15.12.19

مایسیتیزم یا ژاراویبوون بە کوارگ



ژاراویبوون به‌ کارگ یان مایسیتیزم(Mycetism) بریتییه‌ له‌ کاریگه‌رییه‌کی نه‌رێنی که‌ له‌ ئاکامی خواردنی جۆرێک له‌ جۆره‌کانی قارچک/کارگ تووشی له‌شی مرۆڤ ده‌بێت. نیشانه‌کانی ژاراویبوون بریتین له‌ سه‌ره‌گێژه‌، هێڵنجدان، ڕشانه‌وه‌، چاولێل بوون، بوورانه‌وه‌ و تاد.. ژاراویبون ته‌نیا له‌ ئاکامی خواردنی کوارگه‌ کێوییه‌کاندا ڕووده‌دات، ئه‌ویش له‌ ده‌ره‌نجامی نه‌ناسین یان به‌دناسینی ڕووه‌که‌که‌یه‌. وته‌ی پێشنیان و سه‌رزاران سه‌باره‌ت به‌ لێک جیاکردنه‌وه‌ی جۆره‌کانی کارگی ژەهرین له‌ کوارگی خوارده‌نی، به‌ربڵاون به‌ڵام هیچیان ڕاست نین و ناکرێت پشتیان پێ ببه‌سترێت. هه‌یه‌ ده‌ڵێت هه‌ر کوارگێک ڕه‌نگی کراوه‌ و گه‌ش بێت بۆ خواردن ده‌شێت؛ هه‌یشه‌ ده‌ڵێت هه‌ر قارچکێک قه‌ده‌که‌ی باریک بێت یان په‌ڕه‌کانی ژێر چه‌تره‌که‌ی سپی نه‌بێت، ژاراوی و کوشنده‌یه‌، وته‌ی ئه‌وتۆیش هه‌یه‌ ده‌ڵێت که‌مێک خوێ بکه‌ره‌ سه‌ر قارچکه‌که‌ ئه‌گه‌ر ڕه‌نگی گۆڕا نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م جۆره‌ قارچکه‌ بۆ خواردن ناشێت و ژاراوییه‌. کەسانێ هەن دەڵێن هەر کاتێ مێروولە یا زیندەوەرێک قارچکەکەی خواردبوو، نیشانەی ئەوەیە ئەو قارچکە ژەهراوی نییە.  زۆر قسه‌ی تریش هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌مانه‌ هیچیان ڕاست نین؛ زۆر که‌س له‌سه‌ربنه‌مای پشتبه‌ستن به‌م جۆره‌ وتانه،‌ نائاگایانه‌ ژاراوی بووه‌ و مردووه‌.  ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت تا ئێستا هیچ بنه‌مایه‌کی جێ متمانه‌ بۆ لێک جیاکردنه‌وه‌ی کوارگی خوارده‌نی له‌ کوارگی ژاراوی نییه‌ و نه‌زانراوه‌. باشترین ڕێگا هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ سه‌داسه‌د کوارگه‌که‌ بناسیت؛ و دڵنیا بیت که‌ ژاراوی نییه‌.  جاری وا هه‌یه‌ کوارگێک له‌ ناوچه‌یه‌ک خوارده‌نییه‌ به‌ڵام هه‌ر ئه‌م جۆره‌ کوارگه‌ له‌ ناوچه‌یه‌کی دیکه‌ ژاراوییه‌. واتا هه‌ڵکه‌وته‌ی جۆگرافیایی کاریگه‌ریی هه‌یه‌ له‌ دیاریکردنی خوارده‌نی و ژاراوه‌یبوونی قارچک. له‌لایه‌کی تره‌وه‌ شێوازی لێنانی خۆراکی کارگیش بێ کاریگه‌ری نییه‌. کوارگی وا هه‌یه‌ ژاراوییه‌، به‌ڵام به‌ زۆر کوڵاندن ژاره‌که‌ی نامێنێت؛ و ده‌توانرێت ڕێژه‌یه‌کی لێ بخورێت. لەشی مرۆڤەکانیش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە و بۆی هەیە کاردانەوەی لەشی من بەرامبەر کوارگی کەما جۆرێک بێ، هی تۆ یا هی ئەو جۆرێکی تر بێت.  رەنگە من قارچکێک بخۆم بۆم ئاسایی بێت بەڵام تۆ بیخۆیت پێی بڕشێیتەوە؛ ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە قارچکەکە رێژەیەکی کەم ژەهری تێدایە کە سیستەمی بەرگریی لەشی تۆ ناتوانێ رووبەڕووی ببێتەوە؛ بەڵام سیستمی بەرگریی لەشی من بەهێزترە بۆیە هەستی پێناکەم.  کوارگی ده‌سچێن و پیشه‌سازی سه‌داسه‌د جێی متمانه‌یه‌ و هیچ چه‌شنه‌ مه‌ترسییه‌ک بۆ سه‌ر گیانی مرۆڤ دروست ناکات.