو دەدەنەوە و پاشان جار جاره‌ به‌ كه‌وچكێک هه‌ندێك تێكه‌ڵاوی بكه‌ تا ئاوەکەیان کەم دەبێتەوە سوورده‌بنه‌وه. لە کۆتاییدا لیمۆەیەک کەرت بکە و بیگوشە ناو تاوەکەوە ئیدی‌ ئاماده‌ ده‌بێ بۆ خواردن.
نۆشی گیانتان بێ!


هەنگەشانی باڵەکایەتی
                          













هەنگەشانی باڵەکایەتی






هەنگەشانی باڵەکایەتی




زڕەهەنگەشانی ژەهراوی، باڵەکایەتی