21.11.19

جۆرێک کەڕوو ژەنگ بە زێڕ هەڵدەهێنێت


بە گوێرەی هەواڵێک  کە هەواڵدەریی ئاسۆشیەتد پرێس ی ئوسترالیا بڵاوی کردووەتەوە، ئەنجامی توێژینەوەیەک  هێز و توانای کەڕوو نیشاندەدات لە داڕزاندنی توخمە جیاوازەکاندا و گێڕانەوەیان بۆ باوەشی دایکە زەوی بە رێگایەکی سروشتی. 
توێژینەوەکە دەریخستووە کە لە ئوسترالیا جۆرێک کەڕوو دۆزراوەتەوە کە دەتوانێ زێڕ ئۆکسیدایز بکات؛ واتە دەتوانێ زێڕ ژەنگاوی بکات.  کەڕووەکە پێکهاتەیەکی کوڵکنی پەمەیی رەنگە، کە گەرد و تۆزی زێڕلە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە و دەیکات بە خاک.   ئەو کەڕووە پێیدەگوترێت فوزاریوم ئۆکسیسپۆروم.  زانایان پێیانوایە کە کەڕووەکە ئەو گەردە زێڕانە لە رێگەی رژاندنی ماددەگەلێکی کیمیایی بە سەرکانزاکاندا، بەدەستدەهێنێت.  واتە ماددە کیمیاییەکان لەگەڵ ئەو کانزایانە کە لە خاکەکەدان کارلەیەکتری دەکەن و زێڕەکە دروستدەبێت.  دووای ئەوە، کەڕووەکە خۆی زێڕەکە دەفەتێنێت و دەیکاتەوە بە خاک.  پێشتر دەرکەوتبوو جگە لە بەکتریاکان، کەڕوویش دەتوانێ کانزاکانی وەک مس، فافۆن، ئاسن و مەنگەنیز ژەنگاوی بکات؛ بەڵام ژەنگاویکردنی زێڕ نەبینرابوو. ئەم دۆزینەوەیە ئاستی بەرزی هێز و توانستی کەڕوو نیشاندەدات لە داڕزاندنی توخمە جیاوازەکاندا و گێڕانەوەیان بۆ باوەشی دایکە زەوی بە رێگایەکی سروشتی.



سەرچاوەکان