29.8.21

کارگی جادوویی ئاستی پەیوەندییە دەماریەکانی مێشک بەرز دەکاتەوە

توێژەران لە زانکۆی یەیڵ لە ئەمریکا دەڵێن کە ماددەی ئاوەزگەردان (سیلۆسایبین) کە لە قارچکە جادووییەکاندا هەیە

دەتوانێت ئاستی پەیوەندیی نێوان خانەکانی دەمارەکانی مێشک بەرز بکاتەوە.  پێکهاتەکە بە هاندانی گەشەی مازە درەختییەکان(Dendritic spines)، کە لە درەختییەکانەوە، یا لە بەشە دڕکنەکانی خانە دەمارییەکانەوە دێنە دەرێ، ئەم کارە دەکات.  مازە درەختییەکان یارمەتی دەدەن لە هێنان و بردنی زانیاری و وا باوەڕ دەکرێت کە رۆڵیان هەیە لە فێربوون و یادەوەریدا، هەروەها توێژەرەکان بۆیان دەرکەوت کە سیلۆسایبین هەر کام لە چڕی و قەبارەکانیان زیاد دەکات.

ئاڵێکس کوان پرۆفێسۆری یاریدەدەری دەروونپزیشکی و دەمارزانی لە زانکۆی یەیڵ دەڵێت ئێمە نەک تەنیا هەر بەرزبوونەوەی رێژەی لەسەدا دەی  پەیوەندییە دەمارییەکانمان بە چاو دیتووە، بەڵکوو ئەوەیشمان تێ بینی کردووە کە قەبارەکەی بە شێوەی تێکڕایی لەسەدا دە گەورەتر بووە.  ئەو دەڵێت زۆر جێگەی سەرسوڕمان بوو کە بە تەنیا یەک ژەم دەرمان وەها ئەنجامێکمان دەسکەوت.

بە گوتەی توێژەرەکان  خەمۆکی و پەرێشانیی بۆماوەیی دەبنە هۆی دابەزینی ژمارەی مازە درەختییەکان و پەیوەندییە دەمارییەکان لە مێشکدا لاواز دەبن.  شایانی باسە کە ئەم توێژینەوەیە لەسەر مێشکی مشک ئەنجام دراوە.



سەرچاوە

یەیڵ نیوز

فری تینک

ساینس دەیڵی

No comments:

Post a Comment