17.12.19

چۆنیەتیی روواندنی کوارگ\قارچکی پلورۆتوس ئۆستریتوس (سەدەف)


گەرای ئەم جۆرە کوارگە لە رانیە لای کاک
سەلام هەرتەلی دەس دەکەوێت

هەرچەند ئەم بڵاگە زیاتر بایەخ بە کەڕووزانی دەدات نەک روواندنی کارگ، بەڵام وەک هەنگاوێکی ئەرێنی لەپێناو زیاتر بەخەڵکیکردنی کەڕووزانیدا، بەکورتی و بە زمانێکی سادە باسی پێواژۆی روواندنی کڤارکی سەدەف دەکەین، بەو هیوایەی کە خوازیاران و ئارەزوومەندانی بوواری پەروەردەی قارچک لێی سوودمەند بن.  

یەک: کارگی سەدەف زۆر جۆر و رەنگی جیاوازی هەیە؛ ئەوەی کە ئێستا لە رۆژهەڵات و باشوور تۆوەکەی دەسدەکەوێت رەنگی سپییە.  هەروەها جۆرێکی تریشی هەیە کە ناسراوە بە شاسەدەف کە کەمێک زیاتر گۆشتنە و کڵاوەکەی زۆر گەورە نابێت.  سەرەتا چەند وشە و دەستەواژەی تایبەت بە کوارگەوانی و کاروباری پەروەردەی قارچکەوە هەیە کە پێویستە ئەو کەسەی ئارەزووی روواندنی کوارگی هەیە، بیانزانێت و لە کات و شوێنی پێویستدا بەکاریان بهێنێت. لێرەدا هەندێک لەم وشانە بەدوای یەکتریدا ریز دەکەم:

قارچک = کارگ، کوارگ، کۆڤارک، کڤکارگ، کومک، هەڵچ، هەڵچی، قارچ، قاچک، خاچکئەو ئەندامە زیندووەی کە میوەی ریسووە؛ و نە گیایە و نە ئاژەڵە بەڵکوو کەڕووە.

هاگ = تۆوی قارچک کە بە زۆری لە نێوان پەڕەکانی ژێر کڵاوی کوارگدا جێدەگرێت و لە کاتی پێگەیشتندا دەوەرێتە خوارەوە و بە هۆی تەوژمی باوە بڵاو دەبێتەوە.  هاگ هێندە ورد و بچووکە بە چاو نابینرێت.

چاپکردنی هاگ = ئەمە پێواژۆیەکی سادەیە بۆ کۆکردنەوەی تۆوی کارگ و دیتنی بە چاوی رووت.

گەرا = دوای ئەوەی هاگ بە قۆناغێکدا تێپەڕدەکرێت و لەسەر دانەوێڵەی وەک گەنم، جۆ، گەنمەشامی، هەرزن و تاد.. دەڕوێنرێت، پێیدەگوترێت، گەراواتە ئەو تۆو کوارگەی دەیکڕیت بۆ چاندن لەگەڵ کا ناوی گەرایە.

کا = قەسەڵ، کڵۆش، سرووتە گەنمقەد و لاسکی گەنم و جۆ کە لە دووای درەو کۆدەکرێتەوە و دەکرێت بە ئالیکی ئاژەڵهەر ئەم کایە بەکاردەهێنرێت وەک نێواخن بۆ روواندنی هەندێک جۆری کارگ.

ئاردەدار = وڕەی دار، بڕەی دار.  ئەو تۆزەی لە پاشماوەی بڕینی دار بە مشار (هەڕە) دروستدەبێت.

تڵتەی قاوە = لە قاوەخانەکان لە دوای هاڕینی قاوە و لێنانی، پاشماوەیەکی لێ دەمێنێتەوە وەک خۆڵێکی زبرە؛ قاوەخانەکان فڕێیدەدەن.  دەکرێ کۆبکرێتەوە و بۆ روواندنی کارگی سەدەف بەکار بهێنرێت.

لیگنین = ئەو ماددە لووسەی کە دیواری دیوی دەرەوەی قەسەڵی گەنم و جۆی داپۆشیوە و رێگە نادات ئاو بە ئاسانی بچێتە نێو ریشاڵە سیلولۆزییەکانیەوە.

کەڕوو = هەموو جۆرەکانی ئەو زیندەتەنانە کە لە جیاتی تۆو هاگیان هەیە یان فرەخانە و ئاوەژین و دەزوولەی ریسوویان هەیە. هەرکام لە هەوێن و قەوزە و برش بە کەڕوو هەژمار دەکرێن.

برش = ئەو ماددە زیندووە کە لەسەر نانی کۆن دەیبینیت هەندێ جار سەوزە، هەندێ جار سپییە یان رەشە.

هەوێن = ئامیانجۆرێک بەکتریای ئاوییە لە پلەیەکی گەرمیی گونجاودا گەشەدەکات و لە نێو زۆر جۆر خۆراکدا بڵاودەبێتەوە. بۆ وێنە هەوێنی پەنیر، سرکە، ماست، هەویرترش.

قەوزە = زیندەندامێکە کە وەک رووەکی سەرەتایی هەژمار دەکرێت و ریشە و قەد و گەڵای راستەقینەی نییەلەسەربەرد، درەخت و خاک دەڕوێت و هەروەها جۆری وایشی هەیە لەسەر ئاو یا لە ژێر ئاودا دەڕوێت.

مشەخۆر = مفتەژیئەو رووەکە یا زیندەوەرە کە لەسەر لاشەی زیندەوەر یا رووەکێکی تر دەژیێت و بەبێ ئەو ناڕوێت یا دەمرێتبۆ وێنە کارگی کۆردیسێپس کە لەسەر لاشەی مێروو دەژیێت و سەرەنجام دەیکوژێت.

هاوژین = ئەو جۆرە کۆڤارکانە کە بە شێوەیەک لەگەڵ رووەکێک یا درەختێکدا دەژیێن  و هەردووکیان پێکەوە سوودی بەرامبەر بە یەکتری دەگەیەنن و بەبێ رووەکەکە، کوارگەکە ناڕوێت.

زیندەندام = ئەندام یا تەنێکی زیندوو چ رووەک بێت یا مێروو و گیانلەبەر.

شێهەبوونی بڕی ئەو ئاوە لە هەوادا کە بەگوێرەی کات و شوێن و وەرز دەگۆڕێتبۆ پەروەردەکردنی کارگ پێوسیتە رێژەی شێ لە ٧٠ پلە کەمتر نەبێت.

نێوپارە = هەر جۆرێک لە خاک، پەیین، قەسەڵ یا ئاردەدار و ... کە بەکاربهێنرێت بۆ روواندنی رووەکێک لەسەری.

ستیریڵایز = سترۆمەکردن، نەهیراندن، ستەوراندن.  پێواژۆی نەزۆککردنی بەکتریا و میکرۆب بە هۆی بەکارهێنانی ماددەی پاککەرەوەی وەک ئەڵکهۆڵ و دیتۆڵ و .. کە لە بەرهەمهێنانی کارگ دا زۆر گرنگە.

پاستورایز = کوشتن و لەناوبردنی بەکتریا و میکرۆب بە هۆی کوڵاندن یا هەڵماندن

مایسیلیەم = دەزوولە و ریشاڵی رەنگ سپی کە لە سپۆرەوە زیاد دەبێ و لە راستیدا دەکرێ پێی بڵێین درەختی قارچک و قارچکیش میوەکەیەتی.

سەدەف = جۆرە کوارگێکە کە بەشێوەی سروشتی و خۆڕسک لەسەر درەختی مردوو یا زیندوو دەڕوێتلەبەرئەوەی گوایە شێوە و چێژی لە (گوێچکەماسی) دەچێت، بۆیە پێیدەڵێن سەدەفلە فارسی دا بە  (گوێچکەماسی ) دەڵێن سەدەف
فارسەکانیش (سەدەف)یان لە  وشەی (ئۆستریتوس) ی لاتینەوە وەرگێڕاوە بۆ زمانی خۆیان، ئەگینا خودی ناونانی جۆرەکەی قارچک، داهێنانی ئەوان نییە.

فلاشواتە رووانی کارگ جارێک لە ماوەی دوو هەفتەداکوارگی دەسچێن بۆی هەیە تا شەش فلاش بەرهەم بدات.

بڵیچ =  پەڵەبەر، لەککەبەر.  ماددەیەکی پاککەرەوەیە کە بەشێوەی ئاسایی بۆ پاککردنەوەی پەڵە و لابردنی رەنگ لە جلوبەرگ و دەفرودۆڵ دا سوودی لێوەردەگیرێت

دوو پاک و خاوێنی گرنگترین خاڵە لە کاری پەروەردەکردن و بەخێوکردنی کارگ دائەو ژوورەی کاری تێدا دەکرێت پێویستە زۆر پاک بێت، دوای هەر وەرزێک بە دیتۆڵ یا بڵیچ پاک بکرێتەوە یا بە هەڵم پاستورایز بکرێتلە هەموو دۆخێکدا دەبێت دەستەوانەی پاک بەکاربهێنرێت و بەردەوام بە ئەڵکهۆڵ پاک بکرێتەوە و ئەو کەرەستانەیش کە لە کارەکەدا سوودیان لێوەردەگیرێت، پێویستە بە هەمان شێوە بە ئەڵکهۆڵ پاک بکرێنەوە.

سێ: پێواژۆی روواندندی کارگی سەدەف 
  • سەرەتا بۆ ماوەی ٢٤ هنگار کایەکە  تەڕ بکە و دایبپۆشە.  جار جارە سەیری بکە ئەگەر زانیت خەریکە وشک ببێتەوە، ئاوی بەسەردا بپڕژێنە با بە تەڕی بمێنێتەوە. مەبەست لەم تەڕکردنە ئەوەیە کە کایەکە توانای هەڵمژینی ئاوی زۆر ببێت و ماددەی لیگنین کە دیواری دەرەوەی قەسەڵ دادەپۆشێت، نەمێنێت یا کەم ببێتەوە. 
  • کا یا قەسەڵ بهێنە و لە بەرمیل دا هەندێک ئاوی تێبکە و بیکوڵێنەئەگەر پلەی گەرماکەی لە ٧٠ی سەدی دانەبەزێت، ماوەی لانیکەم یەک هنگاری پێویستە بۆ کوڵاندن. بەم کارە دەگوترێ پاستورایز کردن.
  • ئینجا کایەکە بێنە دەرەوە و بیچۆڕێنەوە لە سەر شتێکی پاک دایبنێ تا سارد دەبێتەوە.   پێویستە پلەی گەرماکەی داببەزێت بۆ ٢٠-٢٥، ئەگینا زیان دەگەیەنێت بە گەرایەکە و دەیکوژێت.
  • گەرای کارگی سەدەف لە ئێران و رۆژهەڵاتەوە دێتدەتوانیت هەندێک بکڕیت و لە سارنجۆکدا بیپارێزیت تا کاتی بەکارهێنانی.
  • کیسەی پلاستیک\نایلۆن ئامادە بکە؛ و  چینێک کا و چینێک گەرا بکە ناو کیسەکانەوە تا پڕ دەبن.  هەموو ئەو کەرەستانەی بەکاریان دەهێنیت دەبێ سترۆمە بکرێن واتە بە ئەڵکۆهۆڵ پاک بکرێنەوە.
  • ئینجا دەمی کیسەکان ببەستە و لەو ژوورەی کە پێشتر بۆت ئامادەکردووە، دایبنێ.
  • دوای هەفتەیەک بە بزمارێکی سترۆمە کراو هەموو لایەکی کیسەکان کونکون بکە.  چاودێرییان بکە و بزانە رۆژ بە رۆژ ریسووەکە لە گەشەدایە یا نا؟  
  • ئەگەر پەڵەی رەش یا سەوزت بەرچاوکەوت، بزانە کە ئەوە کەڕووی زیانبەخشە و نیشانەی ئەمەیە کە کارەکەت بە پاکی نەکردووە یا شوێنەکەت پاک و سترۆمەکراو نییە.
  • لە کاتی دەرکەوتنی کەڕووی زیانبەخشدا پێویستە بە ئەڵکهۆڵ شوێنە کەڕوولێدراوەکە پاک بکرێتەوە تا بفەوتێت.
  • دوای ئەوەی ریسووەکە گەشەی زیاتری کرد، لە کونەکانەوە بەشێوەی دەنووک دێنە دەرەوەئەمە نیشانەی سەرەتای دروستبوونی قارچکەکانە
  • ئیتر لێرە بەدواوە دەبێت رۆژانە ئاو بدرێتتا گەورەتر دەبن پێویستییان زیاتر بە ئاوە؛ بەڵام نابێت ئەوەندە ئاوبدرێن کە بخنکێن و تووشی نەخۆشی بن.
  • خاڵێکی گرنگیش بریتییە لە رووناکی.  پێویستە لە شەو و رۆژێکدا ١٢ هنگار گڵۆپیان بۆ دابگیرسێنرێت و ١٢ هنگاریش تارێک بێت.
  • خاڵێکی گرنگی تر بریتییە لە هەواگۆڕکێ.  پێویستە ئامێری پێوانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە ژوورەکەدا هەبێت و هەرکاتێک رێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەرزبوویەوە، بە هۆی هەواکێشەوە ئەم گازە لە ژوورەکە دەربکرێت و گازی ئۆکسجین جێگەی بگرێتەوە.
  • پێش ئەوەی لێواری کڵاوەکەیان بەرەو سەرەوە خوارببێتەوە دەبێت کوارگەکان بچنرێن.
  • ئەمە فلاشی یەکەم.  هەفتەیەکی تر چاودێرییان بکە و لە هەفتەی دووەمدا جارێکی تر فلاشێکی تری کوارگەکان دەڕوێنەوە و لە کۆتایی هەفتەدا بیانچنەوە.
  • شایانی باسە کە لە جیاتی کا، دەکرێ ئاردەدار یا تڵتەی قاوەیش بەکاربهێنرێت؛ کامیان بە هەرزانتر دەسدەکەوێت، دەکرێت ئەویان بەکار بهێنیت.
بۆ ووردەکاری زیاتر یا لە کاتی هاتنە پێشی کێشە و گرفتدا دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن و ئێمەیش بە دڵفراوانییەوە بەرسڤتان دەدەینەوە.
هەروەها دەتوانن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانینتان سەبارەت بە کوارگ و کەڕوو سەردانی لاپەڕەی کارگی کەما لە فەیسبوک بکەن.


بابەتی پەیوەست:
چۆن کوارگ دەڕوێنیت؟