به ئه‌ندامێک له کۆمه‌ڵێکی گه‌وره له زینده‌وه‌ره (یوکاریۆتیک)ناوکداره‌کان، که وردە زینده‌ندامه‌کانی وه‌ک هه‌وێن و برش و قەوزەیش ده‌گرێته خۆی، ده‌گوترێت که‌ڕوو. که‌ڕوو نه کلۆرۆفیلی هه‌یه و نه رتیشاڵی ده‌ماری. له ڕاستیدا که‌ڕوو هه‌رچه‌نده وه‌ک ڕووه‌ک سه‌یر ده‌کرێت، به‌ڵام جۆرێک زینده‌وه‌ره که له‌به‌ر هه‌ندێک جیاوازی نه له ڕیزی ڕووه‌کدا جێده‌گرێت و نه له ڕیزی گیانداره‌کاندا. به‌گوێره‌ی دوا پۆلبه‌ندییه‌کان که ساڵی 2007 ئه‌نجام دراون، که‌ڕووه‌کان کراون به حه‌وت جۆری سه‌ره‌کی: نیۆکالیماستیگۆمایکۆتا(Neocallimastigomycota)،
به‌سیدیۆمایکۆتا (Basidiomycota)،
ئاسکۆمایکۆتا(Ascomycota)،
گلۆمیرۆمایکۆتا(Glomeromycota)،
چایتریدیۆمایکۆتا(Chytridiomycota)،
بلاستۆکرادیۆمایکۆتا(Blastocladiomycota)،
مایکرۆسپۆریدیا(Microsporidia).
هه‌ندێک له که‌ڕووه‌کان مشه‌خۆرن و له‌سه‌ر ئه‌ندامگه‌لی زیندوو یان مردوو ده‌ژین و گه‌شه‌ده‌که‌ن؛ وه‌ک که‌ڕووی نان و میوه و خۆراک . هه‌ندێکیان له سەر ئه‌ندامگه‌لی زیندوو دەژیێن و لە کۆتاییدا دەیکوژن. وەکوو جۆرەکانی کارگی پووشوو کە شێوەیان وەک سمی ئاژەڵە و لە قەدی درەختی زیندوو دەڕوێن؛ هەروەها کوارگی کۆردیسێپس یا مێڵەگورگانە کە دەچێتە نێو لەشی مێرووە جومگەدارەکان و تەنانەت شەمشەمەکوێرەوە. هەندێکیشیان لەسەر ئەندامگەلی مردوو ده‌ژین وه‌ک قارچکی سەدەف کە لەسەر درەختی وشک و مردوو دەڕوێت. هەروەها زۆر جۆر کوارگ و دومبه‌ڵان هەیە ناتوانن بە تەنیا بژین و دەبێ بە هاوکاریی رووەکێک یا درەختێک بژیێت و گەشە بکات وەک کارگی کەما، هەڵز، بۆر، رەس، خوون، چەورە، کەرکۆڵ، تاڵیتۆز و هەروەها دۆمبەڵانەکان. لەلایەکی ترەوە که‌ڕووی ئه‌وتۆیش هه‌یه که له هه‌موو شوێنێک ده‌ژێت وه‌ک که‌ڕووی سه‌وز و ڕه‌ش. که‌ڕووی وایش هه‌یه که له نێو ترشی و سوێری دا ده‌ژێت وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ترشیات و ماست دروست ده‌بێت. که‌ڕووی وا هه‌یه که تا پله‌ی گه‌رمای 65ی سه‌دی ته‌حه‌مول ده‌کات و هی ئه‌وتۆیش هه‌یه له سه‌رمادا گه‌شه‌ده‌کات. هه‌ندێک جۆری که‌ڕوو له‌سه‌ر لاشه‌ی زیندووی مرۆڤ و ئاژەڵ گه‌شه‌ده‌که‌ن؛ و به‌شێوه‌ی زام و برین یان توێژاڵی پێستی له‌سه‌ر له‌شی مرۆڤ ده‌رده‌که‌ون.