31.8.21

ئاوریشمی نیلوفەڕ



وەک روون و ئاشکرایە ئاوریشم بەرهەمی کرمێکە کە ناسراوە بە کرمی ئاوریشم.   کرمەکە لە شوێنی تایبەتدا پەروەردە و بەخێودەکرێت و پاشان دەخرێتە نێو ئاوی گەرمەوە تا بمرێت و ئاوریشمەکەی لێ جیابکرێتەوە.  شایانی باسە کە ئەم پێواژۆی بەرهەمهێنانە لەلایەن داکۆکیکەرانی مافەکانی ئاژەڵەوە بە ستەمکاری هەژمار دەکرێت و رەخنە لە بەرهەمهێنەرانی ئاوریشم دەگیرێت کە لە ئەوپەڕی دڵڕەقیدا و لەپێناو بەدەسهێنانی پارەدا کرمەکان دەکوژن. 

بەڵام ئاوریشمی نیلوفەڕ جۆرە ئاوریشمێکی جیاوازە و تەواو رووەکییە.  کاتێک کە دەتەنرێت و دەکرێتە قوماش زۆر بەهێز و نەرم و بەرگەگرە و کەمێکیش کێشدارە؛ واتە لەبەریەک دەکشێتەوە.  زۆرتر کڵاو و شارڵگەردن لەم ئاوریشمە دروستدەکرێت کە زۆرینەی هەناردی ژاپۆن دەکرێت؛ و پارچەی بە نزیکەی ٤٠٠ دۆڵار دەفرۆشرێت.  ئاوریشمی نیلوفەڕ لە گوڵی نیلوفەڕی ئاوی دروستدەکرێت کە نیلوفەڕی هیندی یا نیلوفەڕی پیرۆزیشی پێدەگوترێت؛ و ناوە زانستییەکەی بریتییە لە نوولیمبۆ نیوسیفیرا (Nelumbo nucifera).  مێژووی روواندنی دەگەڕێتەوە بۆ سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر؛ کە ئەوسا بۆ تۆوەکەی چێنراوە کە دەخورێت.  یەکەمجار لە وڵاتی میانمار واتە بورمای  کۆن بەرهەمهێنراوە و ئێستایش لەوێ و لە ڤییەتنام بایەخی پێدەدرێت.  بەرهەمهێنانی ئاوریشمی نیلوفەڕ سنووردارە و تەنیا کارخانەگەلی بچووک ئەم کارە دەکەن.  چونکە لە سەرەتاوە تا کۆتایی، پێواژۆکە بە دەست ئەنجام دەدرێت.  هەر ئەمەیش بووەتە هۆکار تا نرخی زۆر گرانتر بێت لە ئاوریشم و قوماشەکانی تر.

دوای ئەوە کە رووەکی نیلوفەڕەکە گەورە دەبێت و گوڵدەکات و پێدەگات، یەک بە یەک لە بنەوە هەڵدەکەندرێن و ماوەی بیست و چوار هنگار دادەنرێن تا کەمێک سیس دەبن؛ ئەوسا چڵ بە چڵ لەسەر مێزێک بە دەست لەتدەکرێن و رایەڵە باریکەکانیان کە وەک موو باریکن، دەردەکشرێنە دەرەوە و بە دەست لە یەکترەوە دەئاڵێندرێن.  پاشان ئەم رایەڵانە کۆدەکرێنەوە و وەک خوری دەڕێسرێن و دوواتریش دەتەنرێن و دەکرێن بە قوماش.


سەرچاوە

دە تێکستایەڵ ئەتڵەس

ڤیدیۆی دروسکردنی ئاوریشمی نیلوفەڕ


29.8.21

ساختارێکی رۆشناهەستەوەر کەزیکانی بەرەو ئاسایشگە رێنمایی دەکات

 


بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لە زانکۆی سوکووبا ی ژاپۆن ئەنجام دراوە،  ساختارێکی پرۆتینی کە بە تیشک و پرتەو هەستەوەرە، و ئەرکی جووڵاندنی  بزۆکە گەردیلەییەکانی لە ئەستۆیە لە کەزە تاکخانەییەکاندا،  دەتوانێت خانەکان رێنمایی بکات بۆ مەلەکردن و دوورکەوتنەوە لە تیشکە زیاندارە رووناکەکان.

زیندەتەنەکان لە قەوزەکانەوە بگرە تا مرۆڤ خانەگەلێک دەخەنەوە کە جۆرێک کوڵکێکی بزۆکیان هەیە کە ساختارێکە پێیدەگوترێت قامچی.  ئەم ساختارانە جووڵە دابیندەکەن بۆ تاکخانەکان و ئەو شلەیە کە لە ساختارە فرەخانەکاندا لە جووڵەی بەردەوامدایە هەر وەک ئەستەڕەی بۆڕییەکانی هەناسەمان.  قامچییەکەیش بە هۆی ئەو بزوێنەرێکی گەردیلەییەوە دەجووڵێت کە پێیدەگوترێت داینین (dyneins).  

ئێستا دەستەیەک لە توێژەرانی زانکۆی سوکوویا ی ژاپۆن بۆیان دەرکەوتووە کە پرۆتینێکی هەڵگری داینین کە پێیدەگوترێت (DYBLUP) دەتوانێت راستەوخۆ چالاکیی بزوێنەرەکە کۆنترۆڵ بکات وەک بەرسڤدانەوەیەک بۆ رووناکییەکە.


سەرچاوە

نەیچەر ئندێکس

ناشناڵ سێنتەر فۆر بایۆتێکنۆڵۆجی ئنفۆرمەیشن



کارگی جادوویی ئاستی پەیوەندییە دەماریەکانی مێشک بەرز دەکاتەوە

توێژەران لە زانکۆی یەیڵ لە ئەمریکا دەڵێن کە ماددەی ئاوەزگەردان (سیلۆسایبین) کە لە قارچکە جادووییەکاندا هەیە

دەتوانێت ئاستی پەیوەندیی نێوان خانەکانی دەمارەکانی مێشک بەرز بکاتەوە.  پێکهاتەکە بە هاندانی گەشەی مازە درەختییەکان(Dendritic spines)، کە لە درەختییەکانەوە، یا لە بەشە دڕکنەکانی خانە دەمارییەکانەوە دێنە دەرێ، ئەم کارە دەکات.  مازە درەختییەکان یارمەتی دەدەن لە هێنان و بردنی زانیاری و وا باوەڕ دەکرێت کە رۆڵیان هەیە لە فێربوون و یادەوەریدا، هەروەها توێژەرەکان بۆیان دەرکەوت کە سیلۆسایبین هەر کام لە چڕی و قەبارەکانیان زیاد دەکات.

ئاڵێکس کوان پرۆفێسۆری یاریدەدەری دەروونپزیشکی و دەمارزانی لە زانکۆی یەیڵ دەڵێت ئێمە نەک تەنیا هەر بەرزبوونەوەی رێژەی لەسەدا دەی  پەیوەندییە دەمارییەکانمان بە چاو دیتووە، بەڵکوو ئەوەیشمان تێ بینی کردووە کە قەبارەکەی بە شێوەی تێکڕایی لەسەدا دە گەورەتر بووە.  ئەو دەڵێت زۆر جێگەی سەرسوڕمان بوو کە بە تەنیا یەک ژەم دەرمان وەها ئەنجامێکمان دەسکەوت.

بە گوتەی توێژەرەکان  خەمۆکی و پەرێشانیی بۆماوەیی دەبنە هۆی دابەزینی ژمارەی مازە درەختییەکان و پەیوەندییە دەمارییەکان لە مێشکدا لاواز دەبن.  شایانی باسە کە ئەم توێژینەوەیە لەسەر مێشکی مشک ئەنجام دراوە.



سەرچاوە

یەیڵ نیوز

فری تینک

ساینس دەیڵی

13.8.21

لینجە کەڕووی تەمەن ٥٠٠ میلیۆن ساڵ دەنێردرێتە کەیهان

 


رۆژی سێشەممە ١٠\٨\٢٠٢١  سەرنشینەکانی  وێستگەی نێونەتەوەیی کەیهانی  پێشوازی دەکەن لە نموونەی لینجە کەڕووی (Physarum polycephalum).  هاوکات ٣٥٠٠٠٠ خوێندکاری فرانسی هەرکام نموونەیەک لەم لینجە کەڕووەیان پێدەدرێت.  کەڕووی فایساروم پۆڵیسێفاڵوم کەڕوویەکی لینجی رەنگ زەردە.  تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ ٥٠٠ میلیۆن ساڵ لەمەوبەر.  کەڕوویەکی تاکخانەیە کە ناوکۆکەی هەیە.  ئەم کەڕووە بە دابەشبوون زۆر نابێت بەڵکوو وەچەدەخاتەوە.  ئەگەر زۆرینەی زیندەوەران خاوەنی دووزایەندن وەک نێر و مێ، ئەم کەڕووە ٧٢٠ زایەندی جیاوازی هەیە.

لینجەکەڕووی فایساروم پۆڵیسێفاڵوم دەمی نییە، لاقی نییە و مێشکیشی نییە؛ بەڵام توانای خواردن، جووڵان و رووان و بیرکردنەوەی هەیە.  خەسڵەتێکی گرنگی تر کە هەیەتی متبوونە.  کاتێک کە ووشک دەکرێتەوە دەچێتە دۆخی متبوونەوە و هەرکاتێک بکەوێتە ژینگەیەکی شێدار و نمناکەوە بێدار دەبێتەوە و دەسدەکاتەوە بە گەشەکردن.

هەرکە نموونەکەی ئەم کەڕووە گەیشتە وێستگەی کەیهانی و لەوێ کرایەوە، هاوکات هەموو ٣٥٠٠٠٠ خوێندکارەکانیش لەسەر زەوی نموونەکانی خۆیان دەکەنەوە و لە یەک کاتدا دەسدەکرێت بە تەڕکردنەوە و شێدارکردنەوەی کەڕووەکە؛ و چاودێری دەکرێت تا دەردەکەوێت ئەنجامی جیاوازی و لێکچوونەکانی گەشەی کەڕووەکە لە سەر زەوی و لە کەیهاندا چۆنە.





سەرچاوە:

فیزیکس


8.8.21

شێرپەنجەی دایکی پۆڵ ستەیمێتس

 لەم ڤیدیۆیەدا کەڕووزانی ئەمریکایی پۆڵ ستەیمێتس باس لەوە دەکات کە ساڵ ٢٠٠٩ دایکی لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا لووی شێرپەنجەیی بە قەبارەی پێنج سەنتیمەتر و نیو لە مەمکی پەیدا دەبێت.  پزیشکی لووزان (ئۆنکۆڵۆجیست) پێیدەڵێت کە بەهۆی ئەوە کە تەمەنی زۆرە بەرگەی تیشکەدەرمانی (رادیۆتێراپی) ناگرێت، هەربۆیە کەمتر لە سێ مانگ بۆی هەیە بژیێت.  پاشان پزیشکەکە دەڵێت لێکۆڵینەوە سەبارەت بە سوودەکانی کارگی کلکەقەل کراوە و باس لەوە دەکرێت کە کاریگەری لەسەر چارەسەری شێرپەنجە هەیە.  دایکی پۆڵ دەڵێت دوکتۆر! کوڕەکەم خۆی ئەم جۆرە قارچکانە بەرهەم دێنێت!

 پۆڵ ستەیمێتس دەڵێت: دوایی لە ماڵەوە رۆژانە هەشت کەپسوولی کوارگی کلکەقەلم دەدا بە دایکم؛ چوار بەیانیان و چوار ئێواران.  دوای پشکنین دەرکەوت کە لووە شێرپەنجەییەکە نەماوە.