سووڕی ژیانی قارچک ئەو کاتە دەسپێدەکات کە دەنکۆڵەیەکی هاگ لە شوێن و کەشوهەوایەکی لەبار و گونجاودا دەسدەکات بە گەشەکردن. هاگەکە خۆی ناووکی نێر و مێی تێدایە، دووای ئەوەی گەشەی کرد ناووکە نێر و مێیەکان دەکەونە چالاکی و کرداری پیتاندن روودەدات. ئاکامی پیتاندنەکە دەبێتە هۆی دروستبوونی دەزوولەی زۆر باریک کە لە زمانی زانستیدا پێی دەڵێن مایسیلیەم؛ و ئێمە لە بەرامبەریدا ریسوو بەکاردەهێنین. ریسووەکان دووای ئەوە کە گەشەیان کرد و هەراش بوون، وردە تەنی وەک گرێ دروستدەکەن کە بناخەی قارچکە و پێیدەڵێن دوگمە یا دەندووکە. ئەویش زیاتر گەشە دەکات و دەبێتە کوارگ. کوارگیش کە تەواو پێگەیشت هاگ دروستدەکات و دەیپژێنێت و بە هۆی باوە جارێکی دی بڵاو دەبێتەوە و لە شوێنێک دەگیرسێتەوە و دەڕوێتەوە.
ئەم ڤیدیۆیە شێوازی رووان و گەشەکردنی مایسلیەم واتە ریسووە سەرەتاییەکانی کەڕوو نیشان دەدات کە چۆن لە دەفری پێتری دا، و لە ماوەی سێ رۆژدا دەڕوێت و تەواوی رووبەری دەفرەکە داگیر دەکات.