11.11.19

مێرووکوژی سروشتی



یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری دەرمانە کشتوکاڵییەکان کۆمپانیای (مۆنسانتۆ)یە کە زۆرینەی بەرهەمکانی پێکهاتەی کیمیاییان تێدایە و هەروەها زانستی دەسکاریکردنی جینەتیکیان تێدا بەکاردەهێنرێت.  بە بەڵگە سەلمێندراوە کە بەرهەمەکانی مۆنسانتۆ دەبنە هۆی کوشتنی رووەکە سروشتییەکان و هەروەها دەبنە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە و نەخۆشییەکان جەرگ لە مرۆڤدا.
پۆڵ ستەیمێتس کەڕووزانی بەناوودەنگی جیهانی کە ماوەی چل ساڵە لە بوواری کەڕووزانیدا کار و خەبات دەکات، ئێستا بووەتە خاوەنی کۆمپانیایەک بە ناوی (فەنگای پێرفێکتی) کە دەرمانی  مێرووکوژ بۆ چارەسەری نەخۆشیە کشتوکاڵییەکان بەرهەم دەهێنێت.  جیاوازیی مێروکوژەکانی کۆمپانیای فەنگای پێرفێکتی لەگەڵ مێرووکوژەکانی کۆمپانیاکانی دیکە لەوەدایە کە مێرووکوژەکانی فەنگای پێرفێکتی سەداسەد سروشتین و لە کارگ و کەڕوو دروستدەکرێن؛ و هیچ چەشنە زیانێک بە رووەک و مێرووەکانی تر و ژینگە ناگەیەنن.  یەکێک لەو مێرووکژانەی کە دایهێناوە ناوی لێنراوە مێروکوژی زیرەک.  ئەو لە جۆرێک کار بەرهەم هاتووە کە پەلاماری مێرووەکە دەدات، دەچێتە نێو لاشەی مێرووەکەوە و لەوێدا گەشەدەکات و مێرووەکە دەکوژێت و شێوەی مێرووەکە دەگۆڕێت، بێ ئەوەی زیان بە هیج مێروو یا رووەکێکی دەوروبەر بگەیەنێت.  واتە کەڕووەکە وا فێردەکرێت کە تەنیا پەلاماری ئەو مێرووە بدات کە مەبەستە.


سەرچاوە