4.11.19

کارگ لە بواری پزیشکیدا



کارگ جیا لەوە کە خۆراکێکی ساغ و بەتام چێژە و هیج چەشنە زیانێکی لاوەکیی بۆ تەندروستیی مرۆڤ نییە،  بۆ پاراستن و پاککردنەوەی سروشت و ژینگەیش سوودی زۆری هەیە.  ئەو کۆنە کاغەز و کارتۆنانەی رۆژانە فڕێدەدرێن و ژینگە ئالوودە دەکەن؛ یا ئەو لاسکە گوڵەبەڕۆژە و گەنمە شامی و زوڕات و پەمۆ و قەسەڵی گەنم و جۆ و بەڵمی برنجە، کە زۆرینەی جووتیار و کشتیاران فڕێیدەدەن و ژینگەی پێ ناشیرین دەکەن یا دەیسووتێنن و بە دووکەڵەکەی هەوا ئالوودە دەکەن، یا پاشەرۆکی مەڕ و ماڵات و پەلەوەر کە ژینگە و هەوا ئالوودە دەکات و ئەویش زۆر جار دەسووتێنرێت، دەکرێ کۆبکرێنەوە و بەکاربهێنرێن و بکرێنە نشیمەن بۆ روواندنی کوارگ.  لەلایەکەوە ژینگە پاک رادەگیرێت و لەلایەکی دیکەیش خۆراکێکی پاک و تەندروستی لێوە بەرهەم دەهێنرێت و ئابووریی خێزان و خانەوادە بەهێز دەکات و هەلی کاریش دەڕەخسێنێت.

سوودێکی دیکەی کوارگ کە زۆر گرنگە، لایەنی پزیشکی و دەرمانییە و بەکارهێنانیەتی بۆ چارەسەری نەخۆشی.  کارگ جیا لەوە کە خواردنی دەبێتە هۆی بەهێزکردنی تەکووزی بەرگری لە لەشدا و هەروەها بۆ زۆر چارەسەر یا پێشگیری لە زۆر نەخۆشیی وەک  شەکرە و شێرپەنجە بەکاردەهێنرێت، بکوژێکی چالاکی بەکتریایشە.  بۆ نموونە کاتێک کە کەسێک تووشی جۆرێک هەوکردنی بەکتریازا بووە و بەکتریاکە  هیچ دەرمانێک نایکوژێت یان نازانرێ چ جۆرە بەکتریایەکە، دەکرێ نموونەیەک لە بەکتریای هەوکردنەکە وەربگیرێت و لەسەر قارچک هەوێن بکرێت.  قارچکەکە ئەنزایمێک بەسەر بەکتریاکەدادەڕێژێت و دەیکوژێت و  وەک خۆراک بەکاریدەهێنێت.  ئینجا کوارگەکە خۆی تراوێک دەردەدات کە سەداسەد توانای کوشتن و لەنابردنی بەکتریاکەی هەیە.
لە وانستێکدا سی ژن خواردنی دەرمانی [پلاسیبۆ] و کارگی [هێریسیەم ئێریناسیوس] کە بە زمانی گشتی پێیدەڵێن کارگی [یاڵە ئەسپ]یان لەسەر تاقیکراوەتەوە کە دەرەنجامی ئەرێنیی هەبووە.  ١٤ کەس لە ژنەکان دەرمانی پلاسیبۆیان پێدرابوو؛ ١٢ کەسیشیان  رۆژانە ٢ گرام لە پاڵفتەی کارگی یاڵە ئەسپیان بۆ کرابوویە غورابی و پێیان درابوو.  لە دووای چوار هەفتە دەرکەوت کە ئەوانەی قارچکی یاڵە ئەسپیان خواردبوو ئاستی خەمۆکی و تووڕەیی و هەڵچوونیان دابەزیوە.


سەرچاوە:
دە مایند ئەنڵیشد
ناشناڵ ئنستیتیووت ئۆف هێڵت