7.12.19

بانگەوازێک بۆ هەموو کەڕووزانان


مایکۆلۆجی یا کەڕووزانی بووارێکی گرنگی زانستیە کە بایەخ دەدات بە دۆزینەوە و لێک جیاکردنەوەی جۆرەکانی کەڕوو، قەوزە و هەوێن\ئامیان. دۆزینەوەی ئەم زیندەندامانە کە بەشێکی زۆریان وورد و مایکرۆسکۆپین، زۆر گەنگە چونکە تا ئێستا سەرژمێرییەکی تەواو بۆ کەڕوو، قەوزە و هەوێنەکانی کوردستان نەکراوە. هێشتا نازانرێت لە کوردستان چەند جۆر کوارگ\قارچکمان هەیە و کامیان خۆراکییە؟ کامیان دەرمانییە؟ و کامیان ژەهردارە؟ هێشتا زۆربەی خەڵکی ئێمە نازانێ دۆمبەڵان چییە. هێشتا نزیکە بە ٩٩ لەسەدی کوردی ئێمە وشەی پزلیکیان نەبیستووە و نازانن کە جۆرێک قارچکی جیاوازە. زۆرینەی خەڵکیش باوەڕ ناکەن کە کوارگ کەڕوو بێت...
تا ئێستا قەوزەکانی کوردستان نە پۆلبەندی کراون، نە سەرژمێری کراون و نە هیچ سوودێکیان لێوەرگیراوە؛ لە کاتێکدا کە لە وڵاتانی تر، قەوزە بۆ زۆر مەبەستی بازرگانی و پیشەسازی بەکارهێنراوە و هەناردەی وڵئتان دەکرێت؛ و تەنانەت خاکی کشتوکاڵیی لێدروست کراوە و سووتەمەنیی لێوە بەرهەم هێنراوە.
هەوێن\ئامیان زۆر جۆری هەیە و لە زۆر وڵات و لە زۆر شارستانیەتە کۆنەکاندا بۆ مەبەستی خۆراکی و دەرمانی و پزیشکی بەکارهێنراوە. لە کۆنەوە سرکە و شەراب و هەویرترش و زۆر شتی تر لە مال ئامادەکراون. بە درێژایی مێژوو، ژنی کورد خۆی هەوێنی پەنیری دروستکردووە؛ بەڵام ئێستا ئەویش لەبیر چووەتەوە و رەنگە نەوەی ئەمڕۆ سەری بسوڕمێ و هەرگیز باوەڕ نەکات بەم راستییە. هەروەها زۆر هەوێنی تر هەن کە بە لێکۆڵینەوە و بەدوواداچوون دەکرێ دەستەمۆ بکرێن و بەخەڵکی ئاشنا بکرێن و ببنە بەشێک لە خۆراکی کوردەواریمان.
هەموو ئەوانەی لەسەرەوە باسکران، پێویستییان بە کۆمەڵێک کەسی شارەزا و لەخۆبوردووی بوواری کەڕووزانی هەیە ک قۆڵی لێ هەڵبماڵن و زانیارییەکانیان لە لاپەڕەیەکی ئەنتەرنێت یا تۆڕی فەیسبوکدا کۆ بکەنەوە بیخەنە سەر یەکتری و بە خەڵکی بناسێنن. ئەمە هەم بۆ بردنە سەری ئاستی زانیاریی جەماوەر شوێندانەر دەبێت؛ و هەم دەکرێ بۆ خوێندکارانیش ببێتە سەرچاوەیەکی زانستیی بایەخدار و باوەڕ پێکراوە.
بڵاگی مایکۆڵۆجیا کوردستانیکا پێشوازیی گەرم لە هەر کەسێ دەکات کە لە خەمی بوواری کەڕووزانیی کوردستاندا بێت و هەوڵی بایەخپێدانی بدات. هیوادارین هەموو خەمخۆرانی کەڕووزانی بابەتی دانراو یا وەرێڕدراوی خۆیان بۆ ئەم بڵاگە بنێرن و ئێرە بکرێتە سەرچاوەیەکی باوێڕپێکراو و جێ متمانە بۆ خوێنداران و فێرخوازانی کورد.