19.12.19

چۆن کوارگ ده‌ڕوێنیت؟

ئەمەیش شێوازی روواندن\چاندنی کڤارکە کە چەند ساڵ لەمەوبەر لە پەیجی (کارگی کەما) لە فەیسبووک بڵاومان کردبوویەوە.   بۆ باشتر فێربوونی پێواژۆی قارچک روواندن، وا باشە بابەتی (چۆنیەتیی روواندنی کوارگ\قارچکی پلورۆتوس ئۆستریتوس ،،سەدەف،، )یش بخوێنیتەوە.

ڕوواندنی کوارگی سه‌ده‌ف له‌ هه‌موو جۆره‌کانی تری کوارگ ئاسانتره‌. کوارگی سه‌ده‌ف ده‌کرێت له‌سه‌ر قه‌سه‌ڵی گه‌نم و جۆ، به‌ڵمی برنج، ئارده‌دار، تڵتەی قاوه‌ و زۆر شتی دیکه‌ بڕوێنرێت؛ به‌ڵام له‌ هه‌مووان باشتر و جێ متمانه‌تر قه‌سه‌ڵی گه‌نم و جۆیه‌.
بۆ ڕوواندنی کوارگ یه‌که‌م جار ده‌بێ ژوورێکی تایبه‌ت ئاماده‌ بکرێت. ژوورێکی پاک و خاوێن که‌ ڕایه‌خه‌که‌ی چیمه‌نتۆ بێت.  میچ و دیواره‌کانی ئاوهه‌ڵگر نه‌بن، چونکه‌ له‌ کاتی پێویست دا به‌ ئاو ده‌پڕژێندرێت. ده‌زگای کۆنترۆڵکردنی گه‌رما و سه‌رما و شێ له‌ ژووره‌که‌دا دابمه‌زرێندرێت. ئه‌م ده‌زگایانه‌ ده‌بێ بتوانن به‌رده‌وام هه‌وای ژووره‌که‌ له‌ پله‌یه‌کی دیاریکراودا ڕابگرن. ڕۆژانی سه‌ره‌تا ده‌بێ پله‌ی گه‌رمای ژووره‌که‌ له‌ ١٨ پله‌ی سه‌دی که‌متر نه‌بێت. دوای ئه‌وه‌ی که‌ گەرا‌که‌ ده‌ندووکه‌ ده‌دات و هه‌نگاوێکی ده‌مێنێت بۆ ئه‌وه‌ی کوارگ دروست بێت، پله‌ی گه‌رماکه‌ داده‌به‌زێنرێت بۆ ١٦ی سه‌دی. له‌لایه‌کی تره‌وه‌ پله‌ی شێ له‌ سه‌ره‌تادا ده‌بێ له‌ ٩٠ که‌متر نه‌بێت، به‌ڵام دواتر داببه‌زێندرێت بۆ٨٠.
پێویسته‌ پێشتر گەراکه‌ی ئاماده‌ کرابێت یان له‌ شوێنێک کڕدرابێت. زۆربه‌ی کوارگپه‌روه‌ره‌کان خۆیان گەرا دروستده‌که‌ن.  هه‌ندێک کۆمپانیا هه‌ن که‌ خۆیان ته‌رخان کردووه‌ بۆ دروستکردنی گەرای کارگ.  که‌واته‌ پێش ئه‌وه‌ی بڕیاری ڕوواندنی قارچک بده‌یت پێویسته‌ گەرا‌که‌ی ئاماده‌ کرابێت و له‌ سارنجۆک دا هه‌ڵگیرابێت بۆ کاتی پێویست.
شێوازی ڕوواندنی کوارگ به‌کورتی له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا ڕوون ده‌که‌ینه‌وه‌:
١. سه‌ره‌تا قه‌سه‌ڵه‌که‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی ٧ تا ١٠ سانتیمه‌تر ورد ده‌کرێت.
٢. ئینجا قه‌سه‌ڵه‌که‌ ده‌هێنرێت و له‌ ده‌فرێکی گه‌وره‌دا ده‌کوڵێنرێت. ئاگادار به‌ که‌ پله‌ی کوڵاندنه‌که‌ له‌ ٦٠ پله‌ی سه‌دی که‌متر نه‌بێت و له‌ ٧٥یش پتر نه‌بێت. هه‌ر جارێک که‌ ده‌فره‌که‌ پڕ ده‌کرێت له‌ قه‌سه‌ڵ ده‌بێ لانیکه‌م ماوه‌ی ٣٠ خوله‌ک له‌سه‌ر ئاگر بێت.
٣. دوای کوڵاندن له‌ شوێنێکی پاک و خاوێن داده‌نرێت بۆ چۆڕانه‌وه‌ و ساردبوونه‌وه‌.
٤. هه‌رکه‌ پله‌ی گه‌رماکه‌ی دابه‌زی بۆ ٢٥ی سه‌دی ده‌ست ده‌کرێت به‌ ئاخنینی قه‌سه‌ڵه‌که‌ له‌ نێو کیسه‌ی پلاستیکی خاوێنه‌وه‌. کیسه‌ی پلاستیکی هه‌شتا سه‌نتیمه‌تر به‌ ٤٥ سه‌نتیمه‌تر له‌ بازاڕ به‌ ئاسانی ده‌ست ده‌که‌وێت.
٥. هه‌ر چینێک قه‌سه‌ڵ و چینێک گەرا له‌ کیسه‌کاندا داده‌نرێت تا که‌مێکی ده‌مێنێت بۆ پڕبوون. ئینجا ئه‌ویش گرێ ده‌درێت یان به‌ په‌تێکی پاک و خاوێن ده‌به‌سترێت.
٦. پاشان کیسه‌کان له‌ ژووره‌که‌دا به‌ دووریی ٦٠ سه‌نتیمه‌تر له‌ یه‌کترییه‌وه‌ هه‌ڵده‌واسرێن بێ ئه‌وه‌ی بده‌ن له‌ زه‌وی.
٧. دوای سێ چوار رۆژ کە مایسیلیەم دەسدەکات بە رووان، کیسه‌کان به‌ بزمارێکی پاک و خاوێن کون کون ده‌کرێن. دووریی کونه‌کان له‌ یه‌کترییه‌وه‌ ٥ سه‌نتیمه‌تر بێت باشه‌.
٨. ڕۆژانه‌ به‌وردی چاودێری ده‌کرێن و پله‌ی شێ و گه‌رماکه‌یان له‌ ئاستی دیاریکراو دا جێگیرده‌کرێت. دوای هه‌فته‌یه‌ک گەراکه‌ وه‌ک لۆکه‌ی شیکراوه‌ی لێدێت و به‌ره‌به‌ره‌ زیاد ده‌کات.
٩. هه‌فته‌ی دووه‌م ریسووەکە پتر په‌ل ده‌هاوێت و خۆی له‌ چڵه‌ قه‌سه‌ڵه‌کان ده‌ئاڵێنێت.
١٠. هه‌فته‌ی سێیه‌م پتر گه‌شه‌ ده‌کات و وه‌ک ده‌ندووک له‌ کونه‌کانه‌وه‌ سه‌ری ده‌رده‌هێنێت.
١١. هه‌فته‌ی چواره‌م کوارگی چووک دێنه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ یه‌کێک له‌ ڕۆژه‌کانی هه‌فته‌ی پێنجه‌م دا کوارگه‌کان ده‌چنرێنه‌وه‌.
پێویسته‌ به‌ وریاییه‌وه‌ کوارگه‌کان بچنرێنه‌وه‌؛ نه‌کا بنه‌که‌یان ئازاری پێبگات. دوای چنینه‌وه‌یان بێ ئه‌وه‌ی بشۆردرێنه‌وه‌ ده‌کرێنه‌ چێشت و ده‌خورێن.


لێرە ئەم ڤیدیۆیە دادەنێم بۆ زیاتر روونکردنەوە و ئاسانکاری بۆ ئێوەی بەڕێز.




شوێنی روواندن:
١- پێویستە شوێنێکی داخراو و پاک و خاوێن بێت.
٢- پێویستە دەرچەیەکی هەوا هەبێت بۆ هەواگۆڕکێ.
٣- دەبێ رێگا نەدرێت مێشوولە و زیندەوەر بچنە ژوورەکەوە چونکە دەبنە هۆی پیسی وئالوودەیی و نەخۆشکردنی کوارگەکان.
٤- کاتێ دەجیتە ژوورەکەوە پێویستە پێڵاوەکانت بە ماددەیەکی پاکژکەرەوە پاک بکەیتەوە تا پێشگیری بکەیت لە چوونی بەکتریا و کەرووی زیانبەخش بۆ ناو ژوورەکە.
٥- پێش ئەوەی قارچکەکان بچنە ژوورەکەوە پێویستە ژوورەکە بە ماددەی پاکژکەرەوە پاک بکرێتەوە یان بە هەڵم بۆ ماوەی ٢٤ هنگار ستیریڵایز بکرێت.
٦- ژووری روواندنی کارگ پێویستیی بە هەبوونی پانکە و ئامێری دروستکردنی شێیە.  چونکە دەبێ پلەی گەرما و پلەی شێ و پلەی کاربۆن کۆنترۆڵ و چاودێری بکرێن.
٧- بۆ هەواگۆڕکە پێوسیتە کونێکی دەرچەی هەوا هەبێت وهەواکێشی تیادا دابنرێت تا هەوای نەّ ژوورەکە بباتە دەرەوە.
٨- نابێ بە هیچ شێوەیەک ئاو لە ژوورەکەدا کۆ ببێتەوە چونکە دەبێتە هۆی ئالوودەیی و دروستبوونی بەکتریا و کەڕووی زیانبەخش.
٩- پێویستە ژوورەکە تاریک بێت و دووای ئەوەی ریسووەکانی قارچک گەشەیان کرد و بوونە قارچکی ساوا، پێویستە لە شەو و رۆژێکدا ١٢ هنگار رووناکی پێبدرێت.  واتە پێویستە ژوورەکە بە گڵۆپی فلۆرسێنت وات ئەوانەی تیشکەیان سپییە، رووناک بکرێتەوە.
١٠- دانانی ئامێری پێوەری شێ، گەرمی، و کاربۆن لە ژوورەکەدا پێویستە.