16.12.19

چاپکردنی هاگ (سپۆر)ی کوارگ


تۆوی کارگ ئه‌وه‌نده‌ ورده‌ به‌ چاو نابینرێت؛ مه‌گه‌ر به‌ بڕێکی زۆر له‌سه‌ر یه‌کتری که‌ڵه‌که‌بێت.  تۆوی کوارگ ڕه‌نگی جیاوازی هه‌یه‌، سپی، قاوه‌یی، خاکی و قاوه‌یی تاریک و تاد...  هەروەها لە رووی دی ئێن ئەی جیاوازیی زۆریان هەیە.  به‌ مه‌به‌ستی دیتنی تۆوی کارگ ڕێگایه‌کی ئاسان هه‌یه‌ که‌ پێیده‌وترێت چاپکردن(Sporeprinting).  یەکێک لە رێگاکانی ناسینی کارگ بریتییە لە زانینی رەنگی تۆوەکەی بۆ ئەم مەبەستەیش دەبێ تۆوەکە لەسەریەک کەڵەکە بێت تا رەنگەکەی بە چاوببینرێت.

بۆ چاپکردنی تۆوی کوارگ سه‌ره‌تا کارگێکی پێگه‌یشتوو دێنین. لاسک/قه‌ده‌که‌ی له‌ بێخه‌وه‌ ده‌بڕین.  پارچه‌یه‌ک کاغه‌زی ڕه‌ش و پارچه‌یه‌ک کاغه‌زی سپی به‌ یه‌که‌وه‌ ده‌نووسێنین و له‌ نێو شووشه‌یه‌ک یان ده‌فرێکی پلاستیکی دا ڕایده‌خه‌ین.
کوارگه‌که‌ به‌جۆرێک داده‌نێینه‌ سه‌ر کاغه‌زه‌که‌ که‌ نیوه‌ی بکه‌وێته‌ سه‌ر پارچە ڕه‌شه‌که‌ و ئه‌و نیوه‌ی بکه‌وێته‌ سه‌ر پارچە سپییه‌که‌.
پارچه‌یه‌ک په‌ڕۆی ته‌ڕ که‌ ئاوی لێوه‌ نه‌چۆڕێته‌وه‌ ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر زاری ده‌فره‌که‌ و ئینجا سه‌رپۆشه‌که‌ی له‌سه‌ر داده‌نێین.
ماوه‌ی ٢٤ هنگار له‌ شوێنێکی تاریک و فێنک دایده‌ێین.
دوای ئه‌م ماوه‌یه‌ ده‌فره‌که‌ دێنین و ته‌ماشای ده‌که‌ین بزانین چی ڕوویداوه‌!
کاتێک قارچکه‌که‌ له‌ سه‌ر کاغه‌زه‌کان لاده‌به‌ین ده‌بینین په‌ڵه‌یه‌ک به‌ ئه‌ندازه‌ی دیوی ژێره‌وه‌ی قارچکه‌که‌ که‌وتووه‌ته‌ سه‌ر کاغه‌زه‌که‌. ئه‌گه‌ر تۆوه‌که‌ ڕه‌ش بێت ئه‌وا به‌جووانی له‌سه‌ر پارچه‌ سپییه‌که‌ ده‌رکه‌وتووه‌ و ئه‌گه‌ریش سپی بووبێت به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌سه‌ر پارچه‌ ڕه‌شه‌که‌ به‌جوانتر چاپ بووه‌.  بەم پێّاژۆیە دەگوترێت چاپکردنی سپۆر یا تۆوی کارگ؛ کە پێویستە هەموو کوارگەوانان و ئارەزوومەندانی خواردن یا کۆکردنەوەی کوارگ بیزانن.