20.7.19

کارگی ئۆفایۆكۆردیسێپس یا مێڵەگورگانە، کارگی بەرزەوارەکانی هیمالایا

کارگی کۆردیسێپس کە لە لاشەی مارەزیودا روواوە


کارگی مێڵەگورگانە یا ئۆفایۆكۆردیسێپس ساینێنسس (Ophiocordyceps Sinensis) كه‌ پێشتر پێیده‌گوترا كۆردیسێپس ساینێنسس تاكه‌ كوارگێكی خۆراكییه‌ كه‌ له‌ شاخه‌كانی بووتان له‌ به‌رزایی نێوان٤٤٠٠ مه‌تر تا ٥٢٠٠ مه‌تر ته‌نیا چه‌ند مه‌ترێك له‌ خواره‌وه‌ی به‌فره‌وه‌ ده‌ڕوێت. هه‌موو ساڵێک له‌ سه‌ره‌تای وه‌رزی هاویندا خه‌ڵكی وڵاتانی تیبه‌ت، بووتان، نیپاڵ و چین ده‌چنه‌ ئه‌و به‌رزه‌وارانه‌ و به‌ دوای ئه‌م جۆره‌ كارگه‌دا ده‌گه‌ڕێن. وشه‌ی ئۆفایۆكۆردیسێپس ساینێنسس ناوێكی لاتینه‌ بۆ ئه‌م جۆره‌ قارچكه‌ دانراوه‌ به‌ڵام له‌ زمانی تیبه‌تی دا ناوی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ (یارتسا گونبوو)، و‌ واتای‌ (رووه‌كی هاوینه‌ و مێرووی زستانه‌) ده‌گه‌یه‌نێت‌. به‌ر له‌وه‌ی وه‌رزی باران ده‌سپێبكات هاگی كوارگه‌كه‌ له‌ سه‌ری جۆرێک مارزیوه  دا جێده‌گرێت كه‌ له‌ ژێر خاكدا ده‌ژیێت.  كه‌ڕووه‌كه‌ تا ئه‌ندازه‌یه‌ک ده‌چێته‌ نێو قووڵایی له‌شی مارزیوه‌كه‌وه‌ تا وه‌ک چیلكه‌یه‌ک یا سورمە و مێڵی چاوڕشتن له‌سه‌رییه‌وه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و هه‌موو وزه‌یه‌كی مێرووه‌كه‌ هه‌ڵده‌مژێت و ده‌یكوژێت.  له‌ راستیدا كاتێک كه‌ كوارگه‌كه‌ ته‌واو هه‌راش ده‌بێت و پێده‌گات هیچ ئاسه‌وارێک له‌ مارزیوه‌كه‌ نامێنێت و ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ شێوه‌ی مارزیوه‌ ده‌بینرێت ته‌نیا توێژاڵێكی ته‌نكه‌ كه‌ به‌ر له‌ به‌كارهێنانی كوارگه‌كه‌ فڕێده‌درێت.
چای کارگی مارزیوە وەک دەرمان بۆ چارەسەری نەخۆشی

ئۆفایۆكۆردیسێپس ساینێنسس مێژوویه‌كی درێژی له‌ ده‌رمانگه‌ریی نه‌ریتیی تیبه‌تی و چینی دا هه‌یه‌. هه‌ربۆیه‌ نرخیشی زۆر گرانه‌ و خه‌ڵكێكی زۆر به‌ دوای چنین و كۆكردنه‌وه‌یدا ده‌گه‌ڕێن. ئه‌م قارچكه‌ بۆ چه‌ندین سه‌ده‌ وه‌ک ده‌رمانێک بۆ چاره‌سه‌ریی زۆر نه‌خۆشی و پاراستنی جووڵه‌ و كرده‌ی هه‌موو سیستە‌می له‌ش به‌كارهاتووه‌.  پزیشک و ده‌رمانسازه‌ نه‌ریتییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن كه‌ ئه‌م كوارگه‌ وزه‌به‌خشێكی به‌توانایه‌، توانست و خۆڕاگریی له‌ش زیاد ده‌كات، ئاره‌زووی خواردن زیاد ده‌كات و توانستی زایه‌ندی زیادده‌كات و خه‌و رێكده‌خات.  ئه‌گه‌ر گه‌ره‌كت بێت بگه‌یته‌ ئه‌و شوێنه‌ی كارگی ئۆفایۆكۆردیسێپس ساینێنسسی خۆڕسكی لێیه‌، نابێ له‌ هه‌فت رۆژ كه‌متر به‌سواری ئه‌سپ، پیاده‌ و به‌سواری یاک بڕۆیت. (یاک جۆره‌ ئاژه‌ڵێكه‌ له‌ به‌رزه‌واره‌كانی تیبه‌ت ده‌ژیێت و شیری ده‌خورێته‌وه‌ و بۆ سواریش به‌كارده‌هێنرێت).

ناوی زانستیی ئه‌و مارزیوه‌یه‌ كه‌ كوارگه‌كه‌ وه‌ک مشه‌خۆر تێیدا گه‌شه‌ده‌كات و پێده‌گات بریتییه‌ له‌ (Hepialus armoricanus) هێپیالوس ئارمۆریكانوس یا (په‌پووله‌-شه‌مشه‌ی هیمالایا).
هەرچەندە ئەم جۆرە قارچکە لە وڵئتی ئێمە نەبینراوە و نەبیستراوە کە رووابەت بەڵام ئەگەر بمانەوێت بە دوایدا بگەڕێین، پێویستە لە بەرزەوارەکانی وەک هەڵگورد و بەگشتی زنجیرە کەّەکانی قەندیلدا بەدووایدا بگەڕێین، واتە بەرزترین لووتکە کێوەکان.