3.12.19

کوارگی مێڵەگورگانە یا کۆردیسێپس


کۆردیسێپس کەڕوویەکی مفتەژی\مشەخۆرە لەسەرتاسەری جیهاندا بڵاوە و بێشتر لە ٤٠٠ جۆری هەیە.  وشەی مێڵەگورگانە لە زمانی کوردیدا بە جۆرە گوڵێک دەگوترێت کە پاییزان دەڕوێت و رەنگی مۆرێکی مەیلەوقاوەیی تۆخە و نێرتکێکی هەیە شێوەی لە مێڵی چاوڕشتن یا کلچێوک دەچێت.  لە میتۆلۆژیای کوردیدا دەڵێن کاتێک کە گورگ دەیەوێت بچێت بۆ راو و شکار، پێش ئەم کارە دەچێت ئەم گوڵە دەدۆزێتەوە و بە نێرکەکەی کە لە مێڵی چاوڕشتن دەچێت چاوەکانی دەڕێژێت؛ ئەوسا دەسدەکات بە راو.

ئەم جۆرە قارچکەیش شێوەکەی لە نێرتکی گوڵی مێڵەگورگانە دەچێت بۆیە لە کوردیدا زۆر جێکەوتەیە؛ و ئێمە لە بری کۆردیسێپس لە کوردیدا دەڵێین کارگی مێڵەگورگانە.   ئەم جۆرە کەڕووە بەشێوەیەکی ئاسایی پەلاماری مێرووەکان و بەتایبەتیش جومگەدارەکان دەدات.  بەهۆی باوە یا بە هەر هۆکارێکی ترەوە بێت، هاگی مێڵەگورگانە دەکەوێتە سەر لەشی مێرووەکە؛ دەترووکێت و  دەبێتە رایەڵکە (هایفی) و دەسدەکات بە دزەکردنە نێو لەشی مێرووەکە و لەوێدا گەشەدەکات و دەبێتە ریسوو (مایسیلیەم).  ریسووەکە گەشەدەکات و لە هەناوەوە دەسدەکات بە خواردنی مێرووەکە تا دەیکوژێت.  ئینجا ئەگەر بارودۆخ گونجاو بوو، زیاتر گەشە دەکات و تا لە سەری مێرووەکەوە  تەنمیوەی کەڕووەکە کە کوارگێکە لە شێوەی تیغێکی بچووک بە قەدێکی باریکەوە یا بەشێوەی میلێکی بچووکی چاوڕشتن دەردەکەوێت.  ئەم قارچکە بچووکە پاشان هاگەکانی دەپژێنێت و بڵاودەبنەوە و جارێکی تر سووڕی ژیانی بەردەوام دەبێت.  شایانی باسە کە ئەم پێواژۆیە سێ هەفتە دەخایەنێت.

لێرەدا سەرنجتان رادەکێشین بۆ سەیرکردنی ئەم ڤیدیۆیە کە ڤیدیۆیەکی بەڵگەیی بی بی سی یە؛ و لەودا رووانی کارگی مێڵەگورگانە لەسەر لاشەی مێروولە نیشان دەدرێت.  کاتێک کە مێروولەکان دەزانن یەکێکیان نەخۆشە، لە خۆیانی دووردەخەنەوە تا دەمرێت.

ڤیدیۆی دووەمیش باسی پەلاماری جۆرێکی دیکەی کارگی مێڵەگورگانە دەکات بۆ سەر جۆرە مێشێک.





ڤیدیۆی سێیەم شێوازی روواندنی کارگی مێڵەگورگانە لەسەر برنج








سەرچاوە:
ریل مەشروومس