19.12.19

کارگی گانۆدێرما ئەپڵاناتوم

قارچکێک لەسەر گانۆدێرما ئەپڵاناتوم نیگارێندراوە
کارگی گانۆدێرما ئەپڵاناتوم یا کەوانەی هونەرمەندان یا چێوپەمەی هونەرمەندان یا نانە وورچ، جۆرێکە لە قارچکە کەوانەییەکان و هەمەجێژییەکان.  ئەم جۆرە کوارگە لەسەر درەختی زیندوو یا مردوو دەڕوێت.  هۆکاری وشکبوون و مردنی زۆر جۆر درەختە.  سەرەتا کە ساوایە رەنگی سپییە؛ دووایی بەرەبەرە رەنگی دەگۆڕێت بۆ رەش و قاوەیی سوورباو.  قەبارەکەی لە ٣٠ سەنتیمەترەوە تا یەک مەتر گەورە دەبێت.  لە رابردوودا هونەرمەندانی نیگارکێش لە دیوی ژەرەوەی ئەم جۆرە کوارگە کە سپییە، بە پارچە دارێک یا بەردێکی نووک تیژ وێنە و نیگاریان دەکێشا و دایاندەنا تا بە تەواوی وشک دەبوویەوە، ئینجا تیففتیفەیان دەدا و دەیانڕازاندەوە وەک تابڵۆیەکی کەموێنە و سەرنجڕاکێش؛ هەربۆیە پێیان گوتووە کەوانە یا چێوپەمەی هونەرمەندان.
ئەم قارچکە زۆر رەق و جیڕە و وەک دار و چێو وایە بەڵام لە کۆنەوە ژاپۆنی و چینییەکان وەک کۆڤارکێکی دەرمانی و خۆراکی بۆ چارەسەی نەخۆشی و بۆ خۆشکردنی چێژی خۆراکەکانیان بەکاریان هانیوە.  ئەوان هاڕیویانە و تۆزەکەیان لە چێشتدا بەکارهێناوە؛ هەروەها لە ئاودا خووساندوویانە و ئاوەکەیان لە چێشت لێناندا بەکارهێناوە.
بەگوێرەی هەندێک وانستی تازە گانۆدێرمان ئەپڵاناتوم خەسڵەتی دژەلوو و دژە بەکتریای هەیە و مایەی دژە فایبرۆتیکی تێدایە.