20.12.19

یەکەم دۆمەڵانی درەخت لە کوردستان


وێنەی یەکەم دۆمبەڵانی درەخت لە کوردستان ٢٠١٣




زۆر کەس ئاگادارن کە لە کوردستان دۆمبەڵانی گیایی خۆڕسک زۆرە، و هەموو ساڵێ لە مانگی شوباتەوە بەگوێرەی ناوچەکان لە خانەقین و  زۆربەی گەرمیان و قەرەچووخ و کەندێناوە، لە رۆژاوای کوردستان، لە دەشتاییەکانی باکووری کوردستان و لە لوڕستان، ئیلام، کرماشان، بیجاڕ و ورمێی رۆژهەڵات دۆمبەڵانی گیایی دەڕوێت و مەردم وێڕای قارچک و سەوزییە بەهارییەکان بە دووای ئەمیشدا دەگەڕێن؛ و چ بۆ خۆراکی خۆیان بێ، چ بۆ فرۆشتن، کۆیان دەکەنەوە.  بەڵام  سەرەڕای ئەوە کە زۆربەی دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان بە درەختی بەڕوو داپۆشڕاوە؛ و هەروەها درەختی گوێز و بەن و بادامیشی زۆرە، بەڵام هیچکەس باسی لەوە نەکردووە کە دۆمبەڵانی درەختیی خۆڕسکی دیتبێت؛ هەرچەندە دۆمبەڵانی درەخت نرخ و بایەخی زۆر زیاترە لە دۆمبەڵانی گیایی.

لە مانگی ئەپریل تا دیسەمبەری ٢٠١٣ کۆمەڵێک لە پسپۆران وکەڕووزانان لە بەشی پاراستنی رووەک لەکۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی رازیی کرماشان بە مەبەستی گەڕان بە دوای دۆمبەڵانی درەخت (Tuber) واتە راژک دا چەند جارێک سەردانی دارستانەکانی ناوچەی جوانڕۆیان کرد کە زۆربەی ناوچەکە بە درەختی بەڕوو لە جۆری (Quercus infectoria) داپۆشراوە.  ئەوان سەرەنجام لە دووای گەڕان و هەڵکۆڵینێکی زۆر، جۆرێک دومبەڵانی درەختیان دۆزییەوە کە بۆ یەکەمجارە لە ئێراندا دۆمەڵانی وا ببینرێت.  ئەم دۆمبەڵانە وەک (Tuber Sibthorp) ناسێنرا.  پێشتر لە ساڵی ١٩٧٣ وە چەند جۆرێک دۆمبەڵانی گیایی تۆمارکراون بەڵام ئەمە یەکەم جارە دۆمبەڵانی درەختی تۆمار دەکرێت.
شایانی باسە کە دۆمەڵانەکە رەش و قاوەیی تاریکە؛ و ئەو دانەیە کە دۆزرایەوە تەواو پێگەیشتبوو.

شیاوی بەبیرهێنانەوەیە کە دۆمبەڵانی درەخت چەند جۆرێکی جیاوازی هەیە. ناسراوترینیان دۆمەڵانی رەش و سپییە کە بە زۆری لە ئەوروپا و بەتایبەتیش لە فرانسە و ئیتاڵیا هەیە و گرانترین نرخیان هەیە. دۆمبەڵانی رەش ٣٠ گرام بە ٩٥ دۆڵارە، و ٣٠ گرامیش دۆمبەڵانی سپی بە ١٦٨. 


لەم ڤیدیۆیەدا بە هاوکاریی سەگێکی راهێنراو دۆمبەڵانی رەشی دەسچێن دەدۆزرێتەوە


سەرچاوە: