19.12.19

روواندنی قارچک لە شارێکی گەمارۆدراوی سووریا دا



هاووڵاتێکی سووریایی خەڵکی غوتەی رۆژهەڵات کە شارەکەیان ماوەی شەش ساڵ لەلایەن هێزەکانی سوپای سووریاوە گەمارۆدرابوو؛ و بەردەوام هێرشی ئاسمانی و مووشەکی لەسەر شارەکەیان بوو؛ و سەرەنجام هێرشی کیمیایشی کرایە سەر، لەروو نامەیەکدا کە بۆ کەڕووزانی جیهانی  پۆل ستەیمێتس ی نووسیوە، باس لە ئارەزووی منداڵیی خۆی دەکات بۆ کوارگ و ئینجا باس لەوە دەکات کە چۆن لە کاتی گەمارۆی سەر شارەکەی دا ، کە خەڵکەکە هیچ نەبوو بیخۆن و هەموویان لەبەر بەدخۆراکی و بێ خۆراکی لەڕ و لاواز و نەخۆش ببوون، ئەو دەکەوێتە بیری بەرهەمهێنانی قارچک.  ئەو بیر لەوە دەکاتەوە کە بەهۆی کشتوکاڵی بوونی ناوچەکەیان، دار و قەسەڵ و پەلک و گەڵایەکی زۆر هەیە کە هەموو سیلیلۆزە و دەتوانن وەک نێواخنێک بۆ روواندنی کوارگ کەڵکی لێوەربگرن.  ماوەی دوو ساڵ بەردەوام دەبێت لە کۆششەکانی و سەرەنجام سەردەکەوێت.  دواتر بە هاوکاریی کەسانی ئەکادێمیی شارەکە پەرە بە پرۆژەکە دەدەن و ٣٢٠٠ کیلۆ کارگ بەرهەم دێنن. پاشان نزیکەی ١٠٠٠ ژن و پیاو فێر دەکەن کە چۆن لە ژێرخانەکانی خۆیاندا کڤارک بەرهەم بهێنن.  هەرچەندە شارەکە دوواتر کەوتەوە دەست سوپای سوریا بەڵام بە هەوڵی ئەو کەسە و لە سایەی بەرهەمهێنانی قارچک خەڵکی غوتەی رۆژهەڵات لە مەترسیی لەبرسا مردن رزگار کران.
دووای ئەوەیش کە غوتەی رۆژهەڵات دەرکران و رەوانەی ئیدلب کران، ئێستا کابرا لەوێش هەر خەریکی پەرەدانە بە بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر روواندنی قارچک و بەرهەمهێنانی ئەو خۆراکە پڕ ڤیتامین و پرۆتینە.

سەیری ئەم ڤیدیۆیەی سەرەوە بکەن کە بەکورتی باسی ئەم بابەتە دەکات:




سەرچاوە: