14.12.19

دەرمان و کەڕوو



کەڕووزانی لکێکی گرنگی زانستە کە پەیوەندیی هەیە بە زۆر لە لکە جیاوازەکانی زانستەوە وەک ژیانزانی، زیندەوەرزانی، بوومزانی و تاد... لە سەردەمی جەنگە جیهانییەکانەوە کە بە ڕێکەوت پنیسیلین لەلایەن ئەلیکساندەر فڵێمینگەوە دۆزرایەوە، گرنگی و بایەخی کەڕوو بەدیارکەوت. هەروەها ناسینی نەخۆشییە کەڕووییەکانی مرۆڤ و ئاژەڵ و رووەک زانایانی ناچارکرد کە بواری کەڕووزانی وەک بوارێکی سەربەخۆی زانست پێناسە بکەن و لە زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن و توێژینەوە بە جیاواز بایەخی پێبدەن و کاری لەسەر بکەن.
ئێستا لە پاڵ پنیسیلین دا دەیان جۆر کەڕووی تر لە ئەزموونگەکاندا بەرهەمدەهێنرێن و بەکاردەهێنرێن بۆ دروستکردنی دەرمانی چارەسەریی نەخۆشییەکانی مرۆڤ و ئاژەڵ و رووەک. تەنیا پنیسیلین خۆی ساڵانە گیانی دەیان میلیۆن کەس لە مردن رزگار دەکات لەکاتێکدا کە کەڕوویەکی ئاساییە و خۆت دەتوانیت لە ماڵەوە بەرهەمی بهێنیت.
دەڵێن لە کوردستان کارگەی بەرهەمهێنانی دەرمان هەیە.. ئەگەر ئەمە راست بێ، شتێکی ئەرێنی یە؛ بەڵام بە مەرجێک ماددە خاوەکانی دەرمانەکان هی کوردستان خۆی بێت نەک لە وڵاتانەوە هاوردە بکرێن. لە رەوشێکی ئەوتۆ دا پێویستە زانکۆ و ناوەندە زانستییەکان لەگەڵ دەرمانسازەکان هاوکاری بکەن بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان لە ماددەی خاوی کوردستانی.