31.8.21

ئاوریشمی نیلوفەڕ



وەک روون و ئاشکرایە ئاوریشم بەرهەمی کرمێکە کە ناسراوە بە کرمی ئاوریشم.   کرمەکە لە شوێنی تایبەتدا پەروەردە و بەخێودەکرێت و پاشان دەخرێتە نێو ئاوی گەرمەوە تا بمرێت و ئاوریشمەکەی لێ جیابکرێتەوە.  شایانی باسە کە ئەم پێواژۆی بەرهەمهێنانە لەلایەن داکۆکیکەرانی مافەکانی ئاژەڵەوە بە ستەمکاری هەژمار دەکرێت و رەخنە لە بەرهەمهێنەرانی ئاوریشم دەگیرێت کە لە ئەوپەڕی دڵڕەقیدا و لەپێناو بەدەسهێنانی پارەدا کرمەکان دەکوژن. 

بەڵام ئاوریشمی نیلوفەڕ جۆرە ئاوریشمێکی جیاوازە و تەواو رووەکییە.  کاتێک کە دەتەنرێت و دەکرێتە قوماش زۆر بەهێز و نەرم و بەرگەگرە و کەمێکیش کێشدارە؛ واتە لەبەریەک دەکشێتەوە.  زۆرتر کڵاو و شارڵگەردن لەم ئاوریشمە دروستدەکرێت کە زۆرینەی هەناردی ژاپۆن دەکرێت؛ و پارچەی بە نزیکەی ٤٠٠ دۆڵار دەفرۆشرێت.  ئاوریشمی نیلوفەڕ لە گوڵی نیلوفەڕی ئاوی دروستدەکرێت کە نیلوفەڕی هیندی یا نیلوفەڕی پیرۆزیشی پێدەگوترێت؛ و ناوە زانستییەکەی بریتییە لە نوولیمبۆ نیوسیفیرا (Nelumbo nucifera).  مێژووی روواندنی دەگەڕێتەوە بۆ سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر؛ کە ئەوسا بۆ تۆوەکەی چێنراوە کە دەخورێت.  یەکەمجار لە وڵاتی میانمار واتە بورمای  کۆن بەرهەمهێنراوە و ئێستایش لەوێ و لە ڤییەتنام بایەخی پێدەدرێت.  بەرهەمهێنانی ئاوریشمی نیلوفەڕ سنووردارە و تەنیا کارخانەگەلی بچووک ئەم کارە دەکەن.  چونکە لە سەرەتاوە تا کۆتایی، پێواژۆکە بە دەست ئەنجام دەدرێت.  هەر ئەمەیش بووەتە هۆکار تا نرخی زۆر گرانتر بێت لە ئاوریشم و قوماشەکانی تر.

دوای ئەوە کە رووەکی نیلوفەڕەکە گەورە دەبێت و گوڵدەکات و پێدەگات، یەک بە یەک لە بنەوە هەڵدەکەندرێن و ماوەی بیست و چوار هنگار دادەنرێن تا کەمێک سیس دەبن؛ ئەوسا چڵ بە چڵ لەسەر مێزێک بە دەست لەتدەکرێن و رایەڵە باریکەکانیان کە وەک موو باریکن، دەردەکشرێنە دەرەوە و بە دەست لە یەکترەوە دەئاڵێندرێن.  پاشان ئەم رایەڵانە کۆدەکرێنەوە و وەک خوری دەڕێسرێن و دوواتریش دەتەنرێن و دەکرێن بە قوماش.


سەرچاوە

دە تێکستایەڵ ئەتڵەس

ڤیدیۆی دروسکردنی ئاوریشمی نیلوفەڕ


No comments:

Post a Comment