27.12.19

کوارگی کەوت

کوارگی کەوت، گوندی دارەبەن، دۆڵی شاورێ.
وێنەگر: ئیبراهیم محەمەدەمین ٢٠١٩


کارگی کەوت وەک لە ناوەکەیەوە دیارە لەسەر درەختی کەوت دەڕوێت کە درەختێکی رەسەنی کوردستانە.  کوارگی کەوت ناوە زانستییەکەی بریتییە لە فڵاموڵینا ڤێلیوتایپس؛ و لە جسنی فڵاموڵینایە کە دە جۆر لە خۆی دەگرێت و لەو هەرێمانە دەڕوێت کە کەشوهەوایان مامناوەندییە.  ئەم قارچکە رەنگی زەردێکی تۆخ  و نارنجییە  و رەنگی هاگەکەی سپییە.  قەبارەی کڵاوەکەی زۆر گەورە نابێت، رەنگە لە سێ سەنتیمەتر گەورەتر نەبێت.  لە کوردستان ناسراوە و خەڵکی دەیخۆن و چێژێکی خۆشی هەیە.  بەشێوەی سروشتی و خۆڕسک، ئەم قارچکە لە مانگی سێپتەمبەرەوە تا مانگی ئادار بۆی هەیە بڕوێت دیارە ئەمە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر دەگۆڕێت_ رەنگە لە ناوچەیەکی هەوا مامناوەندی کە وەرزی سەرما زووتر دەگات، لە مانگی سێپتەمبەر، ئەم کوارگە بڕوێت، بەڵام لە ناوچەیەک کە هاوین درێژترە، رووانی ئەم قارچکەیش چەند هەفتەیەک دووا بکەوێت.

هەروەها ئەم جۆرە کوارگە یەکێکە لە ناسراوترین جۆرەکانی کارگ لە ئاسیای رۆژهەڵات و بەتایبەتیش لە ژاپۆن.  ژاپۆنییەکان پێیدەڵێن ئینۆکی تاکی.  ئەم جۆرە کوارگە کاتێ کە بە دەست دەڕوێندرێت رەنگی سپی دەبێ نەک زەرد و نارنجی؛ و کڵاوەکەی بچووک و بەژنەکەی درێژ و باریک دەردەچێت.  قارچی کەوت  لەسەر بڕەی دار(ئاردەدار) و بەرهەمەکانی دروستکراو لە دار وەک کاغەز و کارتۆنیش دەڕوێت.  ئەم کوارگە بنەکانیان پێکەوە دەنووسێت واتە وەک چەپک پێکەوە دەڕوێن.  ئەوانەی کار لەسەر ئەم جۆرە کوارگە دەکەن لە بوتڵی شووشەی دەم کراوەدا دەیڕوێنن نەک وەک کارگی سەدەف لە کیسەی پلاستیکی گەورەدا.  تەنیا جیاوازییەکی گەورە لەگەڵ سەدەف دا هەیەتی ئەمەیە کە کارگی کەوت پێویستیی بە پلەی نزمی هەوا واتە هەوای سارد هەیە نەک پلەی هەژدە و بیستی سەدی.
کارگی ئینۆکی تاکی بەدەست چێنراوە

 لە راستیدا ئەم لە کاتی رەگاژۆبوونی ریسووەکەیدا پێویستیی بە پلەی هەژدە تا هەژدە و نیوە، بەڵام لەکاتی هاتنەبەرهەمدا گەرەکە پلەکەی بۆ نزم بکرێتەوە و لە نێوان چواردە تا شازدەی سەدیدا رابگیرێت.  ئینۆکی هەروەک کارگی سەدەف پێویستیی بە رووناکی هەیە؛ و ئەگەر رووناکیی تەواوی بۆ دابین نەکرێت قەدەکەی زۆر درێژتر و کڵاوەکەی بچووکتر لە دۆخی ئاسایی خۆی دەبێت. ئەمیش بە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن هەستیارە و گەرەکە رۆژانە لە کاتی خۆیدا ژوورەکەی بە هەوای ئازاد پاک بکرێتەوە. کارگی ئینۆکی نرخی گرانە و لە ئاسیای رۆژهەڵات کڕیاری زۆرە. بەگوێرەی ئەزموونی پێشووی خۆم ئەم کارگە لە کارگی شیتاکی خۆشترە. لەبەرئەوەی قەدەکەی باریک و ناسکە، فڕێنادرێت و لەگەڵ کڵاوەکەی پێکەوە دەکرێنە چێشت.
کاتێ بە دووای ئەم جۆرە کوارگەدا دەگەڕێیت پێویستە ووریا بیت نەکا تووشی کوارگی گالەرینا مارجێریتا بیت کە قارچکێکی ژەهراوییە و رەنگ و شێوەی زۆر لەم قارچکە نزیکە.






گالەرینا مارجێریتا.  ژەهراوییە









No comments:

Post a Comment