25.12.19

دروستکردنی پەینی ئۆرگانیکی شل


پەینی ئۆرگانیکی شل یا پەینی ماسی لە وڵاتانی پێشکەوتوو یەکێکە لە پەینە ناسراوەکان؛ و زۆربەی ئەوانەی کار لەسەر کشتوکاڵی ئۆرگانیک دەکەن، ئەم جۆرە پەینەیان بەکارهێناوە یان بەکاری دەهێنن.  قازانجی ئەم پەینە لەمەدا بەرجەستەیە کە ماددە خاوەکەی بەخۆڕاییە؛ یان زۆر زۆر هەرزانە.  بەتایبەتی لەو وڵاتانەدا کە کەوتوونەتە سەر دەریا و رۆژانە پاشماوەیەکی زۆری خۆراکە دەریاییەکان فڕێدەدرێت، دەرفەتێکی باشە بۆ بەرهەمهێنەرانی پەینی ئۆرگانیکی ماسی کە ئەو پاشماوانە کۆبکەنەوە و وەک ماددەی خاوی سەرەکی بەکاریان بهێنن.  لەبەر خەسڵەتە باشەکانی و هەرزانییەکەی بەپێویستی دەزانین لە چەند دێڕێکدا شێوازی دروستکردنی ئەم پەینە بە زمانی کوردی شرۆڤە بکەین.

ماددەکان:
- پارچەی فڕێدراوی ماسی
- دۆشاو
-هەوێنی لاکتۆباسیلوووس
- ئاو

 شێوازی دروستکردن:

سەرەتا هەموو پارچەکانی ماسی کە فڕێدراو ن، کۆدەکرێنەوە و دەکرێنە مەکینەی قیمەکردنەوە.  هەموو پارچە ماسییەکان بە جوانی دەکرێنە قیمە.
ئینجا لە تانکەرێکی گەورەدا بەرامبەر هەر یەک کیلۆ ماسی سێ لیتر ئاو دەکرێتە تانکەرەکەوە و باش تێکەڵاو دەکرێت.

دووای ئەوە، بۆ هەر کیلۆیەک ماسی دوو لیوان دۆشاو و لیوانێک هەوێنی لاکتۆباسیلووس تێکەڵ دەکرێت.

پاشان کە بەباشی تێکەڵاوکران، لە تانکەرەکەدا سەری دادەپۆشرێت؛ و بۆ ماوەی سێ تا چوار هەفتە چاودێری دەکرێت.

لەم ماوەیەدا بۆنێکی زۆر ناخۆشی لێوە دێت، بەڵام لە هەفتەی کۆتاییدا بۆگەنەکەی کەم دەبێتەوە و ئیدی ئەو کاتە ئامادەیە بۆ بەکارهێنانی وەک پەینی ئۆرگانیک.



بابەتی پەیوەندیدار

هەوێنی لاکتۆباسیلووس چییە؟ و  چۆن دروست دەکرێت؟