16.12.19

ئاگاراگار

ئاگاراگار بەشێوەی تۆز


ئاگاراگار بۆ زۆرێک له‌ خه‌ڵکی، هه‌ر له‌ توێژی زانستییه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ توێژی چێشتلێنه‌ران ناوێکی ئاشنایه‌. له‌لایه‌نی زانستییه‌وه‌ ئاگارئاگار ئه‌و مادده‌ لینجەیە که‌ له‌ بۆڕی و که‌موڵه‌کانی تاقیکردنه‌وه‌دا به‌کارده‌هێنرێت بۆ چاندنی به‌کتریا.
له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ ئاگاراگار مێژوویه‌کی دوور و ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه‌ له‌ دروستکردنی (دیسێرت) شیرینی دا، چونکه‌ ئه‌مه‌ پێکهاته‌ی سه‌ره‌کییه‌ له‌ دروستکردنی ‌لەرزەک (جێڵی)، کاسته‌رد، خواردنه‌وه‌ شیرینه‌کان و پودینگه‌کان له‌ خۆراکه‌کانی میانماری، ژاپۆنی، هیندی، فیلیپینی، ڤێتنامی و ڕووسی دا.  وه‌ک جێگره‌وه‌یه‌کی ڕووه‌کی بۆ ئه‌و خواردنانه‌ به‌کار ده‌هێنرێت که‌ لەرزەکیان تێدایه‌. به‌زۆری وه‌ک چڕکه‌ره‌وه‌ و خه‌ستکه‌ره‌وه‌ له‌ خۆراکه‌ هاڕڕاوه‌کاندا به‌کارده‌هێنرێت. هه‌روه‌ها له‌ دروستکردنی به‌سته‌نی(ئایسکرێم)یشدا به‌کارده‌هێنرێت.
هه‌ر ئه‌م ئاگاراگاره‌یش بۆ چاندنی تۆوی زۆربه‌ی زۆری جۆره‌کانی‌ قارچک به‌کارده‌هێنرێت. که‌واته‌ ئه‌و که‌سه‌ی حه‌ز و ئاره‌زووی کارکردنی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ کارگ دا، ده‌بێ ئاگارئاگار بناسێت و به‌کارهێنانی فێر ببێت.
ئاگاراگار بەشێوەی ریشاڵ
ئاگاراگار زۆرجار هه‌ر پێیده‌گوترێت ئاگار. ئاگار به‌ کوڵاندنی جۆرێک قه‌وزه‌ی ده‌ریایی به‌ده‌ست ده‌هێنرێت. ئاگار مادده‌یه‌کی بێ بۆن و بێ تامه‌ و ته‌نراوێکی لووس و ڕیشاڵ ڕیشاڵه‌. ئه‌م مادده‌یه‌ به‌ زۆری له‌ فرۆشگا ئاسیاییه‌کان، له‌و شوێنانه‌ که‌ خۆراکی ته‌ندروستیی ئاسیایی ده‌فرۆشن یان ئه‌و بنکه‌ و فرۆشگایانه‌ی گیاده‌رمان ده‌فرۆشن ده‌ست ده‌که‌وێت. ده‌کرێ له‌و شوێنانه‌ به‌شێوه‌ی تۆز، ورده‌توێژاڵ، بسکۆڵه‌ی گیا یان بلۆکی لەرزەکی(جێڵی) بفرۆشرێت.  بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت به‌ ئاسانتر بیدۆزیته‌وه‌ وا باشتره‌ بڵێیت به‌ دوای لەرزەکی ڕووه‌کی (vegetarian jelly) دا ده‌گه‌ڕێم.  به‌شێکی زۆر له‌ خه‌ڵک به‌م ناوه‌وه‌ ده‌یناسێت نه‌ک به‌ناوی ئاگار.
بۆ ئه‌وه‌ی تۆزی ئاگار بکه‌یت به‌ لەرزەک‌ ده‌بێت ٢ که‌وچکی چا له‌گه‌ڵ دوو کوپ ئاو تێکه‌ڵ بکه‌یت؛ و ماوه‌ی١٠ تا ١٥ خوله‌ک بیشێوێنیت.  ئینجا گه‌رمی بکه‌یت و پاشان ماوه‌ی ٥ خوله‌کی دیکه‌ لێکیبده‌یت.  بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا بیت له‌وه‌ی لەرزەکە‌که‌ت دروست بووه‌ یان نا که‌مێک له‌ تێکه‌ڵاوه‌که‌ له‌سه‌ر قاپێکی سارد دابنێ؛  ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ی ٢٠-٣٠ چرکه‌دا چڕبوویه‌وه‌ و بوو به‌ لەرزەک‌ ئه‌وا پێگه‌یشتوه‌، ئه‌گه‌ر چڕ نه‌بویوه‌وه،‌ که‌واته‌ که‌مێکی تر له‌ تۆزی ئاگاره‌که‌ بکه‌ نێو تێکه‌ڵاوه‌که‌وه‌ و لێکیبده‌وه‌.


لینجەقەوزەی ئاگاراگار